<

ئەنجامەکان بەدڵم نین بەڵام ژمارەکان هیوا بەخشن.

15/11/2025, 0:23 (GMT+1)
دوای تەواو بوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هیچ سوپرایزێک لە ئەنجامەکان بەدی نەکرا و وەک هاوکێشەیەکی نەگۆری بیرکاری دیسانەوە هەمان ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشوومان بەدەست کەوتەوە . 
لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ەوە هەڵبژاردن بە بەژداری حیزبە کوردیەکان دەکرێت هەمان دوو حیزب دەسەڵاتی لە دەستدایە حوکمی بەردەوام دەبێ. بەبێ بەشداریکردن، ئەم چینە هەمیشە لە هەڵبژاردندا دەیباتەوە؛ ئەمان پارێزراون و لەسەروو دەنگ و خواستی خەڵکەوەن. هەڵبژاردن تەنیا بۆ گۆڕینی ئەندامان و کادیرەکانیانە، نەك بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات. دەنگ بە هەرچ کەسێك بدەن، تەنیا دوو بنەماڵە و دوو حیزب دەردەچێ. 
پارتی و یەکێتی هەڵبژاردن ببەنەوە و نەیبەنەوە، دەسەڵاتی دادوەری ، سەربازی و حکومەت داگیر دەکەن. خۆ گەر لە ئاستی قانونی کەمتر دەنگیان هێنا، لەگەڵ گروپێکی دیکەی نێو پەڕلەمان، ڕێكدەکەون. گریمانە: گەر یەکێك لە پارتی و یەکێتی بە تەنیا هەموو دەنگی پەڕلەمانی هێنا، دەسەڵاتی براوە هەرگیز سنووری پۆڵاینی دێگەڵە و پردێی بۆ نابەزێ. پارتی و یەکیتی لەژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی تورك و فارسدا دەمێننەوە و بگرە بڕیاری سەرەکی سلێمانی و هەولێر لە تاران و ئەنکەرەوە دەدرێ؛ ئەمان تەنیا دوو حزبی جێبەجێکار دەبن. دەستتێوەردانی دەرەکی سەرچاوەی ڕێكنەکەوتنە لەگەڵ بەغداد.
ئەو هاوکێشە نەگۆرە کەوا پارتی و یەکێتی دەنگەکانیان دیارە و نەگۆرە هەمیشە هەمان ئەو ژمارە کورسیە دەهێنن کەوا پێشبینی دەکەن، ئەندام و لایەنگرانیان هەمیشە ئەو هەڵدەبژێرن کەوا بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بۆیان دیاری دەکەن بەڵام بۆ خەڵک و لایەنە نارازیەکان پێویستە چی بکەن تاکو کاریگەریان زیاتر بێ. 
 ئەگەر لە ئەنجامی دەنگەکان بروانین چەندین ژمارەی هیوابەخش دەبینین کەوا دەکرێ لە ئایندە ئۆپۆزسیۆن و حیزبە نارازیەکان کاریان لەسەر بکەن.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٣،٨٨٣،٥٠١ کەس مافی دەنگدانی هەبووە وە رێژەی بەژداری بەنزیکەیی ٥٠٪ بەژداریان کردووە لەو ژمارەیە دەنگی ژمارەی دەنگەکانی پارتی و یەکێتی نزیکەی ١،١٥٠،٠٠٠ یەک ملیۆن و سەد و پەنجا هەزار دەنگ بووە کەوا دەکاتە بە نزیکەیی ٣٠٪ ژمارەی دەنگدەران. 
گەر وردتر سەیری ژمارەی دەنگەکان بکەین دەبینن ژمارەی دەنگەکانی لیستە نارازیەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی نزیکەی ٥٠٦،٠٠٠ هەزار دەنگە کەوا ئەو ژمارەیە بەتواوی نزیکە لە ژمارەی دەنگەکان یەکێتی کەوا بە ٥٣٠،٠٠٠ دەنگ حیزبی دووەمە ، خۆ ئەگەر ژمارەی دەنگە پوچەڵەکانیش حساب بکەین کەوا ٢٠٦،٠٠٠هەزار دەنگە ئەوا ژمارەکە زۆر زیاتر دەبێ لە بە نزیکەیی دەگاتە ٢٥ کورسی کە ئێستا ١٣ کورسیان بردووە. 
سەرەرای بێهیوابوون لە ژمارەی کورسی و براوەکان بەڵام ژمارەکان بۆ من هیوا بەخشن و گرنگە بەرەی نارازی و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەو دەنگە نارازیانە یەکبخەن و لە داهاتوو حیزب و لیستێکی نوێ بێتە مەیدان و رکابەری هەردوو حیزبی دەسەڵات بکەن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان