<

ئایا کێشەکە هەموو ئەوەی دەهێنا؟

13/07/2025, 19:26 (GMT+1)

کۆمێنتار: یورگن گۆتشلیش

 بەڕێزان ئەم کۆمێنتارەی یورگن گۆتشلیش-م لە تاتس-ەوە کردووە بە کوردی کە ڕۆژنامەیەکی چەپی ئەڵمانییە. ئاشکرایە ئەوە ڕوانگەی کەسێکی ئەڵمانییە. سەرباری ئەوە دەشێت خوێندنەوەی بە کوردی هەندێک پرسیار لای خوێنەران بوروژێنێت. ئاخر ئێمە ئەمڕۆ دەبێت بەزۆریی پرسیار بکەین وەک لەوەی وەڵام ڕابگەیەنین.
لە پشت هەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک.-وە مامەڵەیەک (Deal) لەتەک سەرۆک ئەردۆگاندا خۆی دەبینێتەوە کە هێمایەکی نالەبارە بۆ دێمۆکراتی لە تورکیا.
هیچ شتێک هێندەی شەڕی چەکداریانەی پ.ک.ک. لە ساڵی 1984 بەدوواوە زیانی بە دێمۆکراتیزەکردنی تورکیا نەگەیاند.
هەنووکە پارتی کرێکارانی کوردستان پ.ک.ک. دوای پتر لە 40 ساڵ خەبات دەستدەکات بە دانانی چەکەکانی. عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری دەبێژێت، کۆتاییهێنان بە شەڕ شکست نییە، بەڵکو "دەستکەوتێکی مێژوویی"ە، ئەویش چونکە هەبوونایەتیی کورد لە تورکیا دەناسێنرێت. وەلێ ئەمە لە بەراورد بەو خەباتە کە پ.ک.ک. لە بنەڕەتدا بۆ دەوڵەتێکی کوردی دەستی پێکرد، ناساندنی هاکەزایی هەقیقەتێکە کە بەپاشیانی خویا دەبێت: ئایا ئەو هەموو ژانە و پتر لە 40000 کوژراو لێگیتیم (ڕەوا) بوون؟
 گومانی تێدا نییە کە پ.ک.ک. رۆڵێکی گرنگی گێڕا بۆ ئەوەی خودئاگایی کوردی لە تورکیا گەشەبسێنێت، هەروەها سزادانی (ڕێپرەسیۆنی) توند وەک وەڵامدانەوە بۆ پ.ک.ک. بەڕاستی ناسیۆنالیزمی کوردیی چەسپاند. وەلێ تێرۆر و دژەتێرۆر کاریگەریی بریندارکەری دەروونیان لەسەر سەرجەم جڤاک نواند. هیچ شتێک هێندەی شەڕی چەکداریانەی پ.ک.ک. لە ساڵی 1984 بەدوواوە زیانی بە دێمۆکراتیزەکردنی تورکیا نەگەیاند.
 ئەم شەڕە بوو بە هۆ بۆ ئەوەی سوپا ببێت بە فاکتەرێکی سیاسیی گرنگ. ئەم بەناو خەباتە چەکدارییە بەتایبەتی بوو بە ئاستەنگی بەهێز لە بەردەم پارتی یاساییانە ڕێپێدراوی کوردیدا، چونکە بەردەوام خرابووە بەردەم تۆمەتی هاوکاریکردنی "تێرۆریزم"، کە ئیدی یاساغ دەکرا و سیاسەتکارە بەواتاکانی دەخرانە گرتووخانەوە. بەتایبەتی لە 15 ساڵی ڕابوردوودا پ.ک.ک. خودی خۆی وەک مەبەست دانا و کاریگەرییە سیاسییەکەی ماڵوێرانکەر بوو. ئاخر پێش 20 ساڵ هەبوونایەتیی کوردەکان لە تورکیا بەزۆریی ناسێنرابوو و هەر ئەو دەمە چیدی پ.ک.ک. پێویست نەمابوو.
ئێمە درەنگتر دەبینین کە چۆن پرۆسەی سیاسی لە تورکیا بەرەو پێش دەڕوات. سەرۆکی تورکیا ئەردۆگان، کە ئێستا دوای کوردەکان بەچڕی کەوتۆتە مولاحەقەی ئۆپۆزیسیۆنی سێکولار، لەوە دەچێت بییەوێت مامەڵەیەک پێشکەشی کوردەکان بکات: گەر ئێوە دەنگ بدەن بە دەستورێکی نوێ کە سەرۆکایەتیم بە درێژایی ژیان بۆ مسۆگەر بکات، ئەوا هەندێک مافی کەمینەییتان پێدەدەم. گەر پ.ک.ک. و سەرۆکایەتیی دەم-پارتی ی کوردی بەوە ڕازی ببن، ئەوسا بۆ هەمیشە گورزی کوشندە لە دێمۆکراتیی لە تورکیا دەوەشێنن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان