لە سوێد کێ نابینین و کێ دەبینین؟ (بەشی دووەم)
26/08/2025, 9:52 (GMT+1)

لە ئەڵقەی یەکەمی ئەم کورتە لێکدانەوە و پەیجۆرییەمدا باسم لەوە کرد ئەوەی کە ئێمە لەم وڵاتە نایبینین، حوکوومەتە، سیاسەتبازەکانن، ئەندامانی پەرلەمانن، ئەو بەرپرسانەنن کە کارخانە زەبەلاحەکان و فەرمانگە فەرمییەکان بەڕێوەدەبەن. دینەمۆی هەڵسووڕاندنی کارەکان حوکوومەتە و دینەمۆی چاودێری حوکوومەتیش، پەرلەمانە. لێپرسینەوە لە حوکوومەت (و وەزیرەکانی) زۆر ئاسایی لە ساڵدا ڕەنگە چەندین جار ڕوو بدات.
باری ئابووری و سیاسەتی ئابووری، کە بنەمای ژیانی خەڵکە و لەدوای پاراستنی ئازادی و ئاسایشی تاکەوە، گرنگترین بابەتە کە حوکوومەت دەبێت پلان و چارەسەری گونجاو و خێرای بۆ گرفتە ئابوورییەکان هەبێت، دەنا بەر لە وادەی بەسەرچوونی بەڕێوەبردنەکەی دەبێت کورسی بەڕێوەبەرێتی چۆڵ بکات و وەڵامدەرەوەی پرسەکانیش بێت.
ئێمە لەو هەموو ساڵانەی کە لەم وڵاتەدا ژیاوین، لە حوکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانمان نەبیست کە بێژن (ئێمە هاتووینەتە سەر قاسەی بەتاڵ)!!!. وەک قاسەکەی حوکوومەتی هەولێر نییە کە کونێکی گەورەی تێ بووە و هیچ پارەیەک خۆی تێدا ناگرێت.
خەڵکی سوێد بە چەند شێوە هاوبەشی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتن، بە پلەی یەکەم بەهۆی هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان لە دەسەڵاتە جووداکاندا، دووەم لە ڕێگای مێدیاوە، سێیەم بەهۆی ڕۆشنبیرەکانیانەوە، چوارەم لە ڕێگای سەندیکا، کۆمەڵەکانی ڕۆشنبیری و پیشەییەوە، کاریگەری خۆیان لە ڕووداوەکان دەکەن و ڕۆڵیان لە بڕیارەکاندا دیارە. سوێد وڵاتی کۆمەڵە و ڕێکخراوە مرۆییەکانە، چ پیشەیی، چ دەستەیی (وەک کۆمەڵەی کرێنشینان و....هتد)، یا خوود کۆمەڵەی وەرزشی و چالاکییە گشتتیەکان، ئەو چالاکیانەی کە کاریگەری مەزنیان لە ڕاگرتنی تەندروستی جەستەیی و دەروونی خەڵکدا هەیە، سوێد لەو وڵاتە هەرە پێشڕەوانەیە کە زۆرترین بوودجە بۆ چالاکییە وەرزشییەکان و تەندروستی کرێکاران و فەرمانبەرەکانی تەرخان دەکات، هەر فەرمانبەرێک و کرێکارێک، ساڵانە پارەیەکی دیاری کراوی بۆ تەرخان دەکرێت کە بە دڵی خۆی لە یەکێک لە چالاکییە وەرزشییەکاندا سەرفی بکات. تەنانەت من لە کرێکاری کارخانەی ساندڤیکم (ئەو کارخانەیەی لە ئەڵقەی یەکمدا باسم کرد) بیستووە، کە بۆ گەڕاندنەوەی دەروون- تەندروستییەکەی سێ مانگ ناردوویانە بۆ ئیسپانیا بۆ چارەسەر بە گەشتکردن لە ژینگە جوانەکەی ئیسپانیادا، ئەو برادەرە کرێکارێکی ئاسایی ئەو کارخانەیەیە!!! سڵاوتان لێ بێ فشنبیرانی سوشیالیزم، چەپیزم، ئیسلامیزم، نەتەوەیزمی عەرەبی و فارسی و توورکی!!!.
سیستەمی بەڕێوەبردنی سوێدی کە حوکوومەت بەشێکە لەو، ژینگەیەکی خوڵقاندووە کە هەرکەس بەپێی کار و پلە و شوێنی کارەکەی، بەشێک لە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت. بەم پێیە بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی هەموواندایە، بەمجۆرە خەڵک دەزانن کە لەکاتی ڕووداوێکی لە ناکاودا چی بکەن و چۆن ڕەفتار بکەن، یا پەیوەندی بە چ ناوەندێکەوە بکەن بۆ ڕێنمایی و پڕس و ڕا.
سڵاو لە تۆش بێت بیست و دوو دەوڵەتی عەرەبی بە چوارسەد و پەنجا و چوار ملیۆن کەسەوە، کە زۆرینەی ڕۆشنبیرانت، تۆزێ زۆریان بۆ بێنی دەبن بە (ئیبن تەیەمییە)ییەکی سەدەی بیست و یەک و شمشیرەکەی خالیدی کوردی وەلیدی نەفرەتی لەسەر ملی کورد تاقی دەکەنەوە!!!.
دیمۆکراسی خواستێکی بەناز و فیزە و لە خۆوە نە(چێ) دەبێت، نە دەتوانی (بیسەپێنی)، نەیش دەتوانی (بیکڕیت)، بەڵام دەتوانی بانگەشەی بەتاڵی بۆ بکەیت(وەک لە ناو خێڵ-حیزب و حوکوومات و دەستەو تاقمە فشنبیرییەکانی) ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا(جگە لە ئیسرائیل)، لافی پێوە لێدەدەن. ئەوەتا هێزە سیاسی و سەربازییەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان، داوەتی هەموو ئەوانەی لە سەرەوە ناویان هات دەکەن بۆ کارکردن بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یاسایی و دیمۆکراسی لە سووریادا، کەچی بەر لە محەمەد جۆلانی، دەنگی فشنبیری عەرەبی بەناوی پاراستنی یەکێتی خاکی سووریاوە نەڕەیان دێت، چاو سوور دەکەنەوە و باسی سووریای عەرەبی و یەک گەل و یەک ئاڵا و یەک حوکوومەت دەکەن، لە حاڵێکدا کە سووریا تەنیا هی عەرەب نییە، لە سووریا یەک گەل ناژی و یەک حوکوومەتی ناوەندیش کە هەموو شتێک بگەڕێتەوە بۆ لای سەرۆک!!!، جگە لە ناوەکەی، چی جیاوازییەکەی لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەد و کوڕەکەی نابێت و گۆڕڕانی ڕژێم سەردەمێکی نوێ ئاواناکات و سووریەکان فێری ژیانێکی نوێی سەردەمیانە ناکات، ئەمە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە.
تا ئێرە، بەکورتی و پوختی زانیمان، ئێمە لە سوێد کێ نابینین، باشە ئەی هەر لە سوێد کێ دەبینین؟!
لە سوێد ئەوەی کە لەبەرچاوە و دەبینرێت، خەڵکە و خزمەتگوزارییە، لە رۆژێکدا بە دەیان کارخانەی خزمەتگوزاری دەبینیت لە سەر ڕێگاو بان و شەقامەکانی سوێد، سوێدییەکان کاری ڕێگاوبان، خانووبەرە، ڕاکێشانی هێڵەکانی ئینتەرنێت (فایبەرئۆبتیک)، ئەلەتریک، چاکردنەوەی خراپییەکان کاری بەردەوامیانە، ئەوان دەیانەوێت کە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە نوێکراوەیی بگاتە هەموو ئەو شوێنانەی کە سوێدییەکانی لێ دەژین. بە ستاندارێکی ئەورووپایانە و کوالیتییەکی زۆر بەرز کارەکان بەئەنجام دەگەێنن، ئەو قسەیەی کە بیرمەندی کوردەواری کردوویەتی: " چەند لەسەر حەق بووم کە دەمگوت، ئەگەر چارەنووسی کورد لە دەست مندا بێت، حکومەتی کوردی بە قۆنتەرات دەدەمە شەریکەیەکی سوێدی، نەرویجی، سویسرەیی.. بە نیوە مەسرەف دەمحەسێنێتەوە". بەرانبەر حوکوومەتی سوێدیش بە ڕاست دەگەڕێ، چوونکە حوکوومەتی سوێدی خۆی داوە بە قۆنتەرات بە کارخانە سوێدییەکان، ئەمەش بەشێکی گرنگی "سووڕانەوەی دراو و سەرمایەیە" لە کۆمەڵگا و سیستەمی ئابووری سوێددا. لە هاویناندا کە ماوەکەی کورتە، مانگێک یا مانگ و نیوێک و تۆزێ زیاتر، جارێک و دووجار باخچە گشتییەکان دەڕازێننەوە، بە گوڵی جوان و دیزاینی سەرنجڕاکێش، هەموو شتێک لە سوێددا ڕێک و پێک و نەخشە بۆ کێشراوە و بەدواداچوونی جددی بۆ دەکرێت، شتی هەڕەمەکی زۆر بە دەگمەن ڕوو دەدات، مەگەر ئەوەی پێی هەڵدەستێک(بەزۆری) خەڵکانی دەرەوەی هاتوو بۆ سوێد بن، کە وەک ئێمە ئەزموونمان لای خۆمان لە کوردستان هەیە، کارەکان بە زۆری بە هەڕەمەکی دەبنە پێشەوە، لێرەش ئەم نەخۆشییە لەگەڵ زۆر لە بێگانەکان بەردەوامە و خاڵێکە کە پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوە دژ بە بێگانەکان زۆر لە قەبارەی خۆشی مەزنتری دەکەن، بەڵام لە بنەڕەتدا مەسەلەکە هەیە و بێگانەکان ئەوە بژاردەی یەکەمیانە لە نزیکەی هەموو کارەکاندا کە پێی هەڵدەستن واتە(کردنی کارێک بە ڕەش)، واتە لە دەرەوەی یاسا و بڕیارە ئابوورییەکان کە سیستەمی ئابووری سوێدی زۆر تایبەت و دەتوانین بڵێن نزیکەی ئاڵۆزە بۆ تێگەیشتن.
کلتووری ئیشوکار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تا ئێستا زیاتر(کڕینەوە و فرۆشتنەوە) بووە نەک (بەرهەمهێنان)، لەبەر ئەوە کلتووری بەرهەمهێنانمان نییە، یاسای باجی یەکسان و دادپەروەرمان نییە، گەندەڵی ئاسانە و بەرتیل و داوەت و شیرینی و پاقلاوە!!! بنەمای کاری بازرگانین(ئەگەر پێی بووترێت بازرگانی)، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. خاوەن کارخانەکانی سوێد، لە کێبەرکێیەکی بەردەوامدان لەگەڵ یەکتریدا، ئەوان دەیانەوێت کڕیاری زۆرتر بۆ خۆیان ڕاکێشن، ئەمەش بە سێ جۆر ئەنجام دەدرێت:
1- چاکترکردنی بەردەوامی کوالیتی بەرهەمەکانیان.
2- باشترکردنی بەردەوامی خزمەتگوزاریی پاش فرۆشتنی بەرهەمەکانیان.
3- بەپێی یاسای فرۆشتن، هەمیشە ماف بە کڕیارە و مافی ژیوانبوونەوەی کڕینەکەی هەیە لەماوەی زۆرترین ٣٠ ڕۆژدا، لای هەندێ کۆمپانیا مافی ژیوانبوونەوە ٣٦٥ ڕۆژە و حوکوومەت نوێنەرێکی داناوە لە هەر شارێکدا، کە ئەگەر گرفتێک لە کڕینەکەدا ڕوو بدات، ئەو نوێنەرە لە ڕووی یاساییەوە یارمەتی کڕیارەکە دەدات.
کە بۆ مێژووی شۆڕشی پیشەسازی دەڕوانی لە سوێددا، مێژوویەکی دوور و درێژ و پان و پۆڕ نییە، بەڵکو لە ماوەیەکی کورتدا کە نزیکەی ١٥٠ ساڵێک تۆزێ زیاتر یا کەمتر، هەواڵی دروستکردنی یەکەمین (پردی ئاسنین) کە لە سەر سنووری نێوان (ئینگلتەرە و ویڵز)دا دروستکرا گەیشتە سوێد و هەر ئەو شوێنەش بە لانکەی شۆڕشی پیشەسازیی لەسەردەستی مرۆڤایەتیدا دادەنرێت. سوێد وڵاتی ئاسن و دارستان و لە ئێستاشدا کاروبارە دیجیتاڵییەکانە و هەموو ئەو پیشەسازیانەی کە لە دەوری ئەم بەرهەمانە بنیاتنراون، هەمووشیان لە بەرزترین کوالیتی و ناوبانگی جیهانیدا.
بەڵام لەو ماوە کەمەدا سوێد توانی بە هەنگاوی گەورەی دامەزراو بەرەوە پێشەوە بچێت و بەرهەمی پیشەسازی مەدەنی و سەربازی بە کوالیتی زۆر بەرز، کە لە هەموو دنیادا ناسراوە، ناردنەدەرەوەی ئەو بەرهەمە پیشەسازیانە، یەکێک لە بناغە ئابوورییە گرنگەکانی سوێد پێک دەهێنێت.
ئێمە لە سوێد هەموو خەڵکی دنیا دەبینین، لە هەموو نەتەوەکان، سوێد بۆتە وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەکلتوور، کە پێموابێت، سەرەتای بێزاربوون لەم حەشاماتە دەستی پێکردووە، بەڵام تاکو ئێستا، بە پێی یاسا هەموو مافێک کە بۆ سوێدییەک قایلن، بۆ بێگانەیەکیش هەروایە، لەو پرۆسانەی کە سەختکراون:
1- وەرگرتنی مافی ڕۆنیشتنە لە سوێد.
2- مافی هێنانی خێزانە لە وڵاتێکی ترەوە بۆ سوێد.
3- پرۆسەی وەرگرتنی ڕەگەزنامەی سوێدی، گرێدراوە بە هەبوونی کار کە مرۆڤەکە بتوانێت خۆی بەخێو بکات، زانینی زمانی سوێدی کە مرۆڤەکە بتوانێت، کاروباری خۆی بێ پشتیوانی وەرگێڕ جێبەجێ بکات، ئەوەندە زمانەکە فێربووبێت، کە ئەگەر کارێکیان پێسپارد، لە ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی ئەو کارە تێبگات.
4- لە سوێد قۆناغیکی سەرەتایی فێربوونی زمانی سوێدی هەیە کە پێی دەوترێت (سوێدی بۆ بێگانەکان)، وشەکە درێژترە ئەگەر وەک خۆی وەریبگێڕم، بەڵام لەناو بێگانەکاندا بەمجۆرە ناسراوە، دەنا خۆی ئاوایە، سوێدی بۆ هاتووەکان بۆناو سوێد Svenska För Invandrare ئەوە وەرگێڕڕانی وشە بە وشەیە، کە بۆ وەرگێڕان ١٠٠٪ دروست نییە، مەگەر لە تێکستە فاکتاییەکاندا نەبێت، وەک وەرگێڕڕان لای پزیشک، لە دادگا، لای پۆلیس و... هتد. ئەوەی من دەینووسم دەچێتە قاڵبی ئەدەبیاتی ڕۆژانەوە، بۆیە دەبێت بیرەکە بکەمە کوردی، بیکوردێنم بێ شێواندن، نموونەیەک بۆ ئەمە: لە قوتابخانە و فەرمانگە و شوێنە گشتییەکاندا زۆر جاران برۆشیور و تێکستی ئاگادارکردنەوە و شتی گرنگ وەردەگێڕنە سەر زمانە جوداکانی ناو سوێد، من زۆر جاران کە ئەو نامیلکە و ڕێکلام و تێکستانە دەخوێنمەوە بە زمانی دایکی خۆم کە کوردییە، دەبینم زمانێکی کوردی زۆر شێواو بەکاربراوە کە هەندێ جار ماناکە پێچەوانە دەکاتەوە، ئەوە هەر نموونەیەک بوو لە سەر پرۆسەی وەرگێڕان لە زمانی سوێدییەوە بۆ زمانی شیرینی کوردی.
5- ئەو خەڵکانەی کە ئێمە دەیانبینین لە سوێد، بێجگە لە سوێدییەکان بەجل و بەرگ و ڕەفتاردا دەتوانی بیانناسیتەوە کە سەر بە کام کۆمەڵگان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ژنانی موسڵمان، کە بەپێی لێکدانەوەی چوار ئیمامەکەی سوونە و دوازدە ئیمامەکەی شیعە، کە باوەڕ و خوداپەرستیان لە لەچکی سەری ژناندا کۆکردۆتەوە، ناسینەوەیان سانایە، ئەگەر چی لە ناوقەد بەرەو خواریان، زۆرجاران، جیاوازییان لەگەڵ سوێدییەکان نییە لە جلوبەرگدا لە تەسکی و تەنگیدا، پیاوی موسڵمان دەبینی لەگەڵ ژنێکی لەچک بەسەر، بە فانیلەی عەلاگە و شۆرتی هاوینەوە، چ باکی بە ڕووتی لەشی خۆی نییە، بەڵام ئەگەر بای وەشت، تۆزقاڵێ لەچکی ژنەکەی لابدا و دووتاڵ مووی قژی وەدەرخست، ناوچەوان گرژ دەکات و ئەگەر بواری پێوتن نەبێت، ئەوا بە مۆڕە ژنەکەی تێدەگەێنێ، کە: لەچکەکەت خاسکە کچێ!!!... ئیتر ئاوایە، ئاینی موسڵمانەتی ئاینی پیاوە زرتە بۆرەکانە و ئەوان بڕیاردەرن و ئەوان ڕاستدەکەن و ئەوان و ئەوان و ئەوان...( لە داهاتوویەکی کورتدا لە وتاری: دەنگی گۆڕستان) دا وردتری دەکەمەوە...
6- ئێمە هاتووەکان بۆ ناو سوێد بە شێوەیەکی گشتی نەمان توانییوە، یا نەمان ویستووە، یا پێمان ئەغز بووە، یا مەرمان وابووە، یا بەهەڵە تێگەێنراوین، بۆیە خزمەتێکی وامان بە سوێد نەکردووە شایانی گووتن بێت، نموونە دێنمەوە بەهەردوو بارەکەدا.
7- زمانی سوێدی: زۆرجاران و لە زۆر کەسی بێگانەم بیستووە، کە زمانی سوێدی زمانێکی بچووک و بێبایەخە و لە سوێد چوویتە دەرەوە، ئێدی کەڵکی نییە!!! ئەم برادەرە ئەم قسانە بە زمانێک دەکات کە لە دایکییەوە فیریبووە و کاتێک لە نیشتمانەکەی خۆی کۆچی کردووە، هەر لەگەڵ خۆی ئەم زمانەی هێناوە، تاکو ئێستاش قسەی پێدەکات، بیری پێدەکاتەوە، پێی دەنووسێ، ئەگەر پەیڤێک بەو زمانی دایکییە ببیستێت لێی تێدەگات وەڵامی بۆی هەیە، گۆرانی پێدەچڕێ، جوێنی پێدەدات، تەلەفۆنی پێدەکات، هاواری پێدەکات، ئازارەکانی خۆی باس دەکات بەو زمانە، لە خوا دەپاڕێتەوە بەو زمانە، خەون دەبینێت بەو زمانە، عاشق دەبێت بەو زمانە، واتە لەوەتەی نیشتمانی خۆی جێهێشتووە بەو زمانە دەژی ئەگەر کەسێکیش پێی بڵیت ئەو زمانە بچووکە چییە قسەی پێدەکەی، ڕەنگە ئاگر بگرێت و لە ماوەیەکی کورتدا دەیان هۆنراوە، ستران، پەندی پێشینیان، قسەی نەستەق، مەتەڵ، یاری، باسی سروشتی گوندەکەیان، پیاوە!!! ناودارەکانیان، شۆڕشەکانیان، کارەساتە نەتەوەییەکانییان و.... لە دەیان و سەدان بواری ژین و ژیاردا نموونە دێنێتەوە. کەچی بە زمانی سوێدی دەڵیت بچووک و بێبایەخ، کە لە حاڵیکدا سوێدییەک دەتوانێ بەو زمانەی لای ئەو مرۆڤە بێگانەیە بچووک و بیبایەخە بارتەقای ئەو قسەوباسانەی ئەو مرۆڤە بێگانەیە بە زمانی دایکی خۆی کردی، ئەمیش بیکات و زۆر زیاتر باسگەلی تریشی بخاتە سەر کە ئەو مرۆڤە بێگانەیە ڕەنگە هەر نەشی بیستبێ. ئەگەر وای دابنێین زمانی سوێدی پەنجەرەیەکی بچووکە، بەڵام کراوەتەوە لەسەر دیمەنی شارستانەتێکی زۆر گەورە بەسەر کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا و هەموو جیهانیشدا، لەو پەنجەرە بچووکەوە مرۆڤ دەتوانێ خۆی دروستبکاتەوە و لە زۆر نهێنی سەرسووڕهێنەری ئەم گەردوونە مەزنە تێبگات، چوونکە زمان زیندووترین ئامێری بەهەستە کە هەموو ژیانی جەستەیی و دەروونی ئێمە ڕیکدەخات، ئێمە بەشێکین جوودا نەبۆوە لە زمان و زمانیش بەشە هەرە گرنگەکەی بوونی ئێمەیە، سەرسوڕهێنەرێکە تا تێیدا ڕۆ بچیت، بەهێزتر دەبیت بە تایبەت لە ڕووی دەروونییەوە، بڕوابوونت بە هێزی داهێنانی خۆت دەفڕینێ بۆ لووتکە گەلێک کە لەوبەر هەر پێدا هەڵگەڕانیت بۆ ئەستەم بووە. هەموو داهێنانەکان سەرەتاکەی بیرکردنەوە بووە بە زمانێک، پاشان گفتوگۆ بووە دەربارەی بەزمانێک، پاشان نووسینەوەی بووە بە زمانێک، پاشان بەرجستەکردن و بەرهەمهێنانی بووە بە زمانێک. بۆیە دەبێت ئەوە بزانین کە زمانی بچووک و گەورەمان نییە، بەڵکە بیرکردنەوەی تەنگ و بیرکردنەوەی فراوانمان هەیە، بیرکردنەوەکان خۆیان خوڵقێنەری ئەو زمانە دەبن کە پێویستیان پێیانە لە سەر بنەمای ئەو پەیڤ و وشانەوە کە لە دەمی دایکمان بیستوومانە و پێی گەورە بووین. لەو پەنجەرە بچووکەی زمانی سوێدییەوە، کە هەر گریمانەی خۆمانە کە وتمان وای دابنێین کە زمانی سوێدی پەنجەرەیەکی بچووکە، بڕوانە سنووری نەبڕاوەی زانستەکان، کۆمەڵایەتییەکان، گفتوگۆ و پەیڤ و وتراوەکان کە نە لە ژمارە دێن و نە تەواو دەبن، لە هۆنراوەی سۆفییەکانیشدا هاتووە کە: " پەیڤ لە گۆشت گیرا"، واتە سەرەتا قسە بوو کە بووە گۆشت و ئێسک، واتە پەیڤ بووە مرۆڤ. ئەوەش بایەخی وشە، جا بەکوردییەکی شیرین بێت، یا بە ئنگلیزی و سوێدییەکی شیرین، هەمان پەیڤی یەکەمینە کە بۆتە گۆشت و ئێسک و خەریکی خوڵقاندنە، یا دۆزینەوە و کەشف و تێگەیشتنە.
ئەوەی کە ئێمە خزمەتێکمان بەم وڵاتە نەکردووە، قسەیەکی گشتی منە، لە بەراوردە مەزنەکەدا، بێگوومان تاکو تەرا، ئەو کەسانەی کە فراوانتر لەوەی کە ئەمان بێگانەن، خزمەتیان بەم وڵات و هاومرۆڤەسوێدیانەی خۆیان کردووە و چوونەتە ناو بوارە جوداکانی ژیانی ڕۆژانەی سوێدییەکانەوە، کە زیاتر بوارەکانی خزمەتگوزارییە، واتە ئەو خزمەتگوزاریانەی کە کەمتر پێویستیان بە خوێندی زۆر و لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەی زانستیانە هەبووە، ئەمەش پیویستە، بەڵام چوونکە بوارەکە واڵایە بۆ هەموو کەسێک کە بەیاسایی لە سوێد دەژی، دەبوو بیگانەکان، سوودی فراوانتریان لەم دەرفەتانە بدیتبایە و زیاتریان بخوێندبایە.
دەشێ نەوەی دوەم و سێەمی بێگانەکان زیاتر لە گرنگی زانست و هاوبەشبوون لە پێشخستنیدا تێبگەن و زیاتریش بچنە ناو کۆڕ و دەسەتە زانستییەکانەوە، ئەگەر سەریان لێنەشێوێت و کتێبە کۆنەکانی لێکدانەوە ئاینییەکان بەرۆکیان بەربدات و فراوانتر لە پەیوەندی یەزدانی نێوان خۆیان و یەزدانی خۆیان تێبگەن، بە وردبوونەوە، نەک بە گوێگرتن بۆ بەسەرهاتی کۆنینە و سەردەم بەسەرچووی سەدان ساڵەی سەر زاری مەلاکان. مرۆڤ دەتوانێ بە بۆنەی ژیانێکی یاسایی دروستەوە، باشتر و زیاتر خزمەت هەم بە نیشتمانی دووری خۆیی و نیشتمانی دووەمی خۆی بکات، ئەمە سەلمێنراوە و بەرهەمی گەلێک جوان و قەشەنگی داوە بەدەستەوە... .
• لە پەراوێزی ئەم وتارەدا(ئەوان هەر شایان بە پەراوێزن)
لەم پەراوێزەدا دەمەوێت، سەرەخۆشی لە نەتەوەکەم بکەم، بە بۆنەی یادی شازدەی ئابەوە، کە پێموایە دامەزراندنەکەی لە سەرەتایەکی زۆر زوویەوە لە هەناوی خواستی ئازادییەوە بووە لای نەتەوەکە، بەڵام درێژە پیدانی و ئەو تاقمەی بەهی خۆیانی دەزانن و ئێستا شانازیی و لووتبەرزی بە نەتەوەکە دەفرۆشنەوە کە گوایە ئەوە ئەوانبوون ئەم ڕووداوە گرنگەیان خوڵقاندووە، لەم ڕۆژە ڕەشەدا سەرەخۆشی خۆم پێشکەش بە نەتەوەکەم دەکەم، چوونکە ئەم تاقمە، بەدەر لە ویست و خواستی دوژمنی داگیرکەر، کە باسەکەی من ئەوان نین، بوونە هۆی بناغەیی بۆ هەموو نەهامەتی و حەسرەت و کارەساتە نەتەوەییەکانی تری دوای ئەم دامەزراندنە
هەر لە:
• کوونە ماسی.
• ڕایات.
• قڵێشانەوەکانی سلێمانی.
• دووبەرەکی و سەدبەرەکی نەبڕاوەی ناو کۆمەڵگای کورد.
• داهێنانی پیشەی جاشایەتی.
• شکاندنی ڕچەی کورد کوشتن و حەڵالکردنی کوشتنی کورد بەدەستی کورد و دانەوەی تەرمەکەیان بە دوژمنانی داگیرکەر، وەک لە کارەساتە نەتەوەیەکەی کاک سڵیمانی موعینیدا بەرجەستەیان کرد.
• بوونە کەواسووری بەر لەشکری داگیرکەران بۆسەر دڵی نەتەوەکە.
• ئاشبەتاڵ و بردنی پارەی شۆڕشی خەڵک.
• کوشتنی ئازادیخوازانی دەڤەرەداگیرکراوەکانی تر، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتیان و باکووریان.
• زەمینە سازان بۆ ئەنفال، هەڵەبجە و قڕکردنی ئێزیدییەکان.
• دوای پازدە ڕۆژ لە شازدەی ئاب، خوڵقاندنی کارەساتی نەتەوەیی سی و یەکی ئاب.
• بۆردوومانکردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
• داخستنی دەرگای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی مانگرتنییەوە بۆ بەردەوامبوونی وەک سەرۆکی هەرێم بۆ دوو ساڵی دی.
• چەندین جار پەلاماردانی سپای ڕزگاری کوردستان، لە قەندیل و قەتڵعامی هەڤاڵانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان.
• ویستی گرتنی بە زیندوویی گریلای سەربەرزی ئازادیی(بێریتان) بۆ ڕادەستکردنی بە دوژمنی دێرینەی فاشستی توورک.
• جوانەمەرگکردنی سەردەشت، سۆران و ویدادی ئازادیخوازانی کوردستانپەروەر.
• بەهانە گرتن بە ئازادیخوازی کوردستانی شێروان شیروانی و ساڵ لە دوای ساڵ نوێکردنەوەی بەندکردنەکەی.
• تێکدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵات و گرتنەوەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بە قۆنتەرات بۆ سپای فاشستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران...
ئەمانە و دەیان و سەدان تاوانی دژ بەنەتەوەکە لەلایەن تاقمی (شازدە و سی و یەکی ئاب)ەوە، مایەی سەرەخۆشی لە نەتەوەکەمانە. دادگای گەل دادەمەزرێت، ویژدانی نەتەوەکە، دەبێتە دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە لە تاوانە نەتەوەییەکان و مافی نەتەوەکە لەو تاقمە بە مرد و زیندوویانەوە دەستێنرێتەوە و مافی ڕاستەقینەی خۆشیان پێدەدرێتەوە، نەتەوەکەمان زیندووە، خۆی خاوەنی ڕاستەقینەی خۆیەتی... من هەژدە تاوانی نەتەوەیی تاقمی ١٦/٣١ ی ئابم ژماردووە، ئێوەش تۆمارەکە لای خۆتانەوە تەواو بکەن، تا پێکڕا لە دادگای گەلدا شایەتی لەسەر ئەنجامدانی تاوانەکان بدەین، لە لایەن تاقمەکەی ١٦/ ٣١ی ئابەوە...
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























