دەنا چاکترە، چەکەکەت بە لقی دارێکی نیشتماندا هەڵبواسی!
05/10/2025, 9:23 (GMT+1)

بیرمەندی مەزنی نەتەوە، مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت:" کوردایەتی، بەدیلێکی بە شەرەفە، بۆ هەموو کوردێکی بە شەرەف".
" گوێ بەوە نەدەین، کێ پێمان خۆش دەبێت و کێ لێمان زوویر دەبێت، ئەوەی لە بەرژەوەندی نەتەوکەماندایە ئەوە بکەین/ یادی بەخێر کاک ئازاد مستەفا/ سکرتێری پاسۆک"
" گوێ لەوە نەگرین کە کێ پێی خۆشە و کێ پێی ناخۆشە" هەڤاڵ مەزدەک/ ئەمیر کەریمی- هاوسەرۆکی پژاک"
کاک هوونەری ڕۆژنامەوان، بۆیەکەم جار(بۆمن یەکەمجار بوو) چووە ناو تونێلەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانەوە لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان و لەگەڵ کاک " ئەمیر کەریمی، مەزدەک/ هاوسەرۆکی پژاک" گفتوگۆیەکی کوردستانی بەرهەمدار و بە مەرامی لەگەڵدا ئەنجامدا، بە تایبەت لەم کاتە زۆر ناسک و خاڵی وەرگەڕانەدا لە سیاسەت، لەشکریی، ئابووری و پێشکەووتنە تەکنیکییەکانی جەنگیدا.
من دووجار بە وردی گوێم بۆ پرسیار و وەڵامەکان گرت و بیروڕای خۆم بە فراوانی سەبارەت بە هزر و بیروڕاکانی پژاک دەردەبڕم و شیکاریی بۆ دەکەم.
هەموو بزووتنێک، بیر، هزرکردن، پلان و ئامڕازی جێبەجێکردنی دەوێت، کاتێکیش بزووتنەکە فراوان دەبێت، ئەوە ئێدی لە شێوەی شەپۆلی بازنەیی ورد و گەورەدا خۆی پیشان دەدات. کە لەم حاڵەتەی گواستنەوەدا لە تاکێکەوە بۆ کۆمەڵگا، پێویستی بە هزرکردن، پلان و ئامڕازی فراوانتر و زیاتری دەوێت و دڵسۆزیی تاڕادەی خۆبەشین و دانابوونیشی بۆ زیاد دەبێت کە بناغەکەی پەروەردەیەکی کوردستانی بێت.
پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لەماوەیەکی لە ڕووی ڕێژەییەوە، کەمدا، دەنگوباسەکانی بە هەموو کوردستان و جیهانیشدا بڵاو بوویەوە(چوونکە چالاکی شۆڕشڤانی و کلتووری زۆربوون، هەروەها تورکیا ئەندامی ناتۆیە و ساڵانێکی زۆرە خۆی بە بەشێک لە کۆمەڵگای ئەورووپایی دادەنێت، ئەورووپاییەکان دانیان پێدا نەهێناوە و وەڵامی نایەتی تەواویشیان پێنەداوەتەوە)، چالاکییەکانی پەکەکە دەنگیان دایەوە، هەر زوو لە پارتێکەوە گەشەی کرد بۆ بزووتنەوەیەکی فراوانی کوردستانی، بە هەموو ئەو بابەتانەوە کە سەر بە نەتەوەکەن، ئەمەش گۆڕانکارییەکی بنچینەیی و چوونایەتی بوو لەناو بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەماندا، یەکێک لەو ئامڕازانەی کە ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لە فراوانبوون و پێشوەبردنی بزووتنەوەکەدا، ئەو لقوپۆپانە بوون، کە لەم درەختە بەهێزەوە، پەلیان هاویشت بۆ دەڤەرەکانی تری نیشتمان، بە تایبەت ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، ئەمەش لە بیرکردنەوەی پارتایەتیدا لە کوردستاندا هەر نوێ بوو(بیری کوردستانیبوون هەبووە، بەڵام وەک چالاکی ئاوا مەزن نەبووە، جگە لە کۆماری کوردستان کە بووە مەکۆی کۆبوونەوەی کوردە کوردستانییەکان، چوونکە بەر لەوە ئێدی خێڵ و سەرۆک خێڵ، پارتیان لەناو بیروڕای خێڵایەتی و ماڵباتیدا تواندبوەوە، بەتایبەتی لە باشوور..
پژاک، لەدوای ئەو بۆشاییەی کۆمەڵە و دیمۆکرات، بەجێیان هێشتبوو لە ڕۆژهەڵاتدا، وەک پێویستییەکی یەکێک لە قۆناغە گەشەکردووەکانی بزووتنەوە کوردستانییەکە لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتدا دامەزرا و بەبڕوایەکی تەواو بەوەی کە قۆناغەکە گەیشتۆتە ئاستێک کە حیزبە کلاسیکییە ماندووەکانی پێش ئەو سەردەمە، ئێدی ناتوانن وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی نەتەوەکە بن لە ڕۆژهەڵاتدا، بزووتنی خۆی هەر لە (خوی)یەوە تا دەگاتە شارەکانی خوارووی دەڤەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنانەت تا خۆراسانیش، دەستپێکرد.
ئەم بۆشاییە لە نەمانی بزووتنەوەی چەکداریی و چۆڵکردنی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن هێزەکانی کۆمەڵە و دیمۆکراتەوە، هۆی زۆرن، بە ڕای من:
١- کۆبوونەوەی ئەو هەموو هێزە بەناو دژی ڕژێمە! هیچ کۆنترۆڵێک نەبوو یا ئامێرێکی پێوانەکردن نەبوو کە کام لەو هێزانە سەر بەڕژێمن یا دژ بە ڕژێمن، وەک دەڵێن هەر قسەی زاریانی دەخوارد، ئەمە لای من بارگرانییەکی مەزن بوو کەوتە سەر شانی کوردی ستەمدیدەی ڕۆژهەڵات، لایەکی تری کاریگەریی تیۆریی ناو کتێبەکانیان و سەر زاریان بوو، کە هیچ نەبێت بەشێکی لە لاوەکانی ڕۆژهەڵات، لە کورد دابڕی و هێزوتواناکانیان خرانە خزمەت بیروبڕوای فارسایەتی ئەوانەوە.
لەم بابەتەدا، کورد یا لاوانی کورد، کە هێشتا بە کوردایەتییەکی پاکژکراو گۆشنەکرابوون و قۆناغەکانی شەڕی رزگاریی نەتەوەکەیان نەدەناسی، کارتێکردن و شۆردنەوەی مێشکیان کارێکی سەخت نەبوو بۆ ئەو گرووپە (زۆر و زۆرزانانەی) ناو بزووتنەوەکەی ئەو سەردەمە، ئەوان تەنانەت، توانیان سەرکردەیەتی حیزبی کوردیش بۆلای خۆیان ڕابکێشن/ سەرکردەیەتی دیمۆکرات، ژێری پەیماننامەیەکی لەگەڵیان واژۆکرد، لە حاڵێکدا موجاهیدین گرووپێکن لە ئاخووندی قات لەبەر(لەڕووی بیرووڕاو ئێرانپەرستییەوە(فارس نەتەوەی یەکەمە) هەر ئاخووندن و کۆتوشەڕواڵیان لەبەرکردووە و تەنانەت حیزبی شۆڕشگێڕی زۆر کاریگەریان، وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لەتوپەت کرد هەر بەکتێب نووسین و قسەی قەبە و درووشمی با تێکراو، بە کورد چی شۆرەوی ڕیڤیژینیستە یا مارکسییەکی ڕەپ و ڕاستە؟! چ دەردێکی یا زامێکی قووڵی جەستەی نەتەوەکە ساڕێژ دەکات؟!
کورد دەبێت بزانێت، کە گرفتاری دێوێکی چوارسەر بووە، هەر سەرێکی چوار کوانووی ئاورن، ئەم دێوە دێوی داگیرکردنە، سەرێکی فارسییە، سەرێکی توورکییە و دووسەری عەرەبییە، لەم سەرانەوە چوار هێز لە زاریانەوە وەک ئاورێکی سووتێنەر دێنە دەرەوە، ئاوری لەشکریی، ئاوری کلتووری، ئاوریی ئابووری قەبە و ئاوری دیبلۆماسیی نێو دەوڵەتی، ئەوان بە پێی یاسا نێو دەوڵەتییەکان کە سەرمایەداریی دوای جەنگە جیهانییەکان نووسیانەوە، بەشێکن لە دامەزراوە جیهانییەکان، گوێیان لێدەگیرێت و بە قسەیان دەکرێت و چاویش لە تاوانەکانیان دەپۆشرێ، ئەگەر چی لەژێر خاڵە سەرەکی و یەکەمینەکانی بەیاننامەکەی ئەو دامەزراوە جیهانییەوە، بە خەتێکی کاڵی لاوازیی مردارەوە بوو، بە تیلەی چاوێکیش بۆ مافی نەتەوە بەخشراوەکان، بە دەوڵتنەتەوە قوتکراوەکانی وەک ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا کراوە، بەڵام هەر لە ژێر ئەم خاڵە بەهێزانەدا، سەدان و بگرە هەزاران تاوانی کۆمەڵکوژی لە کورد و ئەرمەن و نەتەوە گچکەکانی تری ناو چوارچێوەی ئەو دەوڵەتنەتەوانەی لەسەرەوە باسم کردن، ئەنجامدراوە و مێش میوانی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیانە نەبووە، ئەگەر خواستی مانەوە و ویستی ئازادیی نەبایە بۆ نموونە لەلای نەتەوەیەکی مەزنی وەک کورد، ئەوا گورکەکە هەموویانی هەڵدڕی بوو، پێست و ئیسک و گۆشتشیانی لە بازاڕی درۆی نێونەتەوەیدا فرۆشتبۆوە و ئێستا بسکەی سمێڵی دەهات!!! ئەگەر ئێستا کوردێک دەبینی شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکات ئەوە بەری داری تێکۆشانی سەختی نەتەوەکە خۆیەتی، چ دژ بە داگیرکەرانی دەرەکی میللەتانی سەردەست لە نیشتمانەکەیدا، چ دژ بە خیانەتمەندانی ناوخۆی، کە لە سەرکردەیەتی حیزبەکانی بوون/ هەن!!!.
٢- ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تێکۆشانە کلتووری و سیاسییەکەی زۆر جاران بەر هێرشی خیانەتمەندانی
ناوخۆی کەوتووە و تاساندوویەتی:
ئا/ لەسەردەمی ڕەزا و بەتایبەت محەمەدی کوڕیدا، بەشێک لەسەرکردەیەتی حیزبی کوردیی، چوونە ژێر ڕکێفی بێ قەید و مەرجی دەزگای ساواکی ئەو پاشایەوە، دژ بە ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵات، ئەمەش بوویە هۆی دامرکاندنەوەی شۆڕشی لاوانی ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵات ، کە بە شەهیدکردنی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازان (کاک سلێمانی موعینی و هەڤاڵەکانی) لە لایەن مەلامستەفاوە دەستی پێکرد و گورزێکی خیانەتمەندانە بوو کە بوویە هۆی وەستانی چالاکی شۆڕشگێڕیی کوردیی کە لە پاشاندا ماکەکانی لە ڕۆژهەڵات دەرکەووتن.
بێ/ سەرکردەیەتی حیزبی باشووریی، بەتایبەت قیادە موەقەتە، درێژەی بە دژایەتیکردنی ئازادیخوازان و شۆڕشڤانانی ڕۆژهەڵات دا، لە ژێر سەرکردەیەتی ئاخووندەکانی سوار پشتی ئەسپی شێت و وێتی ڕوون بوو، ئاخووندەکان بە بەرنامەیەکی ورد، ئەهریمەنی، پلاندار و خۆ بۆ ڕێکخراو سوار پشتی ئەو ئەسپە بوون و وەک دەیانویست وا دەیان ئاژۆت و گرووپەکانی دی لەناو تێۆری و کتێبی بەختیی مارکس و تانە و تەشەر لەیەکداندا دەستبەیەخەی یەکدی ببوون، واتە ڕیکخراوترین، تۆکمەترین و بەستراتیجیترین گرووپ ئاخووندە موسڵمانەکان بوون، ئەوانی دی کە بۆ دەسەڵات ئاو بە زاریاندا دەهاتەخوار، کە زانییان پێی ناگەن و شەمەندەفەری دەسەڵات جێیهێشتوون، دایانە پاڵ دەسەڵات و ئەوەندە نزم بیریان دەکردەوە، کە چوونکە خومەینی دەڵێ مەرگ بۆ ئەمەریکا و تاغووتی جیهانی، ئێدی مەستی ئەم قسانە بوون و خۆیان هاویشتە ژێر سێبەری ئاخووندەکانەوە و خەویان بە درووشمە ناواقعی و بێتامەکانی خۆیانەوە دەبینی، کە بەڵکو ئاخوندێکی موسڵمان بۆیان بێنێتە دی!!! حیزبی گەورە و بە بانگەشەزلی وەک توودە و چریکە فەداییەکانی زۆرینەش/ ئەکسەریەت، لەم تاقمانە بوون و بایەکە دەوارەکەی بردن و لە سەرمای هەڵکردووی ئاخووندەکاندا، ڕەقبوونەوە و خەڵکیان بۆ پەنجاساڵیک تاساند، ئەوان ئەگەر زیندووش نەبن، دەبێت، دادگایەکی خەڵکیی ڕاستگۆ مێژووەکەیان دادگایی بکات، هەروەک نەتەوەی کوردیش دەبێت بەرانبەر بە سەرکردەیەتی خیانەتمەندانی کورد، ئەم کارە بکات/ دەشی کات.
پێ/ کاتێک هێزەکانی قیادەمووەقەتە، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە شۆڕشی ئیسلامیی ئاخووندەکانی ئێران
کە ببوونە پێشەنگ و چاوساغیی سپای تازە دروستکراوی پاسداران و سەرگەرمیی سەندنەوەی گوند و شارەکانی ڕۆژهەڵات بوون کە لە دەستی ئازادیخوازانی کورددا بوون، لەم لاوە سەرکردەیەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان! بڕیاری دا کە هێزێکی مەزن بخاتە خزمەت ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە ناوی هێزی "پشتیوان"، بەتایبەت دەگەڵ دیمۆکراتەکان کەوتن. ئەم بڕیارە دوو ڕووی هەبوو، یەکێکیان مەرامی شاراوەی سەرکردەیەتی جەلالییەکان بوو، کە بۆکەس ڕۆشن نەبوو، ڕووەکەی دی، وەک بەشێک لە ئاوات و ئارەزووی نەبڕاوەی پێشمەرگەکانیان کە بە زۆرییان وەک مرۆڤێکی کوردستانی بیریان دەکردوە، دەردەکەوت و ئەو پێشمەرگانە، بەدڵ و گیان لە سنووری داسەپاو پەڕینەوە و لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵات کە بەشێکی خۆشەویستی نیشتمانە داگیکراوەکەیان بوو، جەنگێکی کوردستانی فراوانیان کرد دژ بە هێزەکانی ڕژێمی ئاخوندیی و هێزە چاوساغەکەی قیادە مووەقەتە، کە ئەو سەردەمە هەر یەک هێزبوون، هەموویان لە قەرارگاکانی ڕژێمەوە فەرمانیان وەردەگرت.
تێ/ وەک باسم کرد، سەرکردەیەتی حیزبەکانی باشوور، ڕچەی تێکدانی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتیان بەوە شکاند کە کاک سڵێمانی موعینی و هەڤاڵەکانیان شەهید کرد و تەرمە پیرۆزەکانیان دانەوە بە ساواک، کە ئەوانیش بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، بە شارەکانی ڕۆژهەڵاتدا، بە تایبەت مهاباد و سەردەشت و دەورووبەریدا، پیشانی خەڵکەکەیان دا بۆ چاوترساندن و بێ هیواکردنیان. کاتێک ئێدی ناوچەکانی دەڤەری ڕۆژهەڵات بەیارمەتی سەرکردەیەتی قیادەموەقەتە و هێزەکانیان، کە ئەوسا وازیان لە دژایەتی ڕژێمی سەدام هێنابوو و ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتیان شەهید دەکردن*، پێشمەرگە و بەر لەوان سەرکردەیەتییەکانیان گەیشتبوونە باشوور، قۆناغێکی تری شکاندنی شۆڕشی ڕۆژهەڵات دەستی یپێکرد لەلایەن سەرکردەیەتی جەلالی و مەلاییەوە. ئێستا ئەمان ئێدی پاشای عەرشی جەستەیەک بوون کە خوێنی لێ دەتکا، بەڵام بەشی ئەوەی تێدا مابوو، کە ئەمان بیکەنە جەولانگای خۆڕانان و پیشاندانی هێزی خۆیان، هێزەکانی ڕۆژهەڵاتیان ناچارکرد، شێوە زۆرە بۆ ناچارکردن!!! تا ئەوەی کە سەرکردەیەتی ئەو حیزبانەی ڕۆژهەڵات، وتیان کە ئەوان باوەڕیان بە شۆڕشی چەکداری نەماوە و بۆ خاتری پاراستنی(قەوارەی هەرێم) واز لە شۆڕشی چەکداریی دێنن!!!، لێرەدا قەوارەی هەرێم وەک پیرۆزییەک ناوی دەبرێت، بەڵام ئیسلامی سیاسی کوردی، وەک تانە و تەشەر بە وڵاتی ئیسرائیل دەڵین: قەوارەی زایۆنی، هەروەک دەستەو تاقمە عەرەبییە شۆڤێنییە فەلەستیینییەکان ناوی دەبەن!!!.
ئەمە قۆناغی سێیەمی ڕووتکردنەوەی شۆڕشی ئازادیخوازیی ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد بوو، لە لایەن سەرکردەیەتی قیادەمووەقەتە و جەلالییەکانەوە بە هاوکاریی سەرکردەیەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات خۆیان، کە سەرکردەیەتی کۆمەڵە و دیمۆکرات لە پێشەنگەوە بوون. ئەم دوو بەشە لە نەتەوەی کورد، بەجۆرێک تێکەڵ بوون، کە لە (چنراوێکی کوردستانی)دا، بۆ چاوی وردبینی بێ غەلوغەشی کوردانی شەرافەتمەندی کوردستانی، هیچ گومانێک ناهێڵنەوە کە ئەمە هەم دەرخەری یەکپارچەیی نیشتمانی کوردە، هەم بناغەی نیشتمانێکی گەورەیە بۆ نەتەوەی کورد.
سەرەتای باسەکە، کە پیویستی بەم ڕاڤە کورتە مێژووییە هەبوو، ناوەرۆکەکەی بانگەوازی پژاکە بۆ پێکهێنانی(سپای ڕزگاری کوردستان)، ئەم سپایە کە پژاک داوای دەکات و لە حاڵی ئەمڕۆیدا تۆزێ تایبەتکراوە بە دەڤەری ڕۆژهەڵاتەکەی، لە مێژە بنەماکەی زۆر بە قایمی هەبووە، ئەوەی ڕێگای لە هەڵنانی ئەم کۆشکی پارێزگارییە کردووە و بۆتە بەربەستی، سەرکردەیەتی حیزبەکانی کوردبوون.
ئەوان لاوەکانی ئەم نەتەوەیەیان بەسەر خۆیاندا دابەشکردووە، هەر بەوەشەوە نەوەستاوون، بەڵکو داویانن بە گژیەکتردا، نەتەوەی کورد(پەنجە دەکات بە چاویاندا) ئەگەر ئەوان پێچەوانەی ئەم قسەیە بڵێن: لەل!!!.
ئێستا (پژاک) وەک تەنیا هێزی بە توانا و چالاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە ناو ئەو سنوورەدایە، لە زمانی هاوسەرۆکی خۆییەوە، هەموو هێزی حیزبەکەیانی ئامادەکردووە، بۆ پێکهێنانی سپایەکی کوردستانی، بە قسەی هاوسەرۆکی پژاک:" هەم هێزەکانی ئەوان و هەم هیزەکانی حیزبەکانی دی، ڕۆڵەی ئەم نەتەوە و نیشتمانەن کە دەبێت پارێزەری نەتەوەکە و ڕزگارکەری نیشتمانەکەی بن، نەک چەکداری حیزب!!!" ئەمە قسەی بیستراو و لێوەرگیراوی نەتەوەکەیە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)، واتە لەسەریان حساب دەکرێت و چاوەڕوانی هەنگاوی یەکەم لە پژاک خۆی، دەکەن.
جارێکی تر وەک نووسیومە، دەینووسمەوە: ئەگەر سەرکردەیەتی حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵات، نەهاتن بەدەنگ ئەم داخوازییەی پژاکەوە، ئەوە پژاک خۆی دەبێت بەم کارە چارەنووسساز و گرنگ و دەستبەجێیە، هەڵبستێت و بنەماکانی دابڕێژێت، ئەوسا دەبینێت کە لاوانی کوردستانی، دەستە بەدەستە، لە سپایەکی وادا، بە شانازییەوە پەیوەندی دەگرن و کوردستانی بوونی خۆیان گەشە پێ دەدەن، کەواتە لێخوازراوی یەکەم، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پژاک، خۆیەتی، کە من هیوام زۆرە و ئەم پارتە لە توانا و بڕوایدا هەیە کە ئەم هەنگاوە (زۆر زۆر زۆر) گرنگە بهاوێت.
ئێستا ڕووی دەمی نەتەوەکەمان، لە هەموو ئەو ڕۆڵە کوردستانی و ئازادیخوازانەیە، کە ماوەیەکی زۆرە، چەکداری سەرکردەیەتی حیزبی کوردی بوون و واش هەڵکەوتووە کە لەناو حیزبیشدا، بە پیاوی فڵانە سەرکردە و فیسارە بنکردە، باسیان کراوە، کە ئەمە هەم لە شانازییە کوردستانییەکانیانی ئەوانی کەمکردوونەوە و هەم لە پایەی مرۆڤبوونیانی لەقاندوون، من لەو بڕوایەدام، کە زۆرینەی زۆرینە لەو لاوە کوردستانیانە، هەر بە بیری ڕزگاریی نەتەوە و پارێزگاری لە نیشتمانەکەیان چەکیان هەڵگرتووە و ژیانی خۆیان پێبەخشیوە. جا بەو پێیەی کە نەتەوەکە لە هەموو گرووپ و دەستە و تاقم و حیزب و کەسایەتییەک مەزنتر، شکۆدارتر و شایانترە، لەگەڵدابوونی تۆ لەناو نەتەوەکەی خۆتدا، هەم شانازییە کوردستانییەکانت دەگەشێنێتەوە و هەم تواناکانت بۆ سوودی گشتی وەگەڕ دەکەوێت، پاش ئەم بانگەوازەی پژاک، تۆ دەبێت بە مێژووی خەباتی خۆتدا بچیتەوە و هەڵوێستەیەک لەسەر ڕووداوەکان بکەیت و سۆزیی حیزبایەتی و دەستەگەریی و ئایدیۆلۆژیت شیبکەیتەوە و بڕیارێکی کوردستانی بدەیت و لەگەڵدابوونت بۆ ماوەیەکی درێژ لە تەک هەر حیزبێکدا، نەکەیتە پێوانە بۆ بڕیارەکانت، سۆزی قووڵ و بڕوای نەپساوەت باشترە بۆ نەتەوەکەت بێت، نەک حیزب و گرووپی تایبەت و فڵانە بەرپرس.
لە ناو کام گرووپ، دەستە و حیزبی کوردیدا، لاوانی کورد شەهید نەبوون وشەهیدنەکراوون و بە کوشت نەدراوون؟!!! هەڤاڵ و هاوڕێکانت، لەناو کام گرووپ و حیزبدا، بە خەیاڵی ئەوەی کە ئەنجامی دەدەن بۆ ڕزگاریی کوردستانە، گیانی خۆیان نەبەخشی و ئەم بەخشینەش زام و برینی قووڵی لە دەروونتدا جێنەهێشتووە؟!!! کەواتە بۆ پارێزگاریی لەو بەخشینە مەزنە، لەو لەژیان بووردنەی هەڤاڵ و هاوڕێکانت، ئێدی کاتی ئەوەیە کە لە سەرکردەیەتییەکەت، بێیتە دەنگ و داوای بە دەنگەوە چوونی ئەو بانگەشەیەی پژاکی لێبکەیت. تۆ ئەگەر وەک کوردێکی ئازاد و چالاک کە لە ژیانی خۆت بووردووی بۆ ژیان و مانی گرووپ یا حیزبەکەت، تا نەکەویتە مەیدانێکی کوردستانی فراوانەوە، ڕەنجت بە زایە و بەرهەمت بێوەردەبێت، مێژووی سەرکردەیەتی حیزبی کوردی، ناتوانایی و لەئاست کێشەکاندا نەبوونی خۆی، چەندین جار سەلماندووە، ئەمانە ئامۆژگاریی و ڕاسپاردە نین، بەڵکو خۆشەویستبوونی تۆ، گرنگبوونی ڕۆڵی تۆ، زۆر گرنگبوونی مانەوەی تۆ و هەڵسەنگاندنێکی باڵای توانا و خواستە کوردستانییەکانی تۆیە کە تاکو ئێستا لە شەڕی سەرکردەیەتی حیزبەکاندا، چەرخی بە کۆمپانیا بوونی حیزبەکانی پێ دەگەڕێت. من ئاوا چاو لەهەموو بزووتنێکی تاکی کورد دەکەم، کە هەوڵێکی بچووکی تاکێکی نەتەوەیەکی داگیرکراوە بە مەبەستی ڕزگاربوون، بەڵام دەمەوێت، بزووتنە سنووردارەکەی بەڕێزت، توانا کوردستانییەکەی بەڕێزت، ئەوینە نەتەوەییەکەی بەڕێزت، لەو سنوورە قەتیسکراوەی ناو گرووپ و حیزب، دەربازکەم و بە دەستێکی تری ئاشنا و دڵسۆزی کوردیی وەک دەستەکانی خۆتت بناسێنم، تا توانا و هێزی دوودەست پارێزگاری بەهێزتر بکەن لە مەبەستە مەزنەکە، کە رزگاریی نەتەوەکە و پارێزگاری نیشتمانەکەیەتی، ئەو بنەما گرنگانەی کە زۆرجاران هەم سەرکردەیەتی گرووپ و حیزبەکان و هەم شەڕی تایبەتی هەواڵگریی داگیرکەران، پێکڕا هاوبەشی سستکردن و ئەگەر بتوانن لە ناوبردینیشین، داگیرکەران بۆ قایمکردنی کۆڵەکەکانی داگیکارییەکەیان و سەرکردەیەتی حیزبەکانیش بۆ قایمکردنی پێگە و شوێنەواری حیزبایەتی خۆیان. مەسەلەکە لەوە ترازاوە کە حیزب ئامڕاز بێت، بەڵکو چۆتە قاڵبی باشترکردنی کوالیتی ژیانی سەرکردەیەتی حیزبەکانەوە بە خۆیان و خاووخێزانیانەوە، ژیانی سەرکردەیەتی حیزبی باشووریی بەو پاشخانە خیاتەمەندانەی کە بووشیانە و لێپرسینەوەیان لێنەکراوە، ئاوێنەیەکە ئەگەر ورد و وشیار و بەئاگا بیت، وێنەکەی ئایندەکەی ڕۆژهەڵاتی تێدا بە ڕوونی دەبینیت.
ئێستا کە حیزبێکی کوردستانی لە ڕۆژهەڵات، کە بمانەوێت و نەمانەوێت، هێزە و توانای بڕیاردانی گەورەشی لێ دەوەشێتەوە( دروشم و جل و جامانە، هیچ دەردێکی کوردیی دەواناکەن)، داوا و(بانگەشەیەکی) ئاوا کوردستانی کردووە، دەتوانین تاقی بکەینەوە و ڕاستی و درووستی قسەکەیان هەڵبێنین، ئەو تاقیکردنەوەیەش بۆ کەسانی وەک ئێوە، کە لە مەیدانی تێکۆشانی کوردستانیدا، ئەوە بۆ سی ساڵ زیاتر دەچێت، دەستوپێتان بەستراوە و سنووریان بە دەورتاندا کێشاوە، لەهەموو کەس باشتر و ئاسانتر دێتە تێگەیشتن. پلەی تێکۆشان نە وابەستەیی بە حیزبێکی تایبەتەوە دیاری دەکات و نە بە سۆزێک کە دەتبەستێتەوە بەو هەڤاڵەتەوە کە لە ناو هەمان حیزبەکەی تۆدا شەهید بوو، ئەم قسەیە، وتەی سەرزمان و بن زمانی، سەرکردەیەتی حیزبی کوردییە بۆ هێشتنەوەی سۆزی گەرمی تۆ بەو حیزبەوە، دەنا وەک باسم کرد زۆرینەی ئێوە کە چەکداری حیزبێکن، لەو سەرەتایانەوە، بە ئومێدێکی کوردستانی مەزنەوە بەو حیزبانەوە پەیوەست بوون، خۆ ئێمە دەزانین کە: حیزبی کوردی و سەرکردەیەتییەکەی، نە فەلسەفەی قووڵن کە لە ناویدا بخنکێن، نەش لێکدانەوەیەکی کوردستانین، کە هەنگاوێک لەوەی کە خۆمان فێری بووین و دەیزانین، فراوانتر بێت، ئەزموونەکانیش دەریانخستووە کە سەرکردەیەتی حیزبی کوردی، هەمیشە و بۆ هەمیشەش، وان لە پاش بیرکردنەوەی ڕزگارییخوازیی نەتەوەکەوە، ئەو بزووتنەوەییەی کە (ژیناگیان) بە مەرگی خۆی، مەبەست یا بێمەبەست، ئاگرەکەی داگیرساند و ژن ژیان ئازادی، بوویە ماکی بەردەوامبوونە تەنانەت جیهانییەکەی، ڕەفتاری سەرکردەیەتی حیزبەکانی لە سەنگی مەحەک دان و ئەو قسانەی منی سەلماندوە.
لە ناو ئەم بارودۆخە بە تالووکەیەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بەو سەرکردەیەتییە، ناپوختانەی کە لە باشوور سوار سەری مەسەلەکان بوون و کورد بەرەو تاریکستانی تونێلێکی تووناوتوون دەبەن، هەموو هەوڵێکی کوردستانی و ڕاگەێنەریی خواستی دەروونی سەدانساڵەی نەتەوەکە بۆ ڕازگاریی و هەڵنانی(سپایەکی کوردستانی) دوور لە چەکداریکردن بۆ حیزب، کەسایەتی، گرووپ و دەستە، بەهەر ناوێکەوە بێت، داوامان لێدەکات کە بە دەنگییەوە بچین و لە داڕشتنی تانووپۆی ئەم هێزە کوردستانییەدا، هاوبەشی ڕاڤەکردن، شیکاریی و لێپێچینەوەی قسەیش بین، چوونکە لە حاڵی نەتەوەکەی ئێمەدا، قسە و ڕەفتاری سەرکردەیەتی حیزب و گرووپەکانی، باسی چارەنووسی نەتەوەیەکە، کە سەردەمی بێدەنگ بوون لێیان بەسەر چووە، با لەگەڵ ئەوەشدا، خەڵکانێک مابن لە ناو کورددا چارەنووسی نەتەوەکە ببەستنەوە بە فڵانە حیزب، گرووپ و سەرکردایەتیەکەوە، نەتەوەیەکی دابەشکراوە و ئەم دابەشکردنەش ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە سازدان و فۆڕمپێدانی دەروونی زۆر لە تاکەکانی کورددا، لەگەڵ ئەوەدا کە لە ناو هەموو نەتەوە و تێکۆشانێکیشدا، خۆپەرستان و کاسەلێسانی سفرەی دەسەڵاتداران و فەرمانڕانان بوون/ دەبن. ئەوانە پەراوێزە قێزەوونەکەی کۆمەڵگاکەمان پێکدەهێنن.
ئێوە وەک توانایەکی نەتەوەکە کە ڕۆڵی زۆر گرنگتان لێ چاوەڕوان دەکرێت، دەبێت لە بنەوەی هەرەمی حیزبایەتی و سەرکردەیەتییەکانییەوە، ببزوێن و لەگەڵ یەکدا گفتوگۆی کوردستانی، ئەو بانگەوازەی پژاک بکەن، هیچ بیروباوەڕێک و هیچ ئایدیۆلۆژیایەک، بار نییە بە کۆڵمانەوە هەڵیبگرین و تەنیا یەک ژیانمان هەیە بەوی ببەخشین!!! مرۆڤی بەرهەمدار هەمیشە چاو بە ئاکامی هەوڵەکانی و بەرهەمەکەیدا دەگێڕێتەوە و لارییەکانی ڕاست دەکاتەوە و ئەگەر بۆشی ڕوون بوویەوە کە ئێدی ئەم بیروبڕوا و ئایدیۆلۆژیا بە ئاینکراوە، تەنانەت ئاینەکە خۆشی، سوودی نەماوە و سەردەمی بەسەر چووە، لێی دەگەڕێ و چی دی شوێنی ناکەوێت، چوونکە دەگاتە خاڵێک کە بۆی ئاشکرا دەبێت، کە مانەوەی لەو بازنە داخراوەدا، مەرگێکی لەسەر خۆیە، کە هەموو توانا مرۆییەکانی بە فیڕۆ دەدات و دەکوژێت.
بۆوەی کاراتر، ڕۆشنتر و بەرهەمدارتر ساڵەکانی تەمەن بژین، دەبێت چاکەی گشتی و مانەوەی زۆرترین کورد و پەروەردەکردنی زۆرترین کورد، ئامانجمان بێت، وەک پێوانەیەکیش بەکاری بێنین بۆ ڕەفتارکردنی خۆمان و چواردەورەکەمان. ئەوی بە سوودی نەتەوەکەمان وەرگەڕا، شانبدەینە بەریی و خۆمانی لێ بکەینە خاوەن. ئاقڵانە، دووربینیی هزرکردنمان ڕووی لە نەتەوەکەی خۆمان بێت و دەرفەتەکان وەک دەرگای دەرچوون لە قۆناغێکەوە بۆ یەکێکی چاکتر، بەکاربێنین. سەکردەیەتییەکانی ئێمە کە تا ئێستا خوڵقێنەری هیچ یەک لە دەرفەتەکان نەبوون، بەڵام ئازا و چاپووک بوون لە بەفیڕۆدانی دەرفەتەکاندا، دەبێت لە خۆمان، کە ئێمە لاوانی کورد پشکۆی گەشاوەی کوانووی بزووتنەکان بووین، لە خۆمان بپرسین، کەمایەسییەکان لە کوێدایە و لەلای کێیە و کێن ئەوانەی بەربەست بوون؟! وەڵامەکە پێمان دەڵێت: ڕێگاکە هەڵە، بیرەکە تەنک، هەنگاوەکان سست، نەتەوەکە پەرتکراو بوون. مەسەلەی ڕزگاریی نەتەوەکە، کراوەتە قووربانی گەشە و مانەوەی حیزب و سەرکردەیەتی حیزب، ئەوەی کە بوویە هۆی هەڵهێنانی پارت و گرووپی نوێ، لە داوێنی ئەوەی پێشخۆیەوە، مانای ورد کردنی هەموو توانایەکی نەتەوەیی. ئێمەش مرۆڤین خۆپەرستی، رژبردن، حەزی دەسەڵات و فەرمانڕانیمان هەیە، بۆیە ئەوەی بەشی ئێمە و حیزبەکەمانی تێدا نەبێت، بەهی خۆمانی نازانین و ئەگەر بۆشمان کرابێ هەوڵی وێرانکردنیمان داوە، چیت بینیوە لە شەڕی کورد بەکورد، ڕێژە زۆرەکەی هۆی بەرپابوونی، ئەو گرێ دەروونیانە بوون کە ئاوەز و هزرکردنی سەرکردەیەتی حیزبەکانی بزواندووە و نەتەوەکەش باجەکەی داوە، لاوەکانی کراونەتە سووتەمەنی!!!.
ئێدی سەردەمی شەرم بەخۆداهاتنەوە و رسواییە ئەگەر چیدی هەوڵی یەکەمینی هەموو گرووپێکی چەکداری کوردی، بنیاتنانی (سپای ڕزگاریی کوردستان) نەبێت.
تۆش وەک چەکدارێکی حیزبی، دەبێت بەر لە هەر کەس، لە چارەنووسی کوردبوون و مرۆڤبوونی خۆت بێیتە دەنگ، تا هاوبەشی دامەزراندنی سپای ڕزگاریی کوردستان بیت، دەنا چاکتر و شەریفانەترە، کە چەکەکەت بەلقی دارێکی نیشتماندا هەڵبواسی و شوێن ژیانی ئاسایی خۆت بکەویت، هیچ نەبێت، سوودێکت بۆ کەسوکارەکەی خۆت هەبێت، تا ئەوەی کە لە ساڵەکانی ٢٠٢٥ دا، چەکهەڵگری پارت، سەرکردە و حیزبێکی تایبەتی بیت.
.....................................
سەرنجەکان/
*فازیل مەتنی(میرانی)، لە چاوپێکەوتنێکدا باسی کرد کە قیادەموەقەتە تا ساڵی ٢٠٠٣، واتە ساڵی ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسەین پەیوەندیان هەر مابوو، هەرگیز نەپچڕاوە.
- لەم دواییانەدا، پێشمەرگە دێرینە ڕاستگۆکان لەگەڵ خۆیان و نەتەوەکەیاندا، بەرودوا بیرەوەرییەکانی خۆیان لە سەردەمی تێکۆشانی ئازادیخوازیی لە ڕۆژهەڵاتدا، دەنووسنەوە.
یەکێک لەو بەڕیزانە کاک (حاتەم مەنبەری) یە، من گوێم بۆ دوو بەشی بیرەوەرییەکانی گرتووە، سپاسی ئەکەم کە بە ویژدانی مرۆڤێکی ئازادیخوازەوە، ڕووداوەکان ڕاسگۆیانە و دڵسۆزانە
دەنووسێتەوە، هۆکارەکانی چۆڵکردنی ئەو ڕووبەرە فراوانەی ڕۆژهەڵات، بۆ هێزەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی فارسی، باس دەکات و ئەوەی کە گرنگە، دەست دەخاتە سەر هۆکارەکانی
کە لەلایەن خۆمانەوە، خوڵقێنراوە، هەروەها زۆر مرۆیانە، داوای لێبووردن لە ماڵباتی ئەو کەسانە دەکات، کە بەناهەق کوژراوون، بێدادگایی و بەڵگەی دروست، ئەمەش ڕەوشێکی مرۆیانەی
کوردستانییە، بە پێچەوانەی سەرکردەیەتی حیزبەکانەوە، کە لوتبەرزییان ڕێگەیان پێ نادات، تەنانەت بۆ شەڕی کورد بە کورد و کوژرانی هەندێ پێشمەرگە بە دەستی خۆیان، تاکو ئێستا
داوای لێبووردن نەک لە نەتەوەکە، بەڵکو لەماڵباتی ئەو ستەملێکراوانەش بکەن!!!. هەر بژیت کاک حاتەم، هیوادارم هاوڕێیانیشت شوێن ئەو هەنگاوەی تۆ بکەون و هاوبەش بن لە شکاندنی
بتی پیرۆزکراوی حیزب و سەرکردەی حیزب و ئەم جۆرە بابەتەی کە ڕێگرە لە ڕینیساسێکی بنچینەیی لە بیرکردنەوەی حیزبایەتی و تێکۆشانی نەتەوەکەماندا. من شانازیی هاوبەشی بزووتنەوەی
ڕۆژهەڵاتم نەبووە نسیب وەک پێشمەرگە، بۆییە ناتوانم لەسەر شەڕی بەرەنگاری پێشمەرگەکان هیچ بڵێم، ئەوە بۆ کەسانی وەک بەڕێز کاک حاتەم، گونجاوە و دڵسۆزیی ئەوان ئەو ڕووداوانەمان
وەک بوون بۆ دەگێڕنەوە، دووبارە سپاسێکی کوردستانی بۆ بەڕێزیان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























