فەسادی پارێزەر و دادوەر
05/10/2025, 10:03 (GMT+1)

سەرنجی کوردستانپۆست:
ئەم وتارەی خوارەوە نمونەی چەند وتارێکە، سەبارەت بە دادگا و پارێزەرەکانی هەرێمی کوردستان، کە وتاری ترمان بۆ هاتووە لەم بارەیەوە دەربارەی سلێمانی. تکا لە هاووڵاتیان دەکەین بە ئەرکی خۆیانی بزانن کە زانیاریی تەواو و گرنگمان لەم بارەیەوە بۆ بنێرن. بەشێکی خراپەکاریی، کە دەکرێت خەتای بێدەنگیی و کەم هەڵوێستیی کەسە چاکەکانە.
ستافی کوردستانپۆست
گومانی تیادا نە ماوە کە فەسادی حیزبەکان حاکم و محامیشی گرتۆتەوە. ئاراسی شێخ جەنگی بە ئاشکرا باسی ئەوەی کرد کە خۆی هەرچی وتووە بە دادوەرەکان ئەوان نەیانتوانیوە لە قسەی دەربچن. ئەم قسەیەی ئاراس کە بە زەقی راستیەکە پیشان ئەدات گرنگییەکی زۆری هەیە.
دەستەڵاتدارەکانی حیزبەکان کە فڕیان بە سەر سیاسەتەوە نیە لەوەتەی هاتونەتە سەر حوکم کەسانی نەزان و سوکی سەر بە خۆیانیان خستۆتە ناو هەمو دەزگاکانەوە. دادگا و حاکمەکانیش کە هاووڵاتی بە چاوێکی رێزەوە سەیری دەکردن و ئەرکی سەر شانیان بوو کە پاک و سەر ڕاست بن ئێستا مرۆڤ دەبێت لاریی لەوە نەبێت کە بە گشتی فاسیدن و کاری مافیایی دەکەن.
حاکمەکان کە وەکو ئاراسی شێخ جەنگیش پیشانی دا لە کاتێکدا کە داردەستی ئەو مەسئولانەن کە پۆستەکانیان داونەتێ، لە هەمان کاتدا کە فاسید بن وەکو تریش ئیش بۆ گیرفانی خۆشیان دەکەن.
ئێستا لە ناو مەحکەمەدا ژمارەیەک پارێزەر بە کاری فرتوفێڵ لەگەڵ هەندێک لە حاکمەکاندا زۆر دەوڵەمەند بوون. پارێزەری زیرەک بریتیە لەو کەسەی کە دەمی حاکم چەور دەکات و ئەویش پارەی ژێر بە ژێر وەردەگرێت.
ئەم فەسادەی ناو دادگا و مەحکەمە وای کردوە کە خەڵک متمانەی بۆ دادگا نەمێنێت و هەر کەس بە دەستی خۆی هەقی خۆی بسەنێتت.
لە ئێستادا هەندێک چالاکیی هەیە کە بە نهێنیی خەریکی کەشفکردنی ئەو حاکم و پارێزەرانە بن کە تاوانی فەسادیان کردوە بە پیشە. ئەمانە بە زوترین کات پێویستە ئاشکرا بکرێن و بدرێن بە دادگا و مەحکەمەی راستەقینە. خۆ ئەگەر هیچ لایەنێکی دەستەڵات ئەم ئەرکە نەخاتە ئەستۆی خۆی ئەوا پێویستە خەڵک بیر لەوە بکاتەوە کە راپەڕینێک بکات بە دەستەڵات و حاکم و پارێزەرەوە هەموی رابماڵێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























