(پەکەکە) لە دروستبوونییەوە تا بڕیاری چەکدانان (بەشی حەوتەم)
08/08/2025, 18:45 (GMT+1)

عەبدوڵڵا ئۆجەڵان لە نێوان ڕێکەوتنی ئەدەنە و جیۆگرافیای سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی تورکدا
پێشەکی:
پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا لە نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا بە هۆی کێشەی ولایەتی ئەسکەندەرونە و ئاوی فوڕاتەوە گەیشتبووە ئاستێکی زۆر ئاڵۆز، بۆیە سوریا لە رێگای پارتی کرێکارانی کوردستانەوە (PKK)، عەبدوڵڵا ئۆجەڵانی وەک پەنابەرێک وەرگرت، تا فشار بخاتە سەر تورکیا و ناچاری بکات دانووساندنی لەگەڵدا بکات، یان لایەنی کەم بەشێک لە داخوازییەکانی بەجێ بهێنێت،.
سەرەتای ناکۆکی نێوان تورکیا و سوریا:
1- ئەسکەندەرونە:
ناکۆکی نێوان سوریا و تورکیا دەگەڕایەوە بۆ 20-30ـــەکانی ساڵانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک ویلایەتی ئەسکەندەرونە ئەو ویلایەتەی کە دانیشتوانەکەی زۆربەیان کورد بوون، لە ساڵی 1939 بە پشتگیری فەڕەنسا (کە سوریای لە ژێردەستدا بوو) بە تورکیای بەخشی. دیمەشق بەمە رازی نەبوو، چونکە ویلایەتی ئەسکەندەرونەی بە خاکی خۆی دەزانی، ئەم کێشەیە بۆ چەندین دەیە وەک فایلێکی هەستیار لە سیاسەتی سوریا مایەوە.
2- ڕووباری فورات:
هەروەها لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، دیسان ناکۆکییەکی نێوان ئەو دوو وڵاتە سەری هەڵدا، ئەویش بەهۆی پشکی دابەشکردنی ئاوی ڕووباری فورات، کە سوریا، تورکیای بەوە تۆمەتبار دەکرد، ئاوی فوڕات بە مەبەست کەمدەکاتەوە و بەنداوی ئەتاتورکی لێدروست کردووە، ئەمەش زیان بە جوتیار و ئابووری سوریا دەگەیەنێت، لەحاڵێکدا ئەنقەرە لە چوارچێوەی "پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆل" (GAP).پێداگری لەسەر پڕۆژەی گەشەپێدانی ئابوری تورکیا دەکرد.
3- ئۆجەڵان وەک کارتی فشارێکی جیۆسیاسی:
پشتگیری سوریا بۆ یارمەتیدانی ئۆجەلان و چەکدارەکانی پەکەکە، تورکیای خستبووە مەترسییەوە، چونکە ئەم پشتگیرییەی وەک هەڕەشەیەک بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینی، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکوری کوردستان، کە بووە هۆی کوشتنی دەیان هەزار هاوڵاتی و سەربازی تورک.
هەڕەشەی تورکیا بۆ داگیرکردنی سوریا :
تورکیا بە فەرمی داوای لە سوریا کرد، کە دەبێت ئۆجەلان رادەست بکاتەوە، یان لە سوریا دەریبکات، سەرەتا سوریا گوێی بەو فشار و داخوازییانەی تورکیا نەدا، بەڵکو زیاتر رێگای بە ئۆجەلان دا، چالاکییەکانی چڕتر بکاتەوە و نووسینگەی سیاسی لە هەندێک لە شارەکانی سوریاش بۆ کردەوە، بەردەوامیش رایدەگەیاند، کە ئۆجالان لە سوریا "میوانە" و پەیوەندییەکانی حکومەتی سوریا و پەکەکە لەو سنورە تێنەپەڕیوە.
لە ساڵی ١٩٨٨، ئاڵۆزیی نێوان هەردوو وڵات قۆناغێکی مەترسیداری بڕی وگەیشتە لوتکە. تورکیا پەیامی سەربازی ڕوونی ئاڕاستەی دیمەشق کرد. سەرۆکی تورکی سولەیمان دەمیرێلیش ڕاستەوخۆ پەیامێکی هەڕەشەئامێزی بۆ سەرۆکی سوری حافز ئەسەد نارد. هەر ئەو کاتە بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان رایانگەیاند، کەوا تورکیا (35هەزار سەرباز)ی لەسەر سنوری نێوان هەردوو وڵات جێگیر کردووە، خۆی بۆ هێرشی سەربازی ئامادە کردووە، کە ئەگەر سوریا پشتگیریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕانەگرێت، ئەوا دەست بە جوڵاندنی هێزی سەربازی دەکات. بەڵام فشارەکانی تورکیا و نێودەوڵەتی بۆ سەر سوریا پەرەی سەند، ئەمەش دیمەشقی ناچار کرد لە یارمەتییدانی پەکەکە و داڵدەدانی ئۆجەلان پاشەکشە بکات، سەرەنجام لەسەر پێشنیاری حوسنی موبارەک سەرۆکی پێشووی میسر، لە ٢٠ تشرینی یەکەمی ١٩٩٨، ڕێکەوتنی ئەدەنە لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا، ئەمەش بووە خاڵی گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ئەو ڕێکەوتنەش لەم خاڵە گرنگانەی خوارەوە پێکهاتبوو:
• پابەندبوونی سوریا بە پشتگیریی نەکردنی حیزبی کرێکارانی کوردستان.
• دانانی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریسی لە لایەن دیمەشقەوە.
• ڕاگرتنی هەر چالاکییەکی ئۆجەڵان، یان ئەندامانی پەکەکە لەسەر خاکی سوریا، یان لوبنان
• ڕێگەدان بە تورکیا،کە بە قوڵایی تا 5 کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی سوریاوە بە مەبەستی ڕاونانی تیرۆریستەکان.
ئەنجامی ڕێکەوتنەکە:
ڕێکەوتنی ئەدەنە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پەیوەندیی تورکی-سورییەکان درووستکرد، دواتر ڕێگای بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، بەتایبەتی لە سەردەمی بەشار ئەسەد و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، کە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات گەیشتە ئاستێکی باڵا.
وەڵامدانەوەی سوریا و ڕێکەوتنی ئەدەنە:
دوای رێککەوتنەکەی نێوان سوریا و تورکیا، حکومەتی سوریا بڕیاری دا، چیدی یارمەتی ئۆجەلان نەدا و لە سوریا دووری بخاتەوە. بۆیە ئۆجەڵان لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ سوریای جێ هێشت و لە کۆتاییدا لە کێنیا بە هاوکاری (سی ئای ئەی ئەمریکی) و (موسادی ئیسڕائیلی) دەستگیر کرا.
عەبدولحەلیم خەدام، وەزیری دەرەوەی سوریا و جێگری سەرۆکی سوریای ئەو کاتە، لە یاداشتەکانی خۆیدا باسی ئەو رۆژە دەکات، کە چۆن حافز ئەسەد پێی وتووە، بچێت راستەوخۆ هەواڵەکە بە ئۆجەلان ڕابگەیەنێت، تا سوریا بەجێبهێڵێت . منیش لێرەدا وەک ئەرکی رووداوێکی مێژوویی، ئەو بەشەی کە پەیوەندیی بەو ساتەوەختەوە هەیە، لێرەدا دەیکەمە کوردی و دایدەنێم، کە تا ئیستا هیچ راگەیاندن و لایەنێکی کوردی باسی نەکردووە.
دوا دیداری خەدام لەگەڵ ئۆجەلان:
عەبدولحەلیم خەدام، لە یادەوەرییەکانی خۆیدا بەو شێوەیە دەیگێڕێتەوە:
خەدام و ئەلشەراع، مەیجر جەنەراڵ عەدنان بەدر ئەلحەسەن، سەرۆکی بەشی ئاسایشی سیاسی لە کۆبوونەوەیەکدا، باسیان لە چۆنیەتی ئاگادارکردنەوەی ئۆجەلان کرد بۆ ئەوەی پێی رابگەیەنن، کە سوریا جێ بهێڵێت، عەبدولحەلیم خەدام لە یادەوەرییەکانی خۆیدا دەڵێت: "من زانیم حافز ئەسەد پێی باشترە من خۆم بچم و ئەو ئەرکە جێبەجێی بکەم، ئەویش لەبەر ئەوەی ئۆجەلانم دەناسی و لە نزیکەوە زانیارییم لەسەری هەبوو، بۆیە لەگەڵ ئەلحەسەن ڕێککەوتین کە کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە ئۆفیسی خۆی (جەنەڕاڵ مەیجر ئەلحەسەن) لەگەڵیدا ڕێک خست. ڕۆژی دواتر کاتژمێر شەشی ئێوارە 6 / 10 / 1998. ”
لە کاتی دیاریکراوی کۆبوونەوەکەدا، خەدام بەرەو نووسینگەی ژەنەڕاڵ حەسەن بەڕێکەوت. وەک خۆی باسی دەکات و دەڵێت: "لە کاتی چوونە ژوورەوەم، بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەڵان بە پەلە بەرەو رووم هات و هەوڵی دا دەستم ماچ بکات، منیش ڕاستم کردەوە و باوەشم پیاکرد، لەو کاتەدا هەستم کرد، کە چەقۆیەک بە دڵمدا دەکرێت، بە چاوەکانیدا ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانییم دەبینی، وەک ئەوەی چاوەکانی داوای بەزەیی و میهرەبانی بکات. منیش وەک کەسێکی نەخۆش، کە چۆن بۆ یەکەم جار نەشتەرگەری بۆ دەکرێت بۆ هەڵدڕینی سکی، ئەو هەستەم لەلا دروست بوو، بۆیە خۆم کۆکردەوە و لەو خەم و ئازارە خۆم هێنایە دەرێ بەوەی باوەشم بە ئۆجەلاندا کرد، بە دەمییەوە کەوتمە قسە و هەواڵ و چاک و چۆنی، هەوڵم دا کەشێکی گونجاو دروست بکەم کە یارمەتییمان بدات تا گفتووگۆیەکی بابەتییانە و عەقڵانی بکەین". بەرپرسێکی کورد، کە لە ئۆجەڵانەوە نزیک بوو، لەو بارەیەوە گومانی لە ڕاستیی و دروستی ئەوە هەبوو " کە ئۆجەلان هەوڵی دەست ماچکردنی منی دابێت، ئەویش لەبەر ئەوەی، کە ئەم کارە لە خەسڵەتی ئەودا نییە"..
بە عەرەبی: "لدى دخولي الغرفة توجّه إليّ السيد عبدالله أوجلان باندفاع وحاول تقبيل يدي، فأنهضته وعانقته وشعرت آنذاك بسكين تطعن في قلبي، ورأيت في عينيه الخشية والخوف والقلق وكأن عينيه تسألان الرحمة والشفقة. استجمعتُ نفسي الحزينة والمتألمة كما يستجمع الجرّاح نفسه عندما يمسك بالمبضع لأول مرة ليفتح بطن مريض، وسألته عن أحواله محاولاً خلق جو يساعد على نقاش موضوعي وعقلاني". وشكك مسؤول كردي، كان قريباً من أوجلان، بصحة "محاولة تقبيل اليد، لأنها ليست من خصائله وصلابته".
بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر یادەوەرییەکانی خەدام لە خوارەوە کلیک لەسەر سەرچاوەی ژمارە: (14، 15) بکە.
گەشتی عەبدوڵڵا ئۆجەڵان: لە موسکۆوە تا نایرۆبی
قۆناغی یەکەم: ئۆجەلان لە رۆژی (9 / 10 / 1998):
بە پەساپۆرتی قوبروسی بەرەو یۆنان کەوتە رێ، لەگەڵ گەیشتنی داوای مافی پەنابەری کرد، بەڵام حکومەتی یۆنان، رێگای نەدا بمێنێتەوە، هەر ئەو رۆژە، بەرەو ڕووسیا کەوتە رێ.
لە سەرەتادا بە شێوەیەکی نافەرمی لەلایەن هەندێک پەرلەمانتارانی رووسیی(دوما)ــەوە کە هاوسۆزییان بۆ کێشەی کورد هەبوو، پێشوازی کرا، بەتایبەتی لە لایەن کۆمۆنیستی ڕووسیا، بەڵام حکومەتی ڕووسی بەهۆی فشاری توندی تورکیا و بەبیانووی مانەوەی زیان بە پەیوەندیی ئابووری و سیاسیی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە دەگەیەنێت، بۆیە داواکەی ڕەتکرایەوە.
لەو بارەیەوە پەرلەمانی ڕووسی هاوخەمی خۆی بۆ بڕیاری حکومەتەکەی نیشاندا، بەڵام کرێملین بە سەرۆکایەتی یێلتسین پێیباشتر بوو دەستبەرداری ئەم کەیسە بێت و رێگا نەدات لە رووسیا بمێنێتەوە.
ئۆجەڵان نزیکەی یەک مانگ لە موسکۆ لە ناو فلاتێکی بێ ناونیشانی نهێنیدا مایەوە، کۆتایی داوایان لێکرد کە روسیا بەجێ بهێڵێت.
قۆناغی دووەم: چوونی بۆ ئیتالیا (1998 / 11 / 12)
پاشان ئۆجەڵان بە پشتیوانی کۆمەڵێک لە چالاکوانی ئەورووپی، بەرەو (ئیتالیا) کەوتە رێ
کاتێک گەیشتە رۆما، لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا، بەهۆی ئەوەی تورکیا لە رێگای ئینتەرپۆلەوە فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ دەرکردبوو، بەڵام دادگای ئیتالی ڕەتیکردەوە، کە ڕادەستی تورکیای بکات، چونکە لە تورکیا ڕووبەڕووی سزای لە سێدارەدان دەبووەوە، ئیتالیاش یەکێکە لەو وڵاتانەی، کە ئەگەر کەسێک مەترسی لە سێدارەدانی لەسەر بێت ڕادەستی ناکات، بۆیە ئۆجەلان بۆ ماوەیەک لە ئوتێلێکدا دایان نا، ئەمەش بووە مایەی کێشە و گفتوگۆی سیاسیی و رێکخراوەکانی ئیتالیا و وڵاتانی دیکە، لەسەر مانەوە و وەرگرتنی، یان دەرکردنی. سەرەڕای هاوخەمیی هەندێک لە لایەنەکان، بەڵام حکومەتی ئیتالی خۆی لە کێشەی سیاسیی و دیبلۆماسی تورکیا دوور خستەوە، ئەمیش ڕازی نەبوو، مافی پەنابەری پێ بدات.
هەر لەکاتی مانەوەیدا لە ئیتالیادا، ئۆجەڵان هەوڵی زۆری دا، کە چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپی مافی پەنابەری پێ بدات لەوانە:
● ئەڵمانیا : داوای لێکرا وەریبگرێت، بەڵام بەرلین ڕەتیکردەوە، ئەویش لە ترسی ئەوەی ئاژاوە و پێکدادان لەنێوان کورد-تورک دروست دەبێت و ئاسایشی ناوخۆی ئەڵمانیا رەنگە تێک بدات.
● هۆڵەندا - نەرویژ – سوید : ئەم سێ وڵاتانەش هەموویان ڕەتیانکردەوە، کە مافی پەنابەری بدەنێ، ئەویش بەهۆی فشاری تورکیا-ئەمریکا و پابەندبوونیان بە سیاسەتی یەکێتی ئەورووپا.
بۆیە کەیسی مافی پەنابەرییەکەی ئۆجەڵان هەروا مایەوە، هیچ کام لەو وڵاتانە ئامادە نەبوون پێشوازی لێبکەن.
قۆناغی سێیەم: هەڵهاتن و گەڕانەوەی بۆ رووسیا: (لە ناوەڕاستی مانگی / 1 / 1999)
پاش ئەوەی حکومەتی ئیتالیا، بە پلانی دەزگا هەواڵگرییەکانی موساد و سی ئای ئەی، بە بیانووی نەخۆشییەوە دەیبەنە خەستەخانەیەکی سەربازی، ئۆجەلان هەست بەمە دەکات، بە یارمەتیی چەند دۆست و هاوڕێیەکی، کە ئاگاداری ئەم پلانە دەبن، بۆیە لە خەستەخانەکە رزگاری دەکەن و خۆی دەدزێتەوە، پاش ماوەیەک لە نيجني - نوفگورو ؛ کە ناوچەیەکی گەشتیارییە لە (رووسیا ) دەردەکەوێتەوە.
قۆناغی چوارەم و دوا قۆناغ: (1999 / 1 / 29)
یۆنان - کێنیا – تەڵەی دیبلۆماسیی و گرتنی ئۆجەلان
دوای هەموو ئەمانە ئۆجەڵان دیسان بە ناچاری رووسیای بەجێهێشت، وەک هەندێک سەرچاوە باسی لێوە دەکات، کە بەیارمەتی و میوانداری نووسەرێکی بەناوبانگی یۆنانی (فولا دامیناکو) گەڕایەوە بۆ یۆنان. هەروەها بە پشتیوانی و ناوەندگیری هەندێک لە سیاسەتمەدارانی نەتەوەیی یۆنانی، کە هاوخەمی کورد بوون، یارمەتییان دا، کە خۆی بگەیەنێتە دادگای لاهای لە (هۆڵەندە) بەڵام هەوڵەکەی سەری نەگرت، ئەو فڕۆکەیەی ئەوی تێدا بوو، ناچاریان کرد بۆ یۆنان بگەڕێتەوە. لە دورگەی کورفو (Kerkira) مایەوە،، بەڵام حکومەتی یۆنانییش لە دواکاریی مافی پەنابەری خۆیان بەدوور گرت، کاربەدەستانی حکومەتی یۆنان هەوڵیان دا، بە زووترین کات لە وڵاتەکەیان دووری بخەنەوە، تاکە هەڵبژاردەیەک کە لەبەردەستیاندا بوو، گواستنەوەی ئۆجەلان بوو بۆ باڵیۆزخانەی یۆنان لە نایرۆبی پایتەختی کینیا. بەڵام ئاژانسە هەواڵگریییەکانی تورکی (MIT)، بە هاوکاری CIA و مۆسادی ئیسرائیلی بەپێی هەندێک گێڕانەوەکان، بە وردی چاودێری جووڵەکانی ئۆجەلانیان دەکرد. لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا، کاتێک لە باڵیۆزخانەی یۆنان لە ئۆتۆمبێلێکی دیپلۆماسیدا دەچیتە دەرەوە، لە کارێکی ئاڵۆزی هەواڵگرییدا دەستگیرکرا، و پاشان بە فڕۆکەیەکی تایبەت گواستیانەوە بۆ تورکیا.
بۆچی هیچ وڵاتێک ئامادەنەبوو مافی پەنابەری بە ئۆجەلان بدات؟
فشاری سیاسی و سەربازیی تورک، بەتایبەتی دوای هەڕەشەکردنی لە سوریا. هەروەها دوودڵی بەناو وڵاتە دیموکراتەکانی ئەورووپا لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەرۆکێکی چەکداردا، کە هەر خۆیان ئۆجەلان و چەکدارەکانیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی تاوانبارکرد، ئامادەنەبوون پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ وڵاتێکی هاوپەیمانی خۆیان لە ناتۆدا تێک بدەن، بۆیە مەسەلەی کورد و مافە مرۆییەکانی کوردیان پێشێل کرد، تا ئەمڕۆش هەڵوێستیان بەرامبەر بە کێشەی کورد لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە تورکیا نەگۆڕاوە. ئەوەی کە گۆڕاوە شێوازی شاردنەوە و گۆڕینی سیاسەتیانە بەرامبەر بە کورد.
دوای گرتنی ئۆجەڵان و ناردنەوەی بۆ تورکیا، یەکسەر ئۆجەلانیان گواستەوە بۆ دوورگەی ئیمەرالی. پاش دادگاییکردنی حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا، پاشان بڕیارەکەکەمکرایەوە بۆ زیندانی هەمیشەیی، ئەویش دوای ئەوەی تورکیا یاسای سزای لە سێدارەدانی لە تورکیا لە ٢٠٠٢دا هەڵوەشاندەوە.
دوای ئەم رووداوانە و دەستگیرکردنی ئۆجەلان، بزووتنەوەی کوردی (پەکەکە) لە رووی ئایدیۆلۆژی و سیاسییەوە چووە قۆناغێکی نوێوە.
________________________________________
سەرچاوەکان:
1- أرشيف "الشرق الأوسط" و"الأناضول" عن مغادرة أوجلان دمشق (1998).
2-تقارير "International Crisis Group" عن العلاقات التركية–السورية.
3- وثائق وزارة الخارجية المصرية حول وساطتها في أزمة أوجلان 1998.
4- مقابلات مع وزراء يونانيين سابقين (بانغالوس، دريوتساس)، أرشيف صحيفة كاثيميريني اليونانية.
5- تقرير BBC News: "The capture of Abdullah Öcalan" (1999).
6- أرشيف صحيفة الشرق الأوسط و وكالات الأناضول و رويترز (يناير–فبراير 1999).
7- مقابلات و بيانات رسمية منشورة في وكالة الأناضول والشرق الأوسط خلال أكتوبر 1998.
8- مذكرات عبد الحليم خدام، مجلة المجلة (2023).
9- Gunter, Michael M. The Kurds and the Future of Turkey.
10- Gunter, Michael M. The Kurds and the Future of Turkey. St. Martin's Press, 1997.
11- Barkey, Henri J. and Fuller, Graham E. Turkey's Kurdish Question. Rowman & Littlefield, 1998.
12- "Turkey-Syria Relations and the PKK Problem." International Crisis Group Report, 2011.
13- Özcan, Mesut. Harmonizing Foreign Policy: Turkey, the EU and the Middle East. Ashgate, 2008.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

