بێ ناونیشان!
14/08/2025, 19:32 (GMT+1)

بۆ رۆحی پاک و پیرۆزی مامۆستا (نیگار غه‌ریب)ی هاوسه‌ری مامۆستا (فه‌وزی ره‌مزی) رابه‌ری نمونه‌یی په‌روه‌رده ی شار.
(رێی خه‌بات )
دوای هه‌ره‌سی 1975، ساڵانی ترس و گومان وگرتن و بێ سه‌روشوین کردن و خاپورکردنی گونده‌کانی سه رسنووره‌کان و گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی بۆ ئۆردوگاکان.
چه‌ند خوێندکارێکی کچ و کوڕی نمونه‌یی له‌خانه‌ی مامۆستایانی سلێمانی، له زنجیره هه‌ڵوێستێکی پڕ له ته‌حه‌دا، رووبه رووی پلان و به‌رنامه و نه‌خشه‌ی ژه‌هراوی به‌عسیه‌کان وه‌ستانه‌وه.
ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی 1976 بوو، کچان و کوڕان پێکه‌وه له گۆڕه‌پانی خانه ی مامۆستان له گه‌ره‌کی مامۆستایان له شاری سلێمانی، به‌شداری ئاهه‌نگی نه‌ورۆزیان ده‌کرد.
له ناو ئه‌و ئاپورایه‌دا کچێک ده‌ستی دوو کچی تری گرتبوو، هه‌ڵده‌په‌ڕین و به حه‌ماسه‌وه، پڕ به گه‌روویان، (سروودی رێی خه‌باتی) دژ به دروشمه کانی به‌عس ده‌چڕی :
رێی خه‌باتمان چه‌ند سه‌خت و دووربێ
با چوارده‌ورمان کڵپه‌ی ئاگر بێ
له‌م رێ یه پیرۆزه لا ناده‌ین
ئێمه‌ین بۆ مردنیش ئاماده‌ین
بۆ دنیایەکی نوێ بۆ هەژاران
بۆ دانانی کۆمەڵگای یەکسان
رەگی زۆرداری لە ریشە دەردێنین
تۆوی ئازدی گەلمان ئەچێنین
ئه‌و سێ کچه به‌و سرووده، هه‌موو ئه‌و دروشمانه‌ی به‌عسیان، له نه‌ورۆزدا ره‌ت کرده‌وه و سه‌رنجی هه‌موو خوێندکاران و مامۆستایانیان بۆ رێی خه‌باته‌که‌یان راکێشا، به هێمنی هه‌موو به‌رنامه‌کانیان به تاڵ کرده‌ووه.
له گه‌ڵ حسین محه‌مه‌دی هاوڕێم، سه‌رمان له هه‌ڵوێستی ئه‌و سێ کچه سووڕما، چۆن له‌ناو ئه‌و هه‌موو به‌عسی وجاسوسانه، به‌و سرووده مه‌منوعه، گۆڕه‌پانه‌که‌یان هه‌ژاند؟
(چیرۆکی بێ ناونیشان)
له ساڵی 1977 ئێمە چه‌ند خوێندکارێکی خانه‌ی مامۆستایان، له گه‌ڵ مامۆستا محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌حمه‌د*ی چیرۆک نووس رێکه‌وتین، (نوسین و هۆنراوه و په‌خشان وچیرۆکی) ئه‌و کچ وکوڕانه‌ی خانه ی مامۆستایان کۆ بکه‌ینه‌وه، که به‌هره و توانای نوسینییان هه‌یه، له گۆڤارێک دا چاپ و بڵاوی بکه‌ینه‌وه.
مامۆستا محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌حمه‌د، ژیان قه‌ره‌داغی** خۆش نوسی دیاری کرد هه‌موو نوسینه‌کانی کۆ کردوه.
منی راسپارد به‌رهه‌مه‌کان به وردی بخوێنمه‌وه ورای خۆمی له‌سه‌ر بنووسم.
هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانم بەوردی خوێنده‌وه، چه‌ند تێکستێکی جوانی تیا بوو، یه‌کێک له‌وانه هۆنراوه‌یه‌کی (ئارام شێخ محه‌مه‌د به‌رزنجی) ***بوو.
له ناو به‌رهه‌مه‌کان دا، چیرۆکێک به به ناونیشانی (بێ ناونیشان) سه‌رنجی راکێشام ، به زمانێکی پاراو جوان و فه‌نتازیا نوسرابوو، به ته‌کنیکی هونه‌ریی و ئیستاتیکا وا داڕ‌ێژرابوو، ناوه‌رۆکه‌که‌ی تراژیدیایه‌کی دڵته‌زێنی مه‌منوع بوو، توشی تێڕامانی بووم ، چۆن خوێندکارێکی خانه‌ی مامۆستایان، له‌و ئاسته باشه باڵایەدا یە، چیرۆکێکی ئه‌ده‌بی به‌رگری و هونه‌ریی بنوسێ، له کۆتایی مه‌رگه‌ه‌ساته‌که‌دا، نووسرابوو:
(نیگار غه‌ریب).
به ژیان قه‌ره‌داخی هاوڕێم وت:
– ئه‌م چیرۆکه‌ی نیگار غەریب، له ئاستێکی باڵا و نایاب دایه، ئه‌م نیگارغه‌ریب ه کێ یه ؟
بۆرۆژی دوایی ژیان قه‌رداخی، نیگار غه‌ریب ی پێ ناساندم، که‌بینیم سه‌رم سوڕما :
(نیگارغه‌ریب، هه‌مان ئه‌و کچه چاونەترس و به‌جه‌ربه‌زه ی نه‌ورۆز بوو، له گه‌ڵ دووکچی تر دا (رێیی خه‌باته) مه‌منوعه‌که یان ده‌وت.
پێم وت :
– نیگار خان پیرۆزبایی (رێ ی خه‌باته‌که ت) و چیرۆکی(بێ ناونیشانه‌که‌ت) لێ ده‌که‌م، تۆ چیرۆک نووسێکی به توانایت، چیرۆکه‌که‌ت زۆر جوانه‌و له ئاستی ئه‌و به‌رهه‌مه نه دایه ، له رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کان دا بڵاو ده‌کرێنه‌وه، تۆ چیرۆک نوسیت.
هه‌موو ئەو به‌رهه‌مانەی ئاستی بڵاوکردنەوەیان هەبوو، ، لە فایلێک دا ئاماده‌کرد، ژیان قه‌ره‌داخی به‌ده‌ست و خه‌ته جوانه‌که‌ی هه‌موو ی له سه‌ر کاغه‌زی فلوس کاب نوسییه‌وه.
به نیازبووین، بۆ مۆڵه‌تی چاپ، بەرهەمەکان بینێرین بۆ ره‌قابه له به‌غداد، مامۆستا خالید کرێدی و عه‌بدوڵڵا حه‌سون به‌یاتی، بوون بە سانسۆر و ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو نوسینه‌کان دا گرت و جارێکی تر نه‌مان بینییه‌وه.
به هۆی هه‌ل و مه‌رجی نائاساییه‌وه، هەریەکەمان کەوتینە شوێنێک، جارێکی تر، نیگار خان و نوسینه‌کانیم نه‌بینییه‌وه.
له‌م ساڵانه‌ی دوایدا مامۆستا نیگارغه‌ریب و هۆنراوه و چیرۆک و وه‌رگێڕنه‌کانیم، لە فه‌یس بووکه‌که‌ی بینی.
له مانگی 7 مامۆستا نیگار له سویسرا وه بۆ سه‌ردان گه‌ڕایه‌وه بۆسلێمانی، ئێواره‌ی 11 / 8 / 2022 له کاتی په‌ڕینه‌وه، له شه‌قامی سه‌ره‌کی هه‌واری تازه، له‌نزیک پردی کۆبانی، به‌هۆی کاره‌ساتی ئوتۆمۆبیله‌وه لە
تراژیدیایه‌کی دڵته‌زێن دا، گیانی سپارد،
له مه‌راسیمێکدا له گردی سه‌یوان به خاکیان سپارد، له دوا برگه‌ی کۆتایی مه‌راسیمه‌که‌دا، مه‌لاکه رووی کرده خه‌ڵکه‌و وتی :
- تکایه هه‌مووتان گه‌ردنی ئه‌م مامۆستایه ئازاد بکه‌ن.
له‌و کاته‌دا له گه‌ڵ دوو که‌سی تردا، له ته‌نه‌یشت کێلی ئارامگایه‌که‌وه وه‌ستابووم، وتم :
- ئه‌م فریشته پاک و پیرۆزه، به‌هه‌موو ته‌مه‌نی، دڵی هیچ که‌سێکی زویر نه‌کردووه، ئیتر داوای گه‌ردن ئازادی، له کێ بکات ؟
یه‌کێک له‌و که‌سانه****ی له ته‌نیشتمه‌وه وه‌ستا بوو، وتی :
- هه‌موو خانه‌واده‌که‌ی مامۆستا نیگار غه‌ریب و خانه‌واده‌ی مامۆستا فه‌وزی ره‌مزی هاوسه‌ری. له ژیانیانیان دا، جگه له خزمه‌ت و چاکه، دڵی هیچ که‌سێکیان، زویر نه‌کردوه.
دوای ته‌وابوونی مه‌راسیمه‌که، هه‌موومان به پێچاو پێچی نێوان کێلی ئارامگاکان و ئه‌رخه‌وانه‌کانی سه‌یوان دا ده‌گه‌ڕاینه‌وه.
له‌و کاته‌ادا، دیمەنی چیرۆکی بێ ناونیشانی، ساڵی 1977 ی مامۆستا نیگارم، بیر که‌وته‌وه، چۆن خالید کرێدی وعه‌بدوڵڵا حه‌سون به‌یاتی، ئەو گۆڤارەیان، بێ سه‌روشوێن کرد؟:
(شه‌وێك مه‌فره‌زه‌یه‌ک پێشمه‌رگه، له شارباژێره‌وه به ناو سه‌ربازگه وره‌باییه‌کان، به‌ره‌و سلێمانی هه‌نگاویان ده‌نا، به‌لاپاڵی هه‌ورازه‌کانی گۆیژه‌دا سه‌رکه‌وتن، گه‌یشتنه سه‌ر به‌رزاییه‌کانی گۆیژه، چرا خانی شار، ناخی هه‌موویانی هه‌ژاند.
له‌و کاته دا، یه‌کێک له پێشمه‌رگه‌کان میلی رادیوکه بادا، ده‌نگی ماملێ دڕی به شه‌وه‌زه‌نگی گویژه‌و چراخانی شار دا :
شه‌وه دنیا وه‌کو زلفت سیا پۆش
وه‌ره با ده‌ردی دڵ بکرێن فه‌رامۆش
ده‌ستم به‌رزۆکه با بتگرمه باوه‌ش
ئه‌گه‌ر مردم له خۆشیا چاوی تۆ خۆش
ئه و گۆرانیه، باڵی خه‌یاڵی ئه‌و پێشمه‌رگه ی گه‌یانده لای خۆشه‌ویسته‌که‌ی، ئایا ئێستا ئه‌و له ژێر کام چرای، ئه‌و چراخانه‌ی شاردا دانیشتووه ؟، یا ئێستا چرای ژووره‌که‌ی خامۆشه‌و چاوه‌کانی له‌قوڵایی خه‌ودایه ؟
پێشمه‌رگه‌کان گه‌یشتنه سه‌ر شه‌قامی گه‌ڕه‌کێکی ناو شار، به ته‌قاندنه‌وه‌ی چه‌ند گوله ئاربی جی و چه‌ند سه‌لییه‌ک فیشه‌ک، بێ ده‌نگی وخامۆشی شه‌وی شار یان هه‌ژاند.
له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان دا، پێشمه‌رگه‌کان لەقەراغ شار، که‌وته بۆسه‌ی قوات خاسه‌و ه‌و ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه پێکرا.
به‌یانییه‌که‌ی خۆشه‌ویسته‌که‌ی له کاتی رۆیشتنا بۆ قوتابخانه، ته‌رمی دڵداره‌که‌ی بینی، به زیلێکه‌وه به‌سترابوو، به‌شه‌قامه‌کانی ناو شاردا رایان ده‌کێشا).
له ناو تارمایی دیمەنی ئه‌و زنجیره تراژیدیا بێ ناونیشان دا بووم، له دوا هه‌نگاوم دا گه‌یشتمه سه‌ر شۆستەی شه‌قامه‌که ی رۆخی گردی سه‌یوان.
ده‌نگی هێمنی کاک که‌مال شاڵی به ئاگای هێنام:
- ئێمە ده‌مێکه چاوه‌ڕوانی تۆین، هه‌موو ئوتۆمێبیله‌کان، گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه، ته‌نیا ئێمه ماوین.
ئوتۆمۆبیله‌که که‌وته جوڵه، له گردی سه‌یوان ره‌ت بوو ین، شه‌قامی برایم پاشا مان به جێ هێشت، به درێژایی شه‌قامه‌کانی شار، بیرم لای ئه‌و پێشمه‌رگه بێ ناونیشانه‌ی نیگار غه‌ریب بوو:
(ون بێ ئارامگا).
عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود
*محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌حمه‌د، له ناوه‌ڕاستی جله‌کان دا له‌شاری دوزخورماتوو له‌دایک بوو ه، مامۆستایه‌کی نمونه‌یی و چیرۆک نووس و ره‌خنه‌گرو شاره‌زای بواری فه‌لسه‌فه بوو، خاوه‌نی دووکۆمه‌ڵه کورته چیرۆکی (ئه‌بێ و نابێ رایه‌کی زمانه‌وانییه) - 1977، خۆردزین - 2001، له 13ی کانوونی یه‌که‌می 2019 به هۆی نه‌خۆشییه‌وه گیانی سپارد، له‌سلێمانی به‌خاک سپێرا.
**ژیان قه‌رداخی، یه‌کێک بوو له قوتابییه خاوه‌ن هه‌ڵوێسته کانی خانه‌ی مامۆستایان، خۆش نووس بوو، بیستم له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به هۆی کاره‌ساتی ئۆتۆمۆبیله‌وه گیانی سپارد وه.
***مامۆستا ئارام شێخ محه‌مه‌د به‌رزنجی، یه‌کێك بوو له خوێندکاره خاوه‌ن هه‌ڵوێسته سه‌رکه‌شه‌کانی خانه‌ی مامۆستایان، دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی ده‌کرد، دواتر بوو به مامۆستا و رووی کرده شاخ و بوو به‌پێشمه‌رگه و کادر، چه‌ند ساڵێکه له ئه‌ڵمانی ده‌ژی.
****ئه‌وکه‌سه ی له ته‌نیشتم وه‌ستابوو، وتی :
- من هاوسه‌ری (سۆزان) خانی خوشکی مامۆستا نیگار غه‌ریب م.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

