گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن
26/10/2025, 20:47 (GMT+1)
ئەوا دیسان وەرزی هەڵخەڵەتاندن و دەنگدانە بۆ شەرعیەتدان و بەردەوامبوونی نەهامەتیەکانی خەڵک بە دەنگپێدانی زۆردار و تاڵانچیەکان.
ئەو خەڵکە چوارساڵ گلە و گازاندە، پرتەوبۆڵەی ناڕەزایەتییەتی و تەنانەت بەدەست دەسەڵاتدارانەوە دەنوزێتەوە، کەچی کاتی هەڵبژاردنەکانیش جل دەگۆڕێ و خۆی عەترڕێژ دەکات و دەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بەو هەموو درۆ و مونافقیەی حزبەکان باوەڕدەکات و دەنگیان پێدەدات.
حزبە کوردیەکان مەعدەنی خەڵکیان ناسیووە و دەزانن چۆن لە چەند ڕۆژێکی بەر لە هەڵبژاردندا بیانگەمژێنن، بێگومان خەڵکی تێگەیشتوو و خاوەن ویژدانیش ژمارەیان کەم نییە کە گاڵتەیان بە سیناریۆی هەڵبژاردن دێت و بایکۆتی دەکەن.
هەڵبژاردنی عراقە و حزبە کوردیەکان باسی پڕۆژە و کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەکەن، ئاخر ئێوە و نوێنەرەکانتان لە بەغدا چیتانکردووە و دەکەن باسی ئەوێمان بۆ بکەن، چیتان بۆ ماددەی 140 ی لەبارچوو کردووە و دەکەن، ئێوە چەندین خولە نوێنەر دەنێرنە پەرلەمانی عراق سەرکۆمار و وەزیرتان هەیە، ئایا ئەنفال و هەڵەبجەتان لەوێ بە جینۆساید ناساند.
ئێوە نیوەی خاکی هەرێمتان دۆڕاندە بەغدا، داوای دەنگپێدانیش دەکەن!، بۆچی؟ تا نیوەکەی ماوەتەوە ئەویش بدۆڕێنن!
لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا موزایەدەی ناساندنی بەغدا وەک داگیرکەر دەکەن، کەچی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عراقیشدا دەست دەخەنە نێو دەستی ئەوەی پێتان وایە داگیرکەرە تەنیا بۆ ئەوەی پەرلەمانتارێکی زیاتر بنێرنە بەغدا و لە نێو حکومەتی بەغدای داگیرکەریشدا( وەک خۆتان دەیڵێن) وەزیزی وەزارەتێکتان زیاتر دەسکەوێت.
دۆست و نەیار دەزانن و دەڵێن ئەنجامی هەڵبژاردن پێش وەختە دیزاین کراوە، کەچی حزبی کوردی بە دەسەڵاتدار و
بێ دەسەڵاتەکانیش هەوڵدەدەن ڕابردووی دۆڕاو و قێزەوەنیان بە شیڕە و قیڕەقیڕ بشارنەوە، بێگومان کۆیلە بە ئاگا و نەزانەکانیشیان بۆیان دەکەونە هەلەکەسەما.
بایکۆت بکەن، بایکۆتی هەڵبژاردن دەبێتە سەنەدێک بۆ نامەشروعیەتی دەسەڵاتداران کە قۆرخی دەسەڵاتیان کردووە، ئاخر ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بەڕێوەچووە، ئەی کوا ئەنجامەکەی؟، کوا تەشکیلی حکومەت؟
لە هەرێمی کوردستان پەرلەمان هەبێت یان نا، حکومەت هەبێت یان نا، هەردوو بنەماڵە خۆسەپێنەکە هەموو شتێکن و وەک حکومەت هەبێت وا هەڵسوکەوت دەکەن، بێگومان لە عراقیشدا بە شێوازێکی دیکە هەمان دەردە.
کەواتە هەڵبژاردن گاڵتەیە بە خەڵک، ئێوەش بە بایکۆتکردن ڕیسواتریان بکەن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























