چۆن میللەتی کورد خەسێندرا؟ (بەشی سێیەم)
22/08/2025, 14:15 (GMT+1)
پارە و دەسەڵات
بەپێی یادەوەری هەندێ لەسەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلول، لەکاتی ئاشبەتاڵەکەی ساڵی ١٩٧٥دا خەزینەی شۆڕش ١٥٠ ملیۆن دۆلاری تێدا بووە. هەندێکیان باس لە داهاتی فرۆشگای شۆڕشیش کرد کە لە سەروبەندی ئاشبەتاڵەکە دوو ملیۆن دیناری سویسری بوو ئەویشیان برد. بێگومان بنەماڵەی بارزانی زۆر باش لەوە گەیشتبوون بەبێ پارە ناتوانن جارێکیتر دەسەڵات بگرنەوە دەست، چونکە پارە وەسیلەیە بۆ کڕینی خەڵک.
با بێینە سەر ڕۆژانی ڕاپەرین و دواتر. بەڵگە و دیکۆمێنتەکان زۆر بەڕوونی باس لە چۆنیەتی ڕاکێشانی پارتی بۆ سەرکردایەتی کردنی ڕاپەرێنە جەماوەرییەکەی خەڵکی کوردستانی باشوور لەساڵی ١٩٩١ کراوە. نەوشیروان مستەفا باس لەوە دەکات کە خودی مەسعود بارزانی باوەڕی بە ڕاپەڕین نەبوو، یەکێتی بە فەرمانی جەلال تاڵەبانی بەزۆری زۆرداری ڕایکێشایە ناو پرۆسەکەوە، ئەمەش گەورەترین و کوشندەترین هەڵەی تاڵەبانی و یەکێتی بوون کە لەو سەردەمە خۆیان لە سەر گۆڕەپانەکانی کوردستان بوون. بەم هەڵوێستەی تاڵەبانی هەم خۆی و حزبەکەی و هەم میللەتی کوردیشی تەسلیمی دەستی بنەماڵەی بارزانی کرد کە دواتر ئەنجامەکانی ئەم هەڵەیەمان وەرگرتەوە. دەبوو جەلال تاڵەبانی دەرس لە رابردووی خۆی وەربگرێ لە دوژمنایەتی کردنی بنەماڵەی بارزانی بۆ خودی خۆی و حزبەکەی.
ئەگەر تاڵەبانی ئەم هەڵە گەورەیەی نەکردایە، پارتی حاڵی وەک حاڵی حزبوڵای شۆڕشگێری ئەدهەم بارزانی ئەبوو ئێران وەک دەسکەلایەک بەکاری دەهێنا و قەت گەورە نەدەبوو، بەڵام تاڵەبانی بە هەڵەکەی وایکرد پارتی و بنەماڵە سەرلەنوێ هەڵسنەوە، ئەوەبوو بینیمان لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە تەزویر و بێ تەزویر بوونەوە بە حزبی یەکەمی کوردستان، یەکیتییەکەی تاڵەبانیش کە ڕابەڕی ڕاپەڕین وشۆڕشی نوێ بوون تا ئەمڕۆش حزبی دووەم و هەندێ جاریش حزبی سێیەمی کوردستانن.
بەو ئیعتبارەی پارتی حزبی یەکەمی کوردستانە دەسەڵات و پارە هەمووی کەوتە بەردەستی، بەم ئیمکانیاتەش حوکمی تاکڕەوی خۆی لە کوردستاندا سەپاند. هەر بە پارەی بەغدا کە تا ساڵانی ٢٠١٤ دەڕژایە سەر کوردستان، ئەو ملیارانەی لە گومرەکەکان بەدەستی دەکەوت و ئەو داهاتە ناوخۆییانەی هەبوون، هەموویانی خستە خزمەتی جێگییرکردنی حوکمی تاکڕەوی خۆی. هەر بەو سامانەی میللەت دەیان حزب و عەشییرەتی بە پارە کڕی و کردیانی بە کۆیلەی خۆی. سەدان سەرکردەی حزبەکانی نەیاری خۆی ڕاکێشایە ڕیزەکانیەوە، هەر بەو پارە زۆرەی ڕژایە سەری دەیان و سەدان کەسایەتی لە وڵاتە زلهێزەکان کڕی، دەیان کۆمپانیای دامەرزاند، بازاڕی قۆڕخ کرد. هەر بەو پارەیە سەدان سەرکردەی حزبە عیراقییەکان و میدیای عیراقی و عەرەبی و ئەجنەبی کردە خزمەتکاری خۆی، بەم پارەیە لۆبی لە وڵاتە گەورەکان دروست کرد، تەنانەت بەو پارەیەش توانی چەندین جەنەڕاڵ و وەزیری خانەنشینی ئەمریکی و ئەوروپی ڕاکێشێتە لای خۆی دیفاعی لێ بکەن. بەو پارەیە گەورەترین زانا و بیرمەند و سیاسەتمەداری ئەوروپی و ئەمریکی لەگشت بوارەکاندا هێنایە لای خۆی بۆ ئەوەی فێری سیاسەت و بەڕێوەبردن و حکومڕانی بکەن، بە زانای دەروونی وپسپۆری هەواڵگریشەوە کە ساڵانیکە هاوکاری پارتی دەکەن و رێنیشاندەرین بۆ چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنی کایەکانی دەوڵەت و چەواشەکردنی میللەت و ئیدارەدانی قەیرانە ناوخۆییەکان. هەر ئەمانەن وەکو (هێزێکی سێبەر) هاوکاری بنەماڵەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میللەت .
بەم پارە و دەسەڵاتەوە پارتی توانی کۆنتڕۆڵی باری سیاسی لە هەرێم و بەغداش بکات . بەو پارەیە سەرجەم خاکی کوردستانیان بە پرۆژە و کۆمپانیا کردە موڵکی بنەماڵە و سەرانی پارتی. بەو پارەیە میدیای درۆزن و چەواشەکاری دروست کرد، درۆ و بوختان و سووکایەتی و بەڕەڵایی لەناو کۆمەڵگە بڵاو کردەوە، بەو پارەیە خانەی لەشفرۆشی لە هەولێر و شارەکان کردەوە بۆ بەلاڕێبردنی گەنجەکانی کوردستان. سەیرە لەسەردەمی حوکمی سەدامی عەلمانی و دژەکورد لە هەموو کوردستاندا یەک مەلها و خانەی لەشفرۆشی لێ نەبوو، ئێستا و لەسەردەمی حوکمڕانی کورددا هەموو گەڕەکی شارەکانی کوردستان پڕ بوونە لە مەلها ودیسکۆ و مەساجخانە!
ئەم هەموو پارەیەی کەوتە دەست بنەماڵە هیچیان لەگییرفانی خۆیان دەر نەکردبوو، هەمووی پارەی ئەم میللەتەیە، هەر لەپشکی هەرێم لە بودجەی عیراقەوە تا داهاتی نەوت و گومرگ و داهاتی ناوخۆ لە ڕسومات و باجی زاڵمانە، ئەمانە هەمووی کەوتنە دەست بنەماڵەوە و میللەت لێی بێبەش کران. تاوانی مام جەلال و یەکێتی و بەشێکی بچووکیش لە حزبەکانی کوردستان ئەوە بوو کە پارتییان کردە مەرجەع و تاکە بڕیار بەدەستی کوردستان، ئێستاش میللەت بەگشتی بە یەکێتی و حزبەکانیشەوە باجی ئەم هەڵە گەورەیە دەدەنەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























