<

چۆن میللەتی کورد خەسێندرا؟ (بەشی نۆیەم و کۆتایی)

20/09/2025, 14:44 (GMT+1)

حوکمی ڕەشید

سەیری وڵاتانی ئەوروپا بکەن زۆربەیان سامانی نەوت و غازیان نییە، هەندێکیان هەر هیچ سامانێکی ژێر زەوی و سەرزەویشیان نییە. وڵاتێکی وەک هۆڵەندا و دانیمارک لەسەر بەخێوکردنی مانگا دەژین و شیر و پەنیر بەرهەم دەهێنن بۆ هەموو دونیا. وڵاتێکی وەک سوید کە ملیۆنان پەنابەری بەخۆوە گرتووە هیچ سامانێکی نییە. ڕواندا لە ئەفریقیا تا دە ساڵ قەسابخانەیەک بوو ڕۆژانە دەیان هەزار کەسی تێدا دەکوژرا لەسەر جیاوازی ئیتنی ئێستا بووە بە بەهەشتی ئەفریقیا. سەنگاپوور زەنگاوێک بوو مێش و مێشوولە مرۆڤەکانی ئەخوارد ئێستا بووە بە گەورەترین ئابووری جیهان و پێش ئەمریکاش کەوتووە. لەم وڵاتانەدا سەرباری نەبوونی هیچ سامانێک منداڵ لەرۆژی لەدایکبوونیەوە تا مردن حکومەت بەخێوی ئەکات، ژیانی ڕەفاهییىەتی بۆ تەئمین کردووە.
بنەماڵەی بارزانی لاسایی شێخەکانی خەلیج دەکەنەوە و هیوا دەخوازن وەکو ئەوان بژین و حوکمەکەیان بە میرات بۆ منداڵ و نەوەکانان بگوازنەوە. خۆزگە شێخەکانی بارزانیش وەک شێخەکانی خەلیج بوونایە و حوکمی ڕەشیدی وەک ئەوانیان بکردایە و بەعەدالەت ئەم هەموو سەروەت و سامانەی کوردستانیان بۆ خزمەتی هاونیشتمانیانیان سەرف بکردایە.
 شیخ زایدی ئیمارات وڵاتەکەی لە بیابانێکەوە کردە ئەو ئیماراتەی کە ساڵانە زیاتر لە٢٠ ملیۆن کەس تەنها بۆ گەشتوگوزار سەردانی دەکەن. لەوێش حەوت ئیمارەت هەبوون هەمووشیان لەململانێی تەسکی خیڵەکی بوون وەک عەشایەرەکانی ئێمە، بەڵام حیکمەتی شێخ زاید توانی هەموو خێلەکان یەک بخاتەوەو ئەم دەوڵەتە پێشکەتووەی بەبەرهەم بهێنێ کە ئێستا ڕۆڵەکانیان بەگەشت دەچنە فەزای دەرەوە و لەبارەی مانگ و مەریخ لێکۆلینەوەی زانستی دەکەن. 
شێخ (صباح السالم) ی کوێتی لە قەزایەکی سەر بە عیراقەوە کردە دەوڵەت و هەموو خاکەکەی بەقەدەر شارێکی ئەم کوردستانە نابێت بەڵام دەوڵەتێکی دروست کرد کە سەدان ملیار دۆلاری وەک یارمەتی بە دەوڵەتە هەژارەکان دەبەخشی.
سوڵتان قابوس وڵاتەکەی لەشەڕێکی ناوخۆی خوێناوی چەند ساڵەی ڕزگار کرد و دوژمنەکانی خۆی هێنایە ناو حکومەت و وڵاتەکەی کردە بەهەشتێک کە ئێستا پێی دەڵێن (سویسرای ڕۆژهەڵات).
ئال سانی و ئال خەلیفە قەتەر و بەحرەینیان کردە بەهەشت کە ملیۆنان خەڵکی دونیا دێن لەوێ دەبنە خزمەتکاری هاوڵاتیە ڕەسەنەکانی وڵاتەکیان.
ئال سعود ڕاستە مندال و نەوەکانیان شەق لەپارە دەدەن و بە ملیۆنان دۆلار یانەی وەرزشی ئەوروپی و مەیدانی ئەسپسواری دەکڕن، بەڵام هاوڵاتییەکانیان ئەوەندە تێر کردووە کە گوێ نەدەنە ئەو هەموو دەستبڵاوەیەیان.
پرسیارەکە ئەوەیە: شێخەکانی بارزان چییان بۆ ئێمە کردووە؟
- لەوەتەی بوونەتە سەرکردەی شۆرشەکانی کورد پارە و داهاتی شۆڕشیان خستۆتە باخەڵیانەوە. دواتریش کە بوونە حکومەت دەستیان بەسەر سامانی ئەرز و ئاسمانیانیشیدا گرتووە.
- هاوڵاتیەکانی خۆیانیان کردە سواڵکەر تەنانەت مووچەیەکی مانگانەشیان پێ ڕەوا نابینن، سەرباری ئەم هەموو باج و سەرانەیەی لەخەڵک وەردەگرن، عەرەب و بەنگەلادیشی و لوبنانی و سوری و ئەسیوبیان هێناوەتە کوردستان کە حاڵیان زۆر لە هاوڵاتی ڕەسەنی کوردستان باشترە.
- سێکتەرەکانی حکومەتیان هەمووی لەناوبرد، پەورەدە وێران بوو، تەندروستی کاول کرا، هەموو دەزگەکانی حکومەت و کارگەکانیان فرۆشتە کۆمپانیاکانی خۆیان.
- لەسەردەمی سەدامدا کەس نەی دەوێرا یەک جگەرەی حەشیشە و موخەدرات بکێشی یەکسەر ئیعدام دەکرا، دەسەڵاتدارانی ئێرە خۆیان بازرگانی بە تلیاک و حەشیشە و موخەدرەات دەکەن.
ئەمانە بەشێکی بچووکن لەم هەموو تاوانەی دەرهەق بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێ.
دەسەڵات و حکومەتێک خۆیان لەسەر قەڵایەکی بەرز بەرز دەژین و خەڵکیش بەگشتی لەژێر هێلێ هەژاریدا دەتوێتەوە.
نەوەکانیان بە دیاری سەیارە جیکلاس و وەنەوشە دەدەنە سۆزانی و مۆدیلەکان، مامۆستاش ناتوانێ ئایپادێک بۆ کچەکەی بکڕێت.
ئەوان سواری فڕۆکەی تایبەتی دەبن و ئەسپ بە نیو ملیۆن دۆلار دەکڕن، پیرەمێردی خانەنشینی کوردستانیش لەسەرەی مووچە وەرگرتندا بەبن پێیان دەکەوێ.
منداڵەکانیان بیرە نەوتیان هەیە دەیان ملیۆن دۆلار داهاتی مانگانەیانە، پێشمەرگەش جلەکانی خۆی دەفرۆشی بۆ لەتە نانێک.
لە ئیمام عەلیان پرسی: چی دەسەڵات بۆگەن ئەکات ؟ فەرمووی: سێ شت و سێ شت. سێی یەکەم، دانانی پیاوی بچووک لە شوێنی گەورە . دانانی نەزان لە شوێنی زانادا، دانانی کۆیلە لەشوێنی سەرکردەکان. سێیەکەی تریش: سامان بەدەست دزەکانەوە، شمشێر بەدەست ترسنۆکەکانەوە، دەسەڵات بەدەست هەرزەکارانەوە.
ئەمانە بەگشتی ڕێک لەم هەرێمی کوردستانەی ئێمەدا هەیە.
ئیبن خەلدونی زانا و فەیلەسوف دەڵێ: هەر کاتێک دەسەڵات کەوتە ناو گەندەڵی و ڕابوورادن و گوێنەدان بە ڕەعییەت، ئەمە سەرەتایە بۆ ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە و لەناوچوونی دەوڵەت.
ئێوە خۆتان دەبینن ئەم دەسەڵاتە چۆن کەوتوونەتە ناو ژیانی ڕەفاهیەت و ڕابوواردن و گوێنەدان بە موعاناتی خەڵک کە ئەمانەش ئاماژەکەیە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان