<

پەتای کورسی دەسەڵات

26/08/2025, 8:25 (GMT+1)
سەدام، ئەحمەد حەسەن بەکری سەرکۆماری لابرد و خۆی لە سەرکورسیەکەی دانیشت.
مەلیک حسێنی ئوردن، بە بیانووی پیربوون و تێکچوونی دەروونیی باوکی، خۆی لە سەر کورسیەکەی دانیشت و باوکی هەرەتەی ئیستەنبول کرد.
سوڵتان و خەلیفەکانی ئۆسمانلی، باوک، کوڕ، برا و تەنانەت ساوای ناو بێشکەشیان لێ دەکوشتن و خۆیان بێ ڕکابەر لە سەر کورسی خەلافەتی بابولعالی دادەنیشتن.
نمونەی شەڕە کورسی دەسەڵات لە ژمار نایەن، ئێستاش ئەو بەلگانە شاراوەن کە ئیدریس بارزانی بە چی لە ناوچوو!
با بێینە گژ ئێستای مەملەکەتەکەی لە مەڕ خۆمان، دوێنێ بەیانی شەڕی دوو ئامۆزاکەی دەباشان و لالەزار نمونەیەکی خۆماڵی شەڕە کورسی بوو، ئاخر ئەو کورسییە پەتایەکی کوشندەیە، تووشی هەر مێشک و دڵێک بێت، ئەنجامەکەی ئاشکرایە.
هێشتاش ماوە، دوای کورسیە لەرزۆکەکەی زۆنی سەوز، نۆرەی کورسیە شڕە هەڵخەڵەتێنەکەی زۆنی زەردیش چاوەڕوانکراوە، ئەگەر ئەوەی سلێمانی هەر ئەوەندە بێت کە بینیمان، ئەوا هی هەولێر کە بقەومێت، کارەساتبارە، ئەو دوو ئامۆزایەی هەولێر دەمێکە سێرەیان لە کورسی پیرەپیاوەکەیان گرتووە.
ئەحزابی کوردایەتی لە هەرێمی کوردستان دوای نەمانی کەسی یەکەمیان، شەڕی میراتی کورسی، برا و برا، ئامۆزا و ئامۆزا دەکات بە دوژمن.
حزبی کوردی لێرە پاوانی باوک ومامە بۆ کوڕ و برازاکان، ئاخر برازاش باوکی بە خاوەن مافی کورسی دەبینێت کە لێی زەوتکراوە.
هەرێمی کوردستان چارەنووسێکی نادیاری تراژیدی هەیە بە دەست ئەو دوو بنەماڵە خۆسەپێن و دەسەڵات زەوتکەرە.
ئەوەی دەمێنێتەوە، خەڵکی کوردستانە، نیوەی بێدەنگ و کڵاوی خۆی گرتووە و بێ هەڵوێست و بە نووزە و بۆڵەبۆڵە، نزیکەی نیوەکەی دیکەشی ئێسک و بەرماوەخۆر و مێشک ئیفلیجە.
هەموو دەسەڵاتێکی زۆردار ڕۆژانە خۆی گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێت، بە دڵنیاییشەوە چارەنووسی ڕمان و زبڵدانی مێژوو دەبێت، جا فاکتەری دەرەکی هۆکاربێت یان نێوخۆیی، کە گۆڕەکەی تەواو بوو تەنیا پاڵێکی گەرەکە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان