<

هەشت ڕۆژ دادگاییکردن و بڕیاری لە سێدارەدانی ئۆجالان (رۆژی حەوتەم)

17/07/2026, 0:35 (GMT+1)
دادگاییکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان – ڕۆژی حەوتەمی دادگاییکردن – 23ی حوزەیرانی 1999
عەبدوڵڵا ئۆجەلان: "بەرگرییەکەم یاسایی نییە، بەڵکو سیاسییە"
عەبدوڵڵا ئۆجەلانی تۆمەتبار و سەرکردەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە، گوتی بەرپرسیارێتی ئەوەی کە تا ئەمڕۆ کراوە هەڵدەگرێت. ڕوونیکردەوە کە بەرگرییەکەی یاسایی نییە، بەڵکو سیاسییە.
لە سەرەتای پێشکەشکردنی بەرگرییە سەرەکییەکەیدا، تۆمەتبار ئۆجەلان بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم دادگاییکردنە یەکێکە لە گرنگترین دادگاییکردنەکانی سەردەمی کۆمار و بەم شێوەیە دەستی پێکرد:
"با ناوی بنێن ڕاپەڕینی کورد یان تیرۆر. ناوی هەرچییەک بێت، دۆسیەیەکی گرنگە".
تۆمەتبار ئۆجەلان بەرگری لە خۆی کرد و گوتی کە بەرپرسیارێتیی ئەوەی تا ئێستا ڕوویداوە لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام لەمەودوا بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکە دەبێت شتێک بکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە بۆ خۆی ناخوازێت، دواتر لە ڕوانگەی خۆیەوە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەی ڕوونکردەوە.
ئۆجەلان باسی لەوە کرد کە سەبارەت بەم بابەتە نامەیەکی کورتی بۆ دەستەی دادگا نووسیوە و داوای کردووە نامەکە بگەیەندرێتە بەرپرسانی دەوڵەت، هەروەها ڕوونیکردەوە، کە لە دۆخی ئێستادا بۆ ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە چۆن "ڕۆڵە شکۆمەندانەکەی" لە ئەستۆ بگرێت، چەند کارێکی بەپەلە هەن کە پێویستە بکرێن. ئۆجەلان بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە هەندێک بابەتدا نابێت سۆزداریی بنوێنرێت، و ئەو تا ئەمڕۆش ڕاستییەکانی گوتووە، لەم چوارچێوەیەشدا بەرگری لەوە کرد کە پێویستە پەیوەندیی کوردەکان لەگەڵ تورکەکان و دەوڵەتدا بە دروستی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
تۆمەتبار ئۆجەلان تیشکی خستە سەر پەرەسەندنی مێژوویی "کێشەی کورد" و ئاماژەی بەوە کرد کە کورد و تورک لە شەڕی مەلازگرتدا لە ساڵی 1071 بە سەرکردایەتی ئالپ ئەرسەلان، و دواتر لە سەردەمی سوڵتان سەلیم، و لە سەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورک لە کاتی جەنگی ڕزگاریخوازییدا پێکەوە جووڵاونەتەوە. هەروەها گوتی کە ئەتاتورک هاوپەیمانی لەگەڵ کوردەکاندا کردووە و لێدوانیشی لەم بارەیەوە هەبووە. بەشداریی کوردەکان لەم بزووتنەوەیەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لەو سەرکەوتنەی کە لە سەردەمی کۆماردا بەدەستهاتووە.
تۆمەتبار ئۆجەلان ڕوونیکردەوە کە کوردەکان لەو سەردەمەدا لەژێر ناوی "کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان"دا خۆیان ڕێکخستبوو، بۆ ماوەیەک لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماناندا لە هاوپەیمانێتیدا بوون، بەڵام دواتر چوونەتە ڕیزی بزووتنەوەی هێزە نیشتمانییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای ئەوە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا چەند ڕووداوێک ڕوویانداوە کە هەندێک کەس بە "ڕاپەڕینی کورد" و هەندێکی تریش بە "بزووتنەوەی گەل" ناویان بردووە.
لە بەرگرییەکەیدا، ئۆجەلان بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم جۆرە ڕاپەڕینانە تا ساڵانی 1970یەکان بەردەوام بوون، بەڵام ئەتاتورک نزیکایەتییەکی هەبوو کە لە ئۆتۆنۆمیی ناوخۆیی دەچوو بۆ کوردەکان. تۆمەتبار ئۆجەلان بەرگریی لەم بۆچوونانەی خوارەوە کرد:
"تەنانەت بچووکترین بەربەستیش بۆ ئەم ڕاپەڕینانە بەسە. گرنگترینیان قەدەغەکردنی زمانە. ئەمە هاندەری ڕاپەڕینە. سەرۆکی دادگای دەستووریش لە 37ەمین ساڵیادی دامەزراندنی دادگادا باسی لەم قەدەغەکردنی زمانە کردووە. تا ساڵانی 1970یەکان، لە هەر شوێنێکی جیهاندا بووایە، قەدەغەکردنی لەم شێوەیە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و ئاژاوە و زەمینەی کۆمەڵایەتی بۆ دروست دەکات. ئەو سزایەی کە دەوڵەت خستیە سەر کوردەکان، و چوونە سەر شاخیان، و ژیانیان لە نێو ترسدا، پەکەکەی دروست کرد. پێویستە هۆکاری سەرهەڵدانەکەی بە دروستی هەڵسەنگێندرێت."
تۆمەتبار ئۆجەلان بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو هاوپەیمانییەی لە سەردەمی ئالپ ئەرسەلان، سوڵتان سەلیمی یەکەم، سوڵتان موراد، و ئەتاتورکدا هاتبووە ئاراوە، پێویست بوو لە سەردەمی کۆماردا زیاتر بەرەوپێش بچێت، بەڵام ئەوە بەدی نەهات، و ئەوەش کێشە سەرەکییەکەیە، و ئیدیعای ئەوەشی کرد کە بوونی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە بەڵگەیە لەسەر ئەوە.
ئۆجەلان سەرنجی بۆ ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە ڕاکێشا کە لە کۆسۆڤۆ هەن، و گوتی: "لای ئێمە گۆڕی بەکۆمەڵ نییە. جووڵەکانمان سنووردارن. بەڵام پێشتر بەکارهێنانی وشەی 'کورد' وەک تاوان هەژمار دەکرا. ئەمە دوای ساڵانی 1990یەکان هەڵوەشێنرایەوە".
ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەورووپا قۆناغێکی مۆدێرنیزاسیۆن بەڕێدەکات کە تێیدا مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لە پێشینەدان، و ئەمەش دوای ساڵانی 1990یەکان دەستی بە گەشەکردن کردووە، هەروەها وەڵامی هەندێک لەو بۆچوونانەی دایەوە کە پارێزەرانی سکاڵاکار لە کاتی خستەڕووی ئیدیعاکانیاندا دەربڕیبوویان.
ئۆجەلان بانگەشەی ئەوەی کرد کە قسەکردن بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی چارەسەرێکی دیموکراتییانەترە، و گوتی: "ڕێگای چارەسەر بریتییە لە بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی لە ژیانی تایبەتی و لە زمانی پەخشکردندا".
(سیاسەتی 150 ساڵەی بەریتانیا)
تۆمەتبار ئۆجەلان بانگەشەی ئەوەشی کرد، کاتێک سەیری ڕاپەڕینەکانی 200 ساڵی ڕابردوو دەکرێت، ئەمە تەنیا "ڕاپەڕینێک" نییە تایبەت بێت بە پەکەکە، بەڵکو کاریگەریی دەرەکی لەم ڕاپەڕینانەدا هەیە، و بەریتانیا سیاسەتێکی 150 ساڵەی لەم ئاراستەیەدا هەیە. تۆمەتبار ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو یەکگرتووییەی لە ساڵانی 1920ەکاندا دروست بووبوو، ئەمڕۆش بەو ئازادییە دێتە دی کە لە ڕووی زمانەوە بە کوردەکان دەدرێت، و گوتی: "ئەمە بەرەو ئەوەمان دەبات کە ببینە یەکێتییەکی گەورە، و دەوڵەتێکی گەورە".
تۆمەتبار ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە "ڕاپەڕینەکەی" ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە "دوایین ڕاپەڕین" بێت، و گوتی: "دەبێت بەڕاستی ئەمە کۆتا ڕاپەڕین بێت. ئێمە داوای سازش ناکەین. پێویستە ململانێی پەکەکە کۆتایی پێبهێنرێت. ئەوەی لە 15 ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە ڕوون و ئاشکرایە. ململانێ لەمەودوا زۆر مەترسیدارتر دەبێت".
تۆمەتبار ئۆجەلان ئیدیعای ئەوەی کرد کە لە 15ی ئابی 1984دا ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە لە 60 کەس پێکهاتبوو، بەڵام ئەمڕۆ نزیکەی 10 هەزار ئەندامی هەیە، و ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە کۆتایی بەم مەترسییە بهێنرێت.
ئۆجەلان ڕوونیکردەوە کە دەبێت ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە بخرێتە ناو پێکهاتەی دەوڵەتەوە بۆ ئەوەی ململانێیەکی مەترسیدارتر نەگوازرێتەوە بۆ سەدەی 21، و ئەمەی خوارەوەی خستەڕوو:
"نابێت ئەمە بەردەوام بێت. ئەرکە سەرەکییەکە ئەمەیە. ئەمە بۆ ئەوە ناڵێم کە بژیم، یان لەبەر کەسایەتیی خۆم بێت، نەشمگوتووە دەمەوێت بژیم. دەبێت ڕێگری لەمە بکرێت. پێویستە ئەو مەترسییەی ڕووبەڕووی دەوڵەت بووەتەوە بنبڕ بکرێت. مەترسییەکە گەورەیە. ناتوانین بڵێین تەنیا بە دادگاییکردنێک گەیشتینە ئەنجام. هەرچۆنێک بێت، بەرگرییەکەم یاسایی نییە، بەڵکو سیاسییە. بەردەوامبوون لە ململانێی ئێستادا بە هەر نرخێک بێت، ئامانجەکە دەبەزێنێت. ئەو ئامرازەی بەکاریدەهێنیت بۆ ئەو ئازادییەی بەدەستی دەهێنیت و بۆ ئەو ئامانجەی پێی دەگەیت، پێویست نییە. هیچ پێویستییەک بەم ململانێیە نییە. دەبوو ئەمە لە سەرەتای ساڵانی 1990یەکاندا کۆتایی پێ بهاتایە."
لە هۆش خۆی چوو
لە کاردانەوەی قسەکانی تۆمەتبار ئۆجەلان کە گوتی ئامانجی ژیان نییە، یەکێک لە کەسوکاری سکاڵاکاران هەستایە سەرپێ و ناڕەزایەتیی دەربڕی. لە کاتێکدا سکاڵاکاران دەیانگوت: "دەڵێت دەیەوێت بژی، نابێت بژی، دەبێت دادپەروەری جێگەی خۆی بگرێت"، ژنێک لە سکاڵاکاران باری تەندروستی تێکچوو (لە هۆش خۆی جوو). دوای دەستێوەردانێکی کورتی پزیشک، ئەو ژنەی کە بوورابووەوە برایە دەرەوەی هۆڵەکە.
سەرۆکی دادگا "ئۆکیای" داوای لە ئامادەبووانی هۆڵەکە کرد کە ئارام بگرن، و داواشی کرد ئەوانەی باری تەندروستییان تێکدەچێت ببرێنە دەرەوە.
"مافە سیاسی و دیموکراسییەکانی کورد بێ کۆماری تورکیا و بەپێچەوانەی ویستی ئەو نایەتە دی"
عەبدوڵڵا ئۆجەلانی تۆمەتبار و سەرکردەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە، ڕایگەیاند کە ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە بەرهەمی قۆناغی "شەڕی سارد"ی ساڵانی 1970یەکانە، و گوتی: "پەکەکە بەرنامە و ئایدیۆلۆژیایەکی ڕادیکاڵانەی هەیە". هەروەها تۆمەتبار ئۆجەلان لە بەرگرییەکەیدا گوتیشی کە ئەو نەیگوتووە "سوپا لەگەڵمدا گفتوگۆی کردووە".
لە بەرگرییە سەرەکییەکەیدا، تۆمەتبار عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوتی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە "بەرهەمی قۆناغی شەڕی ساردی ساڵانی 1970یەکانە"، ئاماژەی بەوە کرد کە دوای شەڕی سارد و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، هیچ دەوڵەتێک نەماوە گۆڕانکاریی بەسەردا نەیەت. ئۆجەلان بانگەشەی ئەوەی کرد، کە لەم چوارچێوەیەدا گۆڕانکاریی زۆر واتادار ڕوویانداوە، کە گرنگترینیان لە بواری مافەکانی مرۆڤدایە، ئەم گۆڕانکارییە لە ناو ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەشدا بینراوە، ئەمەش شتێکی ئاساییە.
بەرنامە و ئایدیۆلۆژیای پەکەکە
ئۆجەلان ئیدیعای ئەوەی کرد کە ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە "بەرنامە و ئایدیۆلۆژیایەکی ڕادیکاڵانەی" هەیە، و خۆی لە ساڵانی 1990یەکانەوە باسی لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نەکردووە، و لە بەرگرییەکەیدا ئەم بۆچوونانەی خوارەوەی خستەڕوو:
"هەوڵێکی زۆر و چڕم داوە بۆ یەکگرتووییەکی ئازاد. دوای ساڵانی 1990یەکان، نووسینی زۆرم لەم بارەیەوە هەبووە. نەمگوتووە 'سوپا لەگەڵمدا گفتوگۆی کردووە'. بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تێبینیی زانیاریمان پێگەیشت. ئەو تێبینییە زانیارییانە دەیانگوت کە 'جووڵەی پەکەکە دژی دەوڵەتی تورکیا ڕاست نییە. پەکەکە هەنگاوە دیموکراسییەکانی دەوڵەت قورس دەکات'. ئەم تێبینییانە دوای ساڵی 1996 هاتن. هەنگاو لەم ئاراستەیەدا دەنرێت. ئەمانە بە ئێمە گەیەندراون. ئەمە گفتوگۆ نییە، بەڵکو زانیاریی ناڕاستەوخۆیە."
تۆمەتبار ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کرد کە داواکارە گشتییەکانی کۆمار لە بۆچوونی سەرەکیی خۆیاندا بە ژمارە خستوویانەتەڕوو کە ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە تا چەند گۆڕاوە،  ڕوونیشیکردەوە کە دەیەوێت ئەم بابەتەش ڕوون بکاتەوە.
بێ کۆماری تورکیا نابێت
ئۆجەلان بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە باکووری عێراق، لەژێر چاودێریی تورکیادا قەوارەیەکی کوردی هەیە، و لە نزیکەی 40 پارێزگا و قەزادا کوردەکان نوێنەرەکانی خۆیان گەیاندووەتە دەسەڵات، کە ئەمەش دروستبوونی دەوڵەتێکە، و لە بەرگرییەکەیدا بەم شێوەیە گوتی:
"مافە سیاسی و دیموکراسییەکانی کورد بێ کۆماری تورکیا و بەپێچەوانەی ویستی ئەو نایەتە دی. پێکهاتە لەسەر بنەمایەکی دیموکراتییانە گرنگە. ڕۆشنبیرەکانمان دوو هەڵەی سەرەکییان هەیە. من گوتم (دەبێت قۆناغی ڕاپەڕین دابخرێت. هەڵگیرسانی ململانێ قووڵتری دەکاتەوە. دەبێت ئەمە وازی لێ بهێنرێت). نزیکایەتیی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی لە چاو واقیعی تورکیادا نزیکایەتییەکی زۆر پێشکەوتوو نییە.
گوتم کە پەرەسەندنە دیموکراسییەکان دەربڕی دەوڵەمەندییەکن لە قۆناغی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیدا. لە بنەڕەتیشدا، زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی کورد لە ڕۆژئاوا دەژین. نزیکایەتیی دیموکراسی، دروستترین نزیکایەتییە. ئەم واقیعە بە شێوەیەکی بەرجەستە ژیاوە، و ئەمەش دەرئەنجامی ئەوەیە."
"ئامادەم بۆ خزمەت"
تۆمەتبار ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێکخراوی پەکەکە نزیکایەتییەکی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی هەیە،  بەم شێوەیە درێژەی بە بەرگرییەکەی دا:
"هەلەکە ڕەخساوە. بە بەرنامە و ئایدیۆلۆژیا کۆنەکەی پەکەکە ئەمە ناکرێت. دەبێت فۆرمێکی نوێ وەربگرێت. بانگەوازێکم کرد. دەمەوێت بە شێوەیەکی بەرجەستەتر کار بکەم. هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ئەوەم ڕوون کردەوە کە گوتم 'ئامادەم بۆ خزمەت'. هەڵوێستی کۆن بنبەستی چارەسەر قووڵتر دەکاتەوە. ئەمە بەرپرسیارێتیی من لە کردارەکان (چالاکییەکان) ناسڕێتەوە. ئەمانە لە ئاستی ڕێنماییدا بوون. ئەم دواییانە ڕوونم کردەوە کە ئەو چالاکییانەی خەڵکی مەدەنییان کردە ئامانج و ئامانجەکەیان تێپەڕاند، هەڵە بوون. لەپێناو ئەمەدا ململانێیەکی ناوخۆییم کرد. لە ساڵانی 1987-1988ەوە تا ناوەڕاستی 1990یەکان، دەمگوت ئەم چالاکییانە هەڵەن، (ئەم چالاکییانە کاولمان دەکەن). من دژی ئەمانە جەنگام. ئەو چالاکییانەی لە بەرگریی ڕەوا تێدەپەڕن، ئەو چالاکییانەی دەگۆڕێن بۆ ململانێیەکی نەتەوەیی، دەرئەنجامەکانیان کارەساتبارن.
زۆربەی کوژراوەکانیش هەر کوردن. من لەم بوارەدا هەوڵی خۆمم داوە. ئەوەی لە کۆسۆڤۆ و بۆسنە و هەرزەگۆڤینا ڕوویدا بەربڵاوترە. لای ئێمە سنووردارە. من پشکی خۆم لە چالاکییەکاندا نکۆلی ناکەم. ئەوەی گرنگە ئەو شتانەیە کە لەمەودوا دێن."
بەکارهێنان لەلایەن ناوەندەکانی هێزەوە
دواتر تۆمەتبار ئۆجەلان بۆچوونەکانی خۆی خستەڕوو سەبارەت بەوەی دۆخی ئێستا چییە، و چۆن کێشەی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە چارەسەر دەکرێت و چۆن دەتوانرێت بنبڕ بکرێت، بەم شێوەیە:
"هێزی پەکەکە چییە؟: هێزی پەکەکە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوخۆ و دەرەوە ژێرخانی خۆی پێکهێناوە، گەیشتووەتە خاڵێکی زۆر مەترسیدار. ئەمە وەک ئامرازێکی هەڕەشە ناڵێم، بەڵکو وەک زانیاری دەیڵێم. وڵاتێک نییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تێیدا جێگیر نەبووبێت. دوای هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت لە وڵاتەکاندا جێگیر بووە. ئەم وڵاتانە، چ ڕێگەی پێبدەن یان پێینەدەن، بووەتە خاوەنی ژێرخانێکی گرنگ. پێم وا نییە لەمەودوا پەکەکە بەهۆی بنکە جەماوەرییەکەی و پەروەردە و ئامرازە ماددییەکانییەوە تووشی گرفتی جدی ببێت. لە وڵاتانی ئەورووپاشدا کە خاوەنی هەموو جۆرە دەرفەتێکی داراییە، ژێرخانەکەی بەهێزە.
جگە لە ئەندامانی ئێستای پەکەکە، خاوەنی پێکهاتەیەکە کە دەتوانێت لە هەر ساتێکدا لە ڕێگەی ژێرخانەکەیەوە ئەندام پەیدا بکات و بیانخاتە ناو ڕێکخراوەکەوە. تەنانەت ئەمانە دەتوانن دەربچن و بە ناوی ڕێکخراوی پەکەکەوە چالاکی ئەنجام بدەن. ئەمە مەترسییەکی جدییە. تا ئەو کاتەی ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکان لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە بەردەوام بن، لەلایەن ناوەندەکانی هێزەوە بەکار دەهێنرێت.
زیندووترین و بەرچاوترین نموونەی ئەمانە منم. دیار و ئاشکرایە لە کوێوە هاتووم بۆ کوێ. لە ڕابردوودا کورد دەرفەتی کرانەوەی بە ڕووی دەرەوەدا نەبوو. ئەمڕۆ دەرفەتی پەروەردەیی بەهێزتریان هەیە. ناکۆکییە سیاسییە بەرفراوانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوقاز و باڵکانیش بەردەوامن. هەر ناوەندێکی هێزی بەهێز، هەر دەوڵەتێکی بەهێز، دەیەوێت ئەمە بەکاربهێنێت.
لە پڕاکتیکدا هەر وا بووە. نابێت ئەم قسانەم وەک هەڕەشە لێکبدرێنەوە. دەبێت پەکەکە لەوە دەربهێنرێت کە هەڕەشە بێت، چ بە ژێرخانەکەی و چ بە دەرفەتەکانی تری. جەماوەر ئێستا بووەتە جەماوەرێکی بەرفراوان. ڕێژەی دەنگەکان دیارە. ئەم هەڕەشەیە لە ناوخۆ و دەرەوەدا شێوەیەکی مەترسیدار وەردەگرێت. ئەگەر ململانێ پەرە بسەنێت، ڕەنگە لەسەر بنەمایەکی جەماوەری پەرە بسەنێت. جگە لە زیانە ماددییەکان، دەبێت لایەنەکانی تریش ببینرێن."
گەورەترین فەزیلەت
ئۆجەلان لە بەرگرییەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە کێشەی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوە، لە تێکەڵبوون لەگەڵ ئەورووپا، و لە یەکگرتن لەگەڵ جیهاندا، کێشەی کوردە، ئەمەی خوارەوەی خستەڕوو:
"ئەگەر بنبەستەکە قووڵتر ببێتەوە، ئەم بزووتنەوەیە کە لە 15 ساڵدا سنووردار بووە، خاوەنی ژێرخانێکە کە کاتی زیاتر دەخایەنێت و زیانی گەورەتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بە هەر نرخێک بێت، لەبەر ئەوەی من لەم کێشەیەدا بوونم هەیە، پێم وایە دەبێت لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەشدا بوونم هەبێت.
واتای گوتەی (بۆ دەوڵەت خزمەت دەکەم) هەر ئەمەیە. ئەگەر ئامانج ئازادیی بنەڕەتی بێت ئیتر ململانێ بۆچی... ڕەنگە بڵێن (تازە ئەمەت زانی؟) بەڵێ تازە زانیم، ئێستا زانیم... لە دوای ساڵانی 1990یەکانەوە هەمیشە ئەمەم گوتووە. مەترسییەکە گەورەیە. دەبێت ئەم مەترسییە لە کوێ بینرا هەر لەوێ بوەستێنرێت. هەمیشە ئەمەم گوتووە.
تێکەڵبوون و خزمەتکردن بە کۆماری دیموکراتی شانازی و فەزیلەتێکە."
عەبدوڵڵا ئۆجەلانی تۆمەتبار و سەرکردەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە، لە بەرگرییەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە نابێت تیرۆر زیندوو بکرێتەوە.
"گەورەیی نەتەوەی تورک واقیعێکە. لێرەدا جێگە بۆ کوردەکانیش هەیە"
عەبدوڵڵا ئۆجەلانی تۆمەتبار و سەرکردەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە، لە بەرگرییە سەرەکییەکەیدا گوتی: "ئێمە لەگەڵ نەتەوەی تورکین، جیانابینەوە". ئۆجەلان ڕوونیکردەوە کە گەورەیی نەتەوەی تورک واقیعێکە، و ئاماژەی بەوەش کرد کە لێرەدا جێگە بۆ کوردەکانیش هەیە.
تۆمەتبار ئۆجەلان لە بەرگرییە سەرەکییەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر دەوڵەت هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، ئەوا ئەوان هێزەکانی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ وازهێنان لە ململانێی چەکداری. ئۆجەلان ئەمانەی خوارەوەی خستەڕوو:
"وڵاتانی دەرەوە و ڕێکخراوەکانی ئێستای ناوخۆ، سەرکردایەتی پەکەکە، ئەگەر لە ناوخۆ و دەرەوەدا لەسەر بنەما دیموکراتییەکان هەنگاو بنرێت، ئەوا لەمەوە هێزێک بە بەشدارییەکی دیموکراتییانە لەدایک دەبێت. با ئەمە وەک خەون نەبینرێت. دەتوانرێت لەوە دەربهێنرێت کە هێزێکی دژبەر بێت و بهێنرێتە ناو پێکهاتەی سیاسیی دەوڵەتی دیموکراتییەوە لەناو پێکهاتەیەکدا کە گونجاو بێت لەگەڵ پێکهاتە دیموکراتییەکەدا.
تا پێکهاتەی دیموکراتیی دەوڵەت بەهێزتر ببێت، پاڵپشتیی دەرەکی کەم دەبێتەوە،  دەبێت ئێمە ئەم هێزە بەکار بهێنین لە ڕێگەی تێکەڵبوون لەگەڵ یەکتریدا. بۆچی ئەمە هەڵنەسەنگێنین. دەبێت ئەمە هەڵبسەنگێندرێت. دەبێت پەکەکە لەگەڵ پێکهاتەی دەوڵەتی دیموکراتیدا تێکەڵ بکرێت. لەپێناو ئەوەی گەل ببنە برا، هەستی برایەتی گەشە بکات، دەبێت هەرچییەک دەکرێت ئەنجام بدرێت. ئەمە ڕێگری دەکات لە پێشهاتە مەترسیدارترەکان، و زیانە ماددییەکان.
من دەزانم ئەو خەرجییەی لەم بوارەدا لە بودجەوە دەکرێت چەندە. ڕێگری لە هەموو ئەمانە دەکرێت."
پرۆپاگەندەی جوداخوازی
عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕوونیکردەوە کە دەیەوێت تیشک بخاتە سەر پڕۆپاگەندەکانی جوداخوازی و گوتی: "ئێمە لەگەڵ نەتەوەی تورکین، ناتوانین جیاببینەوە. ئەو خەڵکەی کە منیش سەر بە ئەوانم، دەرفەتی ئەوەیان نییە جیا ببنەوە و بە تەنیا لە پارچە شاخێکدا بژین. نە ڕاپەڕین، نە شەڕ، دەبێت ئەم کارە لەسەر بنەمای کلتووری دیموکراسی چارەسەر بکرێت". ئۆجەلان ئەمانەی خوارەوەی خستەڕوو:
"پێدانی مافە کلتوورییەکان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتی... بەڵام، دەبێت بگوترێت تێکەڵبوون لەسەر بنەمای دیموکراسی و کۆمار، نەک بە ترس. ئاغایەتی و پێکهاتە دەرەبەگییەکانی تر ئەمەیان دواخستووە. یەکگرتن و تێکەڵبوون لەسەر بنەمای کۆماری دیموکراتی ڕاستترین کارە. هیچ کێشەیەک نییە جگە لە مافە کلتوورییەکان. گەورەیی نەتەوەی تورک واقیعێکە. لێرەدا جێگە بۆ کوردەکانیش هەیە. پێکەوەژیان بێ ئینکارکردنی خود، ڕاستترین ڕێگایە. دەبێت بە پاراستنی زمان و تایبەتمەندییە کلتوورییەکانەوە لەگەڵ کۆماردا تێکەڵ بن و لە نێو برایەتیدا پێکەوە بژین. جیابوونەوە ڕاست نییە.
پێکهاتەی دەوڵەتی یەکگرتوو
زمانی فەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ئینگلیزییە، بەڵام هەمووان بە زمانی خۆیان قسە دەکەن. ئەمە مەترسییەکی گەورە نییە. بە گوتنی ئەمە، من باسی پێکهاتەیەکی فیدراڵی ناکەم. دەبێت بتوانرێت زمان و تایبەتمەندییە کلتوورییەکان بە ئاسانی لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتی یەکگرتوودا گەشەیان پێبدرێت. فەرەنسا نموونەیەکە بۆ ئەمە. هەنگاوی کلتووری مرۆڤ بەرەو پێکەوەژیان دەبات. مەڵێن قەدەغەکردنی زمان چییە. ئەمە زۆر گرنگە. ئەمە توانای گوزارشتکردنە لە خود. نەک تەنیا لە تورکیادا، بەڵکو لە کۆمەڵگاکانی تریشدا ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕاپەڕین. تا ئاستی مافە بنەڕەتییە کلتوورییەکان و لەسەر بنەمای دەوڵەتی دیموکراتی، دەتوانرێت لە دژایەتیکردن دەربچێت و ببێت بە یەکێتی. ئەو هێزە بهێننە بەرچاوی خۆتان کە لە 15 ساڵدا لەدەست دراوە. یەکگرتنی ئارەزوومەندانە تورکیا دەکاتە سەنتەری ڕاکێشان و دەوڵەتی پێشەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
تۆمەتبار ئۆجەلان بەرگری لەوە کرد کە پێچەوانەی ئەم دۆخە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانیشەوە بەکاردەهێنرێت، و ڕوونیکردەوە کە ئەمڕۆ لە باکووری عێراقدا پێکهاتەیەک بوونی هەیە. ئۆجەلان گوتی: "لە قوبرس باس لە شێوازگەلێکی هاوشێوەی کۆسۆڤۆ دەکرێت. هەمان ڕووداو بۆ عێراقیش ڕاستە. دەتوانرێت بۆ ئەوانیش پەرەی پێبدرێت. دەبێت تورکیا دۆستی هەموو کوردەکان بێت وەک ئەوەی لە ساڵانی 1920ەکاندا هەبوو".
دواتر تۆمەتبار عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەمانەی خوارەوەی خستەڕوو:
"وەک چۆن لە ساڵانی 1514 و 1920ەکاندا هەبوو، دەبێت ئاراستە بەرەو سیاسەتێکی بەهێزی دۆستایەتی لەگەڵ کورددا بکرێت، پێویستی بە یەکێتییەکی بەهێزە لەسەر بنەمای برایەتی لەگەڵ هەموو کوردەکان جگە لە پەکەکە. دەبێت پەکەکە کۆتایی بە هەڵەکانی بهێنێت. دەبێت ئەمە بگوترێت: (وەرە بۆ دەوڵەتەکەی خۆت، برایەتیی گەلەکەت زۆر گرنگە). دەبێت ئەمە بە پەکەکە بگوترێت. ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ سەردەمەکەمان، بنەڕەتیترین پرسی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکییە. بنەڕەتیترین ئەرکە. تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەت، ژیان لە نێو برایەتیدا، پێویستە کۆتایی بە هەڵە مێژووییەکان بهێنرێت. ئەگەر بنبەست بەردەوام بێت، و ململانێ بەردەوام بێت، چی لەدەست دەچێت؟ ئەمانە تەنیا بۆچوونی من نین. لە ڕووی یاساییشەوە ئاماژە بە کێشەکان کراوە."
لەم بەشەی بەرگرییەکەیدا، تۆمەتبار ئۆجەلان وەرگێڕانی لەو وتارە کرد کە سەرۆکی دادگای دەستووری لە 37ەمین ساڵیادی دامەزراندنی دادگادا پێشکەشی کردبوو، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم قسانە زۆر گرنگن.
دواتر، سەرۆکی دادگا م. تورگوت ئۆکیای پشووی نیوەڕۆی ڕاگەیاند بۆ دانیشتنەکە.
دوای پشووی نیوەڕۆ، تۆمەتبار عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کاتژمێر 14.30دا کۆتایی بە بەرگرییەکەی هێنا.
ئۆکیای بەرگرییە نووسراوەکەی تۆمەتبار ئۆجەلانی وەرگرت و خستیە ناو دۆسیەکەوە.
دواتر، نیازی بولگان، یەکێک لە پارێزەرانی بەرگری، دەستی کرد بە خوێندنەوەی بەرگرییە نووسراوەکەیان سەبارەت بە کرۆکی بابەتەکە.
(بەرگرییە نووسراوەکەی کە لەلایەن پارێزەرانی تۆمەتبارەوە ئامادەکرابوو لەلایەن نیازی بولگانەوە خوێندرایەوە)
عەبدوڵڵا ئۆجەلانی تۆمەتبار و سەرکردەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە، کۆتایی بە بەرگرییە سەرەکییەکەی هێنا. پارێزەر نیازی بولگان دەستی بە خوێندنەوەی ئەو بەرگرییە نووسراوە کرد کە لەلایەن پارێزەرانی تۆمەتبارەوە ئامادەکرابوو.
تۆمەتبار ئۆجەلان لە بەرگرییەکەیدا ڕوونیکردەوە کە دەبێت باس لە دوو نزیکبوونەوە و دەرئەنجامی گرنگ بکرێت لە بنچینەی ئەو دۆسیەیەی کە تێیدا دادگایی دەکرێت، و گوتی:
"ئایا لە کۆتایی دۆسیەکەدا دەرئەنجامێکی وەک قووڵبوونەوەی بنبەستێک دەردەکەوێت، یان دەرئەنجامی سەرەتایەکی نوێ دێتە ئاراوە؟". ئۆجەلان بەرگری لەوە کرد کە بەردەوامبوونی ململانێکان بەم شێوەیە، ئەم بنبەستە قووڵتر دەکاتەوە، ئیدیعای ئەوەی کرد کە هەندێک هێز هەوڵ بۆ قووڵکردنەوەی دەدەن، لە کاتێکدا هەندێکی تر هەوڵ بۆ کۆتایی پێهێنانی دەدەن.
ئۆجەلان بەم شێوەیە بەردەوام بوو:
"ڕاپەڕینە بەردەوامەکان بنبەستەکەیان قووڵتر کردووەتەوە. ئایا ناکرێت ئەمە پێچەوانە بکرێتەوە؟ ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕزگارکردنی خۆمەوە نییە. دەبێت ئەم ڕاپەڕینە بەو تێگەیشتنە لێکبدرێتەوە کە دوایین ڕاپەڕینە. دەبێت زانایان تەواوی هێزی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئایا دەتوانین ئەمە لە ڕەگ و ڕیشەوە چارەسەر بکەین؟"
تۆمەتبار ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کرد کە بەهێزترین دەوڵەتەکان لە جیهاندا ئەو دەوڵەتانەن کە دیموکراسییەکەیان بەهێزە، و گوتی کە یەکێتیی سۆڤیەت لەبەر ئەوەی وا نەبوو هەڵوەشایەوە.
ئەمە سوودی بۆ کێ دەبێت؟
ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دەوڵەتانەی بەتایبەتی گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ و ڕەهەندە کلتوورییەکان دەدەن بەهێزتر بوون، و بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەوڵەتی کۆماری تورکیا پێویستی بە "کرانەوەی زیاتر" هەیە. ئۆجەلان ئیدیعای ئەوەی کرد کە پەرەنەدان بە کرانەوە دیموکراتییەکان لەلایەن دەوڵەتەوە بە شێوەیەکی پێویست، کێشەکانی ئێستای گەیاندووەتە مەترسیدارترین دۆخ، و بەرگری لەوە کرد کە دەبێت دەوڵەت ئەم دەرفەتانە بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە بەکاربهێنێت. ئۆجەلان بۆچوونەکانی خۆی دەربڕی و گوتی: "دەبێت ئەمە دەرفەتێک بێت. ئایا هیچ چارەیەکی ترمان هەیە؟ ئەگەر ئازاری زیاتر بدەین، ئەمە سوودی بۆ کێ دەبێت؟".
تۆمەتبار ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کرد کە هەر دەوڵەتێک، چ یەکگرتوو بێت یان فیدراڵی، ئەگەر کرانەوەیەکی فراوان ئەنجام بدات، هیچ شتێکی نییە لەدەستی بدات، بەپێچەوانەوە دەستکەوتەکان زیاتر دەبن، و ڕوونیکردەوە کە دەبێت بە زووترین کات ڕێگری لە توندوتیژی بکرێت و ئاشتی و برایەتی دابمەزرێت. ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەش ئەم کارە لە ناوخۆیدا چارەسەر بکات و کۆتایی پێ بهێنێت، و ئیدیعای ئەوەی کرد کە "پەکەکە گەیشتووەتە ئەم ئاستە لە پێگەیشتن، و گەیشتووەتە ئاستی دانانی چەک".
ئەو ئەرکەی دەکەوێتە ئەستۆمان جێبەجێی دەکەین
تۆمەتبار ئۆجەلان گوتی کە دەبێت دەوڵەتیش لەم بارەیەوە هەستیار بێت: "با دەوڵەت من و پەکەکە قبوڵ نەکات. ئەگەر ئەرکێک بکەوێتە ئەستۆمان، ئەوا ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەین، و دەیگەیەنینە ئاستێکی دیموکراتی".
ئۆجەلان ڕوونیکردەوە کە لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکاندا گوتوویەتی کە هەموو هەوڵێکی خۆی لەم بوارەدا دەخاتە گەڕ، و گوتی: "ئایا زۆر درەنگە؟ نەخێر... زۆریش درەنگ نییە. چیتر کەس توانای بەرگەگرتنی ئازاری زیاتری نییە. دەوڵەت ناچارە ئەم تەنگەبەرە بکاتەوە. ئاراستەکەش بەم شێوەیەیە".
تۆمەتبار ئۆجەلان گوتی: "من ئەمانە بەخۆڕایی ناڵێم. چوار بزمارمان لێدرا. بڕۆ لە تورکیا بمرە. با کێشەی سەد ساڵە دەربکەوێت. وەک تۆپەڵە ئاگرێک ئێمەیان فڕێدایە ئێرە. گوتیان بڕۆ ئەوێ بسوتێنە"، و ئیدیعای ئەوەی کرد کە ماوەی 4,5 مانگە هێزەکەی دژی ئەمە بەکاردەهێنێت.
ئۆجەلان بەم شێوەیە درێژەی بە بەرگرییەکەی دا:
"نازانم دادگاکەتان لەم بارەیەوە چی دەکات، بەڵام من ئەم مەترسییە دەڵێم. ئێمە 5 هەزار کەسمان کردووەتە فیدایی. شتی وا نییە. لە لای ڕاست و چەپ سەدان لەمانە هەن. ئەمە مەترسییەکی زۆر گەورەیە. ئەگەر دەرفەتی ئەمە هەیە بۆچی بەکاری ناهێنین. من ئەمانەم خستەڕوو، بەڵام پێشوازییەکی زۆری لێ نەکرا. من دەتوانم بۆ چەندین مانگیش قسە بکەم. ئەوەی گرنگە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.
هەرگیز بانگەشەی جیابوونەوەم نەکردووە
هەرگیز بانگەشەی جیابوونەوە ناکەم تەنانەت ئەگەر بە زۆریش بێت. من ڕێگاکانی زیاتر بەهێزبوونی کۆمار نیشان دەدەم. ڕاستە کە پەکەکە لە بنبەستێکی گەورەدایە. کوشتنی سەدان کەس لەمانە هیچ ئەنجامێک نادات بەدەستەوە. تا ئەمڕۆ ئازاری زۆر چێژراوە، با ئەمە کۆتایی بێت.
با کۆتایی بە ڕاپەڕینەکان بهێنین لەم خاکەدا. ئایا ئەمە منداڵانەیە، یان خەیاڵپڵاوییە؟ ئەم مەترسییە گەورەیە. ئەو هێزانەی ئەم مەترسییە خۆشدەکەن زۆرن.
با سەدەی 21 بکەینە سەرەتای سەدەی ئاشتی و برایەتی. دادگاییکردنەکەی ئیمراڵی دەرفەتێکە بۆ ئەمە. ئەوەی دەمەوێت بە هەموو هێزمەوە بیکەم، ئەوەیە کە گەل بە خێرایی تێکەڵ بکەم، بە بەهێزکردنی میکانیزمە دیموکراتییەکان بە سەلامەتی لەمە دەربچین.
هەزاران کەس و دامەزراوە بەرنامەی ئەوەیان داناوە کە چی ڕوودەدات ئەگەر لەسێدارە بدرێم، چی ڕوودەدات ئەگەر لەسێدارە نەدرێم. بەرژەوەندییەکی گەورە لە ئارادایە. خاوەن بەرژەوەندییەکان چۆن ئەم قازانجانە دابەش دەکەن. ئەمانە زۆر گرنگن.
با کەس بە پشت بەستن بە میراتی من نەژی. بەو ئەندازەیەی کە زیانم هەیە با هێندەش سوودم هەبێت. کێشەکە ڕزگارکردنی خۆم نییە. کارم هەیە کە دەبێت بیانکەم. برایەتیی کورد و تورک بە دیموکراسیدا تێدەپەڕێت. هیوادارم تورکیا لەو هێزەدا بێت کە کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تێپەڕێنێت.
هەرگیز دژی کرۆکی کۆمار نیم
هەرگیز ناتوانم دژی کرۆکی کۆمار بم. لە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکاندا 5 بۆ 10 ساڵ هەرگیز گرنگ نییە. بڕوام وایە بە دڵنیاییەوە کە دەستووری سبەینێ دیموکراتییانەتر دەبێت. بەپێی ماددەی 125 دادگایی دەکرێم. ئەمە ماددەیەکی سزاییە. من بەم شێوەیە یان بەو شێوەیە سزا دەدرێم. بەڵام من هەوڵ بۆ بەدیهاتنی ئازادی دەدەم.
گۆڕان و وەرچەرخانێکم بەسەردا هاتووە. دوای هەموو ئەوانەی ڕوویاندا، دەربڕینی ئەمانە لە ڕوانگەی منەوە زۆر قورسە. هیچ کەسێک کە کۆمەڵگا بڕیارێکی لەم شێوەیەی لەسەر دابێت ناتوانێت لەسەر پێیەکانی بمێنێتەوە. من لەپێناو ئەوەی دەتوانم بۆ ئەم خاکە و دیموکراسیی بکەم لەسەر پێ مامەوە.
بەوپەڕی دڵسۆزیمەوە تا کۆتایی، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئامادەم هەموو هەوڵێک بدەم بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای دەرئەنجامی ئەم ئەزموونە تاڵانە سەدەی 20 ببێتە سەدەی ئاشتی و برایەتی. ڕێز و سڵاوم هەیە."
بەرگریی پارێزەرانی تۆمەتبار
تۆمەتبار ئۆجەلان کە لە کاتژمێر 11.30دا دەستی بە بەرگرییەکەی کردبوو، دوای نیوەڕۆ لە کاتژمێر 14.30دا کۆتایی پێهێنا. تۆمەتبار ئۆجەلان بەرگرییە نووسراوەکەی کە لە 23 لاپەڕە پێکهاتبوو دایە دادگا.
دواتر، مافی قسەکردن درا بە پارێزەرانی تۆمەتبار بۆ پێشکەشکردنی بەرگرییە سەرەکییەکەیان.
نیازی بولگان یەکێک لە پارێزەرانی تۆمەتبار، ڕایگەیاند کە ئەوانیش هاوبەشن لەگەڵ ئەو هیوایەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی موەکیلیان و سەرکردەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە کە سەدەی 21 ببێتە ساڵی ئاشتی و برایەتی، و دەستی کرد بە خوێندنەوەی ئەو بەرگرییە هاوبەشەی کە لەلایەن پارێزەرانی تۆمەتبارەوە ئامادەکرابوو.
بولگان بانگەشەی ئەوەی کرد کە بڕوایان وایە مێژوو ڕاستترین حوکم لەم دۆسیەیەدا دەدات کە یەکێکە لە گرنگترین دادگاییکردنەکانی کۆماری تورکیا،  دواتر بە وردی بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە یاسا، تاوان، و یاسای سزایی ڕوونکردەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان