<

نامەیەکی پڕ نهێنی جەلال تاڵەبانی کە زانیاری مەترسیداری تێدایە

15/11/2025, 0:35 (GMT+1)
نامەیەک کە تیایدا دەردەکەوێت کار گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی جەلال تاڵەبانی داوای لێکراوە دەست لە سکرتێری یەکێتی بهێنێت و بڕوات بۆ دەرەوەی ووڵات و کوردستان بەجێ بهێڵێت ، نامەیەک کە تیایدا تەنانەت جێگرەوەی خۆشی تێدا باسکردوە دەقی نامەکە دەڵێت ...

هەڤاڵان و برایانی زۆر خۆشەویستم 
کاک کۆسرەت ، کاک جەبار ، کاک قادر ، کاک عومەر ، کاک فەریدونی بەڕێز 
سڵاوێکی گەرم 
پڕ بە دڵ ئاواتی شادی و سەرکەوتنتان دەخوازم ، هیوادارم هەمیشە ساغ و سەلامەت بن .
خۆتان دەزانن کە بە بڕیاری هەمووتان وا من دەچم بۆ سەفەری دەرەوەی ووڵات :
بەم نامەیەدا بۆتان دووپات دەکەمەوە کە لەو سەفەرەشدا لەبەر ڕووناکی سیاسەت و هەڵوێستەکانی ئێوەی خۆشەویست و بەڕێز - نەک بیروبۆچوون و قەناعەتی خۆم ڕەفتار دەکەم و هیچ شتێک ، پەیمانێک ، بەڵێنێک ، لەگەڵ کەس ، وە بۆ کەس و لەسەر هیچ مەسەلەیەک نابەستم کە پێچەوانەی سیاسەتی ئێوە بێت .
بەڵام دوای تەواو بوونی ئەو کارانە ، ماوەیەک لە دەرەوەی ووڵات دەمێنمەوە ، هەوڵ دەدەم ، خۆم بشارمەوە لە سیاسەت و ڕۆژنامەنووس و دەوڵەتان ، بە بیانووی پشوودان و یاداشت نووسینەوە و نەخۆشی و هتد ..
دڵنیاتان دەکەم کە بە هیچ کلۆجێک ، دژی هیچ برادەرێک ، یان سیاسەتێکتان ، یان هەڵوێستێک بە هیچ شێوەیەک لای کەس قسە ناکەم .
ئەو بڕیاری مانەوەیەم دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر و لە ئەنجامی موعانات و نا ئومێدی زۆر و ڕەنج بە عەبەتی خۆم و زانینی ئەو ڕاستیەیە کە من سیاسیەکی سەرکەوتوو نەبووم لە مەیدانی چەسپاندنی بیرو باوەڕەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، کە لە یەکەمین کۆنگرە بڕیاریان لێ دراوە ، هەروەک لە پەیوەندیەکانی نێوان خۆم و نزیکترین و خۆشەویسترین هەڤاڵەکانیشم کە ئێوەو هەڤاڵانی تری مەکتەبی سیاسی بوون فاشیل بووم ، تەمەنیشم بەری تاقیکردنەوەی تاڵ و تفتی تری پێوە نەماوە .
بۆیە زۆر زۆر بە داخەوە ، بگرە خوێن لە جەرگم دێت ، بەڵام ویژدان و ضمیرم مورتاحە ، کە بڕیاری خۆدابڕێنم لە سیاسەتی ئێستەی ئێوە و ڕێبازی ئێستەتان و ڕەفتاری ئێستەتان دەدەم و بە ناچاری خۆم چیتر بە لێپرسراو نازانم لە لێیان و لە ئەنجامەکانیان ، وە چیتر خۆم بە سکرتێری گشتیش نازانم گەر لێم قبوڵ بکەن هەروەک ئەندامێکی سەرکردایەتی نەک مەلتەبی سیاسیش تاکو کۆنگرە دەمێنمەوە ، یان چۆن بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتنی ئێوە پێویستە وای ناو لێ بنێن . 
هۆیە سەرەکی و گرنگەکانی ئەم بڕیارەشم بریتیە لە : 
یەکەم : جیاوازی زۆر و زەوەندم لەگەڵتان لە سیاسەت دەربارەی داگیرکەرانی کوردستان هەموویان بێ جیاوازی 
دووهەم : ناڕەزایی زۆر و بێ ئەندازەم لە ڕەفتارتان لە مەیدانی مافی مرۆڤ و کوشتن و ئازاردان و چاوپۆشی لە کادرە تاوانبارەکان و هتد ...
سێهەم : گلەیی خۆم لە تاکڕەوی ، دیکتاتۆریەت ، کارکردن ، پێشێل کردنی سەرەتاکانی سەرکردایەتی بە کۆمەڵ و مافەکانی خۆشم وەک سکرتێری گشتی و بە ناو فەرماندەی گشتی ش .
بەڵام لێتان ناشارمەوە خاڵی یەکەم و دووهەم زۆر گرنگن و هیچ مساوەمەیەکم پێ لەسەریان ناکرێت ، ئەوەی سێهەمیان گرنگیەکی زۆری نیەە کە چارە نەکرێت ، چونکە ئەوەی پەیوەندی بە خۆمەوە هەیە گەردەنتان ئازاد بێت ، ئەوانی تریش هیوادارم خۆتان لە ناو خۆتاندا بە ژیری و هۆشیاری خۆتان چارەیان بکەن .
هەڤاڵانی تێکۆشەر و برایانی خۆشەویستم 
هیوادارم دڵنیا بن کە من خۆم لە ئێوە بە جیا و داپچڕاو نازانم ، هەمیشە وەک تێکۆشەرێکی دێرین گەر کارتان لە پرس و ڕای خۆتان لەگەڵ من هەبێ ، گەر پێویستیشتان بە هاوکاری من هەبێت لەگەڵتام بۆ سەرخستن و پێشخستنی کارەکانتان ئەوا مم ئامادەم و هیچ لاریەکم نابێ ، تا ئەو ڕۆژەی سەدام دەڕوخێت و یەکێتی نیشتیمانی کوردستام لە کوردستانی عێڕاق دا باڵادەست بۆی دەردەچێت ، ئەوسا داوای تەقاویدیتان لێ دەکەم بۆ ئەوەی دوای ٤٩ ساڵ خەبات پشوویەک بدەم و نەختێ بڕژێمە سەر منداڵەکانم و نووسیمەوەی بیرەوەریەکانم .
لە تەقاویتیشدا پێویستیم بە لوتف و برایەتی ئێوە هەر دەمێنێت : گەر وەزعی مالیشتان باش بوو ئەوا جاران دەمگووت کاک هۆمەر ، بەڵام ئێستا دەڵێم کاک کۆسرەت بکەن بە مەسئول ...
گەر هەر وەک ئێستەش بوون ، وەزعی مالیتان هەروا مایەوە ئەوا هیچم لێتان گەرەک نیە ، خۆم زۆرتر لە سوریا دەبم و ڕەنگە بە دزیشەوە بە پاسپۆرتێکی نەناسراویشەوە ماوەیەک بچمە فەڕانسا.
هەڤاڵینە دڵنیا بن لەم وەزعە باشەی ئێستەدا نەبان ماڵئاوایم لێ نەدەکردن ، بەڵام شکور ئێوە لە ڕووی سیاسی و ڕێکخستن و پێشمەرگایەتی و ئیقلیمی و دەولییەوە ، وەزعتان زۆر باشە و پێویستیتام بە لاسارێکی وەکو من نییە ، کە مانەوەم ڕەنگە ببێتە هۆی سەر ئێشە و گێچەڵ و دەمەقاڵی ناخۆشو ناجۆر و هتد ...
خوانەخواستە گەر وەزعتان لێ تێکچوو ئەوا موویەک هەڵکڕوزێنن و دێمەوە خزمەتتام ، یان گەر بە قەناعەتو ڕەزامەندی خۆتان - پاشان بۆتان دەرکەوت کە لە دوو خاڵە گرنگەکەدا بۆچوونەکانتان هەڵەن و ناڕاستن ئەوا دێمەوە . 
براتان مام جەلال .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان