<

سەربازێکی وون کارەساتی هەکاریمان بۆ دەگێڕێتەوە (بەشی یەکەم)

13/08/2025, 16:19 (GMT+1)
زۆر گرنگە مرۆڤ لەژیانیدا لەڕابردوودا گیرنەخوات، ئەوەی لەژیانیدا بەسەری هاتووە ببێتە هەوێنی داهاتووی گەر ڕووداوەکە پەیوەندی بەکۆمەڵگاکەیەوە هەبێت با باسی بکات تا ببێتە وانە بۆ گەلەکەی و خەڵکانی تر چیرۆکەکەی نەکەنە موڵکی خۆیان و خۆیانی پێ نمایش بکەن .دوای ئەو هەمووساڵە بۆم ئاشکرابوو کە چونە ناو ژیانی کارەکتەرەکەمان هێندە ئاسان نەبوو، من زیاتر لە سێ دەیەیە سەربازە ونەکە ی کارەساتی هەکاری دەناسم و هەمووجارێک کە یەکترمان بینیوە بەچیرۆکی ڕووداوەکان ئەبەڵقەی کردووم و ووتوومە تاوانە کە ئەم ڕووداوانە نەبنە باس و نەچێتە ناو پەڕەی مێژووی ڕووداوی نیشتمانە داگیرکراوەکەمەوە .چونکە گرفتی مێژووی نیشتمانی ئێمە لەوەدایە یان بێگانە مێژووی بۆ نوسیوینەتەوە بەدڵی خۆیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، یان بەگ و ئاغاو دەسەڵاتداران نوسیویانەتەوە کە لەڕاستیدا چیرۆک نوسەکانی مێژووی ڕووداوەکان حەوت فرسەق لەڕووداوەکانەوە دووربوون و لە ناو خەیاڵی خۆیاندا مێژوویان بۆ تۆمارکردووین کە نەسودی هەیە و نە بۆتە قوتابخانەیەک وانەی لێوەی فێربین .هەر بۆیە ئەم جارە بڕیارمدا کە نەیەڵم ئەم ڕووداوە ترسناک و پڕ ئەزموونە لەدەستم قوتاربێت و تەنها لەدووتوێ کتێبێکدا بیخوێنمەوە کە نوسەرەکەی تەنها لەسەر زادەی خەیاڵ تۆماری کردووە .
تۆی خوێنەریش خۆت بخزێنە ناو گفتوگۆ تەواو درێژەکانەوە کە بەدواداچوون بۆ نهێنی ئەوە دەکات کە ئێمە بەڕاستی کێین - لە دەرەوەی جەستە، لە دەرەوەی عەقڵ و ڕووداوەکان ؟ 
پرسیار: هاوینی ساڵی ١٩٧٧ تۆ دەگیرێت، لەکاتێکدا تۆ گەنجێکی تەمەن ١٦ _١٧ساڵ بوویت، هۆکاری گرتنەکەت چی بوو؟
 گەڕانەوە بۆ ئەوساڵانە، گەڕانەوەیە بۆ ناو ڕووداوەکان کە من لەڕێگەی براشەهیدەکەمەوە ئاشنابووم بە ڕێخراوی "ڕەجدەرانی کوردستان " و براکەم لەگەڵ چەند هاوخەباتی تردا هێزی چەکداریان لە شارەزوور وهەورامان دروستکرد چونکە تازە ئاشبەتاڵ کرابوو بۆ ئەوەی خەڵکی کورد تێبگەن کە شۆڕشکردن بەردەوامە و خەڵکو نیشتمان بێ خاوەن نین، بەڵام زۆری پێنەچوو لەڕۆژێکدا ٧کەسیان لێ شەهیدکردن لەگوندی بێسەلمێن لەنزیک شاری هەڵەبجە  لەسەر ڕووباری سیروان و لاشەکانیان هێنانەوە بۆ هەڵەبجە و  تەرمەکانیان ڕاکێشابوو بەپشتی زیلەکاندا و نمایشیان پێ دەکرد و بانگەوازی سەرکەوتنیان دەدا بەگوێ و چاوی خەڵکدا ، ئێوارەکەشی خەڵکی ئەمەک داری هەڵەبجە لاشەکانیان ئەسپەردە کرد لە گۆڕستانی شەهیدان چوار شەهیدو لە گۆڕستانی گوڵان سێ شەهید چونکە ئەو سێ شەهیدە خۆیان دابوو بەدەم ئاوەکەوە تا بەردەستی داگیرکەران نەکەون لەئاوەکەدا خنکابوون .
کەم کەس ئاگاداری ئەو مێژووە لەخوێن هەڵکێشراوەیە، بەخۆشمەوە تالەدوایی کارەساتی هەکاری کە تەسلیم بوومەوە ئەوەم زانی کە براکەم شەهید بووە و لەگۆڕستانی شەهیدان لەهەڵبجە ئەسپەردەکراوە، لێرەدا دەمەوێت ئەوەبڵێم کە لەنزیکی گۆڕی براکەمەوە خۆفرۆشێک ئەسپەردەکراوەو لەسەر گۆڕەکەیان نوسیووە شەهید .
پرسیار: ڕەنجدەران مەبەستت کۆمەڵەی مارکسی لێنینی یە کە دوایی بوو بە"کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان" ؟
 نا، نا ڕەنجدەران ڕێخراوێکی مارکسی بوو کە هیچ پەیوەندی بە یەکێتی و کۆمەڵەوە نەبوو، بەڵکو ڕێخراوێکی سەربەخۆ بوو کە منیش لەناویدا ببوومە ئەندام لەڕێگەی برا شەهیدەکەمەوە، بۆگیرام چونکە یەکێک لەناو ڕێخراوەکەدا سیخوڕ بوو کە چووبوو بۆسەردانی هاوڕێکانی لە هەڵەبجە دەگیرێت و ئیتر تەسلیمی خواستی ڕژێم دەبێت .لەکاتێکدا ئەوکەسە لەرزۆکە دوهەمین کەسایەتی ناو ڕێخراوی ڕەجدەرانی کوردستان بوو کە ئێمەی دابەگرتن .شەو کەهاوین بوو ئێمە لەحەوشەی ماڵەکەماندا دەخەوتین منیان گرت و ماڵیان دابوو بەسەر یەکدا، کەبراکەم چووە شاخ ئێمە هیچمان لەماڵەوە نەهێشت ئەوە یەکێک بوو لەو بەختەی کەمن ئازاد بووم پێی، بەڵێ ئەوشەوە ئاسایش دای بەسەرماڵمانداو منیان گرت ماوەی هەفتەیەک لە ئاسایشی سلێمانی بووم لەژووری تاکەکەسی و هێندە ئەشکەنجەیان دام و جگەرەیان بەسەرو گوێ و پشت وسکم کوژاندەوە ببووم بەتەپڵەکی دەستی ئەو جەلادە کەناوی "نایب زابت کەریم " بوو کەتەیەکی سمێڵ زل بوو، کوردیەکی باشی دەزانی چونکە ماوەی چەند دەیەبوو لەئاسایشی سلێمانی بوو .
پرسیار:بۆچی و داوای چیان دەکرد، ئەوهەمووئەشکەنجەیە لەپای چی بوو؟
- من براکەم دەستەی دامەزرێنەری ڕێخراوی "ڕەجنجدەرانی کوردستان " بوو ئەوەی کە سیخوڕی بەسەرمانەوەکرد زۆرکەسی بەگرتدا، لەسلێمانی نزیکی ١٠٠کەس گیرا، بیرمە ڕۆژنامەیەکیان دەردەکرد ئەوسا بەدەست دەیان نووسی، براکەم شەوتادەمەو بەیان خەریکی نوسینی  بوو ڕۆژنامەکە ناوی "ڕەنج: بوو نایب زابت کەریمی جەلاد، چەند ژمارەیەکی بەدەستەوە بوو دەیدا بەسەرما دەیووت ئەمانە لەکوێ چاپدەکەن ؟ 
منیش هەردەمووت نازانم و ئەو دەهری دەبوو تا تەواو ماندوو دەبوو لێی دەدام و هەنسکە بڕکێ پێ دەکەوت و جێیی دەهێڵام .
پرسیار:چۆن ئازادیانکردیت و چیان ووت کە ئازادیانکردیت ؟
 حیزبی بەعس جارێ نەکەوتبۆ ناو ئەو ڕەشەکوژیەوە تازە ئاشبەتاڵ ببوو خەڵکی لەناو بێ هیوایدا گێژ ببوون منیش مێرد منداڵێک بووم هەر بەڕاستیش هیچ بەرپرسیارێتیم نەبوو لەناو ڕێخراوەکەدا، جگەلەوەش گەنج بووم بەرگەی هەموو ئەوئەشکەنجانەم دەگرت و وەک یاریەک سەیرم دەکرد، بیرم لەو پێشمەرگانەدەکردەوە کە لەبەردەم فیرقەدا ڕیز ببوون کە ئاشبەتاڵ ببوو و تفەنگەکانیان و جامانە هەڵاوگێڕاوەکانیان بەبەدیوە سپێکەیاندا بەستبوویان و شلو شێواویان پێی دەووتم دەبێت تۆڵەی ئەو بێشکۆیەی خەڵکەکەم بکەمەوە .ڕۆژێک لەکونی ئەڵقەڕێزی دەرگا ژەنگاوێکەی ژوورەکەمەوە دراوسێیەکمانم بینی باوەڕم بەچاوەکانم نەکرد، پاش کەمێک لەگەڵ نایبزابت کەریم و دوو جەلادی تر هاتن و دەرگاکەیان کردەوە، بردمیان بۆ ژوورێکی گەورە کە مێزو سی تێدابوو وێنەی ئەحمەد حەسەن بەکر بەدیوارەکەوەبوو، من کراسەکەم دڕابوو سەروچاوم هەمووی ئاوسابوو دەستی ڕاستم   لەجێ چووبوو ئاوسابوو زۆر ئازاری هەبوو، پێیان ووتم لەبەر خاتری ئەم پیاوە بەرت دەدەین بەڵام دەبێت ئەم نامەیە واژۆ بکەیتو هەرگیز دژی حوکمەت و حیزبی بەعس هیچ چالاکیەک ئەنجام نەدەیت .
منیش لەبەرئەوەی دراوسێکەمان لەوێ بوو هەستم بەوەکرد کە دەتوانم قسەبکەم ووتم من هیچم نەکردووە و هیچیش ناکەم ئێوە لێتاندام ئازارتان دام من دەپرسم بۆچی واتان لێکردم ؟ 
دراوسێکەمان دیاربوو نیگەران بوو ووتی تۆ گەنجێکی بڕۆ خوێندنەکەت تەواوکەو سبەینێ هاوڵاتیەکی بەسود بە بۆ ووڵاتەکەت، ئەوە من بووم بە "کەفیل" ت "دەستەبەر" بۆت ئیتر چوینەدەرەوە لای دەرگای کارگەی جگەرە بەرامبەر ئوتێل ئاشتی باوکم چاوەڕێ دەکردین، زۆر بەزەیم بەباوکماهاتەوە کە وا بوومەتە ئەرک بۆی و ئازارم پێگەیاندووە  .
پرسیار: باشە تۆ دەڵێت : زۆرکەس گیرا ئایا تۆکەسێکت دەناسی کەگیرابێت ؟
 من هاوڕیەکم هەبوو لەقوتابخانە پێکەوە بووین بەردەوام گفتوگۆمان دەکرد ئەو پاسۆک بوو، ئەو سیخوڕە ئەویشی دابوو بەگرت، دوای ئەوە دابڕاین ئەوە ماوەی ٤٨ساڵە دەمەوێت سۆراخی بکەم و پێی بڵێم کە گرتنەکەی هیچ پەیوەندی بەمنەوە نییە، بەڵام بەداخەوە تائێستا نەم توانیوە بیدۆزمەوە جانازانم لەژیاندا ماوە یان نا؟  بەڵام  ئاگام لێبوو کە بەر ببوو لەوە دڵنیام .
پرسیار: ئەی دوای ئەوەی ئازادکرای چیت کرد؟
برایەکم کە لەئاشبەتاڵدا هاتبۆوە ڕەوانەی شاری عەمارەیان کردبوو، پاش دووشەو چووم بۆ عەمارە و ماوەی سێ هەفتە لەماڵی براکەم بووم، کەگەڕامەوە لە شاری عەمارە ئیتر نەوەستام وڕووم لەچیاکرد و بوومەپێشمەرگە .

چاوەڕوانی بەشەکانی تری گفتوگۆکانمان بن


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان