دادگاکانی هەرێم یان بنەماڵە
07/09/2025, 20:31 (GMT+1)
لە هەرێمی کوردستاندا، نەک هەر هێزی چەکدار، سامان و داهات، پەرلەمان و حکومەت بۆ پاسەوانیی و گیرفان و کورسی بنەماڵە و حزبە، بەڵکو دادگاکانیش لەپێناوی مانەوە و بەردەوامی ڕژێمی بنەماڵەکانە.
تا ئێستا بینیوتانە یان بیستووتانە جارێک، تەنیا بۆ یەک جاریش داواکارێکی گشتی داوا لە سەر پیاوکوژێک، تاڵانچیەک، ناپاکێک لە ئەندامانی بنەماڵە لە دادگا تۆمار بکات، ئەوەش لێگەڕێ، ئایا تەنیا سکاڵایەکیشی لە دژی ئەندامانی بنەماڵە جولاندووە، یان قبوڵکردووە؟.
کەمال ناکەرکوکی لە گێڕانەوەی کارەساتی هەکاری گوتی علی عەسکەری و د خالید و حسێن بابەشێخ، بە بڕیاری دادگا کوشتمانن، کام دادگا!، بێگومان دادگای پارتی و بارزانی، هەر ئەو دادگایەی ئەمڕۆ بە ناوی دادگای هەرێم بەرژەوەندی و خواستەکانی بنەماڵە دەپارێزن.
ئەی بە ناو دادگاکانی هەرێم:
شێروان شێروانی جاسووسە یان هوشیار زێباری؟.
مامۆستا بەدەل دزە یان یان دەزگای ڕوانگە و دەزگای بارزانی؟.
کامیان بێ نامووسیە، شیعر و قەڵەمی سەردەشت عوسمان، یان خاوەن تاپۆی گوندی لوبنانی.
تاوانیان چییە!، ئاخر خۆ شێروانەکان بە سەر پشتی دەبابەی ئێران و عراق و تورکیا نەهاتوون کوردانی ڕۆژهەڵات و باشوور و باکوور ڕەشەکوژ بکەن.
ئاخر خۆ شێروانەکان داڵدەی ئەنفالچیەکانیان نەداوە تا سزایان بدەیت، ڤێللا و سیتی تایبەت و هەزاران دۆنم و مەزرەعەیان پێشکەش بەعسیەکان نەکردووە لە هەولێر.
ڕیسوایی بۆ دادوەرانی دەربار و ڕژێمی بنەماڵەکان.
زۆردارەکان خۆیان گۆڕی خۆیان هەڵدەکەنن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























