<

(پەکەکە) لە دروستبوونییەوە تا بڕیاری چەکدانان (بەشی نۆیەم)

14/09/2025, 10:16 (GMT+1)
تورکیا لە حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا، کەوتبووە نێو قەیرانێکی سیاسیی و ئابووری سەختەوە، ئەو پارتانەی، کە دەهاتن و دەسەڵاتیان دەگرتە دەست، هەرچەندە پەیمانیان دەدا چارەسەری ئەو کێشانە بکەن، بەڵام نەیان توانی هیچ گۆڕانکارییەک بکەن، ئەمە بووە هۆی ئەوەی شیرازەی هەموو شتێک تێکبچێ و پەیوەندیی دەوڵەت بە خەڵکەو تا دەهات دەلاقەی تێدەکەوت، ئاژاوە و پێکدادان دەستی پێکرد، بەتایبەتی چەپی مارکسیستی و سۆسیالیستەکان، کە لە ناو قوتابخانە و زانکۆکاندا ژمارەیان بەرەو هەڵکشان دەچوو، لەلایەکی دیکە راسیستە کەمالییەکان و ئیسلامییەکانیش، چالاکییان دەست پێکردبوو. تا گەیشتە ئەو ئاستەی هەر یەکەیان خۆیان کۆکردبووەوە و بووبوونە گروپ و خۆیان چەکدار دەکرد، رۆژانە بە دەیان کەسیان لە یەکتر دەکوشت. تا گەیشتە ئەو ئاستەی بە هەزاران کەس لەو بەرەنگاربوونەوانەدا دەکوژران. لەلایەکی دیکە هەڵاوسان و قەیرانی ئابوورییش کێشەی زۆری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی لێکەوتەوە، بەشێکی زۆری ئەو کێشانەش باجەکەی کەوتبووە سەر شانی کوردی باکور.

کودەتای سەربازیی 12-9-1980 لە تورکیا

لە رۆژی (12-9-1980) کەنان ئێڤرێن، کە فەرماندەی هێزی زەویی و دەریایی و ئاسمانی و هەروەها سەرۆکی ژەندرمەکانی تورکیا بوو، کۆدەتایەکی سەربازیی لە وڵاتدا راگەیاند، هێزی سوپا کۆنترۆڵی تەواویی وڵاتی ڕاگەیاند، هاتوچۆ لە تەواویی تورکیا قەدەغەکرا، یاسای سەربازیی لە بری یاسای مەدەنی راگەیاندرا و پەرلەمان و پارتە سیاسییەکانی هەڵوەشاندەوە. دەستبەجێ سەرۆکوەزیران (سولەیمان دەمیرێل) و سەرکردەکانی پارتەکان هەموویان دەستگیر کران، لەگەڵیدا ئەنجوومەنی سەربازی دەستوورێکی نوێی دانا، بەمە دامەزراوە دیموکراسییەکان تێکڕا ڕاگیران، دەسەڵاتی سوپا بووە دامەزراوەیەکی پارێزەر لە سیستەمی سیکولار و کۆماریی. 
سەرەنجامی ئەم کۆدەتایە بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە 650.000 کەس بەرەو زیندانەکان بەڕێکران، فەرمانی گرتنی زیاتر لە 210.000 کەس دەرچوو، لەو گێراوانە 230.000 کەسیان، بەرەو رووی دادگای سەربازیی کرانەوە. دەیان هەزار کەسیش لە بەندیخانەکاندا بە خراپترین و دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجە دران، (بەتایبەتی لە بەندیخانەی دیاربەکر)، کە زۆربەی زیندانییەکان کورد بوون. هەر لە یەکەم هەفتەی کودەتاکەدا نزیکەی 50 کەس بە پێی دادگای سەربازیی لە سێدارە دران. (لەنێوانیاندا چەپەکان و قوتابیان). لە ماوەی دەسەڵاتی یاسای سەربازییدا زیاتر لە (517) کەسی دیکە فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو. هەروەها زیاتر لە 171 کەس لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەداندا گیانیان لەدەست دا. هەزاران ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار دوورخرانەوە، یان ڕایانکردە دەرەوەی وڵات. ژمارەی هەموو ئەوانە گەیشتە (30.000) کەس و دەیان هەزار کەسیش لە مافە مەدەنییەکان بێبەش کران هەروەها 30.000 فەرمانبەر لە کارەکانیان دوورخرانەوە.
کودەتاچییەکان بەمەوە نەوەستان، بەڵکو هەرچی ڕۆژنامە و کتێب و گۆڤارێک، کە دەردەچوون، لەگەڵ دەزگای راگەیاندنەکاندا، هەموویان خرانە ژێر سانسووری توندی سەربازییەوە. هەرچی ڕێکخراوی مەدەنیی و سەندیکا هەبوو بە فەرمانی سەربازیانە داخران، بە شێوەیەک ئیتر ئازادیی تاکەکەسی و کاری رێکخراوەیی سیاسیی بوونیان نەما. دەسەڵاتی سەربازیی بە درێژایی ساڵانی هەشتاکان لەسەر ئەمە مایەوە و بەردەوام بوو، هەرچەندە پاش سێ ساڵ و لە ساڵی 1983 دیسان دەسەڵاتی مەدەنی گەڕایەوە، (تورگوت ئۆزال) حکومەتی مەدەنی دروست کرد، بەڵام هێشتا دەسەڵاتی سەربازی کاریگەری بەسەر هەموو دامەزراوە و دەزگاکانەوە مابوو.
تەواوی ساڵەکانی هەشتای سەدەی رابردوو، کە کودەتای ساڵی 1980 تێدا رووی دا، لە مێژووی نوێی تورکیا بە گەورەترین و خوێناویترین کودەتا چووە ناو مێژووی هاوچەرخی تورکیاوە. ئەم کودەتایە بۆ گەلی کورد، بووە کارەساتێک جارێکی دی لەو بەشەدا ژینۆسایدی کورد دەستیپێکردەوە. زمانی کوردی لە شوێنە گشتیەکاندا قەدەغە کرا. هەزاران کورد دەستگیر کران و دەستدرێژیی دەکرایە سەریان و لە بەندیخانەی دیاربەکردا بە کۆمەڵ ئەشکەنجە دەدران،. سیاسەتی ئەم سەربازە کودەتاچییانە وای کرد، کە بەردەوام ژمارەیەکی زۆر لە ساڵانی دوای 1984 بەرەوە دوا رابکەن و پەیوەندیی بە پارتیی کرێکارانی کوردستانەوە بکەن.
زیندانی دیاربەکر، کە لە بەڵگەنامە و زمانی شایەتحاڵەکاندا بە "زیندانی ژمارە 5" ناودەبرێت، بە تورکی: (No:5:Diyarbakır Cezaevi). دوای کودەتاکە بوو بە بەناوبانگترین زیندانی تورکیا. لەو رۆژەوە بە ترسناکترین زیندان لە مێژووی تورکیا ناسرا، بە تایبەتی ساڵی ٢٠٠٨ کە گۆڤاری Time ئەو زیندانەی لە نێو "دە زیندانە بەناوبانگەکانی جیهاندا" خستە ڕیزبەندی ژمارە (4)ەوە و بە خراپترین و ترسناکترین زیندانەکانی جیهان ناوی هێنا.

زیندانی دیاربەکر ژمارە (5) لە چییەوە هاتووە؟!

زیندانەکانی تورکیا لە بری ناو، سیستەمی بە ژمارەیان هەیە بەتایبەتی زیندانە سەربازییەکان.دوای کودەتاکە لە پارێزگاکانی تورکیا چەندین زیندانی سەربازی دامەزرێنرا، ئەوەی پێشتریش، کە هەبوون بە پێی ئەو سیستەمە سەربازییە هەموویان ناوەکۆنەکانیان گۆڕدران و کرانە ژمارە. لە دیاربەکر زیندانی ژمارە 5 تایبەت بوو زیندانە سیاسییەکان، زۆربەی زیندانییەکانیش کورد بوون لەوانە: (چالاکوانی سیاسی، خوێندکار، ڕۆشنبیر، تەنانەت هاوڵاتی ئاسایی). لەو زیندانەدا سیستەماتیک ئەشکەنجەی دڕندانەی زیندانییە کوردەکان دەدرا، وەک: قەدەغەکردنی زمانی کوردی (ئەوەی بە کوردی قسەی بکردایە گەورەترین تا رادەی کوشتن و دەستدرێژی سێکسی سزا دەدران). هەروەها لە سیدارەدانی مەیدانی و پێشێلکاری رەفتاری نامرۆڤانەی ترسناک، کە ڕێکخراوە مرۆییە جیهانییەکان وەک "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" باسی دەکەن. سزادانی کورد لەم زیندانەدا، بووە هێمای ترس و تێکشکانی کەسایەتیی، تێکچوونی باری دەروونیی و جەستەیی، زۆربەی ئەوانەی دەبرانە ناو ئەو زیندانەوە، وەک لە زمانی هەندێک لەوانەی دوایی ئازادکرابوون، ئەو زیندانەیان بە "دۆزەخە زیندووەکە" ناو دەبرد. هەروەها بۆ کورد، ئەم زیندانە وەک خاڵی وەرچەرخانیش ناوی هێننرا، کە بووە هۆی تووڕەیی خەڵکیی و ئەمەش وای کرد، دەنگی ناڕازیی بەرزبێتەوە، سەرەنجامەکەی کاریگەریی کردە سەر بزووتنەوەی بەرگریی کوردیی، بەتایبەتی لەگەڵ دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستاندا، زۆر لە کورد و چەپە تورکەکان لە ترسی ئەو زیندانە پەیوەندییان پێوە دەکردن.

گرنگترین شێوازەکانی ئەشکەنجەدان لە زیندانی دیاربەکر ژمارە 5

1. بەشێک لە ئەشکەنجەدانی جەستەیی، کە لە زۆربەی زیندانەکانی دنیادا کاری لەسەر دەکرێت و ئاشکرایە، وەک لێدانی توند بە دار، کێبڵ، لوولە و قۆناغە تفەنگ.شۆکی کارەبا، هەروەها تێبڕینی جگەرەی داگیرساو لە کۆمی زیندانییەکان، هەموو ئەمانە رۆژانە لە زیندانی ژمارە 5ی دیاربەکردا بەرامبەر بە زیندانییە کوردەکان دەکرا، تەنانەت تورکەکان داهێنانی دیکەیان لە شێوەی ئازارداندا کردبوو، لەوانە:
 لە ژێر چاودێری پزیشکی زیندانەکەدا دار و گۆچانیان لە کۆمی زیندانییە کوردەکان دەبڕی، دوایی بە رووتی فەرمانیان پێدەکردن کە هەستنە سەر پێ و بڕۆن، ئینجا بە پێکەنینەوە دەیان وت: ئێوەی کورد ئاژەڵن و کلکتان هەیە، ئێوە مرۆڤ نیین.
 بەشێکی تریش بریتیی بوو لە هەڵواسینی زیندانییەکان بە دەست یان بە قاچ, بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەیانهێشتنەوە، تا بە دەم ئازارەوە بناڵێننن، یان بە پێوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەیانوەستاندن، ئەگەر جووڵەیان بکردایە و نەیانتوانیانە هێندەیان لێ دەدان و دەیانکوشتن.. جگە لەمانە سەری زیندانییەکانیان دەخستە ناو پیساییەوە تا هەناسەیان لێدەبڕا و دەخنکاند.
بۆ سوکایەتیی، زیندانییە کوردەکانیان ناچار دەکرد، کە سروودی نیشتیمانی تورکی بڵێن و ستایشی سوپا و ئەتاتورک بکەن. زۆر کاتیش رووتیان دەکردنەوە و بە زۆرە ملێی دەستدرێژیی سێکسییان دەکردە سەریان، لەگەڵیدا جنێویان بە کورد و بە ئاین و بە عەلەویی و ئەوانی دیکە دەدا، زۆر جار نەیاندەهێشت زیندانییەکان بۆ چەند ڕۆژ خەو بچێتە چاویان، تا ئەو کاتەی ئاگایان لە خۆیان نەدەما و بێهۆش دەبوون. لەو زیندانەدا زۆربەیان ئاو و خواردنیان پێ نەدەدان، دوایی دەچوون خواردنی بۆگەن و پیسیان پێدەدان، لەو نمونانە لە بری ئاو میزیان پێدەدان، یان دەیانهێنان بە زۆر پیساییان پێدەکردن، ناچاریان دەکردن پیسایی یەکتر بخۆن.
زۆربەی ئەو کردارانەی بەرامبەر زیندانییەکان کراوە، لەلایەن نیگارکێشێکەوە نەخشێنراوە، ئەو وێنانە بەکاری هونەریی (زیلفەقار) ناسراوە، دەتوانن لەم لینکەی خوارەوە هەمووی ببینن:
ئیسات ئۆکتای یڵدیران (Esat Oktay Yıldıran) بەرپرس و بەڕێوەبەری زیندانی ژمارە 5 بوو. ئەم نامرۆڤە سەگێکی ئاڵمانی هەبوو بە ناوی "جۆ"، بە شێوەیەک ڕایهێنا بوو لە کاتێکدا زیندانییەکان رووت دەکرانەوە، بە ئاماژەیەکی ئەم کابرایە، بەڵاماری ئەندامی نێرینەی دەدا و قەپی پێدا دەکرد، بۆ هیچ زیندانییەک نەبوو، ناڕەزایی دەرببڕێت و کاردانەوەیەکی خراپی بەرامبەر بە سەگەکە هەبێت، یان رێگری بکات لەوەی سەگەکە چی دەکات، بەپێچەوانەوە دەبوو هەموویان ڕێز لە سەگەکە بگرن و دەستی بۆ نەبەن، بە دەم پەلاماری سەگەکەوە، بەرپرسەکە هاواری دەکرد بە سەریاندا، دەیگوت، کورد دەبێت رێز لەم سەگە بگرێت، ئێوە بێڕێزن و سەگ لە کورد بەڕێزترە.
 زۆر کەس لەو کەسایەتییە ناسراوانەی کورد کە لەو سەردەمەدا زیندانیی کراون وەک: گولتان کیشانەک، ئەحمەد تورک، ساکینە جانسز... و خەڵکانی تر. بەتایبەتی ساکینە جانسز، کە دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر و هەردوو مەمکیشیان بڕییەوە. لە یادەوەرییەکانی خۆیدا باسی لێوە کردووە، کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە بۆ خوێندنەوەی یادەوەرییەکان: 
بەرگی یەکەم:

(ئیسات ئۆکتای یڵدیران)ی بەرپرسی زیندانی دیاربەکر ئەوەندە تاوانی گەورەی لە زینداندا ئەنجام دابوو، پاش سێ ساڵ لە کارەکەی گواسترایەوە بۆ ئیستانبووڵ، بۆیە لە ترسی ئەو هەموو تاوانەی کە ئەنجامی دابوو بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە، جوانکاری دەموچاوی کرد، بەڵام ئەمە دادی نەدا و لە رۆژی 22-10-1988 لەکاتێکدا لە ئومرانیەی (ئیستانبووڵ) لەگەڵ ژن و منداڵەکەیدا سواری پاسی گشتی دەبن، دوو کەس دەیناسنەوە، دەچنە ناو باسەکە، بەدەم تەقەکردن و گوللەباران کردنی یەکێکیان هاواری بۆ دەکات و دەڵێت: "لاز کەماڵ سڵاوت لێدەکات" (لاز کەمال ئاماژە بوو، بۆ (کەماڵ پیر)، کە کەسایەتییەکی (پ.ک.ک) بوو، کەمال پیر لە ژێر فەرماندەی یڵدیراندا ئەشکەنجەی زۆر درا، مانی لە خواردن گرت لە برساندا لە زینداندا گیانی لەدەست دا. دوای ئەم رووداوە (پ.ک.ک) بەرپرسیارێتی ئەو کارەی خستە ئەستۆی خۆی.
پاش کوشتنی ئەم تاوانبارە حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند، کە ئیسات ئۆکتای یڵدیران شەهیدە و لە گۆڕستانی شەهیدانی ئەدیرنەکاپیی ئیستانبووڵ نێژرا.

تێبینی:

1- هەندێک لە شێوازی ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان لە زنجیرە تەلەڤیزیۆنی
? Bu Kalp Seni Unutur mu
2- هەروەها لە نووسینی مەهدی زانا بەناونیشانی:
 Hell No. 5. Diary from a Turkish Prison
 لەو کتێبەدا بەشێک لە تاوانەکانی ناو ئەو زیندانە دەگێڕێتەوە.
3- بەڕێزێک لە کۆمێنتی فەیسبوکدا ئەم فلیمەی رێنمایی کردم، کە رێک بەشێک لە هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی تورک لە زیندانەکەدا دەگێڕێتەوە، کەچی بەرامبەر بە زیندانییە کوردەکان دەکرێت:
https://youtu.be/yfrHkXO6x1w

دواقسەی خۆم بۆ ئەم بەشە:

1- لەوەتەی تورکەکان روویان کردۆتە ئەم ناوچەیە و بەشێکی زۆریان لە نیشتیمانی کورد داگیرکردووە، کردوویانە بە خاکی خۆیان، هەر لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیی، تا دەگاتە کۆماریی ئەتاتورک، ئەم تورکانە لاپەڕەیەکی گەشیان نییە، کە بتوانن شانازی بە مرۆڤبوونی خۆیانەوە بکەن، بەتایبەتی بەرامبەر بە کورد، ئەوەی دڕندەیەک بە نێچیری دەکات، ئەمان بە کوردیان کردووە و درێغیان نەکردووە، لەو کاتەشەوە، کە چوونەتە ناو پەیمانی ناتۆوە، دەوڵەتانی هاوپەیمان چاوپۆشیان لەهەموو تاوانەکانیان کردووە، تا ئیستاش بەردەوامی هەیە.
 2- هیچ ولات و نەتەوەیەک نابنە برای یەکتر، لە پڕۆتۆکۆل و گفتوگۆ و پەیوەندییەکانیاندا وشەی (برا و برایەتیی)بەکار ناهێنن. تەنیا بەرژەوەندی هاوبەشە، کە دوو نەتەوە، یان دوو دەوڵەت لە یەکتر نزیک دەکاتەوە، بۆیە ئێمە ناتوانین تورک نەک وەک برا، بەڵکو وەک دۆستیش دابنێین و متمانەیان پێ بکەین، چونکە مێژووەکەیان بەرامبەر بە نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە ئەوەمان پێ ناڵێت، کە تورک جێگای متمانە بێت، پەروەردەی تاک بەتاکی تورک بۆ ئەوە نەکراوە، تا لە واتای ئاشتیی و پێکەوەژیان بگەن، بیانەوێت لەگەڵ دراوسێ و دەوروبەری خۆیاندا بە ئازادی بژین. هەرکەسێکیش پێچەوانەی ئەو راستییە مێژووییە بیربکاتەوە و تورک بە برای خۆی بزانێت، مێژوو لێی خۆش نابێت، چونکە بەردەوام تورک لە نمونەی ئیسات ئۆکتای یڵدران پەروەردە و دروستیان دەکات، کە سەگێک لە کورد بە نرختر دەزانێت و سەگیان خۆشتر دەوێت، نەک کورد، بۆیە کورد نابێت بە قسەی هیچ کەسێک بکات، بڵێت ئێمە پێویستە تورکمان لە خۆمان خۆشتر بوێت.
شێوازی هەلواسین بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ
بۆ بینینی وێنەی زیاتر کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:

 ئەم فلیمەی خوارەوە لەسەر زیندانی ژمارە 5 ببینە:
https://youtu.be/yfrHkXO6x1w
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان