<

چۆن میللەتی کورد خەسێندرا؟ (بەشی حەوتەم)

13/09/2025, 10:34 (GMT+1)

حوکمی مافیایی بنەماڵەی بارزانی

بیرمەندی سیاسی عەرەبی موحەمەد حەسەنێن هەیکەل کاتێ لێیان پرسی چۆن سەیری وەزعی عیراقی دوای سەدام حوسێن دەکات؟ لە وەڵامدا وتی: ئـێستا عیراق لەلایەن هەشت عەصابەی مافیاوە بەڕێوە دەبرێ کە مونافەسەی یەکتری دەکەن لە دزین و تاڵانی سامانی دەوڵەتەکەیان.
زۆرجار ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ: ئایا سەرانی بەغدا ئەم هەموو دزی و تاڵانییەی پارتی نابینن کە لە سامانی نەوتی قاچاخ و داهاتی گومرگ و داهاتە ناوخۆییەکان دەیکات ، بۆچى بێدەنگی لێدەکەن؟ بۆچی دەستەی نەزاهەی عیراقی لەم هەموو کەیسی گەندەڵییەی عیراق دەکۆڵێتەوە و هیچ ئاوڕێک لە سەرانی هەرێم ناداتەوە؟ من دەمێکە وەڵامی ئەم پرسیارەم لەلای خۆمەوە داوەتەوە کە ڕەنگە هەندێ کەس تا ئێستا لەوەزعەکە نەگەیشتبن. 
جارێکیان لەگەڵ سیاسەتمەدارێکی کورد لە بەغدا کەوتینە گفتوگۆ، هەمان پرسیارم لەسەر گەندەڵی بنەماڵەی بارزانی لێکرد و بۆچی بەغدا هیچ محاسەبەیەکیان ناکات؟ لەوەڵامدا پێی وتم: بۆ تۆ وا ئەزانی بەغدا شامی شەریفە و هیچ دزی لێ ناکرێ. لێرەوە لە بەغداوە بگرە  تا بەسڕە، ببینە چۆن میلیشیا و عەشایەر و مەسئولانی دەوڵەت هەر یەکەو (کونێکی) لەبۆرییە نەوتەکان کردووە و بە تانکەر نەوتەکە ئەدزن و هەر بە باخیرەش بە بەرچاوی حکومەتەوە ڕەوانەی دەوڵەتانی خەلیجی ئەکەن!
وەکو هەیکەل وتەنی دەسەڵاتدارانی هەرێمیش بەشێکن لەم چەتە مافیانەی حوکمی عیراق دەکەن. جاران لە فلیمەکانی سینەمادا بینیومانە کە عەصابەکانی مافیا شار و شەقامەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکرد. ڕێکەوتنیان هەبوو کە هەر کۆمەڵێک و رێکخراوێکی مافیایی ناوچەیەکی دیارکراوی خۆی هەبێ و تەداخولاتی نفووزی لایەنەکەی دیکە نەکات چونکە شەڕو کوشتنی تێ دەکەوت. بۆ ئەوەی هەر یەکە و خەریکی چەتەیی خۆی بێت لە ناوچەیەکی بۆی دیارکراودا، ڕێکەوتنی جەنتلمانیان دەکرد وەک ڕێگرتن لە کوشتن و رووبەرووبوونەوەی یەکدی. ئەوەی ئێستا لە عیراق ڕوو دەدات هەمان ڕێکەوتنی جەنتلمانی مافیاکانە. واتا ئێمە پارە و سامانی عیراق ئەدزین ئێوە قسە مەکەن، ئێوەش بڕۆن سامانی کوردستان تاڵان بکەن ئێمە دەنگ ناکەین. ئەم وەزعە لەساڵی ٢٠٠٣ تاکو ئەمڕۆ بەردەوامە، ئێستا حاڵی حازر دوای ئەوەی دەسەڵاتی عیراق بەهێز بووە خەریکە ئەم دڕکە لەبن پێی پارتی و حکومەتی هەرێم دەردەهێنێ، دەبینین چۆن قوڕگیان گرتووە ناهێڵن فززە بکەن و فشارەکانی مووچەی فەرمانبەران و داهاتی ناوخۆ و تەسلیمکردنی نەوتەکەیان کردۆتە ئەجیندای سەرەکی و بەدرۆنیش کێلگە نەوتیەکانیان بۆردومان دەکەن.
حاکمێکی کورد لە دیدارێکیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی لێی پرسی بوو: بۆچی محاسەبەی ئەم هەموو گەندەڵکارانەی ناو حزب و دەسەڵاتەکەی پارتی ناکات؟ لەوەڵامدا وتبووی: ئێمە پیاوەکانی خۆمان ناشیرین ناکەین!!
ئەمانە بەگشتی هیچ بەهایەک بۆ ئەو دەستەی نەزاهەی هەرێم ناهێڵێتەوە، تەنانەت دەسەڵاتی دادوەریشی خراوەتە ژێر پێیەکانەوە.
لە چەندین کەیسدا کە دەستەی نەزاهە ئاشکرای کردووە تاکو ئێستا نەوێراوە تەنانەت یەک کەیسی گەندەڵی لەسەر وەزیرێک یان سەرکردەیەکی پارتی ئاشکرا بکات لە کاتێکدا گەندەڵیەکە زۆربەی لەناو ئەواندایە. چەند جارێک دوو سێ مۆزەفی بچووکیان محاسەبە کرد، بەڵام هەتا ئێستاش نەوێراون دەست بۆ یەک کەیسی گەندەڵە گەورەکان ببەن. ئەمەش ڕێک قسەکەی مەسعود بارزانی دەسەلمێنێ کە نایانەوێ پیاوەکانی خۆیان ناشیرین بکەن!
کارەساتە گەورەکەش لە بێبەهاکردنی دەسەڵاتی دادوەرییە، بینیمان چۆن دادوەرەکانی دادگەکان گوێڕایەڵی دەسەڵاتی پارتین لەکەیسەکاندا ویژدانی خۆیان دەخەنە ژێر پێی مەسئولەکانی پارتی. دیارترین نموونە کەیسی ڕۆژنامەوانان شێروان شێروانی وئومێد بەرۆشکییە کە سێ جار حوکمیان بۆ تازە کرایەوە لەسەر داوای سەرۆکی حکومەت!
کوشتن لەلای ئەندام و کادیرانی پارتیش بووەتە ئاوخواردنەوە. هەر تاوانێکی کوشتن ڕوو بدات پارتی لەرێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە چارەسەری دەکات، نە کەس باسی (الحق العام) نە کەسیش دەوێری سولحەکە ڕەت بکاتەوە لەترسی پارتی. لە هیچ دونیایەک نەبووە حزبێک دەزگەیەکی هەبێت بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتیەکان لەبری دادگە بڕیار لەسەر کوشتن بدات، ئەمە بەس لەم کوردستانە وێرانەیەدا بینیومانە. لێرە پارتی بە حوکمی عەقڵییەتی عەشایەری خۆی وا ئەزانی لە ساڵانی سەدەی هەژدە و نۆزدەیە کە هەموو کێشەکان بە سوڵحی عەشایەری ناو دیوەخانەکان چاەسەر دەکرێ!
کاتێک لێیان دەپرسی: ئێوە چیتان بۆ ئەم میللەتە کردووە کە ئێوەی کردە باڵادەستی ئەم هەرێمە؟ لەوەڵامدا پێت دەڵێن: بۆ چاوت کوێر بووە ئەم هەموو پێشکەوتنەت نەبینیووە لەم هەرێمە. کەی هەولێر ئاوا بووە. ئێمە لە گوندێکەوە کردمان بەشار و پایتەخت. ئەم هەموو بینا بەرز و شوققە و عیمارە زۆرانەتان نەبنیووە؟ هەڵبەت ئەم هەموو بینایەی باسیان دەکەن هیچیان هی خەڵکی ڕەسەن و کاسبکاری هەولێر نین. هەمووی بە پارەی دزراوی میللەتەوە دروست کراون. لە هەمووشی گرنگتر هیچیان بەناوی خۆیانەوە نەکردووە، هەمووی بەناو ژنەکانیان یان خزم و خزمەتکارەکانیان کردووە، لە ترسی محاسەبە و دەستبەسەرداگرتنیان لە داهاتوودا هیچیان نەکردۆتە موڵکی خۆیان. ئەوە جگە لە ملیاران دۆلاری دەرەوەیان کە لە هەموو وڵاتەکانی دونیادا موڵک و ماڵیان هەیە، دوور نیە جەزیرەشیان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای لاتینیدا هەبێت.
بۆ ئەوەی هیچ دەزگەیەکی دەوڵەت نەتوانی ئەم هەموو گەندەڵیانەی ئەوان کەشف بکات و محاسەبە بکرێن، هەر چوار پێگەی دەسەڵاتی هەر حکومەتێک و ڕژێمێکی سیاسی و دیموکراسیان بێبەها کردووە. یەکەمیان پەرلەمانی کوردستانە، بینیمان پێشتر و ئێستاش کەسانی کۆیلە و شەقوەشێن و نەخوێندەوار و هیچوپووچ دەکەنە ئەندامی پەرلەمان. پارتی لانیکەم ٢٠٠ هەزار ئەندام و کادیری هەیە کە هەزاران کەسایەتی جوانیشیان تێدایە وەک مامۆستای زانکۆ و ئابووریناس و پیاوی گەورەی ڕۆشنبیر و زانا و دانا، بەڵام بۆ پەرلەمان ناشیرنترین نموونەکانیان هەڵ دەبژێرن و دەیانکەنە پەرلەمانتار، لە وەزارەتەکانیش هەمان شتە. هەر لەم ڕۆژانەدا کۆمەڵێک دەرچووی کۆلێژی پزیشکی چووبوونە ناو وەزارەتی تەندروستی بۆ داواکاری دامەزراندنیان، کەچی وەزیرەکەیان بە شەق و بۆکسی پۆلیس و حەڕەسە تایبەتەکانی دەریکردبوون! ئەمە یەکێکە لە نموونەی وەزیرەکانیان.
لە ڕاگەیاندیشدا هەرچی خەڵکی سووکوچرووکی ناو کۆمەڵگە هەیە دەیھێننە سەر شاشە و بایەخیان پێ دەدەن. بێ مستەواترین مامۆستای زانکۆ دەهێننە سەر شاشە بەناوی موحلیلی سیاسی کە بڕوانەمەی زۆربەیان تەزویرە و بە پارە کڕدراوە. 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان