<

چۆن میللەتی کورد خەسێندرا؟ (بەشی چوارەم)

02/09/2025, 10:22 (GMT+1)

دەزگە مەترسیدارەکانی دەسەڵات

گومان لەوەدا نییە بنەماڵەی بارزانی پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ و مێژوویی دوورودرێژیان لەگەڵ دەزگە موخابەراتییەکانی چەندین وڵاتانی دونیادا هەیە. سەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلول و بە تایبەتیش دکتۆر مەحمود عوسمان لە چەندین بۆنەدا باسی پەیوەندی موخابەراتی پارتی و ئیسرائیلی کردووە، زۆر بەڕوونیش دەڵێ: دامەزراندنی دەزگەی پاراستنی پارتی لەلایەن مۆسادی ئیسرائیلیەوە بووە! مۆساد و دەزگەی (سی ئای ئەی) ئەمەریکی بەدرێژایی ساڵانی شۆڕشی ئەیلول لە کوردستاندا چالاک بوونە و بەشدار بوونە لە بەڕێوەبردنی شۆڕشەکە. دەزگەی (ساواک)ی ئێرانیش لای خۆیەوە هەموودەم هاوکار و هەماهەنگی کردوون . ئینجا دوای سەرکەوتنی شۆڕشی خومەینی و دامەزراندنی دەزگەی جاسوسی (ئیتلاعات) دیسان هەواڵگری پارتی بوونەوە بە خزمەتکاری ئەم دەزگەیە . لە ناوەڕاستی نەوەتەکانیش لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕ و پێکدادانی پەکەکە و تورکیا، بنەماڵەی بارزانی دەستیان لەگەڵ دەزگەی (میت)ی تورکی تێکەڵکردووە و لە خزمەتیاندا بوونە کە تا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی فراوان پەیوەندیەکی تووندوتۆڵیان هەیە. ئەم پەیوەندییانەی بنەماڵە لەگەڵ دەزگە موخابەڕاتییەکان هەمووی بۆ پاراستنی خۆیان و حزبەکەیان بووە نەوەک خزمەتی دۆزی کورد. هەر لەبەرئەوەشە دەبینین پاراستنی پارتی بەهەمان شێوەی ئەم دەزگە سەرکوتکەرانە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیەکانی هەرێمدا دەکات و زۆر بەڕوونی لاسایی دامودەزگە داپلۆسێنەرەکانیان دەکاتەوە.
دەزگەی پاراستنی پارتی شێوەیەکی لێکچووی دەزگەی موخابەراتی بەعسە هەم لە ڕاوەدوونانی نەیارانی پارتی تا دارشتنی پیلانی کوشتنیان بە ژەهر و ڕووداوی ئۆتۆمبێل و ڕاپۆرت نووسین و ئەشکەنجەدانی نەیارەکان. بەشێوەیەک ئەم دەزگەیە چۆتە ناو ڕووداوەکانەوە تەنانەت لەناو ژووی نووستنی ئەندامانی پارتی و سەرکردەکانیشدا وجوودی هەیە.چی جای دامودەزگەکانی حکومەت و حزب.
سەدام چەند تەشکیلاتێکی عەسکەری تایبەتی بۆ پاراستنی خۆی و رژێمەکەی لەدەرەوەی سوپای عیراقی فەرمی دامەزراند بوو وەک (حەرەس جەمهوری تایبەت و دەزگەی ئەمنی تایبەتی قوسەی، فیدائیی سەدام بەسەرپەرشتی عودەی). ئێستا پارتی هەمان تەشکیلاتی هەیە لە دەرەوەی هێزی پێشمەرگە، وەک (لیوای تایبەت، زێرەڤانی، لەشکری تایبەت)، بەم دواییانە هێزی تایبەتی بارزانیشیان دامەزراند کە دوو هەزار گەنجی بارزانین.
ئاسایشی پارتی لەناو شارەکاندا هەمان تەشکیلاتی دائیرەی ئەمنی جارانی بەعسە، ئەویش ئەرکی جاسوسیکردنە بەسەر خەڵک، تەنانەت لەناو چایخەنە و کافیتریا و بازاڕەکانیشدا وجوودیان هەیە. چۆن خەڵک لەسەردەمی حوکمی سەدامدا ترسی زۆریان لە ئەمنەکانی ناو شارەکان هەبوو، ئێستاش خەڵک ترسی زۆری لە ئاسایشی پارتی هەیە، بۆیە لەهەر خۆپیشاندانێکدا سەدان و هەزارانیان دەکەونە گیانی خەڵک و ناھیڵن بەهیچ شێوەیەک ناڕەزایی و خۆپیشاندان بکەن. تەنانەت ئەمریان پێ کراوە ئەگەر ناچار بوون خەڵکیش بکوژن. هەر لەمڕۆژانەدا ئاسایشی سۆران تەقەیان لە هاوڵاتیەک کرد لە وەرتێ و کوشتیان تەنیا لەبەرئەوەی هاتبووە سەرشەقام دژی نەبوونی کارەبا لەم وەرزە هاوینە پرۆکێنەدا ناڕەزایی دەرببڕن. 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان