کۆتایی دیموکراسی و گەرانەوەی لۆ خاڵی سەرەتا
19/09/2025, 19:34 (GMT+1)
هەر لە کۆنەوە حوکمی عەشیرەتگەری باوەڕی بە هێز بووە بۆ یەکلایکردنەوەی بابەتەکان. هەمیشە هەڵگری تۆوی شەڕ و دووبەرەکی بوونە لە مێژووی نەتەوەکەمان. ئەوەندەی هەوڵیانداوە بۆ توندکردنی دەسەڵاتی خۆیان، ئەوەندە ئاگایان لە میللەت و ژێردەستە و خێر لە خۆدا نەدیوەکە نەبووە.
ڕووداوەکانی دوو هەفتەی رابردوو و ٢١ی ئاب ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سادە نەبوون، بەڵکو پێانەسەی ئەوە بوون کە گەراینەوە خاڵی سەرەتا و هیچ باوەڕێکیان بە دیموکراسی نەهێشت. بە هەمان شێوەی ٣١ی ئاب، مێژوو دووبارە بویەوە و وەک هەمیشە خوێنی کورد لەلایەن کوردەوە ڕژا.
یەکێتی نیشتیمانی پێیوایە بە خستنە زیندانی سەرۆکی پێشووی حیزبەکەیان (لاهور جەنگی) و ئۆپۆزیسیۆنی ئێستا، کارێکی گرنگی کردووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کە زۆر نزیکە. لە هەمان کاتدا، زیندانیکردنی سەرۆکی نەوەی نوێ ئاماژەیەکی زۆر مەترسیدارە کە ئەم حیزبانەی دەسەڵات کەسیان قبوڵ نیە کە ڕووبەڕووی ببنەوە و ناتوانن هەزمی هیچ ئایدیایەکی نوێی سیاسی بکەن.
هەموو ئەمانە بە ئاشکرا پێمان دەڵێن کە بۆچی پارتی و یەکێتی نایانەوێت سوپایەکی یەکگرتووی نیشتیمانی هەبێت. چونکە هەمیشە بیریان لە سەرکوتکردنی نەیارانیان یاخود دەنگی ناڕازیە بە هێز. هەمیشە هێزی میلیشیایان بۆ خۆیان بە ڕەوا دەبینن، بەڵام کەسی تر کە لەو بازنەیە دەرچوو بە تاوانبار و دژ بە دەسەڵات لەقەڵەم دەدەن.
هەموو یاساشکێنیەک بۆ خۆیان ڕەوا دەبینن. هیچ کەسێکیان لە کاتی دەسەڵاتدا هەرچی بکەن نادرێتە دادگا! کام بەرپرسی گەندەڵ و ناداد و کوردکوژ و بەدڕەفتار درایە دادگا؟ دەتوانن بە ویستی خۆیان قاچاغی بکەن، زەوی ببەن و سەرانە وەربگرن! نەوت ببەن و قۆرخکاری بکەن؛ بیکەنە دەستکەوتی نیشتیمانی!
ئەوان نیشتیمان و دامەزراوەکانی؛ سوپا و هێزی ئەمنی و هەواڵگری و نەوت و زەوی و پاڵاوگە و خاڵی سنووری... هتد بە موڵکی عاشایەری خۆیان دەزانن نەک نیشتیمان. کەواتە دۆڕاوی گەورە ئەوانن کە نیشتیمان بەتاڵ دەکەن لە دەستکەوتەکانی. وەک کەس و هێزگەڵێک ناویان دەچێتە مێژوو؛ ڕۆڵی گەورەیان بینیوە لە دواکەوتنی تاکی کورد و کوشتنی هەستی نیشتیمانی و دزینی سامانی نیشتیمانی.
وایان لەو میللەتە کردووە کە ترسیان لە خەباتی نیشتیمانی و دیموکراسی هەبێت. هەر دەنگێکی ناڕازی هەبێت، هەموو ڕێگایەک دەگرنە بەر بۆ سەرکوتکردنی. دادگا و سوپا و هێزی چەکداری، هەموو ئەمانە بۆ خزمەت و پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان بەکاردێنن، نەک میللەت کە ئەوە بووە زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ جارێکی تر چاوەڕێی بەشە مووچە دەکات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان























