وڕێنەی هەڵبژاردن
11/11/2025, 0:09 (GMT+1)
وڕێنەکردن ئەو قۆناغە سایکۆلۆژی ییە کە تیایدا کەسی تووش بوو ناتوانێت قسە و بیرکردنەوەیەکی ڕوون و سوودبەخشی هەبێت بەجۆرێک کە بەرامبەر لێی تێبگات .
ئێستا ئەم قۆناغە ناجێگیرەی کۆمەڵگە و تاکی کورد کە تیایدا گوزەر ئەکات و بێ خەم و مەستین لە ژین و ژینگە و ژیانمان لە ئەنجامی ئەو بێبەهاکردنەی دەنگ و ڕەنگ و سەنگی هاوڵاتیانەوە بەرهەم هاتووە کە دەسەڵاتی کوردی و کەمتەرخەمی و ناهۆشیاری سیاسی کۆمەڵگە لێی بەرپرسیارە .
لەم ساتەدا کە نزیک بوینەتەوە لەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ٢٠٢٥/١١/١١ ئەنجام بدرێت ، ڕێک ئەو ساتەیە کە تیایدا کەوتوینەتە نێوان چەندین بەرداشەوە و هەرکەسێک لە ئێمە بەتەواوی ناتوانێ بڕیاڕ بدات بەشداری ئەو پڕۆسەیە بکات یان نا، بایکۆت بکات ، یان هەر دەنگ بداتەوە بە بۆق و مێش و مەگەزەکانی پێشووتر ، بەوانەشەوە کە ئەڵێن بڕیاڕمان داوە هەر لە دۆخێکی نادڵنیایی دەروونی ناوخۆیدان بەڵام ڕاستگۆیانە ناتوانن وەک ئێمە دەری ببڕن لەبەر بەرژەوەندی حیزبی و تایبەتیان ،ئەوەش جۆرێکە لە وڕێنەی خۆ هەڵخەڵەتاندن، چونکە وەزعە سیاسیەکە ئەوانیشی لە قاڵبداوە کە خودی خۆشیان بەرپرسن !
بەهۆی بارودۆخی هەستیاری ناوچەکە و عێراقەوە تا ئێستاش چەندین ئاماژە هەیە بەوەی کە هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت ، ئەگەریش ئەنجام درا ئەوا ئەنجامەکان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەمریکاوە دانی پێدا نەنرێت چونکە گوایە ئەم هەڵبژاردنە هەیمەنەی ئێرانی بەسەرەوە دیارە بەئاشکرا .
لەلایەکی ترەوە موقتەدا سەدر بڕیاریدا کە پرۆسەکە بایکۆت بکات و ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامەکان لە ئێستاوە دیزاین کراوە و کۆتایی پێهاتووە .
بەنیسبەت دەنگدەریشەوە ئێستا لایەنگری جێگیری حیزبی و دەنگدەری ئۆپۆزسیۆن و بەرەی بایکۆتیش هەن کە کێبڕکێیەکی توند و گەرم و تاڕاددەی شکاندن لە نێوانیاندا هەیە .
پرسیارەکە ئەوەیە ئایە دەنگدان هیچ لەباردۆخی سیاسی و ئابووری و خەڵک ئەگۆڕێ ؟! یان چەندین هەڵبژاردن کراوە ئایە ئەم پرۆسانە ڕووداوێکیان خولقاندووە کە لەبەرژەوەندی ژیانی گشتیدا بێت و تەکانێکی بە بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری و هۆشیاری تاک و بیرکردنەوەی سیاسیەکان دابێت تا بتوانین بڕیار لەوە بدەین کە بەڵێ هەڵبژاردن باشە و ئەبێت بەشداری کارای خەڵک ببینرێت !
یان ئایە ئەگەر بەشداری نەکەیت ، خۆ ئەو ژمارە دیاریکراوە کورسیەی پەرلەمان هەر پڕئەکرێتەوە بۆیە وا باشتر نیە کە دەنگە خۆڵەمێشیە بێلایەنەکە هەریەکە و لای خۆیەوە کاندیدێکی شایستە و قسەزان و زمان زان و خاوەن مەعریفە و پێشینەیەکی ئەخلاق پاک و خاوەن مەوقیف و گونجاو دیاری بکات و بیکاتە نوێنەری خۆی؟! لەکاتێکدا ئەگەر وا دەرنەچوو ئەوا دەست بکات بە چاویدا و ڕەخنەی توندی کەمەرشکێنی لێبگرێت ،تا ڕاددەی سووک کردن لێپرسینەوەی لێبکەیت و خۆتی لەبەرامبەردا گیڤ بکەیتەوە و بڵێ هەی نمەک حەرام تۆش مێشولەی هەمان ئەو زەلکاوەی پارتی و یەکێتی بوویت .
چونکە ئەگەر وانەکەیت ئەوا لەنەبوونی بەدیلی ئەو کەسانەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا هەر ئەوانەی ئێستائەبنەوە بە گەورەی مەجلیس کە چەندین ساڵە ژیانی تاکی کوردیان وێران کردووە !
من لە ئێستادا ئەم وڕێنەیەی خوارەوە زیاتر بە گونجاوتر ئەزانم کە بیکەینە ڕاستەقینە و کارتی فشار؛
ئەی چۆنە ئەگەر بە هەموان بایکۆتی پرۆسەکە بکەین و ئەو شانۆگەریە سەخیفە پێشکەش بە پارتی و یەکێتی و نمونەکانیان بکرێتەوە کە سێ دەیە زیاترە بەردەوامی هەیە ؟! لەگەڵ ئەوەشدا دەنگمان یەک بخەین و هەوڵی تێگەیاندنی وڵاتانی دونیا بدەین و پێیان بڵێین کە بەڵێ ئەوە ئەو پرۆسە بەناو دیمۆکراسیەیە کە چەندین ساڵە ئەوانە ئێوەی پێ فریو ئەدەن و کردویانە بە بیانوویەک بۆ هێشتنەوەی حوکمی چەتەگەرایی و مافیاگەرایی و شمولی خۆیان ، بۆیە ئێمەش بۆیکۆتمان کردووە.
من وەک خۆم لە سنوری وڕێنەی نێوان بایکۆتی گشتی دا خۆم ئەبینمەوە . بۆ ئەوەی بە دەنگدەری خۆڵەمێشی و ئۆپۆزسیۆنیشەوە ئەو پەیامە بە دونیای دەرەوە بگەیەنرێت کە بە حەقیقی پارتی و یەکێتی ساحەی سیاسی و سەربازی و ئابوری و هتد یان داگیرکردووە و نەفەسی دیمۆکراسی تیانەماوە ، تکایە چیتر پشتگیریان لێ مەکەن .
بۆ ئەوەی ڕووداوێک دروست بکەیت ، پێویستە هەنگاوێک بنێیت کە پێشتر ئەنجام نەدراوە ، بەدەرلەوانە هەموو سیناریۆکان دووبارەن و قۆناغی وڕێنە تێپەڕ ناکەن .
ئایە تۆ بەشداریکردن و هەڵبژاردنی کەسێکی شایستە ، یان بەشداریکردن و دەنگدانێکی حیزبیانەی جێگیر ، یان بەشداریکردن و دەنگ سوتان ، یان بایکۆتی گشتی هەڵئەبژێری !؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























