<

سەربازێکی وون کارەساتی هەکاریمان بۆ دەگێڕێتەوە (بەشی دووەم)

19/08/2025, 21:34 (GMT+1)

ئەو پیاوەی چیایەک بجوڵێنێت بە لابردنی بەردی بچووک دەست پێدەکات "کۆنفۆشیۆس"


تەنها بە سادەیی و بە مێشکێکی تەواو ئارامەوە دەتوانین بە ڕاستی تێبگەین، بزانین کە خۆمان کێین، بۆیە لەگفتوگۆکەماندا گەلێک بابەتمان تاوتوێ کرد و لەم کاتانەدا تێدەگەین کە ئیترخەونێک هەیە جوانێکەی لەوەدایە، کە هەر بەخەونی دەمێنێتەوە، دوایی دەبێتە دێوەزمەیەکی ترسناک و بەناو خوێن و نائارامیدا بەکێشت دەکات. 
کارئەکتەری چیرۆکەکەمان درێژەی بە گێڕانەوەی باسەکەی دا کە وتی:
من لە دوای گەڕانەوەم لە شاری عەمارە زیاتر بیرم بۆئەوە دەچوو چۆن بتوانم ئەم هەموو مەینەتییە ڕابگرم، لای من وابوو، کە تەنها براکەی من و خێزانەکەی دوورخراونەتەوە، بەڵام لەگەشتەکەمدا بۆ خواری عێراق سەیرم کرد، سەدان خێزانی کورد، کە دوای ئاشبەتاڵ لە چیا گەڕابوونەوە، هەموویان ئاوارەبوون و هەریەکەیان لە جێگەیەک دەستبەسەر بوون، بەسەر گوندو شارو شوێنە چەپەکە بیرکراوەکانی خوارووی عێراقدا دایان نابوون.
 ئیتر من بڕیاری خۆمدا دەبێت، وەک تاکێکی کۆمەڵگاکەم تەنها سەیری تراژیدیای گەلەکەم نەکەم و کارێک بکەم، کە سبەینێ شەرم لەوە نەکەم چۆن ژیاوم و بیرم لەوە دەکردەوە، کە دەبێت ئەم ناسۆر و ئەم شکۆ شکاندنەی گەلەم ڕابگیرێت.
"العائدون" ووشەیەک بوو زۆر لە جوێن ناشرینتر بوو لە عێراقی تاواندا، خەڵکی گەڕاوە لە کۆیلەکانی سەردەمی سپارتاکۆس دەچوون کە مێژوو بۆمانی نوسیووەتەوە.
پرسیار: تۆ بڕیاری چیت دا، چیت کرد، تا ئەوهەموو نادادپەروەریی وستەمە بووەستێنی؟ 
 لەگەڵ هەناسەیەکی قوڵیدا، چاوەکانی داخست، وەک ئەوەی بیەوێت ئەو ڕۆژ و کاتانەی بیربکەوێتەوە، کە دەیویست چی بکات و چۆن ئەم هەموو خەم و ناسۆرە لەکۆڵ بگرێت. 
- لە سەرماوەرزی ساڵی 1977 لە سلێمانییەوە بە ئوتۆمبێل لەگەڵ هاوڕێییەکی دیکەمدا چووین بۆ گوندی باڵخ لەدۆڵی جافایەتی و لەوێ دوای دوو شەو مەفرەزەیکی پێشمەرگە هاتنە گوندەکە و خۆمان پێناساندن، من باسی دەستگیرکردنەکەی خۆمم کرد، پاشان ڕامگەیاند، کە ترسم هەیە و برایەکیشم پێشمەرگەیە لە هەورامان، ڕێکەوت وابوو، کە فەرماندەی پێشمەرگەکان هاوڕێی کۆنی برا گەورەکەم بو، کە لە شاری عەمارە ژیانێکی زۆر ناخۆشی دەگوزەران فەرماندەکە منی ناسییەوە، بۆیە ئیتر هیچ گومانێکیان نەبوو. هەر ئەو شەوە لەگەڵیاندا ڕۆیشتین تێکەڵ بەژیانی پێشمەرگایەتی بووم و بوومە پێشمەرگە.
پرسیار: پێشمەرگایەتی لەو کاتەدا بوو، کە ئاشبەتاڵ ببوە ناسنامەی گەلێک و شۆڕشەکەی تێکشکاندبوو، سەرکردە و بەرپرسەکان بێ ماڵئاوایی و داوای لێبوردن لە گەلەکەیان مەیدانەکەیان چۆڵ کردبوو، ئێوە چۆن متمانەی خەڵکتان بەدەست هێنایەوە، یان بە ڕاستی ئێوە چۆن بوونە خاوەنی متمانە لەناو خەڵکدا لە گوندەکاندا ؟ 
- لەڕاستیدا ئەو کاتانە بەهەرە سەخترین کاتەکانی پێشمەرگایەتی ئەخەمڵێنرێت لەمێژوودا، خۆپاراستن و خۆشاردنەوە زیاتر ئەنجام ئەدرا، نەک چالاکیی و لێدان لە دوژمن، هۆکارەکەشی ئەوەبوو هەم ژمارەمان کەم بوو، هەم چەکیش زۆر نەبوو، لەئاشبەتاڵدا چەکەکان برابوونەوە، خەڵکانێکی بەد چەکیان مۆڵکردبوو بە حکومەتیان فرۆشتبووەوە، ئێستا خاوەنی گەلێ شتن کە نامەوێت باسی ئەو مرۆڤە بەدانە بکەم و مێژوو تۆماری کردووە، گەر بیرەوەریی ساڵێک لە تەمەنی "حسێن عارف " بخوێنیتەوە هەندێک کۆددت دەست دەکەوێت تێیدا. پێشمەرگەش کە ژمارەیان زۆربوو لەئاشبەتاڵەکەدا چەکەکانیان تێکشکاندبوو وەک توڕەبوونێک. کاری ئێمە زیاتر خۆ پاراستن بوو، وەک دەیان ووت: (یاسای ژیانی شەمشەمەکوێرەمان پەیڕەودەکرد). بەڕۆژ خۆمان حەشار دەدا و بەشەویش دەچووینە ناو دێهاتەکانەوە، هەم بۆ نان خواردن، هەمیش بۆ کۆبوونەوە بە دێهاتییەکان لە شەودا ئاسانتربوو بۆمان، کە هەڵسوڕێین، بەعس ناوچەکەی بە سوپا و پایگا و جاش و سیخوڕ تەنیبوو. ئێمە تەنها شەو ئەچووینە ناو گوندەکانەوە، هێلیکۆپتەر ڕۆڵێکی ترسناکی لەوکاتەدا دەگێڕا، بەردەوام بەئاسمانەوە بوو، ماوە ماوەش سوپا و جاش دەهاتن کێوماڵیان دەکرد و بەدوایی ئێمەدا دەگەڕان.
 پرسیار: لەو ماوەیەی، کە چوبویتە چیا توشی شەڕ بوون لەگەڵ ڕژێم، یان تەنها زیاتر خۆتان دەپاراست ؟ 
 - بەڵێ توشی شەڕبووین، ڕۆژێکیان لە گوندی چنگیان ڕژێم پێشڕەوی کرد ئێمەش لێمان دا ئەو کاتە شەهید "جەمالی عەلی باپیر " فەرماندەمان بوو، لەو شەڕەدا پێشمەرگەیەکی هاوڕێمان لێ شەهید بوو ناوی "سوارە" بوو، پاشان شەڕی ناوخۆ دەستی پێکرد بوو هێزێکی قیادە مۆقەتە لە دیوی ئێران بوون لە دزڵی هەردەهاتن بەم دیودا، یەک دوو پێشمەرگەیان شەهید دەکرد، نالە هەورامی سەرکردەیان بوو، بەختیاری مەجیدخانیش خۆی و چەند کەسێکی تر ڕۆیشتنەوە بۆلای ڕژێم، لە بادینانیش هێزەکانی قیادە موەقەتە " سەرکردایەتی کاتی " ٢٨" پێشمەرگەی ڕاهێنراویان شەهیدکرد، کە فەرماندەکەیان شەهید برایم عەزۆبوو، کە ئەندازیاری سەربازی بوو خەڵکی ناوچەی زماربوو، ئەم پێشمەرگانە لەگەڵ فەلەستیینییەکان مەشقیان پێکرابوو، ئەم شەهیدانە لە ئەشکەوتی "باڤێ" کۆمەڵکوژ کران، یەک دوانێکیان لێ ئازاد کردبوون، چونکە "مەسیحی " بوون، یەکێکیان ناوی "سۆلاقە" بوو لە کارەساتی هەکاریدا لەگەڵمان بوو، ئەویش لەهەکاری شەهید بوو، هەرئەوە نا، بەڵکو بەر لە هەکاری شەهید حەسەن خۆشناو، کە هەندێک چەکیان هێنابوو ئەوانیشیان کۆمەڵکوژ کرد. نیوەی هێزەکەیان شەهیدکرین و دەستیان بەسەر دۆشکە و چەکەکاندا گرتبوو. ئیتر دوای ئەو کارەساتانە شەڕی براکان تەشەنەی کرد و ناوچەی سلێمانیشی گرتەوە، ڕەنگە لاتان سەیربێت، کە شەهید عەلی چوارتایی و شەهید جەلالی حەمەی محە، سەرەتا پارتی بوون، کە شەڕەکان دەستی پێکرد ئەوان وازیان لە پارتی هێنا و هاتنە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە، دوایش بوونە فەرماندە و جێ دەستیان لە شۆڕشدا دیاربوو.
 پرسیار: ئێوە دەتانزانی، کە ڕژێمی عێراق خەریکی داگرتنی گوندەکان بوو بە قوڵای ٢٠ کم، ئایا زانیتان!؟ پلانی ئێوە چی بوو بۆ بەرپەرچدانەوەی پلانەکەی ڕژێم ؟ 
 - بەڵێ ئێمە پلانی ڕژێمی بەعسمان دەزانی و ئاگاداری ئەوەش بووین، کە ڕێکەوتننامەی هەرسێ دەوڵەتەکە (تورکیا، ئێران، عێراق) بۆ پاراستنی سنورە. من خەتێکی جوانم هەبوو هەربۆیە کاک نەبەز "خولەی جگەر" کە فەرماندەبوو داوای لێکردم کە نامە بنووسم بۆهەموو کوێخای گوندەکانی سنوری دەسەڵاتی هەرێمەکەمان، کە کوێخاکان ڕێگە بەهیچ کەسێک نەدەن بچێت بۆ کارکردن لەئۆردوگا زۆرەملییەکان، کە ڕژێم خەریکی دروستکردنی بوو. منیش زیاتر لە ١٥ نامەم نووسی، زۆربیرم نایە تەوە، کە ناوەڕۆکی نامەکان چی بوون، بەڵام نامەیەکی من بە کوێخا جەلالی ووڵاخلو گیرابوو ماوەیەک ڕژێم زیندانی کرد، بەڵام کاتێک سەدام حوکمی عێراقی گرتەدەست و لێبووردنی گشتی دەرکرد لەگەڵ لێشاوی زیندانێکاندا کوێخا جەلال ئەویش ئازاد بوو، کە خەڵک و ئێمەش پێمان دەووت "مام جەلال" یان کوێخا مام جەلال. 
پرسیار: بیرمە جارێک، یان باشترە بڵێم، کە بیستم بەیانیەک بۆمبێکی چێنراو لە ناو لمدا لە ئۆردووگای قەڵاچوالاندا بەکرێکارێدا تەقیوەتەوە و قاچی پەڕیبوو، ئایا ئێوە هیچ ئاگاداری ئەو بۆمبە چێنراوە بوون ؟
 - لە ڕاستیدا نازانم، بەڵام ئەوهەواڵەمان بیست، ڕەنگە ڕێخراو یان هەرکەسێک بەوکارە هەستابێت، ئێمە گرفتی ئەوەمان هەیە، کە ئەرشیفمان نییە، زۆر شت ڕوویدا لەوکاتەدا، تەنانەت بیستمان، کە لە لای شەقامی ٦٠مەتری نزیک دووڕیانی سەرچنار لای خانۆکانی کارگەی جگەرە لۆرییەکی تورکیان سوتاندبوو کەسێریان هێنابوو بۆ ئۆردوگاکان. پاشان مەخفەری چوارتا هەرلەوماوەیەدا تەقییەوە و چەند پۆلیسێکی کورد بوونە قوربانی، تا ئێستا لە ئەدەبیاتی هیچ حیزب و مێژوودا ئاماژەی پێنەدراوە.
پرسیار: ماوەی چەند بوو کە پێشمەرگە بوویت، ئەو کاتەی کە چوون بۆبرادۆست و ناوچەی سێ سنور و کارەساتی هەکاری لە هەناوی ئەو گەشتەتاندا ڕوویدا و تۆش بوویت بە کارەکتەر و شاهیدی ئەو مێژووە لە خوێن هەڵکێشراوە ؟
- بەڵێ من چوار مانگێک دەبوو ڕووم لە چیاکردبوو، کە هێزەکان هەمووی داوا کرا بەخێرایی کۆبینەوە لە ناوزەنگ و بەرەو بناری قەندیل بەڕێ بکەوین، ڕەنگە لاتان سەیربێت هەموو هەرێمەکەی ئێمە ژمارەمان ٤٠ پێشمەرگەیەک دەبوو، هەندێکمان چەکمان پنەبوو، بەڵام هەڵگری باوەڕێک بووین، کە بەهێزتربوو لەو هەموو برسێتی و قات وقڕی و ماندووبوونە.

چاوەڕوانی بەشەکانی تری گفتوگۆکانمان بن
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان