چۆن میللەتی کورد خەسێندرا؟ (بەشی شەشەم)
09/09/2025, 10:29 (GMT+1)
فاکتەری نێودەوڵەتی
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی فاکتەری نێودەوڵەتییە. بە مانای ئەم بنەماڵەیە هێزی گەورەی ئیقیلیمی و دەولیان لەپشتە. ئەمەش تا ئێستا یاریدەر بووە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵە سەرباری ئەم هەموو قەیران و غەدرو زوڵمەی لە هاوڵاتیانی کوردستان دەکرێ. هۆکارەکان زۆرن هەوڵ دەدەین باسی هەندێکیان بکەین.
بێگومان پەیوەندی بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ دەزگە موخابەراتییەکانی غەربی بە تایبەتیش (س.ئای.ئەی) ئەمریکی و (مۆساد)ی ئیسرائیلی تاکو ئەمڕۆش بەردەوامە. جوگرافیای کوردستان کە کەوتۆتە سەنتەری ناوچەیەکی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزی ئیقیلیمی و نێودەوڵەتییەوە وای کردووە ئەم دەزگەیانە بنەماڵەی بارزانی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار بێنن. هەڵبەت دەوڵەتانی عەرەبی بەگشتی تا ساڵانێکی نزیک هەموویان ڕژێمی شۆفینی و تووندڕە و نەتەوەیی عەرەب بوون کە بەگشتی دژی ئیسرائیل بوون و چەندین جار جەنگی گەورەشیان لەگەڵدا کردووە و دروشمی سەرەکیشیان لەناوبردنی ئیسرائیل بووە. ئیسرائیلیش دۆستی نزیکی ئەمریکایە، لێرەوە هەردوو دەزگەی موخابەراتی ئەمریکا و ئیسرائیل بایەخێکی زۆریان بە دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی داوە. هەڵبەت بنەماڵەش بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ ئەم دەزگە موخابەراتیانە هەیە.
لەهەمانکادا ململانێی مێژوویی ئێران و عیراقیش یەکێک بووە لەم هۆکارانە، ، لە سەردەمی حوکمی ڕەزا شای پەهلەوی بارزانی شۆڕشەکەی خستە ژێر دەستی شاو و ئەویش لەدژی عیراق بەکاری هێنان تا گەیشتە ئەوەی فشار لەسەر ڕژێمی بەعس بکات بۆ سازش کردن لەسەر خاک و ئاوی عیراق لە بەرامبەر ئاشبەتاڵکردنی شۆڕشی چواردە ساڵەی کورد. دوای ڕووخانی شای ئێرانیش دیسان بنەماڵەی بارزانی توانیان خۆیان لە دەسەڵاتی ئیسلامی نوێی ئێران بە سەرکردایەتی خومەینی نزیک بکەنەوە ئەمجارەیان بەناوی دیفاع لە شۆڕشی ئیسلامی و دژایەتیکردنی نەیارەکانی دەسەڵاتی خومەینی. لەسەردەمی شەڕی عیراق و ئێرانیشدا ڕۆڵێکی گەورەی موخابەراتی و جاسوسیان بینی لەخزمەتی ئێراندا بۆیە سەدام قەتلوعامی بارزانییەکانی قوشتەپەی کرد کە بەشێکیان لە بنەماڵەی بارزانی بوون. سەرەرای ئەوەی لە سەردمی شۆڕشی نوێدا یەکێتی و سۆسیالیست وحزبەکانی دیکە کۆنترۆڵی ساحەی خەباتی کوردستانیان کردبوو و هەموو چالاکییەکان ئەوان دەیان کرد دژی ڕژێمی بەعس، ، بەڵام بۆ پاداشتی بنەماڵە ئێران ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە فشارکردن بەسەر حزبەکانی کوردستان کە پارتی و بنەماڵە بکرێنە سەرکردەی بەرەی کوردستانی کە لەساڵی ١٩٨٨ لە ئـێران دامەزرا. بەمەش جارێکی دی پارتی و بنەماڵەی بارزانی هاتنەوە سەر ساحەکەوە. هەرچەندە یەکێتیش هەوڵی خۆیدا بۆ نزیکبوونەوە لە ئێران بەڵام قەت نەیتوانی پێگەی پارتی لاواز بکات لای ئێرانیەکان، تا ساڵی ١٩٩٧ کە پارتی گێڕەکەی گۆڕی و ڕووی کردە تورکیا. هەڵبەت لەمەشدا سەرکەوتوو بوو، چونکە تورکیا بەرژەوەندییەکی زۆری هەیە لەگەڵ عیراقدا و لەرێگەی دەروازە نێودەوڵەتییەکەی ئیبراهیم خەلیلەوە توانی پەیوەندی ئابووری لەگەڵ عیراق و بنەماڵەی بارزانیش پەرە پێ بدات. لێرەوە تورکیاش بیری لەوە کردەوە پارتی بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و پەیوەندییان پتەوتر بکەن بەمەبەستی دوورخستنەوەی بنەماڵە لەژێر هەژموونی ئێران و وەک کارتێکی فشاریش بەکاریان بێنی دژ بە عیراق.
چوونی پارتی بۆ بەرەی تورکیا کە هاوپەیمان و دۆستی غەربە، مانەوەی یەکێتیش لەبەرەی ئێران کە دوژمنی غەرب و ئەمریکایە تەرازووی هێزی لاسەنگ کرد. بۆیە ئەو کاتی پارتی سوپای حەڕەس جەمهوری سەدامی پەلکێشی شەرێ ناوخۆی کرد لە ٣١ ئابدا هەولێری داگیر کرد، ئەمریکا هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو سەرەرای ئەوەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی خەتی ٣٦ وەک سنوورێک لە بەرامبەر هێرشەکانی سەدام دانابوو، ناوچەکەش لەژێر حیمایەی وڵاتانی هاوپەیمانان بوو، بەڵام لەبەرئەوەی پارتی دۆستیان بوو، یەکێتیش لە بەرەی ئێرانی دوژمنی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆیە بێدەنگیان هەڵبژارد بەمەش یەکێتی لاوازتر بوو، پارتیش بناغەیەکی پتەوی بۆ دەسەڵاتی تاکڕەوی لە کوردستاندا دامەزراند.
لەوساوە پارتی تێگەیشت کە بەبێ پاڵپشتی هێزێکی دەرەکی ناتوانێ حوکمی خۆی بسەپێنێ، ئیدی بەتەواوی کەوتە ژێر هەژموونی دەزگە موخابەراتیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و میتی تورکی زۆر دڵسۆزانە کاری بۆ کردن هەر لە دژایەتیکردن و شەڕکردنی پەکەکەوە تا ئیمزاکردنی ڕێکەوتنی نەوتی پەنجا ساڵە لەگەڵ تورکیادا، هاوکاریکردنی ژێربەژێری دەزگەی مۆسادی ئیسرائیلی، داڵدەدانی سەرکردەکانی بەعسی ڕووخاو تا گەیشتە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە تێرۆریستیەکانی وەکو قاعیدە و داعش.
لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی هاتنی ملیاران دۆلاری بودجەی عیراق بۆ هەرێم تا ساڵی ٢٠١٤ پارتی زۆر دەوڵەمەند بوو، دواتریش بە هۆی دەرهێنان و ناردنی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە بە تانکەری قاچاخ لەرێگەی تورکیاوە کە تا ئێستاش کەس نازانێ داهاتەکانی چیان بەسەر دێ، پارتی سەدان ملیار دۆلاری کەوتە دەست ئەمەش بووە یارمەتیدەر بۆ پارتی تا لەسەر ئاستی مەرکەزی قەراراتی دەوڵەتە زلهێزکان لۆبی جۆراوجۆر دروست بکات. هەر لەرێگەی پارەو دۆلارەوە توانی لۆبی لەناو کۆنگریسی ئەمریکی و پەرلەمان و حکومەتەکانی بەریتانیا و ئەوروپاش دروست بکات. نوێنەراتییەکی زۆری لەوڵاتانی دونیا کردەوە و پارەیەکی زۆری خستە بەردەستیان تا کار بۆ لۆبیکردن بکەن.
دۆزینەوەی نەوت و بەرهەمهێنانیشی خزمەتێکی زۆری پارتی و بنەماڵەی کرد، لەرێگەی هێنانی دەیان کۆمپانیای ئەمریکی و ئەوروپی و تورکی بۆ ناو پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت توانی دۆستی زۆر بۆ خۆی پەیدا بکات. بەشێک لەوەزیر و کۆنگرێسمان و باڵوێز و جەنەڕالی خانەنشینی باڵای وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپای کردە هاوبەشی کۆمپانیا نەوتییەکان، ئەمانەش داکۆکی زۆریان لەدەسەڵاتی پارتی کرد لە نێوەندە سیاسیەکانی وڵاتەکانیان بە حوکمی بەرژەوەندییان لە مانەوەی بنەماڵەی بارزانی لەسەر دەسەڵاتی کوردستان، بەمەش پارتی پێگەی خۆی زۆر قاییمکرد و کەوتە بێمنەتی لە هێزەکانی دیکەی کوردستان و ڕۆژ بەرۆژ دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەرێمدا سەپاند.
دیسانەوە نابێ ئەوەمان لەبیر بچێ کە ئەم دەوڵەتە زلهێزانە لە هەموو خولێکی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا هاوکار و هاوپشتی پارتی بوونە لەڕێگەی تەزویرکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن یاخود چاوپۆشی کردن لە خرووقاتەکانی پارتی لەهەڵبژاردنەکاندا.
بۆیە دەتوانین بڵێین مانەوەی بنەماڵەی بارزانی و پارتی لەسەر حوکمی کوردستان لە بەرژەوەندی زلھێزەکانە و مومکین نییە ئەم وڵاتانە پشت لە پارتی بکەن یان بیر لە ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی بکەنەوە کە بەهەموو شێوەیەک خزمەتی بەرژەوەندیەکانیان دەکات.
هێنانی سوپای داگییرکەری تورکیاش بۆ ناو خاکی هەرێم ئەویش بەشێکە لە هەوڵەکانی بنەماڵە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان. هەرچەندە ئێستا خەریکە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەربگرێ و پەکەکەش چەکی دانا، بەمەش بەپێی مەنتیق دەبێ تورکیا سوپاکەی لەناو خاکی هەرێم بکێشێتەوە، بەڵام دڵنیام سەد دەر سەد تورکیا قەت سوپاکەی ناکێشیتەوە چونکە ئەو ئەسڵەن لێرەیە بۆ پاراستنی بنەماڵەی بارزانی و بەرژەوەندیە هاوبەشەکانیان.
پارتی بەهۆی ئەو هەموو کارەساتەی بەسەر میللەتەکەی خۆی هێناوە لە برسییەتی و کوشتوبڕ و زولموزۆرداری ، باش تێگەیشتووە بەبێ پارەو دەسەڵات و پاڵپشتی هێزێکی دەرەکی ناتوانێ لە حوکمڕانی کوردستاندا بەردەوام بێت، بۆیە هەرچی لەدەست بێت دەیکات بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان .
ئێستا دەبینین چۆن پارتی ڕکابەری حکومەتی ئیتیحادی دەکات لەسەر نەوت و داهاتی گومرگی و ناوخۆییەکان، نایەوێ نە نەوت و نە داهاتیش تەسلیم بە بەغدا بکات، چونکە ئەم سامانانە شادەماری پارتین بۆ مانەوەیان لەسەر دەسەڵات و ڕازیکردنی تورکیا و هاوپەیمانە نەوتییەکانی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























