<

چۆن میللەتی کورد خەسێندرا؟ (بەشی هەشتەم)

18/09/2025, 14:39 (GMT+1)

جەنگی دەروونی

وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، بنەماڵەی بارزانی بە سوود وەرگرتن لەم هەموو سامانەی کوردستان کە کەوتۆتە بەردەستیانەوە هەموو کارێک دەکەن بۆ پارێزگاری کردن لەدەسەڵاتەکەیان. گومان لەوەدا نیە نەک لەناوەوەی کوردستاندا خەڵکیان بە پارە کڕیوە، بەڵکوو لەسەر ئاستی دەرەوەش هەر بە پارەی دزراوی میللەت خەڵکی دیکەیان کڕیوە. باوەڕم وایە گەورەترین زانای دەروونی و زانای کۆمەڵایەتی و سەرکردەی عەسکەری و پسپۆری ئابووری و دەیان کەسانی شارەزا و زانای ئەمریکی و ئەوروپی ومامۆستای زانکۆکانیان بەپارە هێناوە بۆ ناو دەسەڵاتەکەیان، بە ملیۆنان دۆلار وەک مووچە و پاداشت دەدەنە ئەم خەڵکانە بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن لە بەرێوەبردنی دەسەڵاتەکەیان. ئەگینا پارتی بەم پاشخانە عەشایەرەی خۆیانەوە هی ئەوە نین بەم جۆرە ساڵانێکی دوورودرێژ حوکمی کوردستان بکەن و سەرکەوتووانە دەسەڵاتێکی ڕەها بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنن.
ئەم حوکمڕانییەی پارتی لە هەرێم دەیکات خەڵکی زانا و پسپۆری زۆر گەورەی جیهانی لەپشتە، ئەوانیش هەموویان بە پارە کڕدراون و کاری بۆ دەکەن.
سەیرکەن لە ترۆپکی قەیرانی دارایی و بێ مووچەیی ئەم دواییانەی هەرێم، چۆن شەڕێکی دەروونی زۆر سەرکەووتووانە لەگەڵ میللەت دەکەن. لە رۆژێکدا دەیان مەسئولی پارتی و حکومەتەکەی دێنە سەر شاشەکان و سایتەکانی هەواڵەوە ڕای دەگەیەنن کەوا ئەمڕۆ یان سبەی مووچەی مانگی پێنج سەرف دەکرێ. ئەمڕۆ وەفدی هەولێر و بەغدا گەیشتنە ڕێکەوتن! دوای نێوەڕۆ پارەی مووچە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی. کاتێک بەخەبەر دێیتەوە دەبینی هەشتا ڕۆژ لە چاوەڕوانی گەیشتنی پارەدا هەڵخەڵەتێندراوی!
لە نەبوونی پارە لەگیرفانی فەرمانبەراندا، هەواڵێک بڵاو دەکەنەوە کەوا وەزارەتی شارەوانی ئیجرائاتی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا کۆتایی پێ هێنا، ڕای دەگەیەنن کە ١٥٠٠ فەرمانبەر ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی دەرچووە! ئەمەش کاریگەری لەسەر فەرمانبەرە بێ مووچەکە دەبێت، کە وای لێدی مووچەی لەبیر بچێتەوە لە خۆشی ئەوەی چەند ڕۆژێکی دیکە پارچە زەویەک وەردەگرێ و بە چەند دەفتەر دۆلارێک دەیفرۆشێتەوە. لەکاتێکدا نە زەوی دابەشکراوە نە فەرمانبەرەکەش مووچەکەی وەرگرتووە! بەهەمان شێوە باس لە پرۆژەی شوققەی نیشتەجێبوونی کرێنشینان دەکەن، ئەویش هەر بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵکە. 
ئەم بنەماڵەیە خۆیان بە خاوەنی خاک و میللەتی کوردستان و سامانەکەی دەزانن، ئەوان پێیان وایە کە کوردستان موڵکی تاپۆکراوی سەر بنەماڵەکەیانە، بۆیە شەڕی هەموو عەشییرەتەکان دەکەن تا کەسیان نەبێتە مونافسی ئەوان، لەناوەڕاستی حەفتایەکان و دوای ئاشبەتاڵ قەتلوعامی خانەوادەی فاخیر مێرگەسۆریان کرد، چونکە ترسی ئەوەیان هەبوو دوای خۆیان ئەوان ببنە ڕەقەم لەکوردستاندا بە تایبەتیش کە فاخیر ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە شەڕی هەندرێندا. لە ناوەڕاستی نۆهەتەکانیش پارتی پارێزگارانی کوردستان لەلایەن سەرۆک و ئاغاکانی سوورچیانەوە دامەزرا، بەڵام زۆری نەبرد ئەوانیشیان لەگوندی (کەلەکین) قەتلوعام کرد و سەرۆکی عەشییرەتەکەیان لەناوبرد.
 شەڕی میللەتیش بە کۆیلە و پاراستن و ئاسایش و زێرەڤانی دەکەن تا کەس نەتوانێ کورسیەکەیان بهەژێنێ. شەڕی هەموو بێدەسەڵاتێک دەکەن، ملکەچیش بۆ هەموو ئەو کەس لایەنانە دەکەن کە لەخۆیان بەهێزتر بن. لەبەر ئەوەی ناتوانن دەستبەرداری دەسەڵاتەکەیان ببن. پارتی بۆ مانەوەی خۆی وەکو تیورییەکەی ماکیافیلی دەڵێ (لەپێناو گەیشتن بە ئامانج هەموو شتێک ڕەوایە) ئامانجی ئەوانیش تەنیا و تەنیا پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەکەیانە.
بەهەمان عەقڵییەتی خێلەکی و عەشایەری سەدەکانی پێشوو و بەهەمان بیرکردنەوەی ئاغایەتی سەردەمی جاران حکومەتیش بەڕێوە دەبەن. خۆیان وەک سەرۆک عەشییرەت و خەڵکیش بە وەزیر و کاربەدەستانی دەوڵەتیشەوە بە ڕەعیەت دەزانن و نابێ لەقسەی سەرۆک عەشییرەت دەربچن. بۆیە پەیوەندی پارتی لەوەتەی هەیە لەگەڵ هەموو لایەنی سیاسی و چیینوتوێژەکانی کۆمەڵگە پەیوىەندییەکی دوژمنکارانە و ناتەندروست بووە. چونکە سروشتی پارتی نەگونجاوە لەگەڵ واقیعی سەردەم.
بنەماڵەی بارزانی خۆیان بە خوای سەر ئەرز دەزانن و ئەوان وا خۆیان پیشان دەدەن کە لە میللەت جیاوازترن، بۆیە دەبینین مناڵە ورتکەکانیان وێنە و فیدیۆی ناو فڕۆکە تایبەتی و مەزرەعەی تایبەتی و سەیارەی ئاخیر مۆدیل و ئەسپی گرانبەها دەگرن وبڵاویشی دەکەنەوە،. ئەم دیمەنانە هەموویان ئازاربەخشن بۆ میللەتی ژێردەستەی کورد، کاتی خۆی سەدام و کوڕەکانی عودەی وقوسەی هەمان شتیان دەکرد کە خۆیان بە خاوەنی عیراق دەزانی. ئەوانە دەیانەوێ پێمان بڵێن ئێمە لە ڕەگەزێکی جیاوازترین لە ئێوەی ڕەعییەت، ئێمە ڕەگەزێکی ئاسمانین، ئێوەش ڕەگەزی سافلین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان