<

چۆن میللەتی کورد خەسێندرا؟ (بەشی پێنجەم)

06/09/2025, 10:26 (GMT+1)

بەدیلی دەسەڵات

گەورەترین کێشەی کوردانی هەرێمی کوردستان لەم سەردەمەدا نەبوونی بەدیلێکە بۆ ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووەی هەرێمی کوردستان . لە رابردوودا تەوژمی جەلالییەکان لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو شکستی هێنا لەوەی ببێتە بەدیلی حوکمی مەلا مستەفا، هەرچەندە حکومەتی عیراق لەو سەردەمەدا پشتیوانی زۆریانی کرد و تەنانەت چەکداریشی کردن بەڵام نەیانتوانی ببنە بەدیلی دەسەڵاتی مەلا مستەفا . ئەوە بوو دوای ڕێکەوتنی ١١ ئازار جەلالیەت کۆتایی هات و چوونە پاڵ حوکمی مەلا مستەفا و بۆ ماوەی پێنج ساڵ متبوون و جووڵەیان لێبڕا مەگەر ڕێکخستنێکی بچووکی کۆمەڵە نەبێت کە لەسەرەتای دامەزراندنیدا بوو.
لەساڵی ١٩٧٥ کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دامەزرا و شۆڕشی نوێی ڕاگەیاند ئومێدێک لای خەڵک دروست بوو کە ئەم هێزە تازە ڕۆشنبیر و پێشکەوتووخوازە ببێتە بەدیلی حوکمی بنەماڵەی مەلا مستەفا، خەڵکێکی زۆری شار و دێهات و ناوچەکانی کوردستان لەدەوری ئەم ڕێکخراوە تازەیە کۆبوونەوە. سەیر لەوەدا بوو یەکێتی کە لەسەرەتاوە لە چەند ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕانە و مۆدیرن لە شێوەی نیمچە بەرە دروست بوو خۆی وەک بەدیلێکی حوکمی بنەماڵەی بارزانی دەناساند، بەڵام زۆری پێنەچوو بەرەکە هەڵوەشایەوە و حزبی سۆسیالیستی کوردستان کە بەشێک بوو لەم بەرەیە خۆی وەک بەدیلێکی یەکێتی ناساند بەمەش بەرەکە شکستی هێنا، فرسەتێکی باش بۆ پارتی هەڵکەوت زەبرێکی کوشندە لە بەدیلەکەی (یەکێتی) بدات ئەویش بە کارەساتی هەکاری. ئیدی پارتی زیندوو بووەوە و بنەماڵەی بارزانی سەرلەنوێ هاتنە ناو هاوکێشە سیاسیەکەوە.
با زۆر نەچینە ناو وردەکارییەکانی سەردەمی شۆڕش و شەڕی براکوژی شاخ، چونکە هەموومان بینیمان و زانیمان چی ڕوویداوە. 
دوای ڕاپەرێن لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەساڵی ١٩٩٢ پارتی بووە حزبی یەکەمی کوردستان. ئەمەش خۆی لەخۆیدا پێویستی بە هەڵوەستەیەک هەیە. چونکە میللەت بەگشتی بە چاوی خۆیان بینیان کە بنەماڵەی بارزانی ئاشبەتاڵیان بە شۆڕشی ئەیلول کرد و ڕایان کردە ئێران و ئەمریکا و بە ملیۆنان دۆلاری شۆرشیان برد، ئاسەواری شەڕی براکوژی سەردەمی شاخیش هەر مابوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک بە لێشاو دەنگیان بە پارتی داو کردیانە حزبی یەکەم ئەوەش کارێکی زۆر نا مەنتیقی و چاوەڕواننەکراو نەبوو، چونکە یەکێتی شۆڕشی دەستپێکرد، هەر ئەویش ساحەی کوردستانی کردبووە دۆزەخ بۆ لەشکری بەعس، هەر ئەویش بەدیلێکی بەهێزی بنەماڵەی بارزانی بوو لەدەسەڵات، کەچی خەڵک دەنگیان بە پارتی و بنەماڵەدا و یەکێتی بووە حزبی دووەم.
کاتێک پارتی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی وەرگرت و حکومەت درایە یەکێتی، لێرەدا بنەماڵەی بارزانی هەستیان کرد کە پەرلەمان نابێتە ئەو شوێنەی بتوانن لەرێگەیەوە دەسەڵاتەکەیان بسەپێنن، بۆیە زۆری نەبرد شەڕی ناوخۆیان هەڵگییرساند و دوای لەدەستچوونی هەولێریش بە یەکجاری بێئومێد بوون لەوەرگرتنی دەسەڵات، بۆیە هانایان بۆ ڕژێمی سەدام برد بۆ دەرکردنی یەکێتی لەهەولێر و دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتی حکومەت، پەرلەمانیش لەکارخراو ساحەکە بۆ بنەماڵە چۆڵ کرا. لێرەوە حوکمی خۆسەپێن و تاکڕەوی بنەماڵەی بازانی دەستیپێکرد کە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە.
بەدرێژایی ساڵانی دوای ٣١ ئابی ١٩٩٦ هیچ کات یەکێتی و حزبەکانی دیکەی کوردستان نەبوونە بەدیلی پارتی. ماوەیەکی زۆر کەم لە دوای دامەزراندنی ئیدارەی سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٧ یەکێتی لە سلێمانی بەشێوەیەک لەشێوەکان مونافەسەی ئیدارەی پارتی لە هەولێری کرد، بەڵام ئەویش زۆری پێنەچوو لەژێر فشاری ئەمریکا ناچار کرا بە یەکگرتنەوە لەگەڵ ئیدارەی هەولێر و بەمەش حکومەتی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان لە سالێ ٢٠٠٥ بە سەرۆکایەتی پارتی دامەزرا، بەڵام تا ئەمڕۆش ئەم حکومەتە نە یەکگرتوو بووە نە یەکگرتووش دەبێ.
گەوەترین کارەساتیش کە یەکێتی بەسەر میللەتی کوردی هێنا و تا ئێستا و چەندین ساڵی دیکەش میللەت باجی ئەم هەڵەیە دەداتەوە، ئەویش ڕۆیشتنی جەلال تاڵەبانی بوو بۆ بەغدا وەک سەرۆکی عیراق و دانانی مەسعود بارزانی بە سەرۆکی هەرێم کە تا ئەمڕۆش ئەم سەرۆکایەتییە هەر بە دەستی بنەماڵەی بارزانییە و تاڵەبانیش لە پۆستەکەی نەماو و کۆچی دوایی کرد، بەڵام پۆستی سەرۆکی هەرێم هەر لەدەست بنەماڵەی بارزانیدا مایەوە بەمەش پارتی بەتەواوی حوکمی کوردستانی خستە ژێر ڕکێفی خۆی و یەکێتیش نەبووە بەدیلی پارتی.
لەساڵی ٢٠٠٩ یەکێک لە گەورەترین کەسایەتی ناو یەکێتی دوای تاڵەبانی کاک نەوشیروان مستەفا بوو، بزووتنەوەی گۆڕانی دروستکرد. ئەم بزووتنەوەیە لە سەرەتاوە ئەویش خۆی وەک بەدیلی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی ناساند، خەڵکێکی زۆریش لەدەوری کۆبوونەوە و توانی لەیەکەم هەڵبژاردندا ٢٥ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێ. بەڵام دیسان ئەویش هەڵەی گەورەی ئەوە بوو کە نەچووە ناو حکومەت و لەناو پەرلەمان خەریکی مێزکووتان و دەبەوەشاندن بوو. ئەویش لەوە نەگەیشت کە پەرلەمان لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا و بەتایبەتیش لای ئێمە قیمەتی پوولێکی قەڵپی نییە ئەگەر دیکتاتۆر حوکمڕانی وڵات بکات. لە هەموو تەجروبەکانی وڵاتانی ناوچەکەدا دەرکەوت کە پەرلەمان هچ ڕۆڵێکی نییە بۆ گۆڕانکاری لە ئیدارەی دەوڵەتدا. کوردستانێک کە ساڵانێک لەژێر حوکمی عەشایەری وخێلەکیدا بێت ، پەرلەمان هیچ قییمەتێکی نامێنێ. بینیمان چۆن دەرگای پەرلەمان داخراو نەیانهێشت سەرۆکەکیان بێتەوە هەولێر ، ئێستاش ئەوە نۆ مانگە هەڵبژاردن کراوە هێشتا کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستی پێنەکردووە . دەیان بڕیارو یاسا لە پەرلەمان دەرچووە بەڵام دەسەڵات جێبەجێی نەکردووە. لەجیاتی جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەنووسی کە ئازادی بۆ ڕادەربڕینی بەیاسا زامن دەکات ، ئەویان ئیهمال کرد بەڵام یاسای قەدەغەکردنی جگەرەکێشانیان دەرکرد کە کەس پابەندیشی نەبوو!
لە هەڵبژاردنی دواتریشدا گۆڕان ٢٤ کورسی بەدەستهێنا و چووە ناو حکومەت، بەڵام ئەوانەی سەرکردایەتی گۆڕان ناردیانە ناو حکومەتەوە هەر هەموویان خەڵکی هەلپەرست و بەرژەوەندخواز و پوولپەرست بوون، بۆیە هەموویان کەوتنە داوی پارتی و دەسەڵاتەکەی کە بەشێکیان بە فیعلی بوونە پارتی و ڕیزەکانی گۆڕانیان بەجێهێشت.
لەدوایین کاتەکانی تەمەنیدا نەوشیروان هەوڵێکیدا تا جەلال تاڵەبانی مابوو ڕێکەوتنێک لەگەڵ یەکێتی بکات، بەڵام ئەم ڕێکەوتنەش نەبووە مایەی ڕزگارکردنی کوردستان لەدەست بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و نەوشیروانیش مردن و نەیانبینی ئەم ڕێکەوتنە سەربگرێ بەهۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن پڕۆپارتییەکانی ناو سەرکردایەتی یەکێتی و دەستەی کارگێری مەکتەب سیاسییەکەی. بەمەش هەوڵەکانی نەوشیروان و بزووتنەوەکە بۆ دروستکردنی بەدیلی پارتی لەگۆڕنرا و پارتی وبنەماڵەش زۆر لەجاران بەهێزتر بوون.
لە ساڵانی نەوەتەکان یەکگرتووی ئیسلامی دامەزرا، هەرچەندە خۆی وەک ڕێکخراوێکی خێرخواز پیشان دا، بەڵام ئەوان لەسەرەتاوە و تا ئێستاش باڵێکی ئیخوان موسلمینی نێودەوڵەتین. هاتنیشیان بۆ ناو پرۆسەی سیاسی کوردستان هیچ لەوەزعەکەی نەگۆڕی،. بۆیە ئەویش فەشەلی هێنا وەک بەدیلێکی ئیسلامی. چاەنووسی کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامیش هەر وەکو یەکگرتوو بوو ئەوانیش بوونە سفری دوای فاریزە.
لەم ئەخیریەشدا نەوەی نوێ هەڵتۆقی، ئەویش ئەسڵەن لە کۆمپانیایەکی وەبەرھێنەر زیاتر هیچ مۆرکێکی سیاسی پێوە نییە، هەرزەکارێکی سیاسی و خاوەن کۆمپانیا بەهۆی کاریگەری یەک کەناڵی تەلەفزیۆنی هاتۆتە مەیدانەوە نە پێشمەرگە و چەک و نە ڕابردوویەکی سیاسی و نە کەسایەتییەکی مەعقوولی تێدا نییە تا ببێتە بەدیلی دەسەڵاتێکی حەفتا ساڵە. حزبی شیوعی و سۆسیالیست و زەحمەتکێشان و خرتوخاشەکانی دیکەش هیچ کات نەبوونە بەدیل و ئەوانە بەگشتی لە بێ پارەیی و نەبوونی بوونە کلکی پارتی و بەپێی ویستی خۆی هەڵیان دەپەڕینێ. ئەمە جگە لە کردنەوەی دەیان بەناو (دوکانی سیاسی) بۆ حزبە بچووکەکانی نەتەوەیی و حزبی تورکمانی و مەسیحی کە هەر هەموویان لە پاوانەکەی پارتی دەلەوەڕێن و بە پارەی پارتی هەڵ دەپەڕن، تەنها مەبەستی پارتی لەم دوکانە سیاسیانە ئەوەیە بە دونیای دەرەوە بڵێ من زامنی مافی کەمە نەتەوەییەکانم و دیموکراسی پەیڕەو دەکەم، ئیدی ئەم هەموو حزبانە تەنها بۆ جوانکردنی ڕووە ڕەشەی خۆیەتی وهیچیتر.
لەدوای شکستی دوو هێزی گەورەی وەک یەکێتی و گۆڕان لە بوون بە بەدیلی پارتی، ئیدی میللەت بەگشتی هیچ متمانەی بە بەدیلێک نەماوە. ئەم دوو حزبە گەورەیە بە دوو کاریزمای گەورەی سیاسی نەیانتوانی بنەماڵەی بارزانی چارە بکەن، هەڵبەت بەم حزبە بچووکە هەڵتۆقیوانە هیچ ناکرێ، هەموو حزبەکان خەریکی بازرگانی خۆیانن بە یەکێتی و گۆڕانیشەوە کە زۆربەی سەرکردەکانیان بوونە بازرگانی ملیۆنەر و ملیاردێر و پشتیان لەگۆڕانکاری دەسەڵات و ویستوخواستی میللەتەکەی خۆیان کرد و ڕازین ببنە پاشکۆی پارتی و بنەماڵەی بارزانی. بۆیە تەنانەت لە ئاسۆیەکی دووریشدا هیچ ترووسکاییەک نابینرێ بۆ گۆڕانکاری لەدەسەڵاتدا .
تەنانەت ناهوشیاری خەڵکیش یەکێک لە هۆکارەکانی دروستنەبوونی بەدیلە بۆ حوکمی پارتی. ئێستاش خەڵک بە عاتیفەوە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکات. باسی چاوسوورکردنەوە و ترساندن و کڕینی ویژدانی خەڵکی ناکەین کە لەهەڵبژاردندا دەنگ بە پارتی دەدەن، تەنها باسی ئەوە دەکەین، هەموو میللەت پارتی دەناسێ ، دەزانن چەند خیانەتی لە میللەت کردووە، دەزانن قووت و نانی مناڵیان بڕیوە و سامانی میللەت ئەدزن، دەزانن ئەم هەموو کارەساتەی ئەمڕۆ لە سەرگەردانی گەنجان و ڕاکردنیان بەرەو هەندەران، تلیاک و حەشیشە و بەدئەخلاقی هەموو سەبەبەکەی پارتییە، بەڵام کە دەچنە سەر سندووقی دەنگدان دیسان دەنگ بەم حزبە ئەدەنەوە. هیچ باوەڕم بەوە نییە کە دەڵێن پارتی بە تەزویر کورسییەکانی پەرلەمانى دەباتەوە. گریمان خۆی بکۆژێ ١٠ کورسی تەزویر بکات، ئەی ئەوانەی دیکە؟ هەمووی دەنگی ئەم خەڵکەیە، ئەگینا نرخی ١٠ کورسی زۆر زۆرە پارتی بتوانێ تەزویری بکات.کەواتە بەردەوامبوونی ئەم دەسەڵاتە بەشێکی گەورەی ئەکەوێتە سەرشانی میللەت خۆیەوە کە سێ مانگ جارێکیش مووچەیەکی شایستەی خۆی پێنادرێ لەکاتێکدا سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی کوردستانی بۆ مناڵ و نەوەکانی دەسەڵات دەستبەسەر کراوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان