دوای ئێران سەرەی تورکیایە
23/07/2025, 21:21 (GMT+1)

پەلاماردانەکەی ١٠/٧ ی حەماس دەرگای واڵاکرد بۆ ئیسرائیل (ئەمەریکا و ڕۆژئاوا) لەگەڵ پارە و نزای زۆرینەی ووڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەی بکەونە خۆیان تا هەتا هەتایە شتێک نەهێڵن بە ناوی ئێران یاخود ڕژێمی ئیسلامی ئێران، ئایە ئەمە لە ڕێگەی جەنگەوە بێت یاخود ڕێکەوتن (چۆکدادان)
یەکێک لە دەر ئەنجامەکانی ئەم هەنگاوەش لە چەند ساڵی داهاتودا ئەگەر زوتر نەبێ ئەویش بێ دەسەڵاتکردنی تورکیایە، تەنانەت ئەگەر تورکیا گۆڕانکاریی دراماتیکیش بکات لە ستراتیجیەتیدا، دەست بەردار بوونی تەواوی لە فراوان خوازی
( خەونی هێنانەوەی دەسەڵاتی عوسمانی)!
لێرەدا نامەوێت تیشک بخەمە سەر هۆکارەکان یان دەرئەنجامەکانی تری لەناوبردنی ڕژێمی ئیسلامی ئێران ، ئەوەی بەلامەوە گرنگە، کاریگەرییەتی لەسەر کورد و کوردستان وە لە کوردستاندا چی بکرێت باشە.
ئەوەی کە گرنگە بۆ کورد بیزانێ ئەوەیە کە تا کەنگێ کوردستان چ وەک فەرمان ڕەوایی یاخود کۆمەڵگا خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەم گۆڕانکارییە ڕیشەییانە.
ئەم پلانەی ئێستا دوو ئامانجی سەرەکی دەپێکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە هەردوکیان گرێدراوی یەکترین، بەرگرتن بە خەونی فراوان خوازی ئێرانی شیعی و تورکیای سونی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامیدا، لێردا دەمەوێت بڵێم ئەم پلانە دەبێت بگات بە ئەنجام ئەکەر ئیسرائیلیش لە هاوکێشەکەدا نەمێنێت، بەو واتایەی ئەگەر گریمان بومەلەرزەیەکی وا ڕویدا کە هەموو ئیسرائیل سەرەونخون بوو بەتەواوەتی هیچی نەما، ئەمەریکا ( ڕۆژئاوا) وە زۆرینەی ووڵاتانی کەنداو ئەو ئۆپراسیۆنە هەر دەگەێنن بە ئاکام، تەنانەت روسیا و چینیش ترسیان هەیە لە خەونی فراوانخوازی ئێران و تورکیا.
لە دەرئەنجامی سەرکەوتنی ئەم ئۆپراسیۆنەدا
بۆشاییەکی گەورە دروست دەبێت لە ناوچەکەدا کە تەنها کورد بۆ ڕاگرتنی تەرازوی هێز لە نێوان تورکیا و ئێران بە هۆی جیێۆپۆڵتیکی کوردستان وە هەروەها
سروشتی کلتوری کوردستانەوە (پێکەوە ژیانی گشت پێکهاتەکان کە دەبێت هەمیشە بپارێزرێت) دەتوانێت ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە، ئەم کاتە خۆی لە خۆیدا دەبێت بە یەکێ لە کاتە دەگمەنەکانی مێژوی کورد و کوردستان کە جیێۆپۆڵتیک لە بەرژەوەندی بێت.
بە بۆچونی بەندە تەنانەت کورد سودمەندی یەکەم دەبێت لە ناوچەکەدا بەوەی کە پێویست ناکات نە بجەنگێ وە نە باجی(پارە) ئەم جەنگە بدات ئەگەر بزانێت چۆن کارتەکانی بەکار دێنێت، کورد لە مێژوی خۆیدا هەمیشە سەلماندویەتی کە جەنگاوەررێکی نەبەردە ئێستا پێویستە بیسەلمێنێت کە دەتوانێت ببێت بە دیپلۆماتکارێکی بەتواناش.
لەدوای بەرپا بونی جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە دوو ووتاری پێشومدا ئاماژەم بەوەکرد کە کورد تەنها پێویستی بەرێکخستنی ماڵی خۆیەتی و بەس وەک خۆ ئامادەکردنێک بۆ پێشهاتەکانی ناوچەکە، وە لەو بڕوایەدا بوم کە لەوانەیە پ ک ک دواهەمین هێزی کوردستان بێت کە مل بدات بۆ سەر لەنوێ خۆ ڕێکخسنەوەی خۆی چونکە پێویست دەکات قوربانی بدات بە ناو و مێژووەکەی، بەڵام پ ک ک سەلماندی کە لە توانایاندایە گۆڕانکاری ڕیشەیی بکات، وە دیارە تێدەگات لە گۆڕانکاری تەرازوی هێز لە ناوچەکەدا.
هەرچەندە پێم باش بوو کە پ ک ک تاک لایەنانە دەستبەرداری چەک بوایە نەک لەئەنجامی ڕێک کەوتن لەگەڵ تورکیادا چونکە تورکیا تا ئێستاش نە بڕوای بە ئاشتی هەیە، نە پلانی هەیە بۆ ئاشتی، نە لە ڕابردو نە لە ئێستا وە نە لەداهاتوشدا.
ووتار و بەیان نامە بێزارکەرەکانی بەرپرسانی فەرمی تورکیا گەواهی ئەم ڕاستییە دەدەن .
وەهەروەها وامدەزانی کە پ د ک و ی ن ک یەکەم دوو هێز دەبن کە زوو حکومەت پێکدەهێنن وە هێزی پێشمەرگەو ئاسایش بە نیشتیمانی دەکەن!؟!
پێمخۆشە بە کورتی وە بە کوردی بۆچونی خۆم بڵێم لەسەر بارودۆخی ئێستای هەریەک لە پدک و ینک.
پ د ک
کوردستان لە ئێستادا بە گشتی لەژێر ئەژمون و دەسەڵاتی دوو هێزی کوردیدایە پ د ک و پ ک ک
تێناگەم پ د ک بەم هەموو دەسەڵاتەوە لەچی دەترسێت!؟ زۆر ڕونە کە هۆکاری سەرەکی دوو زۆنی و کەم دەسەڵاتی و لاوازی هەرێمی کورستان هێزی چەکداری نا یاسایی پارتە سیاسییەکانە.
پرسیارەکە بۆ پ د ک ئەوەیە…. بۆچی تاک لایەنانە دەستبەرداری هێزی چەکداری نابێت!؟ ئایا پ د ک دەترسێت ی ن ک پەلاماری بدات!؟؟ بێ گومان هەموو هێزەکانی پ د ک دەچێتە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەت و پەرلەمانی کوردستانەوە کە هەر خۆیان زۆرینەی ئەو حکومەت و پەرلەمانە پێکدێنن!؟
ی ن ک
دەبێت ی ن ک چاوەڕوانی چی بێت ڕوبدات!؟ دوای چەندین ساڵ شکست و هەڵدێر تەنها یەک کۆڵەکەی ماوە کە چەندین ساڵە خۆی پێدا گرێ داوە ئەویش هێزی چەکدارییە، بەڵێ هێزی چەکداریی هۆکارە بۆ مانەوەی ی ن ک لەدەسەڵاتدا بەڵام هێزی چەکداری بووە بە خۆرەی خودی ی ن ک، ئەگەر لایەنگرانی ی ن ک لە دوای بەرژەوەندی پارتەکەیانن، دەبێت هەر خۆیان هانی ی ن ک بدەن دەستبەرداری هێزی چەکداری بێت، چونکە وا دەردەکەوێت کە ی ن ک لە دەرەوەی هێزی چەکداری هیچ پلان، پڕۆژە یان ستراتیجیەتی تری نەبێت، بە واتایەکی تر هێزی چەکدار بووەتە بەربەست لە بەردەم ی ن ک دا بۆ گۆڕانکاری ئەرێنی لە ستراکتور و سەر لەنوێ پوژانەوەی خۆیدا.
پێش کۆتایی
لەبەر گرنگی باسەکە، بە پێویستم زانی کە شتێک بنوسم لەسەر کێشەی موچە …زۆر بەکورتی لەوە دەچێ کورد هێشتا دوژمنی خۆی نەناسێ!؟ ئەمەش خۆی لە خۆیدا نەگبەتییە.
ئەگەر تۆیەکی هاوڵاتی بەلاتەوە زۆر ئاسایی بوو هاوسێکەت بەبێ ئارەزوی تۆ بەزەبر و خۆ سەپاندن
لە ناوەڕاستی ماڵەکەتدا خۆی دابمەزرێنێ ، هەروەها
باسی یاسا، دەستور وە مافڕەواییت بۆ بکات وە تۆش لە بری ئەوەی ڕوبەڕوی ببیتەوە بچیت کلیلی ماڵەکەتی پێشکەش بکەیت ئەوا ئەو کاتە تۆ ڕاست دەکەی مافی بەغدایە کە موچە ببڕێ.
ئەگەر تۆی هاوڵاتی تەنها موچەکەت بەلاوە گرنگە، کە مافی خۆتە ئەوا ڕو بەڕو بونەوەی حکومەتی هەرێم بۆ موچە خولانەوەیە لەبازنەیەکی داخراودا .
پەلاماردانی حکوموتی هەرێم لەلایەن هاوڵاتیان و موچەخۆرانەوە زیاتر بەغدا (ئێران) هان دەدات بۆ فشار خستنە سەر هەرێم بە نە ناردنی موچە؟؟ کارەساتەکەش لێرەدایە چونکە دەری دەخات بۆ بەغدا(ئێران) کە پلانەکەی کاریگەر و سەرکەوتووە، ئەمەشە هانی دەدات زیاتر پێدانی موچە دوابخات.
پارە لە دەستی ئەمەریکادایە ئنجا بەغدا (ئێران)، هەر بۆیە پێویستە لەسەر هاوڵاتییان داواکارییەکانیان ئاڕاستەی ئەم دوانە بکەن، بە تایبەتی ئەمەریکا .
بەڵێ ئەمەریکا دەزانێت بارودۆخی موچەخۆران چۆنە بەڵام ئەمەریکا گوێ لە داتا دەگرێ، پێویستی بە دۆکیومێنتە، پێویستی بە واژۆی موچەخۆرانە کە داوابکەن ئەمەریکا بێتە سەر هێڵ وە هەروەها پێویستە زمانەکەت زمانی داواکاری بێت نەک پاڕانەوە، هاوڵاتیانی هەرێم چەندەها خۆپیشاندایان ئەنجام داوە نەک دژی بەغدا بەڵکو دژی هەرێمی کوردستان!؟؟ اکە هەوڵ کۆششێکی زۆری پێویستە، تۆ بڵێی نەتوانن هەر بۆ تاقیکردنەوەش بێت واژۆ کۆبکەنەوە؟
هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بونەتە نێچیری هەندێک پارتی سیاسی کوردستان بە ئۆپۆزسێۆن و لایەنگرانی حکومەتەوە کە بە لایانەوە گرنگترە ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ لاواز کردنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک لەوەی چارەسەری موچە بکەن!؟!؟
پێویستە هاوڵاتییانی هەرێم لەوە هۆشیارتر بن کە کێشەی موچەکەیان بەکاربێت بۆ بەرژەوەنی پارتە سیاسیەکان وە هەروەها کێشە ناوخۆیەکانی هەرێمی تێکەڵ نەکرێن لەگەڵ کێشەکان لەگەڵ بەغدا(ئێران)
من فاڵ گرەوە نیم تا بزانم لە داهاتودا چی ڕودەدات بەڵام دەتوانم بە بێ گومانەوە بڵێم کە ئەگەر هەموو پارتە سیاسیەکانی باشور یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بن بەرامبەر بە بەغدای حەشدی شەعبی کێشەی موچە لە مێژەوە چارەسەر کرابوو، هەندێ کوردو سەرکردەی کورد هێشتا نرخ و بەهای خۆیان و گەلەکەیان نازانن بۆیە ئاوەها نامەردانانە بەغدای حەشدی شەعبی هاوڵاتیانی کوردستان دەڕەتێنێ،
هەندێک لە هاوڵاتییانی هەرێم ئەمەندە سەریان لێ شێواوە کە تەنانەت بەرپێی خۆشیان نابینن!؟وێنەکە زۆر ڕونە، ئەوەندەی بەغدا پێویستی بە هەرێمە بۆ مانەوەی خۆی نیو ئەوەندە هەرێم پێویستی بە بەغدا نییە, ئەو هەموو فشارەی بەغدا (ئێران) دەیخاتە سەر هەرێم بەڵگەیەکی ڕونە کە بەغدا (ئێران) لەوە دەترسێ کە هەرێم پێویستی بە بەغدا نەبێ ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێ، پرسیارەکە ئەمەیە کە لە خۆمانی بکەین بەغدا (ئێران) بۆ واز لە هەرێم(کورد) ناهێنێ؟
ئایا لە خۆشەویستییە!؟؟
بەغدا هەمیشە ئەوە بۆ کورد دەسەلمێنێ کە هەمان هزر و بۆچونی ڕژێمەکانی پێشوتری هەیە، بە بەڵگەی ئەوەی هێشتا زیاتر لەسەدا پەنجای هەرێمی داگیر کردووە بە زەبری پۆستاڵی حەشدی مەزهەبی فاشیستی دژە کورد، مادەی دەستوری ١٤٠ جێبەجێ ناکات، هەر تاوە نا تاوێ کێشە بۆ جوتیارانی کورد دروست دەکات ، بە درۆنی بۆم ڕێژ پەلامارت دەدات …هتد بەڵام کە دێتە سەر موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێتە پێشەنگی شوێن کەوتوانی یاسا و دەستورو مافپەروەری!؟
کۆتایی
کێشەی سەرەکی کورد لەوەدایە مەکۆیەکی پتەوی نییە کە زۆرینەی دەنگەکانی کوردستانی تێدا کۆ ببێتەوە بە هەر چوار پارچەکەیەوە.
لە ئێستادا باشترین هەڵبژاردە دامەزراوەی (کەنەکە) یە زۆر پێویستە پارتە سیاسییەکانی کوردستان هەوڵ بدەن زۆرینەیان ئەکەر هەمویان نەبێت، کۆ ببنەوە لەدەوری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە) بەهێزی بکەن و دەنگی بدەنێ، بیکەن بە سەکۆیەک بۆ بڕیارەکانیان وە ئەم ئەرکەش بە پلەی یەک دەکەوێتە سەر شانی هەریەک لە ( پ ک ک و پ د ک ) هەروەها ی ن ک و گشت هێزەکانی تری کوردستان.
تا ئێستاش هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیرانە کار دەکەن، نەیان هێشتووە پرژەی ئەو ئاگرەی کە ئێرانی گرتۆتەوە بگاتە ناوچە کوردییەکان بەڵام ئەوانیش هەمان کێشەی باشوریان هەیە هەر یەکەو لە بەزم بالۆرەیەک دەخوێنێ، پێویستیان بە خۆ یەکلاکردنەوە هەیە چونکە کات درەنگە.
ئێستا کاتێکی زور هەستیارە بۆ گەلی کوردستان، کاتی خۆ کۆکردنەوە و خۆ ئامادەکردنە بۆ دەسکەوتی گەورە، ئەمەش تەنها و تەنها لەڕێگەی تەبایی وە ڕێکەوتنی ناوخۆی کوردستانەوە دەبێت، بەتایبەتی پ د ک و پ ک ک چۆن دەکرێ وە کێ دەیکات گرنگ نییە، دەبێت ئەم دوو هێزە هاو هەڵوێست بکرێن.
هیوادارم پ د ک وە پ ک ک ژێر بە ژێر جۆرێک لە ڕێکەوتن هەبێت لە نێوانیاندا بۆ پڕکرنەوەی ئەو بۆشاییەی لە داهاتویەکی نزیکدا لە ناوچەکەدا پەیدا دەبێت ، چونکە سەرەڕای گونجاوی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە، ئەکەر کورد نەکەوێتە خۆی و پیشانی ئەمەریکا (ڕۆژئاوا) نەدات کە ئامادەیە بۆ فەرمانڕەوایی. ئەوا تورکیا هەمیشە ئامادەیە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ ئەگەر بە سنگە خشێش بێت، تورکیا ئامادەیە دوو لنگ و دەستێکی بکاتە قوربانی هەر بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە نەکەوێتە دەست کورد، لە بریا کورد تەنها پێویستی بە یەک دەنگیی و یەک هەڵوێستییە، تۆ بڵێی کورد نەتوانێ ئەم هەنگاوە بنێت؟؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























