ئەمریکا و بەریتانیا لە هاوپەیمانی سکۆلاریەوە بۆ تیرۆریستی
07/09/2025, 20:13 (GMT+1)

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئامادەبوونی ئەمریکا و بەریتانیا لە سوریا بە دروشمی بەرەنگاربوونەوەی داعش و دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە دەستیپێکرد. لە درێژەی ڕێگادا هێزەکانی سوریای دیموکرات و فەرماندە دیارەکەیان ژێنەڕاڵ مەزلوم کۆبانی وەک هاوپەیمانی سەرەکی رۆژاوا لە شەڕی دژی داعش ناسێنران. ئەم هاوکارییە کە لەسەر بنەمای بەها سکۆلارەکان و ڕێزگرتن لە هەمەجۆریی نەتەوەیی و ئایینی بوو، نەک هەر بووە هۆی شکستی داعش لە بەشێکی زۆری رۆژاوای کوردستان بەڵکو متمانەی ئەمریکا و بەریتانیای وەک بەرگریکارانی دیموکراسی لە ناوچەکەدا بەهێزتر کرد. بەڵام بڕیاری ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەحمەد ئەلجولانی، سەرۆکی پێشووی بەرەی نوسرە و فەرماندەی ئێستای حەیات تەحریر شام (HTS)، پرسیاری جددی لەبارەی سەقامگیری ستراتیژی و پابەندبوونی بەهای ئەو دوو زلهێزە وروژاندووە.
ژەنەڕاڵ مەزلوم کۆبانی: هاوپەیمانێکی دیموکراسی و سکۆلار لە ساڵانی شەڕی داعش کەسایەتییەکی متمانەپێکراو بوو لە رۆژاوا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. سەرکردایەتییەکەی لە (SDF) نیشانیدا کە دەتوانرێت لەسەر بنەمای سکۆلارەیت و پێکەوەژیانی ئایینی و یەکسانی ناوچە ئازادکراوەکان بەڕێوەبچێت. ئەم ئەزموونە دەکرا مۆدێلێک بێت بۆ داهاتووی سوریا، بەڵام پشتیوانی رۆژاوا بۆی لە کایەی سیاسیدا هەرگیز فراوان نەبووە تا ڕادەی پاڵپشتی سەربازییەکەی.
ئەحمەد جولانی بە مێژوویەکی سەرکردایەتیکردنی یەکێک لە لقەکانی قاعیدە، ساڵانێک لە لیستی تیرۆریستە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکادا بوو. بەڵام گۆڕینی ناوی گروپەکەی بۆ HTS و هەوڵدانی بۆ پێشکەشکردنی وێنەیەکی "پراگماتیک" و "ناجیهادی" رێگەی خۆشکرد بۆ پەیوەندی سنووردار لەگەڵ هەندێک لە ئەکتەرە بیانییەکان. لە گفتوگۆی تایبەتدالە مانگی دیسامبری ٢٠٢٤ ئەمریکا ١٠ ملیۆن دۆلاری کە خستبوویە سەر سەری جولانی لایبرد ئەم هەنگاوە سەرەڕای تۆمارە خوێناوییەکەی جۆلانی وەک هەوڵێک بۆ بە ناوی تاقیکردنەوەی ڕۆڵی لە فەرماندەیەکی جیهادییەوە بۆ ئەکتەرێکی سیاسی ناوخۆیی گۆری . لە هەمانکاتدا جۆلانی وەک خاڵێکی هێرشبەر لە دژی دیمەشق و مۆسکۆ بکارهات، بەلام هێرشەکانی بۆ سەر عەلەوییەکان و دروزەکان دەریخست کە گۆڕانکارییە گوماناوییەکەی جولانئی رەگ و ریشەی لە واقیعدا نییە. گەڕانەوە بۆ توندوتیژی تائیفی نەک هەر هیوایەکی چاکسازی لەناوبرد، نەک تەنیا مەترسییەکی گەورەی ئەمنی و سیاسی بۆ ئەمریکا و بەریتانیا دروستکرد بەلکوو گورزێکی لە متمانە هاوپەیمانە ناوخۆییەکان و بەتایبەتی کورد داوە. ئەم گۆڕانکارییە لە رێبازدا ئەوە دەردەخات کە پەیوەندییەکانی رۆژاوا لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان سروشتێکی گونجاو و کورتخایەنیان هەیە. پەیوەندی ئەمریکا و بەریتانیا لەگەڵ جۆلانی لە کاتێکدا هاوپەیمانێکی دیموکراسی وەک ژەنەڕاڵ مەزلوم کۆبانی لە تەنیشتیان ئامادە بوو، نموونەیەکی ڕوونە بۆ ململانێی دروشمی بەها و ڕەفتاری زلهێزەکانی رۆژاوا . هەرچەندە ئەمە رەنگە ئامرازێک بێت بۆ گوشاری سیاسی لەسەر دیمەشق و لاوازکردنی نفوزی رووسیا لە کورتخایەندا، بەڵام لە درێژخایەندا مەترسی لەدەستدانی متمانە یا کەمبوونەوەی متمانەی هاوپەیمانان و بەهێزکردنی گێڕانەوەی رکابەرەکانی ناوچەکەی (مسکۆ) لەسەرە.
بۆ هێزە کوردییەکان و گرووپە خۆجێیەکانی دیکە، ئەم رووداوە هۆشدارییەکە کە سیاسەتی مانەوە نابێ پشت بە رۆژاوا بەستن. لە روانگەی هێزە ناوخۆییەکانەوە، رۆژاوا ئامادەیە تەنانەت هاوپەیمانێکی دیموکراسی و سکۆلار پشتگوێ بخات و لەبری ئەوە لەگەڵ سەرکردەیەکی پێشووی تیرۆریستیدا بچێتە ناو رێککەوتنێکەوە ئەگەر ئەمە سوودی جیۆپۆلەتیکی کورتخایەنی بۆ بهێنێت. ئەم دۆخە وا لە هاوپەیمانان دەکات ئەمریکا و بەریتانیا نەک وەک پاڵپشتی هەمیشەیی، بەڵکو وەک ئەکتەرێکی سیاسی دەم دەمی ببینن. ئەم ئەزموونە ئەوە نیشان دەدات کە پشت بەستن بە تەنیا بە پشتیوانی رۆژاوا لە رووی ستراتیژییەوە دەتوانێت مەترسیدار بێت. سەرەڕای رۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە تێکشکاندنی داعش، ئێستا هێزە کوردییەکان رووبەڕووی واقیعێک دەبنەوە کە تێیدا بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی زلهێزە جیهانییەکان دەتوانن بەسەر پابەندبوونە ئەخلاقی و سیاسییەکانیاندا تێپەڕێنن. بۆیە پێویستە کورد لەسەر بنەمای فرەچەشنی هاوپەیمانان و زیادبوونی توانای سیاسی- سەربازی ناوخۆیی، ستراتیژی خۆی پێناسە بکاتەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























