بە نۆرەش بێت ، نۆرەی لای خۆمانە!
15/09/2025, 18:46 (GMT+1)

ئەم بەندەی خوایە بەسروشتی خۆم کەسێکی شەڕانی نیم و لایەنێکی کەمی مرۆڤبوونی منی پێکهێناوە ئەو غەریزە شەڕانیە، بەڵام کاتێ کە ئەبینم شۆڕشی گەلان دژی نادادی سەرهەڵئەدات و گڕوتینی شۆڕشگێڕی پەرەئەسێنێت و خەڵکی بۆ مافەکانی خۆیان دێنە سەرشەقام و ڕقی پیرۆزی پەنگخواردوویان بە جەللادەکانی دەسەڵات ئەڕێژن و سوکایەتیان پێ ئەکەن و کەف و کوڵی چەندین ساڵەی ژیانی ناڕەحەتی خۆیان ئەکەنە شەقێک و لەسەرسنگی ئەو کاربەدەستە گەندەڵانە ئەنەخشێنن کە وایان ئەزانی هەر ئاوا و تا قیامەت و بەبێ لێپرسینەوە دەربازیان ئەبێت و ناکەونە بەر لافاوی ڕق و تۆڵەی هاوڵاتیان وەک ئێستا لە نیپاڵ و پێشتریش لە بەنگلادیش ڕوویدا،
منیش حەزئەکەم بەشێک بم لەو شۆڕشە بە شێوازێکی کوردانە و ڕقی پەنگخواردووی ژیانی زەوتکراو و دەربەدەرکراویم بکەمە تف و بیکەمە ناوچەوانی ئەو کاربەدەستانەی کە ژیانی شاهەنشاهی و هەمیشەیی تەنها بەخۆیان ڕەوائەبینن و منێکی هاوڵاتیش وەک خزمەتکارێکی خۆیان سەیرئەکەن !
منیش حەز ئەکەم مێشکی بۆگەنی ئەو هەرچی و خیانەتکارانە بکەمە تۆپێک و ئیتر گوێ نەدەم بەوەی کە ئەوانە مرۆڤن بەڵکو دڕندەیەکی بێ ویژدانن و هیچ گۆڕانکاریەکی ناوچەکە و وڵاتان بەئاگایان ناهێنێتەوە و وائەزانن ئەو ژیانە پلە باڵایەی هەیانە بە ڕەنجی شانی خۆیان بەدەستهاتووە و قابیلی گۆرانکاڕی نیە!
وەک ئاشکرایە گەنجان و سەرمەشقانی گۆڕانکاری پێشتر لە بەنگلادیش و ئێستاش لە نیپاڵ توانیان ئەو سیستمە حوکمە بکەنە ڕابووردوو کە بوو بووە نەهامەتی ژیانیان .
توانیان بینای پەرلەمان و حکومەتێک کە بەهی خۆیانیان نەئەزانی بسوتێنن ، وە بەشێک لە کاربەدەستە پلەباڵاکانی ئەو وڵاتە فەلاقە بکەن !
ئەی گەنج و هاوڵاتی و خێرلەخۆ نەدیوەکانی لای خۆمان کەی سەری رەش و دەباشان و گرد و زەویەداگیرکراوەکان ئەخەنەوە سەر موڵکی گشتی ؟!
کەی تۆڵەی ساڵانی بەفیڕۆچووی تەمەنی خۆی ئەکاتەوە لەو دەسەڵاتەکەی کە بەس نرخی کالەی پێی کوڕێکیان و سەعاتی دەستی شازادەیەکیان و چاکەتی بەری ئەوی تریان مووچەی چەند ساڵی مووچەخۆرێکە یان داهاتی چەند ساڵی کەسێکە کە بە پانزە هەزار ئیش ئەکات ئەگەر وامان دانا هەموو ڕۆژێکیش کاربکات و نەخۆش و پیریش ڕێگەی لێنەگرێ !؟
کەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا و دانەمەزراوەکان ئەبنە خاوەن کاری خۆیان!؟
کەی ژیان و ماڵێک بۆ خۆیان دروست ئەکەن و گەڕانێک بەو دونیایەدا ئەکەن کە بەرپرسەکان لە جیاتی ئەوان و بە پارەی ئەوان ئەنجامی ئەدەن !؟
کەی هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی تاک ئەگاتە ئەو ڕاددەیەی کە ئیتر نەڵێ ئەوە کێشەی من نیە و بەخوا بەمنیش چارەسەر نابێت !؟
ڕووداوگەلێک لە چەند مانگی داهاتوو و ساڵانی دەهاتوو کە ڕووئەدەن ، ئەگەر نەیانکەین بە داینەمۆی سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی کۆمەڵگە بە فۆڕمێکی وا کە بیانخەینە خزمەتی کۆمەڵگەکەمان ئەوا بۆ ماوەیەکی زۆرتر لەحوکمڕانی ئەمانە ئیتر هەر ئەبێت نەوەی ئەمانە حوکمڕانیمان بکەن و ژیانمان لەمەی هەیە خراپتر ئەبێت .
هۆشیاری تاک گڕوتین بستێنی ، بڕوا بکە جەللاد خۆی بۆ ناگرێ .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























