یەکەمین ڕادیۆی ئۆپۆزیسیۆنی شاخ
17/08/2026, 21:49 (GMT+1)

لە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانمدا کۆمەڵێک تایبەتمەندی مێژووی ئەو سەردەمە، کە پێیدا تێپەڕیوم، بەرکەوتەم لەگەڵ کەسانی سیاسیی و هونەرمەندو ئەدیب و نووسەرانی ئەو سەردەمەدا هەبووە، کە هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە ئەوانە شایانی نووسینەوە و گێڕانەوەبن.
یەکێک لە کارەکەتەرەکانی ئەو گەشتە مامۆستا (حسێن عارف) بوو، کە هێشتا نەگەیشتبوومە سەر گێڕانەوەی پەیوەندییەکانم لەگەڵ ئەو چیرۆکنووسە خاوەن هەڵویستەدا، کە لە رۆژی 13 – 08 – 2026 ئەم مانگەدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
چەند برادەرێک پەیوەندییان پێوە کردم. زۆر لەگەڵمدا خەریک بوون، کە لەو بارەیەوە لەسەر پەیوەندی من و مامۆستا حسێن عارف و سەردەمی ساڵانی بەغدا لە 1970، کە سەرۆکی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی- لقی بەغداد بوو، هەروەها سەردەمی ئاشبەتاڵ کە ساڵی 1974 لە شاخ یەکترمان بینییەوە، ئەو کاتە ئێمە چەند کەسێک بووین لەو نووسەر و رۆژنامەنووس و شاعیرانە پێکەوە لە (ئازادی) نێوان (گەڵاڵە) و (حاجی هۆمەران) بۆ یەکەمین جار (دەنگی دواوەی خۆتان)مان بەرهەم هێنا. ئەو ناوە (دەنگی دواوەی خۆتان) پێشنیاری مامۆستا حسێن عارف بوو، بریتیی بوو لە تۆمارکردنی بەرنامەی رادیۆیەک، هەرچییەک رۆژانە لە شاخ و لە لایەن پارتیی و دەزگای پاراستن و زیندانەکانی ئەو سەردەمە روویان بدایە، بە شێوەیەکی کۆمیدی دەکرایە بابەتێکی رادیۆ و لەسەر شریتی کاسێت تۆمارمان دەکرد، لە هەمان کاتدا لە ترسی ئەوەی پاراستن ئەمە نەبیسێتەوە، یان ئەگەر پێیانزانی و کەسێکمان گیراین، بتوانرێت ئەو چالاکییە بکرێتە بیانووی باتێکی ئەدەبی و هونەریی و کۆمیدیی، تا تاوانەکە کەمتر لەسەرمان بکەوێت، چونکە زیندانی (رایات) لێمانەوە نزیک بوو، هەمیشە ئەوەمان لەبەر چاو بوو، رۆژانەش دەمانبیست، کە چۆن بنەماڵەی بارزانی ناحەزانی خۆیان دەبەنە ئەو زیندانەوە، ئازاریان دەدەن و دواجاریش لە ناویان دەبەن.
ئەوانەی کە هاوکاری ئەو رادیۆیە بوون، هەندێک لەناوەکان ئەمانەی خوارەوە بوون:
1- حسێن عارف
2- جەلال میرزا کەریم
3- شێرکۆ بێکەس (تەنها پێشنیاری دەکرد و سەرنجی لەسەر دەدا)
4- سەڵاح شوان
5- عەبدوڵڵا عەباس
6- کەمال جەمال موختار
7- فازل قەساب
8- هونەر ئەحمەد
9- جەوهەر کرمانج
10- عومەر چاوشین
11- سمکۆ ناکام
12- لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە
سەرەتای بەرنامەی رادیۆکە بە شێوازی بەرنامەی رادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق دەستمان پێکرد، ئەویش بە:
خوێندنی ئایەتێکی قورعان - وتاری سیاسیی- خوێندنەوەی هەواڵەکان- گۆرانی داواکراو- ریکلامی سیاسیی (کە ئەمەیان بۆ یەکەمجار داهێنانی خۆمان بوو)، هەروەها چیرۆکی ژیانی پێشمەرگە ... لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەرنامەی دیکەمان تێکەڵ کرد. هێشتا کۆتاییمان بە رادیۆکە نەهێنابوو، ئاشبەتاڵی بەسەردا هات، ئەوەبوو بەشێکمان ئاوارەی ئێران بووین، لەوێوە روویان لە هەندەران کرد، بەشەکەی دیکە تەسلیم بە حکومەتی بەعس بوونەوە. خۆشبەختانە هەموو کاسێتەکان کەوتنە لای من و بە دزییەوە هێنامەوە بۆ سلێمانی، دەستمکرد، بە چاککردن و ئامادەکردنی و لەسەر دوو کاسێکی (یەک سەعات)ی تەواوم کرد.
رۆژێکیان لە (گازینۆی شەعب) لوتم بە لوتی (حەمە رەشید هەرەس)دا تەقییەوە. حەمە رەشید لەسەردەمی شاخدا بێژەری رادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق بوو، زۆربەی برادەران سڵیان لیدەکردەوە، بۆیە زۆر جار کە دەهاتە نزیکی ئێمە لە (ناوچەی ئازادی) بۆ لای چادرەکان کە لەوێ هەڵمان دابوو، هەموو دەچووینەوە قاڵبەکەی خۆمان، چونکە وەکو پاراستنێک ناوی زڕابوو، بۆیە لەوە دەترساین، ئەگەر بەمە بزانێت رەنگە تووشی گۆڵمەزێکمان بکات، بەڵام دوای ئاشبەتاڵ، کە لە سلێمانی یەکترمان بینییەوە، رۆژێکیان وتی:
- دوێنێ لە سەرچنار من و مامۆستا حسێن عارف، دڵشاد مەریوانی و ناوی دوو سێ کەسی دیکەی هێنا، کە ناوەکانیانم لە یاد نەماوە، بۆ خواردنەوە چووبووین، پاش ئەوەی سەرخۆش بووین بە ئاشبەتاڵەوە گرتیان، یەکێکیان وتی: تازە ئێمە شوڕشەکەمان لەدەست دا و بەتەواوی تەسلیمبووینەوە، لە هەموو شتێک رووت بووینەوە، ئیتر چیمان ماوە شەرمی لێ بکەین، با لێرەش خۆمان رووت بکەینەوە، هەموویان بە دەم گۆرانی و دانسەوە خۆیان رووتکردەوە، تەنها من نەبێت چووم بە گژیاندا، لەو کاتەدا پۆلیس و ئەمنەکان هاتن، باش بوو هیچیان لێنەکردین.
ئینجا لێی پرسیم و وتی: کاک حسێن عارف باسی (ئێرە ئیستگەی دەنگی دواوەی خۆتان)ی دەکرد، کە لە دەرەوە ئەو رادیۆیەیان لەسەر کاسێت دەرکردووە، لە منی پرسی وتی: تۆ ئاگاداری ئەوەیەت؟
منیش وەڵامم دایەوە: بەڵێ هەمووییم لەلایە و هەندێکم بۆ باسکرد، لەگەڵ خۆمدا بردمە ماڵەوە و گوێی لێ گرت و زۆری بە دڵ بوو، وتی خۆزگە منیش لەگەڵتاندا دەبووم!
وتم: نەچووە بچێت ئیستاش خەریکی چاککردن و ئامادەکردنیم تا هەموویان رێک دەخەم، ئینجا لە هەندێک شوێندا دەنگی ئەویشم تۆمارکرد و تەنها ئەوەی لەسەر بوو، کە دەیگوت: (ئێرە ئیستگەی دەنگی دواوەی خۆتانە).
پاش ئەوەی تەواو بووین چووینە دەرەوە لە رێگا کەوتە هێرش کردنە سەر پارتیی و قسەی پێ گوتن، کەوا ماڵی بارزانی کوردیان فرۆشت و ئەم کارەساتەیان بەسەرماندا هێنا، ئیتر هاتەوە سەر باسی رووداوەکەی سەرچنار، کە چ کاریگەرییەکی هەبووە لەسەر هەموومان و ئەوانە چۆن بە سەرخۆشی خۆیان رووتکردبووە.
تێبینی: بۆ زانیارییتان ئەم دەنگانە تەمەنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 50 ساڵ پێش ئیستا، تا ئیستاش لای خۆم پاراستوومن.
ئەم باسە درێژەی دەبێت لە (گەشتکردن بە ژیاندا ) بە دوور و درێژی زیاتر قسەی لەسەر دەکەم.
ئیستا بفەرموون لە بەشێکی ئەو بەرنامەیە کە (عومەر چاوشین) رۆڵی باجی ئایشی دەبینێت، باسی دیاردەی خیانەت و ناپاکی و ئەو کارە قێزەوەندانەی کە لە دەرەوە دەگوزەرا، باجی ئایشێ قسە لەسەر بەشێکی ئەو دیاردەیە دەکات.
سوپاسی کاک زانکۆ ناسر ئەحمەد بەگیش دەکەم، کە کاتەکەی بۆ گەڕانمەوە و بۆی کردم بە ڤیدیۆ.
سوپاسی کاک زانکۆ ناسر ئەحمەد بەگیش دەکەم، کە کاتەکەی بۆ گەڕانمەوە و بۆی کردم بە ڤیدیۆ.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
















