ڕۆڵی سەڕۆک و نوخبە، لە سەرکەوتنی میللەتاندا
20/11/2025, 11:57 (GMT+1)
ئەزموونی ژیان و لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، دەریدەخات کە لەنێو میللەتان و نەتەوە و هەر کۆمەڵگەیەکدا نوخبەیەک هەڵدەکەوێت، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەبێت بە ڕێبەر، وەک لە بواری سیاسی، سەربازی، زانست و تەکنەلۆژیا، ئەدەب و هونەر بە هەموو بەشەکانیەوە و هیتر. واتە گشت میللەتان و کۆمەڵگە نابن بە ڕێبەر و سەرکردە و تاکی سەرکەوتوو، ناویان بچێتە مێژوو، پەنجە مۆر لەسەر ڕووداوەکان و هەموو دیاردەکانی دی ژیان بەجێ بهێڵن بۆ نمونە، یەک ئەنیشتاین (١٨٧٩-١٩٢١) ، چەند کەسێکی دی لە ئەڵمانیا هەڵکەوتن کە سەرکەوتن لە بواری زانستی بەدەست بهێنن، ناویان بچێتە مێژووی مرۆڤایەتی، واتە ئەڵمانیەکان هەر یەکێکیان ئەنیشتاینێ نەبوو و نییە، بەڵام ئەڵمانیای ئەمڕۆ، لەسەر دەستی نوخبەی سەرکەوتوو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و پەروەردە کردنی زانستیانەی کۆمەڵگە لەلایەن ئەوانەوە و دارشتنی سیستەمێکی تۆکمە بۆ بەرێوەبردنی وڵاتەکەیان و سەرکەوتوانە چوونە نێو هاڤرکێی جیهانی، گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە ببێت بە یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکان و پێشکەوتووەکانی دنیا و لەنێونەتەوەیدا هەژماری بۆ بکرێت، بۆیە سەیرە کاتێک کە هەندێک نووسەری کورد، پەنجە بۆ ئەوە درێژ دەکەن و دەڵێن،
"ئەگەر بەیانیەک لەخەو هەستین و میللەتی کورد مەحو بووبێت یەک کەسی تییاددا نەمابێت، مرۆڤایەتی هیچ زەرەر ناکات". واتە میللەتی کورد ئەوەندە بێکەڵکە ٤٠ میلیۆن تاک نەمێنێت زیان بە مرۆڤایەتی ناگەێنێت!
ئەم واقیعە تەنیا لە ژیانی مرۆڤایەتییدا بەدی ناکرێت، بەڵکو لەژیان و جیهانی ئاژەڵیشدا بەدی دەکرێت، بۆ نمونە گەلەگورگێک، لەنێویاندا گورگێک ڕێبەرە. لەجەنگڵدا لەنێو کۆمەڵێک شێردا، بەهێزترین شێر مەلیکە. لە جیهانی هەنگدا، شاژن هەیە، هەزاران نمونەی دی لە جیهانی ئاژەڵادا بەدی دەکرێت، واتە سروشت ڕۆڵی سەرەکیی هەیە، لە تەحەکوم کردن بە مێشک و زیرەکی و بەهرەی مرۆڤ، دواتر گشەپێدانی ئەو بەهرەیە یان ئەو زیرەکییە هەل لە ژیاندا بواری بۆ دەرەخسێنێت کە زێتر گەشە بکات بەڵام هەرگیز ئەو زیرەکیە تەحەکومی پێ ناکرێت واتە ناتوانرێت لەنێو ئەو مرۆڤەدا ئەو زیرەکییە یان ئەو بەهرەیە تیرۆر بکرێت، واتە زۆر سیفات لە مرۆڤدا کە هەیە زگماگە، بۆ نمونە مرۆڤ هەیە بە شێتی لە دایک دەبێت و ناتوانرێت تەحەکومی پێ بکرێت. زۆر سیفاتیش هەیە لەئەنجامی ئەزموونی ژیاندا، لای مرۆڤ گەڵاڵە دەبێت، ئەو جۆرە سیفاتانە قابیلی ئەوەن تەحەکومی پێ بکرێت، لەلایەن خودی مرۆڤەکەوە یان یاسا، بۆ نمونە پیاو کوشتن، دزی، دەکرێت مرۆڤێک ئەو جۆرە رەفتارانەی هەبێت و لە ئەنجامدا خۆی بگۆڕێت یان لە ئەنجامی سزای یاسای و ترس واز لەو جۆرە رەفتارانە بێنێت.
میللەتی کورد ئەو نوخبە سەرکەوتووەی تێیددا بەدی نەکراوە، بۆیە بەبراورد بە میللەتانی دی دواکەوتووە، بەتایبەتی نوخبەی سیاسی و حوکمڕانی، کە کلیلی پێشکەوتنی میللەتانە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی نوخبەی سیاسیی و حوکمڕانی ڕۆڵی سەرەکیی دەبینێت لە پێشکەوتنی وڵات؟ لە وەڵامدا دەگوترێت، کە لەبەرئەوەی سیستەمی حوکم و دەسەڵات، هێزی ئابووریی و سەربازیی و یاسای لەژێر دەستدایە و دەتوانێت ژێنگەیەکی ئارام کە تییادا یاسا سەرەوەر بێت بۆ کۆمەڵگە فەراهەم بکات، هەل بۆ بەهرەی تاکی نێو ئەو کۆمەڵگەیە برەخسێنێت، بەجۆرێک کە تێیدا ئەوان بتوانن گەشە بەو بەهرە زانستییە، ئەدەبیە، سەربازییە و هیتر بدەن. بۆ نمونە سوپا و جەنگ پێویستی بە زانستی پەروەردەی سەربازی هەیە، هەر کەسێک کاسکێتێکی لەسەر کرد، جلی خاکی لەبەر کرد و ئەستێرەیەک لەسەر شانی جلکەی بوو، نابێت بە ئەفسەر! واتە کە تۆ سوپایەک یان هێزێکی چەکدارت لەژێر دەست بوو، بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت و ڕوتبە بەبێ هیچ بنامایەکی زانستی سەربازیی ببەخشی، بێ گومان لە ئەنجامدا ئەو هێزە ناتوانێت بچێتە هاڤرکێی سوپای وڵاتان و لە هەموو تەنگەژە سەربازیەکاندا لە گۆڕەپانی جەنگدا ڕادەکات!
مێژوو پێمان دەڵێت، ئیرادە، ددان بەخۆگرتن، ڕووبەڕووبوونەوەی سەختیەکان، سووربوون لەسەر ئامانجی سەربەخۆیی دامەزراندنی دەوڵەت، لە مێشکی سەرۆکی نەتەوەکانی دنیادا کە سەرکردایەتی نوخبەی بەشدار بووی بزوتنەوە سیاسی و چەکدارەکانیان کردووە، خاڵی دەستپێکردن بووە بۆ بەردەوام بوون لە تێکۆشان و خەبات و کۆڵنەداندا، بۆ گەیشتن بە ئامانجی ئازادی بوون و دامەزراندنی دەوڵەت. واتە ئەوان بەو ڕوحە خەڵکیان هانداوە، پەروەردە کردووە، بۆ ئەوەی لە جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەکاندا قارەمانانە بجەنگن بۆ ئەو ئامانجە دیاریکراوە.
ئەگەر هاتوو چاوێک بخشێنین، بە مێژووی نەیارەکانی پرسی ڕەوای نەتەوەی کورد، بۆ نمونە نەتەوەی تورک، ئەوجا بەراوردی بکەین بە مێژووی بزوتنەوە سیاسی و چەکدارەکانی میللەتی کورد، وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەستدەکەوێت، کە بۆچی لە دنیای ئەمڕۆدا و بە هەزار ساڵ بۆ دواوەش بڕوانین، ئێمە لەسەر خاکی خۆماندا هەردەم ژێردەستە بووین تا ئێستاش بە ژێردەستەیی ماوین؟ کەچی نەتەوەیی تورک، کە ئەمڕۆ خاوەن وڵاتێکی وەک تورکیایە، حەوت سەد ساڵە دەسەڵاتدارە، ٦٠٠ ساڵی لەژێر ناوی ئیمپراتوریەتی عوسمانی و دروشمی ئاینی و نەتەوەییدا ( ١٢٩٩-١٩٢٢ز) حوکمی کردووە، سەدوبیست ساڵیش لەژێر دورشمی سیستەمی دیموکراتی و حوکمڕانی علمانیەتدا حوکمڕانە. بێ گومان ئەوە بە خۆڕایی و بە هەڵکەوت نەبووە و نییە، بەڵکو لەئەنجامی بوونی بیرۆکە و ڕۆحی نەتەویی تورک بووە، لە مێشکی هەموو ئەوانەی کە سەڕۆکایەتی نەتەوەیی تورکییان کردووە.
مەسەلەی زەق بوونەوەی ڕۆحی نەتەوەیی تورکیی، لە کەمال ئەتاتورکەوە سەری هەڵنەداوە، وەک ئەوەی هەندێک نووسەر ئاماژەی پێ دەدەن، بەڵکو لەپێش دامەزراندنی دەوڵەتی سەلجوقی ڕۆحی نەتەوەیی تورک هەبووە و بە مەسەلەی ئاین پەردەپۆش کرابوو. دواتر ئۆرهانی دامەزرێنەری نواتی ئیمپراتوریەتی عوسمانی، عوسمانە ڕەشی باوکی، ئەرتوغلوی باپیری و سلێمان شای باپیرە گەورەی سەڕۆکی هۆزی کایە، ڕۆحی نەتەوەیی تورکییان لەنێو هۆز و تیرە تورکمانەکاندا ژیاندۆتەوە.
ئورتوغلو لەسەدەی دوازدەدا گوتیتی،
" دەبێت هەوڵدەین یەک تورک لەسەر گۆی زەوی بێ دەوڵەت نەمێنێت".
ژیاندنەوەی ڕۆحی نەتەوەیی تورکیی لەلایەن سەڕۆکە تورکەکانەوە بە مەبەستی هێنانە دی خەونی بە ئیمپراتوریەت بوون بووە، واتە خەونی دامەزراندنی نەک تەنیا دەوڵەت بەڵکو ئیمپراتوریەت، دیاری کردنی سنووری جوگرافیا، داڕشتنی یاسا، دامەزراندنی سوپایەکی یەکگرتوو لە نواتی مێشکی سەڕۆک خێڵێکدا سەریهەڵداوە، کە ئەمە بازێکی گەلێک مەزن بووە لە بیرکردنەوەی پاراستنی بەرژەوەندیی تەنیا هۆزێک بۆ خەونی دامەزراندنی ئیمپراتوریەت. ئاسان نەبووە لەنێو جەرگەی دەوڵەتی سەلجوقیدا کاربکرێت، بۆ کۆکردنەوەی هەموو هۆزە تورکمانەکانی کە لە ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوون، لەژێر یەک ئاڵادا، لە بیرکردنەوەی سنووری خێڵەكیدا دەربهێنرێن، جۆش بدرێن بۆ تێکۆشان و ڕێکخستنیان بۆ ئەوەی پشتیوانی لە بیرۆکەی عوسمانە ڕەش بکەن، بۆ بیناغەی دامەزراندنی ئیمپراتوریەتی تورک لە ناوچەکەدا. جۆن کەنەدی سەڕۆکی ئەمریکا (١٩٦١-١٩٦٣) دەڵێت:
" مەپرسە وڵاتەکەت دەتوانێت چیت بۆ بکات، بەڵکو بپرسە تۆ دەتوانێت بۆ وڵاتەکەت چی بکەیت".
لە ساڵی ١٢٩٩دا، هیچ نەتەوەیەک خاوەن چەکی ئەتۆمی و چەکی قورس نەبووە، هەر دەستکەوتێکی سیاسی بە زەبری شمشێر و تیروکەوان و شەڕی دەستەویەخە بەدەستهێنراوە، واتە ئەو بیانوەی کە ئەمڕۆ لەلایەن سەرانی کوردەوە دەهێنرێتەوە، کە گوایە نەتەوەی کورد ناتوانێت بەرەنگاری لە خاکی بکات، بەهۆی بوونی سوپای زەبەلاح لەلایەن نەیارەکانیەوە، ئەو کاتە ئەوە نەبووە، بەڵام نەتەوەی کورد هەر ئازاد نەبووە و نەبووە بە خاوەنی هیچ دەستکەوتێکی سیاسی، واتە کێشەی مەزن لە مێشکی سەرانی کوردی ئەو کات واتە نوخبەی سیاسی هەبووە، کە خاوەن ئەجێندای سیاسی تایبەت بە دامەزراندنی دەوڵەت یان ئیمپراتوریەت نەبووە، بۆ نمونە دەوڵەتی ئەیوبیەکان کە ئەوانیش بە شەڕەشمشێر گەیشتونەتە دەسەڵات، بەڵام دروشمی نیشتمانیی و نەتەوەیی کوردییان نەبووە و لە کوردستان نەبوون، وەک عوسمانە ڕەشی تورک هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی و نیشتمانیان نەداوە، هەڵنەستاون بە کۆکردنەوەی هۆزە کوردەکان لەنێو سنووری جوگرافیایەکی دیاریکراو و لەژێر یەک ئاڵادا. ئەو دەوڵەتە هیچ سیمایەکی کوردبوونی پێوە دیار نەبووە، هەروها کورد لەو دەوڵەتەدا لەنێو کلتووری ئیسلامیی و عەرەبی توایتەوە. هەوڵەکانی دی سەرۆکە کوردەکان لەو زەمەنەدا تەنیا، ویستیان ئەوە بووە کە ببن بە سەڕۆکی ئیماراتێک لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتوریەتی عەرەب و فارس و تورک و هیتر. فرانکلین ڕۆسڤیرت سەڕۆکی ئەمریکا( ١٩٣٣-١٩٤٥ )دەڵێت:
" تەنیا شتێک کە ئێمە لێ بترسین، ترس خۆیتی"
دامەزرێنەری ئیمپراتوریەتی عوسمانی، بە ئاسانی نەهاتۆتە دەسەڵات، لە خێزانەکەی خۆیان دەیان کوژراویان هەبووە، ژیانیان سەخت بووە، لەنێو چادردا گوزەریان کردووە، جەنگی مەغۆلیان کردووە، جەنگی بێزەنتینیەکانیان کردووە. سەڕەرای هەموو ئەوانە شەڕی نێوەخۆیان هەبووە، دژی ئەو سەرۆک هۆزە تورکانە وەستاون کە ڕێگریان کردووە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، دژی ئەو تورکانەی کە بوون بە سیخوری بیزەنتیەکان و مەغولەکان ڕاوەستاون، شانبەشانی ئەوە بەشێک لە سوڵتان و ئەمیرە سەلجوقیەکان دژیان کاریان کردووە، پێیان وابووە ئەمە یاخی بوونە لە دەوڵەتی سەلجوقی.
لەسەر ئاستی میللەت کورد شەڕی مانونەمانی کردووە، لەسەر ئاستی سەرکردە و سەڕۆکەکان زێتر جەنگی بەرژەوەندیی تایبەتی بووە، واتە جیاوازیەکە لە لوبی مەسەلەکە ئەمە بووە، کە سەڕۆکە کووردەکان حەوسەڵەی دامەزراندنی دەوڵەت و ئیمپراتوریەتیان نەبووە، بەڵکو زێتر بیرۆکە و خواستی بوون بە پاشکۆبوونیان هەبووە.
مەترسی بە پاشکۆبوون لەوەدایە، هێزە سەرەکییەکە ئەگەر بزانێت لە بەرژەوەندیی ئەو کار ناکەیت، لەنێوت دەبات، ئەگەر دڵنیاش بێت بۆ بەرژەوەندیی ئەو کار دەکەیت، پشتیوانیت لێ دەکات تا ئەو کاتەی کاری پێت تەواو دەبێت و ئینجا بەلاوەت دەنێت. واتە لەهەموو حاڵەتکدا پشکۆ بوونی سیاسی و سەربازیی نەتەوەیەک بۆ هێزێکی بیانی ئەنجامەکەی هەر دۆڕانە. بەدرێژایی مێژووی هەزار ساڵ تا ئەمڕۆ بەشێوەیەکی گشتی سەڕۆککە کوردەکان نوخبەی هەڵبژاردەی نێو کۆمەڵگەیان بەکارهێناوە، تەنیا بۆ خزمەت کردن بە بیرۆکەی تەسک و پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەتیان، ئیدی لەنێو ئەو کێشمەکێشمەیەدا، سەڕۆکی وڵاتانی دی و میللەتانی دی بیریان لە بەرژەوەندیی نەتەویی ئەو میللەتە نەکردۆتەوە و بە لێپرسراوەتی سەرشانی خۆیانیان نەزانیوە. چارلس گیلمی نووسەری شانۆ فرەنسی لە سەدەی نۆزدەدا دەڵێت،
"ئەگەر ویستت هەر شتێک بە جوانی بکرێت، دەبێت خۆت بیکەیت".
لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا زۆرینەی سادە هەیە، چینی ڕۆشەنبیر و نووسەر و نیشتمانپەروەر هەیە، کە لەلایەن سەڕۆک و نوخبەیەکی دیاریکراو ڕێبەرایەتی دەکرێن، کە لە دنیای ئەمڕۆ و دوێنێدا لە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیی بەرجەستە دەکرێت، کە بڕیار بەدەستن و جڵەوی چارەنووس ژیان و گوزەران، داهاتووی کۆمەڵگەیان بەدەستە، بۆیە حاڵ و وەزعی هەر کۆمەڵگەیەک ئاوێنەیەکە کە تێیددا بە ئاسانی جۆری کەسایەتی سەرکردەکان و نوخبەی بڕیوەبەری ئەو وڵاتەی تێیددا دەبیندرێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























