سەربازێکی وون کارەساتی هەکاریمان بۆ دەگێڕێتەوە (بەشی سێیەم)
25/10/2025, 10:45 (GMT+1)

کاتێک لە بێدەنگیدا پشوو دەدەیت و وێنەی خۆت نامێنێت و تێگەیشتنت بۆ جیهان و بیرکردنەوەت دەربارەی ئەوانی تر نامێنێت، چی دەمێنێتەوە؟ ڕووناکی، بەتاڵی درەوشاوە کە بە سادەیی سروشتی ڕاستەقینەی تۆیە.
هەندێک جارئێمە بە ڕابردووەوە دەلکێین تەنها لەبەر ئەوەی پێشترکاتمان بۆ تەرخان کردووە لێرەدا سەربازە گەنجەگەی مێژوو نهێنیەکانی سەردەمی گەشتەکەی هەکاریمان بۆ دەگێڕێتەوە .
خەمی دانانی ئامانج بۆ خۆت مەخۆ، تەنها سەیری گەشەکردنی خۆت بکە، تەنها پێویستی بە شوێنکەوتنی بێوچان هەیە بۆ ئەوەی هەنگاوی تەواو بنیت و بیتە خاوەنی هێز. کارئەکتەرەکەمان دەتوانێت هەست بە وزەی نادیارەکان بکات پێش ئەوەی کەسێک تەنانەت وشەیەک بڵێت. " ژان پۆل سارتەر" ووتی :"برینەکانت مەشارەوە، ڕۆژێک کەسێک ماچیان دەکات".
پرسیار :
ئایا تا ئێستا هەستت بە قورسایی یادەوەرییە کۆنەکان، پەشیمانیەکان، یان ترسەکان لە داهاتوو کردووە؟
ڕاستگۆبم نا ، نەپەشیمانم نە ترس توانیوێتی گۆشەگیرم بکات ، بەڵام هەمیشە ووتوومە چۆن لەناو ئەو هەموو هەڵچون و داچوونەدا ماومەتەوە و ئێستا دوایی ئەو هەمووساڵە دەمەوێت چیرۆکی گەشتەکەم بگێڕمەوە.
پرسیار :
چۆن هێزەکە ، یان چاکتربڵێن چەنێکی ویست تاهێزەکە کۆبێتەوە و کاروانەکە بکەوێتە ڕێگە بۆبرادۆست؟
من لەدرامادا بەشدار نیم کە بمەوێت یان پێویستم بە بینەربێت بۆ ئەوەی هەست بە بەهای خۆم بکەم ، نا من چیرۆکی ڕووداوێک دەگێڕمەوە لەڕۆژە هەرە تاریکەکانی مێژووی گەلەکەم . نازانم چەنێکی ویست هێزەکە کۆبێتەوە بەڵام لەبەرواری ١٧ گوڵانی ١٩٧٨ ئێمە کە ژمارەمان ٢٥٠ پێشمەرگەبوو بە سەرکردایەتی د.خالید سەعید و شیخ حسێن بابەشێخ کەوتینەڕێگە .
نزیکی ٤٠ پێشمەرگەمان بێ چەک بوو ، ئەوانی تریش چەکەکانمان زۆر باش نەبوو پاشماوەی چەکەکانی ئاشبەتاڵ بوو لێرەو لەوێ کۆکرابۆوە ، بەڵام بەنیازبووین کە بەزووترین کات بگەینە چەک و جبەخانەیەک کە لەکۆبونەوەکەدا بۆیان باسکردین .
پرسیار :
کێ کۆبوونەوەی پێکردن و چۆن باسی ئەم کاروانەیان کرد کە دەکەوێتە ڕێگە ؟
بۆ ئەوەی شتەکان خۆیان بۆ ئێمە نیشان بدەن، دەبێت ئامادە بین بۆ وازهێنان لە بیروڕاکانمان دەربارەی ئەوان ، زۆر کەس قسەی کرد بۆمان ، سەرەتا جەلال تاڵەبانی ، پاشان شەهید عەلی عەسکەری و دوایش شەهید د. خالید پاشان کاک نەوشیروان ، ڕاستگۆبم زۆر قسە کراو چەند ڕۆژێکی خایاند کە هەر خەریکی پلان و داڕشتن و دابەشکردنی هێزەکان بوون .
پرسیار :
بیرت ماوە قسەکان چی بوون ، چیان دەووت؟
ئێمە سەرەتا تەنها بیرمان بۆ تێکشکاندنی ئەو پلانەبوو کە حیزبی بەعس دایڕشتبوو ، داگرتنی ٢٠ کم گوندەکان بەدرێژای هەموو سنورەکانی نیشتمان ، بیرمە د. خالید ووتی : گەر بگەینە ئەو چەکانەی کە لەسوریا وە دێت یان ئەوانەی کە "جەبهەی تەحریری فەڵەستی" بەسەرکردایەتی جۆرچ حەبەش دایاویانە پێمان ، دەتوانین پلانی بەعس ڕاگرین و نەیەڵین دەست لەگوندەکان بدات . زۆر قسەکانم بیر نەماوە بەڵام دەزانم ئێمە بۆ هێنانی چەک و جبەخانە کەوتینەڕێگە .
بیرت نەچێت لەدوای ئەوەی ئێران و عێراق پەیماننامەی جەزائیر مۆردەکەن، لە ساڵی ١٩٧٥دا، مەلا مستەفای بارزانی کۆتایی بە شۆڕشەکەی دەهێنێت، هەمان ساڵ یەکێتی نیشتمانی دادەمەزرێت و دەست بە تێکۆشانی سەربازی و سیاسی دەکەن لە چیا و گوندەکانی کوردستان دا، لەدوای دامەزراندنی یەکێتی ئیدریس بارزانی کوڕی مەلا مستەفای بارزانی، دەست بە ڕێکخستنەوە و کۆکردنەوەی پێشمەرگەکانی پارتی دەکاتەوە و سەرکردایەتییەک بۆ پارتی بەناوی سەرکردایەتی کاتی (قیادە مۆقت) دادەمەزرێنێت، لەدوای ئەوەی کە هێز پەیدا دەکەن ناکۆکییان لەگەڵ یەکێتی زیاد دەکات. ئێمە کەوتینە ڕێگە ، بڕیاردرا هێزەکە بکرێت بە سێ بەشەوە، بەشی یەکەمی هێزەکە کە ژمارەیان ٢٥٠ پێشمەرگە بوو لە کاتی دیاریکراودا بەڕێکەوتین و گەیشتنە شوێنی مەبەست، بەڵام بەهۆی دواکەوتی بەشی دووەمی هێزەکەوە کە ژمارەیان ٥٠٠ پێشمەرگە بووە، بەشی دووەم و سێیەم پێکەوە بەڕێکەوتبوون، بەشی سێیەمی هێزەکەش ١٥٠ پێشمەرگە بوون، ئەم دواکەوتنەش ببووە هۆی ئاشکرابوونی پلانەکەی ئێمە لای ئێران و دوایش عێراق و تورکیا بۆ تارو ماری هێزەکە هاوپەیمانێتیەکیان پێک هێنا . لەبەینی شای ئێران ، سەدام حسێن ، بڵند ئەجەوی ، ئێمە دوای زانیمان کە میت و ساواک و ئیستخباراتی ئێراق بەرداوام لە یەکتر بینیندا بوون بۆ تێک شکاندنی ئێمە و کۆنتڕۆلکردنی هەمووناوچەکە .
پرسیار:
هێزەکە چۆن دابەشکرا ؟
ئێمە کە ژمارەمان ٢٥٠ کەسێک یان زیاتر بووین بەسەرکردایەتی د. خالیدو شێخ حسێن بابەشێخ سەرپەرشتی کراین
هێزی دووهەم کە ژمارەیان ٣٥٠ کەس بوو بەسەرکردایەتی عەلی عەسکەری و تایەری عەلی والی سەرپەرشتی دەکرا
هێزی سێهەم مەکتەبی سیاسی بوو بەسەرکردایەتی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا کە هەر نەکەوتنە ڕێگە یان چاوەڕێ ئەنجام بوون کەم لەناوچەکە دوورکەوتبوونەوە دوای ڕووداوەکان هە لەوێ لەنزیکی نۆکان مانەوە و نەکەوتنە ڕێگەکە .
پرسیار :
کەی و چۆن کەوتنە شەڕەوە، یان چاکتر بڵێم چۆن کارەساتی هەکاری ڕووی داو ، بۆ ناوی نرا کارەساتی هەکاری ؟
مەکسیم گۆرکی دەڵێت: "ئەو گەڵایەی لەوەرزی پایزدا هەڵنەوەرێ لەدیدی دەستەخۆشکەکانیەوە خائینە ، لەدیدی درەختەکەوە بەوەفایە لەدیدی وەرزەکانەوە یاخییە ، هەموان لەگۆشەنیگای خۆیانەوە هەڵوێست وەردەگرن ". ئێمەش وامان بەسەرهات سەرەتا گەیشتینە جێگەی مەبەست ، ئێمە بەبێ شەڕ گەیشتینە نزیک دەشتی بەرازگر لە وجێگەیەی کە نیشتمانی ئێمە بەسەر سێ سنوردا دابەش بووە ، بەڵام دوای چاوەڕوانی چەند ڕۆژێک هێزی دووهەم هەر نەهات ڕۆژانە دەچوین بۆلای خواکورک هێزەکە هەر دیار نەبوو پاشان بەرەو گەڤەر بەڕێکەوتن لەباکور لەوێ کەوتینە بەر پەلاماردانی هۆزەکانی ئەو ناوچەیە ، عەشرەتی جورجان ، گۆیەکان و سلیڤانیەکان و ژیرەکی ، چونی ئێمە و بڕیاری کاروانەکە بەچەند مەبەستێ درابوو .
کە بریتیبوو لە سوود وەرگرتن لە سنوورەکان بۆ هێنانی پێداویستیی و چەک، ڕێگریکردن لە شاڵاوێکی ڕژێمی عێراق بۆ ڕاگواستنی گوندنشینانی ئەو سنوورانە، لە هەمان کاتیشدا گەڕاندنەوەی ئەو بارەگایانە کە لە شەڕەکانی ساڵانی ١٩٧٦-١٩٧٧دا لەگەڵ سەرکردایەتیی کاتی پارتی کەوتبوونە دەست هێزەکانی سەرکردایەتیی کاتیی و کە بە "قیادە موەقەتە" ناسرابوو. کە شەهیدان عەسەن خۆشناو شیص حسێن یەزیدی تێدا شەهیدکرابوو لەگەڵ چەندینپێشمەرگەی تردا . بیرت نەچێت بەڕێکەوتنی هێزەکەمان لەکاتێکدابوو، کە تەمەنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر تەنها سێ ساڵ بوو کەئاشبەتاڵی لێ نەرهەم هات ، کە لە نێوان شای ئێران و ڕژێمی بەعسدا واژۆکرابوو بۆ پاراستنی سنوورەکانی یەکتر، ساڵی ١٩٧٧یش ڕژێمی بەعس لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا ڕێککەوتنێکی دیکەی هاوشێوەیان بۆ پاراستنی هەردوو دیوی سنووریی یەکتر واژۆکردبوو ، کەئەوسا "بڵند ئەجەوی "سەرۆک کۆماری تورکیا بوو .هەماهەنگییەکانی ئێران و تورکیا و عێراق لە دژی کورد لەو کاتەدا بەڕێکەوتنی هێزەکانی ئێمە هاوکاریی ئەم سێ دەوڵەتە بە ئاشکرا دیاربوو .
ئێمە زانیمان کە ڕژێمی عێراق چەندین ئەفسەری سوپا و پسپۆڕیی هەواڵگریی ناردبووە تورکیا و ئێران بۆ یەکخستنی زانیارییەکان و دانانی پیلانی هاوبەش و سەرکوتکردنی گەلەکەمان هێزەکانی ئێران لە دیوی ئێران کەوتنە لێدانی هێزەکانی ئێمە کە چووینە دیوی عێراقیش هێزەکانی عێراق کەوتنە پەلاماردانمان ، لە دیوی تورکیاش عەشیرەتە کۆنەپەرستەکان کەوتنە خۆ ئامادەکردن و میت و دەزگا هەواڵگرییەکان کەوتنە وێزەمان . بەتایبەتی عەشرەتی گۆیان ، کەڕۆڵی جاشێکی دڕیان دەگێڕا .
پرسیار :
ئێوە لەگەڵ هێزی دووهەمدا یەکتان گرتەوە ؟
نەخێر بڕیار بوو کە دوای یەکگرتنەوەی بەشی دووەم و سێیەمی هێزەکەمان ، بەهۆی هەبوونی هێزی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی لەو سنوورە و خۆدوورگرتن لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵیاندا، هێزەکەی یەکێتی بۆ پشوودان و حەوانەوە دەپەڕنەوە باکووری کوردستان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ یان زیاتر ماینەوە ، دواتر هێزەکەمان بڕیارماندا بۆ نزیکبوونەوە لە شوێنی وەرگرتنی چەک و چەکدارکردنی ئەو پێشمەرگانەی کە لەگەڵماندا بوون و بێچەک بوون ، دوای بەرەو قوڵایی خاکی باکوری کوردستان و سەر سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڕۆین .
ئێمە پاش بێئومێد بوونمان لەگەیشتنی هێزەکانی دیکە، بەناچاری چوین بەرەو گوندی "کەهی " کە لە نزیک جولەمێرگە، دوای مانەوەمان بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بۆ خۆڕێکخستنەوەمان لەبری بەرەو سنوری باشور بێنەوە دیسان بەرەو قوڵای خاکی باکوری کوردستان چوینەوە ، بەڕێکەوت کەوتینە ناو ئەو عەشایرانەی کە پارتی لێیانیان هاندابووین، ئیت کەوتنە شەڕوە ، ئەوەی شەهید بوو شەهید بوو، ئەوانەی تر بەدیل گیران دواتر تەسلیم بە قیادە مەوقەتە کران، بەم جۆرە ئەم بەشەی هێزەکەمان لەناوچوون.
ئەم ڕوداوانەش بوونە هۆی ڕاگواستنی دێهاتە سنورییەکان و بەهێزبوونی قەڵەمڕەوی ڕژێمی عیراق لە ناوچەی بادینان.
دەپرسی بۆ ناو نرا کارەساتی هەکاری ؟ چونکە ناوچەکە ناوچەی هەکاری بوو پاشان زۆربەی شەهید و دیلەکان لەم ناوچەیە دەست عەشایەرو سەرکردایەتی کاتی کەوتن .
پرسیار :
چۆن زانیتان کە توریاو ئێران بەشدارە لە تاروماری ئێوەدا ؟
ئێمە وا سەرمان لێتێک چووبوو ، کاتێک زانیمان کە ٨٠ کم چوینەتە ناو قوڵای باکورەوە لەناوچەی پێداو شەمزینان و جۆلەمێرک بەبەردەوامی کۆپتەری تورکی ، لای خواکورکیش کۆپتەری ئێرانی و لەدیوی عێراقیش هەنتەر کۆپتەر بەسەرئاسمانەوە بوو لەسەر سنورەکان ، بەپێکەنینەوە "نەبێت بەقسەی کابرا و کۆپتەر " هێزەکەمان زۆر ماندوو بووین لەشەڕەکاندا دەبوو دەست بەفیشەکەوە بگرین ، نانمان نەبوو جێگەکان شارەزانەبووین شەڕمان لەگەڵ کۆمەڵێ گوندی داماودا دەکرد کە ئارەزوومان نەبوو بەقەستی لەناو بردن تەقەیان لێبکەین ، بەڵام ئەوان بۆ تفەنگ و گیرفانی ئێمە هەر دەهاتنە پێشەوە ، پێیان ووتبوون ئەوانە بێ دینن هاتوون ئاینتان بگۆڕن کافرتانکەن ، پێتان سەیر نەبێت کە ئیسلام بۆ گەلی ئێمە بۆتە بەڵا و هەمیشە لەوڕێگەیەوە خەڵکی سادەی ئێمە فریودەدرێن . بەدرێژای مێژوو .
پرسیار :
باستکرد کە لەهێزەکە دابڕابوون؟ چۆن یەکتانگرتەوە ؟ چەند پێشمەرگەبوون کەدابڕابوون ؟ ئایا کوردەکانی باکور یان حیزب و ڕێخراوێک نەهات بەدەنگتانەوە یارمەتیتان بدات ، ڕێگەی ڕزگار بوونتان نیشان بدات ؟
ئێمە حەوت پێشمەرگە لەیەکێک لەشەڕەکاندا دابڕاین شەومان بەسەر هات کە ڕووناک بۆوە کەوتینە ڕێگە هێندەمان نەزانی لەسەر شەقامێکی قیرتاو کراوداین ، ئۆمبێلێک کە جێبێک بوو لەبەردەماندا وەستا دووژن پیاوێک بوون ، ئێمەبرسی تینوو لاواز تەنانەت فیشەکیشمان زۆر پێ نەبوو یەک دوو شەویش بوو نەخەوتبووین ، ووتیان ئێمە پارتی دەدەقەین لەباکور هاتووین بۆ یارمەتی ئێوە ، هەرچۆنێک بوو لەگەڵیان سواری ئۆتۆمبێلەکە بووین دووریان خستینەوە لەعەشرەتی گۆیان کە شەولەشەڕدابووین لەگەڵیاندا .
بەعەشرەتەکانیان ووتبوو "سەریان بۆئێمە ماڵیان بۆ ئێوە " دەدەقە ئێمەیان برد بۆ گوندێک ناوی "گوڵ وورد" بوو لەوێ هەرچیان دەهێنا دەمان خوارد باش خەوتین ، بیرمە ساوەرو کەشیان هێنا ، چەندم خوارد ئەوەنەشم خستە کۆڵەپشتە دراوەکەم ، داوای فیشەکمان کرد پێیان پەیدا نەکرا ، بەڵام ووتیان تاپڕێک هەیە نەمان ویست لەوێ پێیان دەوت "جفتی" پاش دووڕۆژ ووتیان دەتان بەینەوە لای برادەکانتان .
پرسیار :
چۆن گیرایت و کەوتیتە دەست سەرکردایەتی کاتی ؟
کە دەدەقە ئێمەیان برد لەجێگەیەکەوە ، کە زۆر جوان بوو ناوچەکە لە جۆلەمێرگ پاشان ئەوان گەڕانەوە ئێمە لەگەڵ هەندێک هاوڕێدا یەکمان گرتەوە ئەودەم شەهید مامۆستا تاڵیب بەچیاکەوە سەرکردایەتی شەڕەکەی دەکرد . تادەو ئێوارە تا تاریک بوو شەڕمان کرد ، ئیتر من دابڕام بەتەنها بەرەو بەرزای چیاکە دەڕۆشتم ، ڕۆژێکی درێژ لەشەڕدابووین ، بریسکم لێبرا کەش و ساوەرەکەو هەندێک وردەنان کەپێم بوو پێم نەما ،باش بوو ئاوێک لەنزیکم بوو سەرم لەسەر بەردێ دانا ، هێندە ماندووبووم خەو چووە چاوم ، کەبەئاگا هاتم لەمابەیتی دوو بەردا بەتەنها بووم ،سەیرم کرد خۆم و تفەنگێکی سەمینۆف و سێ گولە . بڕیارمدا بە دووگولە دوولەوان بکوژم و بەگولەی سێهەمیش خۆم بکوژم دەست ئەم کەمتیارە دڕندانە نەکەوم ، لەو بیرکردنەوەدابووم کە بچمە جێگەیەک تابتوانم هەرهیچ نەبێت مردنەکەم شایستەی ژیانەکەم بێت . لەچاوتروکانێکدا دەیان تفەنگ بەدەست و خەنجەر بەدەست دەووریان دام و پەلاماریان دام تفەنگەکەیان لێسەندم تاقمەکەم کاتژمێرێکی لەکارکەوتووم پێبوو ئەوەشیان برد گیرفانەکانم گەڕان هەندێ دینارو دوو ٥٠فلسی لەبەرکم بوو ئەوەشیان برد ، پێڵاوە دراوەکەشم داکەنرا و بردیان ، لەناو کۆڵەپشتەکەمدا وێنەیەکی دایکم هەبوو فڕێیاندا ، زۆرهەوڵم دا هەڵی گرمەوە نەیان هێشت و لێیان دام ، ووتم بەڕاستی ئەمانە کوردن یان جەندرمەی تورکی فاشی ؟ ئیتر پارتێکان هاتن و ووتیان مەیکوژن و لەگەڵ خۆیان بردمیان .
پرسیار: بۆکوێیان بردی، هەربەتەنها بوویت؟
نا بەرەو گەلیەک ، کە گەیشتم سەیردەکەم زۆر لەهاوسەفەرەکانم گیراوون هەندێکیان برینارو دەست پەڕی و سەر شکاو ، ئیتر پاش ماوەیەکی ڕێکردن تاریک داهات ئێمە هەر بەڕێگەوەبووین ، مەرگی خۆم بەئاوات دەخواست ، بۆڕۆژی دوای چوینە گوندێک لەسەر سنور کە ڕوبارێک گوندەکەی کردبوو بەدووبەشەوە خەڵکەکە هەموو کەس و کاری یەکتر بوون باکورو باشور گوندەکە ناوی چەم تووبوو ، جەندرمەی تورک لەوبەر بوو ، ئێمە زۆر بووین لەبەر هەیوانێک ئێمەیان دانا دەستیان کردینەوە . یەکەم جار سامی عەبدول ڕەحمان هات قسەی بۆکردین و داوای لێکردین گەر لەگەڵیاندا ببین بەچەکدار ئەوا ئازادمان دەکەن و دەمان بەنە بیمارستانەکانی ئێران بۆ ئەوەی چارەسەر وەرگرین .
چاوەڕوانی بەشی چوارەم و کۆتایی گفتوگۆکەمان بن
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

