ڕێگە نادەم پاش مردنم پێم بڵێن بە دەوڵەمەندی مرد
19/08/2025, 20:52 (GMT+1)
زۆربەمان دامەزرێنەر و خاوەنی کۆمپانیای میکرۆسۆفت دەناسین و ناوبانگیمان بیستوە، کە ناوی بیل گەیتسە .
ئەم کەسە لە ئێستادا لەبەشەکەی خۆی خاوەنی پتر لە دوو سەد ملیار دۆلارە ، ئەم پارەیەش بەردەوام لە زیادبوندایە بەوەی ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە پارەی دێتە سەر .
ئەم مرۆڤە پارەدارە بڕیاری داوە کەوا ٩٩% ی سامانەکەی ببەخشێت بەهەژاران، چونکە وەک خۆی گووتوویەتی گەر دووسەد ساڵیش بژی ناتوانێت نیوەیشی خەرج بکات.
پێویستە ئاماژە بەوە بدەم کە ئەم کەسە لەڕابردوودا بەردەوام بە ملیۆنان دۆلار هاوکاری ڕێکخراوە مرۆییەکانی کردوە . دەمێک سەبارەت بە منداڵەکانی لێیان پرسی کە بۆ سامانەکەت نابەخشیتە ئەوان ؟ لەوەڵامدا گووتبووی ، یەکی تەنها یەک ملیۆن دۆلاریان بۆ جێ دەهێڵم بۆ ئەوەی وەک دەستمایە یان سەرمایە بەکاری بهێنن و ئیشی پێ بکەن، دەنا لەوەزیاتر هیچ پارەیەکی تریان بۆ جێناهێڵم، چوونکە لەوانەیە پارە تەمبەڵیان بکات،با خۆیان خەمی خۆیان بخۆن .
وەک خۆی دەگێڕێتەوە لەکاتی گەنجێتیدا کە خولیای شارەزایی لە تەکنەلۆجیا و بەرنامەی کۆمپیوتەر کەوتووەتە مێشکی ،هەوڵیداوە سود لە هەر زانیاریەک وەربگرێت گەر گچکەیش بێت. لەو دەمەدا ئەو زۆر بێ پارە بووە، تا ئەو ڕادەی نەیتوانیوە دانەیەک لەو گۆڤارانە بکرێت کە تایبەت بوون بە زانستی کۆمپیوتەر.
لە کوێسکی گۆڤاروڕۆژنامەفرۆشەکانی یەکێک لە وێستگەکانی شەمەندەفەری باژێڕەکەی زۆر جار دەرفەتی هێناوە بەپێوە سەیری ئەو گۆڤارانەی کردوە،تادوو جار فرۆشیاری کیۆسکەکە بەخۆڕایی گۆڤارەکەی پێبەخشیوە.
پاش ئەوەی بیل گەیتس دەبێتە خاوەنی کۆمپانیای [مایکرۆسۆفت] هەندێک لە کارمەندانی کۆمپانیاکەی ڕاسپاردوە کە ئەو مرۆڤەی بۆ بدۆزنەوە،ئەوەبوو پاش گەڕانێکی زۆر دۆزیانەوە، کە کابرایەکی ڕەش پێست بوو، بیل خۆی پێناساند و ئەویش هاتەوە یادی کە دووجار بێ بەرامبەر گۆڤاری پێبەخشیوە. بەڵێ ئەوە منم و ئێستا چیت دەوێ لێم؟ بیل لەوەڵامدا گووتی تۆ چیت دەوێ تا بۆت جێبەجێ بکەم؟ وتی هیچم ناوێت و زۆر سوپاست دەکەم کە دەتەوێت هاوکاریم بکەیت . هیوادارم لێم تێبگەیت کە بۆچی هاوکاریت ڕەت دەکەمەوە ، ئەوکاتە من لە دۆخی هەژاریدابووم هاوکاری تۆم کرد،ئەوە بزانە من لە ڕۆژانە کەمەکەی خۆم هاوکاریتم کرد ،وە خۆشحاڵم کەئەو کارەم ئەنجامداوە، هاوکات خۆشحاڵم کە بەڕێزت بە کۆششی خۆت گەشتویتەتە ئەم ئاستە ، بەڵام بەڕێزت لە دۆخی زەنگینیدا دەخوازیت هاوکاریم بکەیت،جا ئەوەیە جیاوازیەکە. شایانی ئاماژەیە لەکاتی دۆزینەوەی ئەو مرۆڤە مەزنەدا دەرکەوت کە پاسەوانی ئەپارتمەنێک بووە.
ئەم بەسەرهاتە ملیۆنەرو ملیاردێرەکانی هەرێمی هێنایەوە یادم،بەنمونەی مەسعود و مەسرورو مەنسورو نێچیرو کورکوڕوکوڕەزاکانیان ،لەولاشەوە باڤێل و قوباد و شانازو درێژکراوەکانیان لە کوڕو کوڕەزاکانیان، ئەوانەی بێ ئەوەی هیچ پیشەیەک بزانن، بێ ئەوەی پێشتر خاوەنی دەستمایە بووبن، بێ ئەوەی گچەکەترین پرۆژەی بازگانیان بەڕێوە بردبێت با ئەگەر عەرەبانەیەکی گوڵەبەڕۆژە فرۆشتنیش بێت، کەچی بە[کون فەیەکونێک] بوونە ملیۆنەرو ملیاردێری هەڵتۆقیو.سەیر لەوەدایە ئەو پارانەی هەیانە کە بەنایاسایی و گەندەڵی و چەتەیی دەستیان کەوتوە، ئامادەنین کەمترین گوژمەی ببەخشن بە مووچەخۆران و هەژارانی وڵاتەکەیان،بەپێچەوانەوە لەهەر شوێنێک بۆیان کرابێت لەداهاتی ناوخۆیان دزیوە بۆخۆیان کە داهاتی خەڵکی ستەم لێکراوە.بیل گەیتس چونکە خاوەنی ویژدانە ئامادەیە زۆربەی سامانەکەی ببەخشێت ،لەم بارەوە وتەیەکی زۆر بەنرخی هەیە کە دەڵێت[ڕێگە نادەم پاش مردنم پێم بڵێن بە دەوڵەمەندی مرد].
پارەدارەکانی هەرێمیش بەتایبەتی ئەو دزانەی لەویژدان خاڵین ، بڕیاریان داوە کە خۆیان و نەوەکانیان و نەوەی نەوکانیان بە ملیاردێری بمرن و چش لەخەڵکیش باهەموو لەبرسا بمرن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























