داواکاریەک لەسایتی کوردستانپۆست
06/07/2025, 16:09 (GMT+1)
ئەمن، یوسف عوسمان عەزیز، چەند ساڵێک دەبێت وەخت و ناوەخت هەندێک بابەتی زادەی بیرکردنەوەو تێگەیشتنی خۆمتان لۆ دەنێرم، کەزیاتر پەیوەندی بەژیانی کولەمەرگی و نەبوونی و گیران و ئاوارەیی زووی خۆم وەهەیە لەشاری هەولێرێ.
بابەتەکانم سەدو دووبابەتە زیاتر گێڕانەوەی تەمەنی خۆمە کەکاریگەریان لەسەرم دا هەبووە، بەباشو خراپیانەوە، هەندێکیان کرچ و کاڵ و بێمانان، هەشیانە بابەتی دۆکیۆمێنتاریە لەنووسینەوەیان تەنیا پشتم بەزاکیرەی خۆم بەستیە کەزۆریان ڕووداوەکانی هەولێرێن و هەندەکیش هی ئاوارەیی پاش سی و یەکی ئاز لەکۆیێ.
کەئەمن لۆخۆم بەخۆڕسک بەراورد بەتەمەنم خیندەواری نیوەی پێش یەکەمی ساڵی حەفتایەکان و دوایێش هی هەشتایەکان بوومە، ئەودەم مۆدیل بوو کەقوتابی دەبی بخوێنێتەوە.
ڕاستی، تەمەنم لەسەرووی شێست ساڵیەو بەعەقڵی هەوکەم لەتێگەیشتنم لەژیان لەچاک و خراپی ڕابردووم پەشیمانم، کەقوربانیم بەهەردوو خێزانی بابم هی خۆشم دا. کەئەوان هیچ تاوانیان لەبەرامبەر ئەو ژیانە ناخۆش و قات و قڕیەو ئەوارەییە و زیندانیەی من نەبوو.
بابەتەکانم بێ هیچ سانسۆرەک هەمووی بڵاوکرایتەوە تەنیا یەک جاریان نەبێت دەستیان نابەڕووم بابەتێکیان لۆ بڵاو نەکردمەوە کە لەسەر ئەدهەم بارزانی و حیزب وڵای نووسیبوو کەلەبۆ ساڵی هەشتایەکان دەگەڕایەوە بەبیانوی ئەوەی نووسینە ڕەخنەییەکەم لەجێی خۆیدا نەبووە دەنا بابەت گەلێکیشم لەلایەن خودی بەرپرسی سایتی کوردستان پۆست زووتر لەهی خەڵکی بڵاوکرایتەوە.
بابەتەکانم زیاتر ڕەخنەیین و هەوڵم دایە وەک خۆیان یادداشتیان بکەم و زیاتر بەزاری زمانی هەولێرێ نووسیتمنەوەو ئەدەبی نیە چونکە بەخۆم نووسەرو ڕۆژنامەنووس نیم، هەرسەلیقەی نووسینم هەیە.
دەمێکیشە فەیسبووکم بەتەواوی ڕاگرتیەو زۆریشم لەبابەتەکانی سڕیتەوە، ئەگەر چی خوێنەری زۆریشیان هەبوو لەکوردستان لەدەرێش زیاتر بابەتەکانی هەولێرێم کەزیاتر پشتم بەس بەزاکیرەی خۆم بەستیە لەگێڕانەوەکانیان.
بابەتەکانم لەسایتی کوردستان پۆست بەناوی خۆم یوسف عوسمان عەزیز و بەجیمەیلی خۆم و وێنەی پێوەلکاوی خۆشم.
درێژەم دایێ داوایاکەم ئەوەیە تەواوی بابەتەکانم بسڕنەوە، حەزناکەم لەهیچ شویێنێک هیچ بیرەوەری ویادەوەری و گێڕانەوەو ڕەخنەو نووسینم هەبێت، لەبەر ئەوەی لەوتەمەنەم گەیشتمە ئەوتێگەیشتنەی کەبەخۆشم لەژیان وبوونی خۆم، بەشێکم لەو تێکدانە هەمەلایەنەی لەکوردستاندا هەیەو بای خۆم تاوانبارم دەرهەق بەو میللەتە نەخوێندەوارە نەزانە بێ ئاگایەی، ئەگەر چی خاوەنی هیچ داهاتێکیش نی، جگە لەمووچەی فەرمانبەریم لەدیوانی وەزارەتی تەندروستی و بەس.
ئەوداوایەشم لەبن هیچ فشارێک نیە لەهەولێرێ، زۆربەی بابەتەکانیشم بێ پەروا ناوو وێنەی کەسەکانیشم تێیدا بڵاوکرایتەوە لەنووسینەکانم.
لێرەو لەوێ هەڕەشەو شتم کەم و زۆر لەسەر بووەو ڕامکردوەو چەندجارێکیش گیراوم لێشیان داوم، بەڵام لەگەر هەموو ئەوانە بەوشێوەش نیە کەخەڵکێک تێگەیشتوون، کەنەتوانین لەبن دەسەڵاتی پارتی لەهەولێرێ بژی، زۆریش چاوقایم و بێ منەتیشین.
بەڵام ڕاستی، بەخۆم دەمێکە باوەڕم نەبەخۆم مایەی نە بەخەڵکیش، لۆخۆم لێی دانیشتیمەو دواساڵەکانی تەمەنم بەهێمنی بەڕێ دەکەم، زوو شعورم نەبوو. چل و پێنج ساڵ پێش ئێستا بابم پێی گۆتم، کوڕم بەدوو کیرە کیویلکان مەکەوە، پەندێکی دەشتی هەولێرێیە.
ئەمنیش ئەو ئامۆژگاریەم بەدوو کوڕە گەنج و هەرزەکارەکەم گۆت، کەچی ئەوانیش لەدەمی من گەرمە تەریقەتن لەدرۆینەی کوردەواری.
لەئێستا، سەر بەهیچ ئایدیاو لایەنی سیاسی و مەبدەئێکیش نیم، نەئایینی نەکۆمەڵایەتی، نامەوێ هیچی ڕابردووم لەپاش بەجی بمێنێت، چونکە لەتێگەیشتنی ئێستام پێم وایە ئەوخەڵکە هی وەی نیە غەمی لێ بخۆی هەرئەوەیەی، بەنموونە گۆرانی و بەستەی خۆشی وەک حەسەن زیرەکی هەیە، دەنا ئەوەندەی ناهێنێ تێیداشی بژی، کە لەئێستا جگە لەژینگە بۆگەنیە کۆمەڵایەتی وسیاسی و ئاووهەوا تۆزاویەکەی و گەرماو بێئاویەکەشی.
لەوەی دڵنیا بن، هیچ گرفتێکی دەسەڵاتم نیە لەئێستا، چونکە منداڵەکانیشم لەئاوڕوپان و خۆشم ئیقامەی ئەوڕوپیم هەیە، ئەتوانم لەوێ بژیم.
لۆیە، پێم خۆشە بابەتەکانم نەمینێ چۆن لەفەیسبووکیش نەم مایە، پێم وایە ئەو مافەم هەیە لەو داوایەم چونکە لەکۆتایی هەموو بابەتەکان کوردستان پۆست دەنووسی ئەوە ڕای تایبەتی نووسەر خۆیەتی کوردستان پۆست لێی بەرپرسیار نیە.
وەڵامی کوردستانپۆست:
بەبێ ئەوەی هیچ وەڵام و سەرنج و قسەیەک بۆ کاک یوسف بنووسین، سەبارەت بەو نامەیەی کە ناردوویەتی، لەسەر داخوازی خۆی یەکسەر نووسینەکانیمان لە ئەرشیفەکەیدا وەستان، تەنیا بۆی دەنووسین: (هیوای ئارامی دەروونی و سەرکەوتنت بۆ دەخوازین.)
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان



























