سەربازێکی وون کارەساتی هەکاریمان بۆ دەگێڕێتەوە (بەشی چوارەم و کۆتایی)
02/11/2025, 21:36 (GMT+1)

هەر کەسێک لەبەردەمتدایە چیرۆکێکی هەیە. بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بکە. (دادوەر فرانک کاپریۆ)
پرسیار: لای توایە گرتنی ئێوە و شەڕو کوشتارگایەی کە لەوکاتەدا ڕوویدا واتەکارەساتی هەکاری دەچێتە خانەی خیانەتەوە ، ئایا دەتوانی ناوی بنێت خیانەت کردن لەووڵات و نیشتمان...!؟
خیانەت ئازاری هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا نیعمەتێکە لە پۆشاکدا. کاتێک کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک لەبەرگێکدا زوو ڕەنگی ڕاستەقینەی خۆیمان نیشان دەدات، ساڵانێک لە متمانە بەفیڕۆدراو و دڵتەنگی ڕزگارمان دەکات.
زۆر کەس پێیان وایە ئازار بەهێزمان دەکات. بەڵام زۆربەی کات تەنها توندمان دەکات .
فێردەبین دان بەخۆماندا بگرین، نمایش بکەین، هەست بە زۆر نەکەین. کەلە هێز دەچێت، بەڵام لە ڕاستیدا مانەوەیە بۆ لەدەستنەدانی شکۆ وە من بەردەوام دەیبینم: خەڵک بەرگری لە زەبر و زەنگەکانیان دەکەن چونکە هەست بە سەلامەتی دەکەن و وادەزانن بەوە پارێزراودەبن . بۆیە گرتنمان و مانەوەمان لای پارتی لەلای منئەوەندە خراپ نەبوو ،بەهێزی کردم ، بۆم دەرکەوت کە شەڕکردن ڕۆمانسێت نییە،پێشمەرگایەتی حیکایەتی ناو کتێبەکان نییە .
پرسیار: ماوەی چەنێک لەزینداندا بوون لای پارتی و یان "سەرکردایەتی کاتی " ئەوکاتە و مامەڵەیان چۆن بوولەگەڵتاندا ؟
نزیکی دوومانگ ، سەرەتا زۆر بەدو ناچیز بوون لەگەڵماندا ،پاش هەفتەیەک یەک یەک قسەیان لەگەڵ دەکردین ، ئەوەی بۆم دەرکەوت زیاتر مەبەستیان بزوتنەوە بوو کەتاروماریان بکەن و بەبەڕێگری خۆیانیان دەزانین ، بەتایبەت سەرکردەکانیان ڕاستر بڵێم ، ئەوانیان بەڕێگر ودوژمن دەزانی نەک کۆمەڵە. لەدوایی هەکاری کۆمەڵەش بوو بەپڕۆژەی شەری ئەوان و درێخیان نەکرد لەڕێگەی جاش و بەکرێگیراو دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە . لەنموونەی قالەفەرج و تەحسین شاوەیس و کۆمەڵێ جاش و خۆفرۆشی ترەوە .
پرسیار: ووتت قسەیان لەگەڵ کردین بەتاک تاک دوایش بەکۆمەڵ چیان پێ دەووتن بیرت ماوە ؟
بەڵێ پێشتریش پێم ووتی : دەیان ووت وەرن چەک بۆ ئێمە هەڵگرن دەتانێرین بۆ شارەکانی ئێران تۆگەنجێکی دوای جەلالی بۆکەوتوویت؟ ئەوانە خائینن پەیوەندیان لەگەڵ ڕژێمی عێراق هەیە ، تازە بەر لەیەک دوومانگ "عەلی عەسکەری" لە گەڵ بەعس لەکۆبونەوەدابووە ، ئەمانە ووڵات فرۆشن و ئێوە بەکوشت دەدەن . پاشان بەکۆمەڵیش کە کۆیان دەکردینەوە هەمان قسەیان دەکرد خراپتر جوێنیان دەدا بەهەموو ئەوانەی دوای جەلالی کەوتوون ، لەڕاستیدا ئێمە دوای جەلالی مەلای نەکەوتبووین ئەم شەڕە هیچ پەیوەندی بەئێمەو چوونە چیا و پێشمەرگایەتی ئێمەوە نەبوو، ئێمە دەماویست ساڕێژی ئاشبەتاڵ و ئەو شکۆ شکاندنەی گەلەکەمان بکەین و بەخەڵک بڵێین کە ئێوە خاوەنی ڕۆڵە بەوەفا کانی خۆتانن و ئێمەتا دووا دڵۆپی خوێنمان بەرگریتان لێدەکەین و جێتان ناهێڵین .
پرسیار: کێ بوون ئەوانەی کە کۆبونەوەیان پێدەکردن و لەناو سەرکردایەتی کاتیدابوون ، ناوەکانت بیرماوە ؟
جەوهەر نامیق ، سامی عەبدول ڕەحمان ، ئازاد خەفاف ، ملازم یونس ، لەگوندی پێداو بووین سێ چوارجار قسەیان بۆکردین ، دەیان ووت ئێوە کوڕی ئەم نیشتمانەن و وەرنەلای ئێمە ، باجەلالێت نەهێڵین و کورد وازلە جاشێتی بهێنێت . کە زانیان ئێمە گوێ بەقسەکانیان نادەین ئیتر بێ هیوابوون لێمان لەدوایدا خواخوایان بوو لەکۆڵ خۆیانمان بکەنەوە ، چونکە شەهید "تاڵیب ڕۆستەم" لەشەڕێکی سەختدا بوو لەگەڵیان دوای ناچاریان کرد کە تەسلیم بێتەوە لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆری پێشمەرگەدا ، ئەمەش بووە هاندەرێک بۆ "سەرکردایەتی کاتی" کە داوامان لێ بکەن گەر نەچینەلای ئەوان و چەکیان بۆهەڵنەگرین بڕۆینەوە لای ڕژێم و تەسلیم بینەوە ، بەزمانی ئەم کاتە ئەمە چاڵنجی ئەوان بوو.
پرسیار: کەس لەئێوە چووەلایان ، گەربیرت بێت ؟
زۆرنا بەڵام" حەمە قوتە" سەرگەڵووی کە لەگەڵماندا بوو ڕۆژێک جامانەیەکی سوری کردبۆ سەری و بووبەپێشمەرگەلای ئەوان ، پیاوێکی ئازابوو ، لەساڵی ١٩٧٧تدا یەک دوو سەربازو ئەفسەرێکی لە چیای دابان لەناوبرد ، ڕۆشتەوە تەسلیم بۆوە کەڕژێم زانییان ئەو گۆڵمەزەی کردووە هێنابویان لەهەمان شوێن گولەبارانی کەن ، لەچیاکەوە خۆی هەڵدابۆ خوارەوە بەدەیان تفەنگ تەقەیان لێکردبوو تەنها گیانی ڕووشابوو لەدەستیان هەڵهاتبوو ، خەڵکی سەرگەڵوو ئەو داستانە چاکتر دەزانن کە شایەنی ئەوەیە بکرێتە باس و چیرۆک . دوایش دەزانی "سەلام عەبدوڵاو ، عوسمانی قالەمنەوەرو ،سەید کاکە وڕەنگە خەڵکی تریش بێت بوون بەپارتی و ئەو هەموو مێژووی ئازارو قوربانی و غەدرەیان لەبیرکرد.
پرسیار: بەر لەوەی بڕیار بدەن کە تەسلیم ببنەوە ، دەگەڕێنەوە بۆ کاتی پێکەدانەکە و باسی
شەڕەکان دەکەین ، ئێوەڕەوشتان چۆن بوو چۆن لەگەڵ شەڕەکان و کەوتنە ناو کەشێکی بەفرو سەرماو نەشارەزا لە ڕێگەوباندا ؟
ئێمە هێزێکی شکستخواردوو نەبووین ، بەڵام لەڕووی دەروونێوە زۆر هیلاک بووین ، چونکە سەرەتا نەمان دەویست کە شەڕی کورد بکەین و هیچ پلانێکی واشمان نەبوو بەڵام دوای ناچارکراین ، گەڕانەوە بۆئەوڕۆژانە و بیرکردنەوە لێیان زۆر توڕەم دەکات ، زیاتر لە ٢٥٠ پێشمەرگەی ئازاو گەنجی ئەم وولاتە بەدەستی سەرکردایەتی کاتی و پارتی و عەشایەری جاشی تورک ڕۆحیان کێشرا بیرمە ئەو ڕۆژەی کە "عەبەی مەلا " شەهید بوو لەخواکورک کە وەک ئەوە وا بوو جارێکی تر ڕۆحی "حەسەن زیرەک "بکێشنەوە ئاخر عەبەی مەلا هونەرمەندێک بووکە پڕ بوو لەجوانی دەنگێکی چیایی هەبوو ، ئەو بۆ خەونی ئازادی ڕووی لە چیاکردبوو کەچی بەدەستی کورد ڕۆحی کێشرا . پاشان ئێمە برسێتی و ماندوو بوون و سەرما و بێ تەقەمەنی لەو هەردووکێوانە وەرببووین ، هەر دەڕۆشتین و لاشەی هاوڕێکانمان بەجێدەهێشت لە بن دارو پەردوو کەڵەکەکاندا ، چیلکەو چەواڵمان کۆدەکردەوەو لەسەر بەفرەکە و ئاگرمان دەکردەوە تا تۆزێک عێسقانەکانمان گەرم بێتەوە ، کەبەڕێکەوتین جل و بەرگی وا مەحکەمان لەبەردا نەبوو ،دوایش نەدەگەشتین بەهیچ جێگەیەک کە هەناسەیەکی تێدا بدەین و جارێکی تر خۆمان کۆکەینەوە. سوپاو سیخوڕی سێ ووڵات ڕاوی دەکردین ، جگە لە خەڵکی نیشتمانی خۆمان و هاوزمانمان بۆ راو رووت بەدوامانەوە بوون ، ئێمە بەر نەفرەتێکی سەیر کەوتبووین و کەس دەنگی نەدەبیستین .
لەناو خۆشماندا شەڕی مانەوەمان دەکرد . بیرمە یەکێک لە هاوخەباتەکانم نانی پێبوو داوام لێکرد کە بەشم بدات نەیدامێ ، پاش یەک دووساڵ لەکاتی شۆڕشی خەڵکی ئێراندا ئەو ئازاری دەروونییەی دەویست قەرەبوو بکاتەوە دەستی لەملم کردو داوای لێبوردنی لێ کرد م ، منیش ووتم دڵگرەن مەبە منیش بوومایە ڕەنگە هەمان بەرخوردم بکردایە لەوکاتەدا .
پرسیار: دەڵێن شەهیدان د. خالید و تا لیب ڕۆستەم زۆر مەرد و ئەمەکداربوون لەگەڵ پێشمەرگەو ڕووداوەکاندا ، هیچ شتێک هەیە لای تۆ کە بتەوێت باسی بکەیت هی ئەو دووجوامێرە؟
بەرلەچەند ساڵێک لە کوردستانپۆست ڕۆژمێری کارەساتی هەکاری مامۆستا "تالیب ڕۆستەم " بڵاو کرایەوە کاتێک ویستم بۆ دەوڵەمەند کردنی باسەکەمان ئەو یاداشتە بکەمە بەڵگە نوسینەکە م نەدۆزێوە کەبەچەند بەشێک بڵاو کرابۆوە . چونکە بەر لەچەند ساڵێک دەزگا ترسنۆکەکان هاکی ماڵپەڕەکەیان کردبوو هەندێک فایل دەستیان بەسەردا گرتبوو ئەو ڕۆژژمێرەش بەرئەو نەهامەتیە کەوتبوو ، بیرمە ڕۆژێک بەگەلیەکدا دەڕۆشتین باران دەباری لەناکاودا کەوتین بەسەر چەند فەردە شەکرو ئاردا کە داپۆشرابوو بە دارو نایلۆن مامۆستا "تالیب ڕۆستەم" ووتی ئێرە بەکەڵکی مانەوەنایە هەر پێشمەرگەو چنێک شەکر ئارد ی بەرکەوت . لەڕۆژ ژمێرەکەی تاڵیب ڕۆستەمدا باسی ئەوەی تێدابوو ،هیوادارم کە کەس وکارەکەی جارێکی تر بلاو بکەنەوە گەرنەفەوتابێت ، چونکە بەرواری ڕووداوەکانیشی لەگەڵ ناوی ناوچەکانیشی تۆمار کردبوو.
بۆ شەهید د. خالیدیش ڕۆژێک بەچیایەکەوە بووین ڕەتڵێکی زۆر بووین عەشایەر ی جاش هەر بەدوامانەوە بوون ، پێشمەرگەیەک هات و ووتی کاک دکتۆر بەداخەوە کاکە "جەوهەر"ی برات شەهید بوو، چێ لەلاشەکەی بکەین ؟
ماوەیەک تاساو پاشان ووتی :" هەر کاتێک توانیمان پرسە بۆشەهیدەکانی تر دابنێین بۆ جەوهەریشی دادەنێین ، هەوڵبدەن بیکەن بەژێر بەفرەکەوە .
بەداخەوە کە د.خالید کاتێک خەریک بوون بگەنە چەکەکان کە د. کەمال خۆشناو گەیاندبوویە ئەمدیووسنور د.خالیدو شێخ حسێن و چەند پێشمەرگەیەک دەگیرێن . کەدەیان هێنن ، جەوهەر نامیق بەفیزەوە بەسواری ماینێکی سپی وە دێت ، د. خالید دەچێتە سەر بەردێک و دەڵێت: واز لەم گەنجانەی نیشتمان بێنن ، من تاوان بارم هەرچیتان هەیە بەرامبەر من بیکەن ، پاشان شەهید شێخ حسێن بابەشێخی یەزیدیش دەڵێ منیش بەشێکم لە م ڕەوتە بێمنەت بن با گەنجی ووڵاتەکەمان نەبنەقوربانی .
پرسیار: ئێوە شەهید عەلی عەسکەری و د.خالید و شێخ حێسێن بابە شێختان لەگەڵدابوو کە زیندان بوون ، یان دەتان زانی لەکوێن و کەوتوونەتەکوێی ناوچەکە ؟
نا ئێمە نەمان بینین بەهیچ شێوەیەک سۆراغیان نەبوو ، بەڵام شەهید تایەی عەلی والی وسەید کاکەمان بینی لەناوماندا زیندان بوون کاک تایەر سەری برینداربوو ، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو لامان پیشمەرگەیەک هەبوو مەسیحی بوو کەلەبادینان پێیی دەڵێن :فەلا" لە مەفرەزەکەی شیخ حسێن بابەشێخ دابووکەناوی "سولاقە: بوو پیاوێکی ئازا پارتی بەریدا بوو کاتێک لەگەڵ شەهیدان حەسەن خۆشناو ٢٨پێشمەرگە کە پارتی لەساڵی ١٩٧٧ لەئەشکەوتی بازێ هەموویانیان گولەبارانکردبوو دەستیان بەسەر جبەخانەو چەکەکانیشدا گرتبوو ، ئەوکات سولاقە ئازاد دەکەن ، ئەمجارە لەجێگەیەکی نادیار شەهیدیان کرد ،سولاقە لەسەرەتای کاروانەکەوە لەگەڵماندا بوو ، لەنۆکانەوە، ئێمە بەردەوام ئازارمان دەچەشت بەرخوردی زۆر ناجوامێریان لەگەڵ دەکردین ، من ماوەی پێنج مانگ لەو ڕۆژەی کەوتبووینە ڕێگە نەمتوانی خۆم بشۆم نانیان نەدەدا پێمان کەدەیان هێنا دەمان بینی نانەکان گومشکی تێدا بوو ، هەموو کێشمان دابەزی بوو بۆیە بڕیارمان دا کە ڕێگە چارەیەک بدۆزینەوە لەو کاتەدا گفتوگۆمان لەگەڵ کاک ئازاد هەورامی ، شیخ عەلی "خولە کەشکۆڵ" کرد کە چی بکەین ؟
ئەوان پێیان باش بوو کە بڕۆینەوە تەسلیم ببینەوە پاشان بگەڕێنەوە لەسلێمانییەوە بچینەوە چیا ، ئەمە هیچ جێگەی ئومێد نەبوو بۆمان چونکە نەمان دەزانی کە بەعس چۆن بەرخورد دەکات لەگەڵماندا . بەر لەوەی باسی گەڕانەوەمان بکەم دەمەوێت ئاماژە بە شەهیدێک بدەم کە بەداخەوە هیچ کام لە کەناڵ و سەرکردەکان کە بیرەوەریان نوسیوەتەوە ئازایەتی ئەوەیان تێدا نەبووە باسی بکەن ، ئەویش شەهید د. بەشیر خوسرەوی بوو کە دکتۆرای لە کیمیاوافیزیا و ئەتۆمدا هەبوو گەریلایەکی ئازاو جوامێر کە لە شەڕی سلڤادۆرو هەندێک ووڵاتی ئەمەریکای لاتین و تەنانەت بۆ شەڕی ڤێتنامیش چووبوو ئەو مرۆڤێکی ئەنتەرناسیونالی شێلگیربوو ، جگە لەوەی کە دژی شای ئێران چەندین کاری و چالاکی کردبوو لەناو ئێراندا ، دۆستی جەلال تاڵەبانی بوو لەگەڵ ئێمەدا گیرا ئەو چریکی فیدای بوو ، کە گیرا نانی نەخوارد و فارس ووتەنی" ئیعتساب غزا"ی کرد ، جوێنی بەپارتێکان دەداو بەجاش و بەکرێگیراو سەیریانی دەکرد ، بەداخەوە ڕۆژێک تەقەیان لێکردو لە چەمێکدا لاشەکەیان جێهێشت . ناخۆشێکەی لەوەدا بوو ، نەلە نامیلکەی کارەساتی هەکار نە لە قسەکردن لەسەر هەکاری هیچ کەسێک باسی ئەم جوامێرە قارەمانە ناکات و نەیان کردووە، کەبەڕاستی گیڤارابوو .
پرسیار: پێت وایە کتێبی کارەساتی هەکاری "نەوشیروان مستەفا " مافی داوە بەو مێژووە؟
ڕاستێکەی کاک نەوشیروان تەنها فۆڕمی ڕووداوەکانی باس کردووە ، چونکە ئەو خۆی کارئەکتەری ناو ڕووداوەکان نەبووە لەدەمی کێوە چیرۆکەکانی بیستووە نازانم ؟ بەڵام کارەساتی هەکاری وەرچەرخانێکی ترسناکی مێژووە بۆ کورد کە دەبوو دوای ئەو کارەساتە بۆ هەتا هەتایە بکەرانی نەیان توانیایە باسی نیشتمان بکەن و بۆشیان نەبوایە کە ئۆکسجینی نیشتمانی کورد هەڵمژن ، چونکە بناغەی ئەنفال لەدوای هەکاریەوە دەست بەدروستکردنی کرا ، ئێمە بگەشتینایەتە ئەو چەکانە ئەوە جوتیارانی گوندەکان بە لێشاو بەرگریان دەکردو نەیان دەهێشت گوندەکانیان مێژوویان وا بەسانای جێبهێڵن و خاپورکرن بەدامێنیان هەڵگرن ، هەرئەوەش بوو جاشی زۆرکرد چونکە جوتیاران بێکار بوون دوای ڕاگواستن لەهۆردوگاکاندا ، بۆیە کاتێک کاک نەوشیروان دەڵێت با بکرێتە فلیم ، ئەوە گەلی زیندوو دەیکات نەک گەلێک کە لەسەر ئەژنۆکانی ژیان بکات ، ئێمە گەردەلولمان هەیە کە زادەی خەیاڵێکی پوچە و بە قسەش ئاماژەیان نە بە شەهید ئارام نە داوەو ئەوەکارەساتی هەکاری هەر بڤەیە ، چونکە بڤەیە باسکردنی باجی دەوێت .
پرسیار: ڕۆژێک لەجێگەیەک باسی هەکاریان لەتۆ نەپرسی کەوەک سەربازێک و کارئەکتەرێک لەڕەوتی هەکاریدا بووی ؟
نەخێر ، گرفتی ئێمە ی کورد لەوەدایە ڕووداوەکان بەحیکایەت دەزانین ، بەڵام کاتێک شۆڕشی ئێران بوو ئێمە لە گوندی بلەکێ بووین وەجبەیەک چەک کە لیبیا دابووی پێمان و شا گرتبووی دوای ڕاکردنی شا لەئێران کەوتە دەستمان من وەک پێشمەرگەیەکی کارەساتی هەکاری تفەنگێکی کڵاشیکۆفی پێنج بزمارم وەرگرت ، لەوکاتەدا ئەوە تفەنگێکی نایەب بوو ، شادمان بووم پێی وەک دبلۆمێک تێم دەڕوانی و جێگەی شانازی بوو بۆم .
پرسیار: باسی ئەوەبکە کە چۆن گەڕانەوە یان تەسلیم بوونەوە ؟
پارتی لەدۆخێکدا بوو کە خەریک بوو عەشایەرەکان تێگەشتبوون کە هەڵخڵەتابوون تەنانەت یەکێک لەسەرۆک عەشیرەتەکان شێت بوو ڕەوانەی خەستەخانەی دەروونی کرابوو کەزانیبووی ئێمە خائین نین و کارمان بەدین و باوەڕی خەڵکەوە نییە ، نەشیان دەتوانی ئێمە هەموو لەناو بەرن بۆیە کە بێ هیوابوون لەوەی کە ئێمە سودێکمان بۆیان نییە خۆیان پیاوێکی بەدیان خستە پێشمان و چوو لای "قائیدی فەیلەقی شمالی" هەواڵی بۆ هێناین کە دەتوانین تەسلیمیان ببین ، دوای گفتوگۆمان لەناو یەکدا ٥٥پێشمەرگە پێکەوە گەڕاینەوە چوینە ڕەبایەیەک لەسنور ئیتر کۆپتەر هات و بۆیەکەمین جار تەقەی لێنەکردین بەڵکوسواربووین بەدۆڵ و چیاو شاخەکاندا تا ناو مێرگەسوری بردین ، لەوێ قائیدی فەیلەقی شمال کە پیاوێکی کورتە باڵابوو قۆڵێکی نەمابوو هاتەلامان و دەستی کردە قسەی زەردو سور و ستایشی کردین کە بڕیاری جوامێرانەمان داوەو ئێمە ڕۆلەی عێراقین و عێراق نیشتمانی هەمووانە ، کۆشکێکی پشان داین کە تێدا نیشتەجێ بوو ووتی ئەمە هی شیخ خالیدی خائینە ئەوان لە ئێران و ئەمەریکان و ئێوەی هەژاریش لەو چیاو دۆڵانە وەربوون ، ئەگەر ئەوانە جوامێرو ئازا بوونایە لەکاتی قەوماندا ئەم کۆشک و تەلارەیان لەترسا جێ نەدەهێشت ، شیخ خالید باوکی ئەتەم بارزانییە برای مەلامستەفایە ئەوەی لەشکری ئیسلامیان هەبوو کەسەر بەقەرارگای ڕەمەزان یان قوربان بوو. پاشا دوایی نان وچاخواردن سواری زیلیان کردین بەچوار زیل دوو جێبی قائیدە بە گەلی عەلی بەگ و سەری ڕەشدا بردیانین بۆ شاری هەولێر لەسەربازگەیەک زیندانی کراین ، بۆ ماوەی ١٠ڕۆژ پاشان بردیانین بۆ سەربازخانەیەک لەکەرکوک و لەوێ پێیان ووتین کە سەرەک کۆمار "ئەحمەد حەسەن بەکر" لێبوردنی بۆ دەرکردوون و هەرکەسێک بچێتەوە سەر کارو بار و ژیان و قوتابخانەیان زانکۆی خۆی ، بیرم نەچێت کە یەکی ٧٥٠ فلسیشیان پێ داین دایکم ووتەنی سێ ڕوعبە دینار . من گەڕامەوە سلێمانی تازە برایەکم کە پێشتر بۆم باسکردی شەهید ببوو لە شاری هەلەبجە ئەسپەردەکرابوو ماڵەوەمان لەپرسەدابوون ، بەڵام دڵینا تۆزێک خۆش بوو بەگەڕانەوەی من بۆ ناویان ، کەچاوەڕیان دەکرد هەواڵی نەمانی منیش بشنەون .
پرسیار: پاش ماوەیەک گەڕایتەوە بۆ چیا ، بەڵام چۆن لەو گەشتە خوێناویە تێگەشتی ، چی فێر بوویت ، چۆن وەک کارئەکتەرێک سەیری شەڕی براکان دەکەیت ؟
لە شەتڕەنجدا یاسایەک هەیە بۆ ژیانیش زۆر گونجاوە، هەرکات دوو یاریزان سێ جار هەمان جوڵەیان دووبارە کردەوە ئیدی بێ قسە یارییەکە بە یەکسانبوونی هەردوولا کۆتایی دێت . بەڵام لای ئێمە هەزاران جار جوڵە دووبارە دەبارە بکەنەوە واز لەلوتبەری و خزمەتکردنی داگیرکەران ناهێنن . هەرئەوەشە بێمەڵامە نییە کە ئێمە نیشتمانێکمان نییە تێدا سرەوتمان هەبێت .
دەڵێ چی فێربوویت ، هیچ چونکە ڕووداوەکان بۆ ئێمە حیکایەتی گوێ ئاگردانە ، کارەساتی هەکاری و ڕووداوەکانی تری شەڕی کوردو کورد هەمووی لەیەکتر دەچێت ، ترسناک ، قێزەون ، ترسنۆک ، بەدکاری ، ئێستاش لای من بەغدادی تاوان بەئامانتر دەزانم لەهەولێرو سلێمانی ، چونکە ئێمە گەلێکمان دروست کردووە یان پەروەردەکردووە کە پڕمان کردوون لەگومان و داماوی و پڕمان کردوون لەڕووداو وائاڵۆزمان کردوون خەڵک تاقەتی گوێ گرتنی نییە لە چیرۆکەکانیش .
هێژام ماندووم کردی سوپاس بۆجوامێریت .
سوپاس بۆ ئێوە ، هیوادارم مافم دابێت بە گەورەی ئەوکارەساتە ناجایزە ، دواشت کەدەمەوێت باسی بکەم ئەوەیە لەو ٥٥کەسەی کە تەسلیم بووینەوە ئێستا بەقەدەر پەنجەی دەستێک ماوینەتەوە ، یان بەنەخۆشی یان لەشەری ناوخۆ یان لەبۆردمان گیانیان لەدەستداوە و ماڵئاوایان لە ژیان و کورد بوون کردووە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

