<

ئاوێنەی یازدەهەم، ئاوێنەی " ڕۆژهەڵات" بەشی دووەم

21/11/2025, 16:14 (GMT+1)
بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت: " چەندێکی کوردەواری بە تێکڕایی لە ڕێی:١- یەکیەتیی هەوڵ ٢- شارەزایی بەرژەوەند ٣- ڕەفتاری لایەق بە مرۆڤی سەردەم بخەبتێت شتێکی کردووە ئەگەر نەیکات دەبێتە حەیا چوون. بۆ خۆشت لێتەوە دیارە دنیای کوردەواری لە چ بارودۆخێکدایە. بە داخەوە لە مانای دیمۆکراسی و ئازادی کۆشەش، جارێ، هەر ئازادیی لەتلەت بوون و براکوژی پلان و پڕۆژەی خەباتگێڕانە، دەردی دواکەوتوویی ٢٥٠٠ ساڵ وەک شێرپەنجە لەو خۆبەختکەرانە بەدەر دەداتەوە"١ .
• وەرگەڕانێکی تر لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتی نیشتماندا
دەستپێکردنەوەی ڕاپەڕینی چەکداریی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان/ ئیران ساڵی ١٩٧٩ و ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، وەک ڕاپەڕینێکی چەکداری لە مەیدانی تێکۆشاندا، کە هەر زوو وا هاتە بەرچاو کە ببێتە لایەنێکی تری گەورەی "با بڵیین ڕەقیب" ی حیزبی دیمۆکرات کە خۆی بە میراتگری کۆماری کوردستان و حیزبەکەی " پێشەوا" دەناساند، خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی بوون لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کە هەم بزووتنەوەکەیان بردە قۆناغیکی نوێوە و هەم چەند ڕەفتاری نابەجێی بزووتنەوەی چەکداریی لەوەو بەری باشووریان دووبارەکردەوە و بەهەمان ڕیچکەدا ڕۆیشتن، واتە دەستیان چووە خوێنی کچان و کوڕانی کورد، بەناوی جۆراوجۆرەوە! بەڵام لە کۆتایدا هەر ڕشتنی خوێنی لاوانی کورد بوو" لاوان هەم کچان و هەم کوڕانیش، توانا، وزە و بیرکردنەوەی تاکی کورد، مرۆڤی کورد" دەگرێتەوە و مەبەستی من ئەوانن.
لەبەر هەندێ هۆ هەمیشە هەوڵدراوە کە ناکۆکی ناوەکی حیزبەکان لە نەتەوەکە بشاردرێتەوە و پەردەی بەسەردا بدرێت، بەهانەی بۆ بهێنرێتەوە، بەڵام لە زۆر قۆناغدا ئەم پەردەیە لا دەدرێت و ناکۆکییەکە دەتەقێتەوە، لەبەر ئەوەش کە نەتەوەکە لە قۆناغی شەڕی چەکداریدا بووە و ئەو حیزبانەی کە کە هاوبەشی بزووتنەوەکە بوون، چەکداریان هەبووە، ناکۆکییەکان بوونەتە تەقینەوەی خوێناوی لە نێوان خۆیاندا، کە "هەمیشە ئاسایشی نەتەوەیی کوردیان خستۆتە مەترسییەوە"، ئاشبەتاڵ، کۆڕەو ئەنجامێک بوون، کە نزیک بوو نەتەوەکە بەرەو فەنابوون و تیاچوون بەرێت، سی و یەکی ئاب و  هەکاریش هەر بەوجۆرە، ڕووداوە خوێناوییەکانی تری کوردستان کە سەرکردەییەتی حزبەکان دەستیان تێدا هەبووە، بەهەمان شێوە بوونە هۆی داهێنانی نوێ لە پەلاماردانی نەتەوەکە بۆ خۆی، کە بوونی حیزبی چەکدار و " نەبوونی سپایەکی یەکگرتووی نەتەوەیی"، ماوەی ئەوەی نەدا کە " شێوازێکی گونجاوی سەر بە واقعی نەتەوەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵوێست وەرگرتن"، پێک بێت. حیزب و بەرژەوەندی حیزبی زۆری کوردیی هەمیشە ئەو دەلاقە تەسکە بوون کە سەرکردەیەتی حیزبەکان لەوێوە لە کارەساتە نەتەوەییەکانیان ڕوانیوە، زۆر جێگای سەرنجە کە ئەم کارەساتە مەزنە گەورانە، هەرگیز دەرهاویشتەکەیان نەبۆتە هۆی " تەبایی و گەیشتن بەیەک ئامانجیی نەتەوەیی"، ئەمەش هۆ سەرەکییەکەی، بوونی ئەو سەرکردەیەتییە حیزبییە بووە، کە لەئاست قۆناغ و مەسەلە نەتەوەیەکەدا نەبووە و " نەبوونی سپایەکی یەکگرتووی نەتەوەیی" چوونکە سەرکردەیەتی حیزبەکان، هەر خۆبادانێکیان کردبێت بەرانبەر بەیەکتر، لەوەوە بووە کە دیویانە چەکداریان بەدەورەوەیە و دەتوانن بۆ سەپاندنی خۆیان، بەکاریان بێنن، ئەوەش کە ئەم کارەساتانە، ئەو چەکدارانەی دەورووبەری سەرکردەیەتی حیزبەکانی وشیارنەکردۆتەوە هەم سەبارەت بە حاڵی خۆیان و هەم سەبارەت بە حاڵی نەتەوەکەش، ئەوەش بۆ خۆی جێگای سەرنجە!!! (دێمەوە سەر ئەم باسە).
 
• بوونی بەناو ئۆپۆزیسێۆنی نەتەوەی سەردەست لە کوردستاندا
ئەم باسە نوێ نییە، من لە مێژە لە خراپییەکانی کۆبوونەوەی هەموو باش و خراپی نەتەوەی سەردەستم لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی حیزبە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کردووە و لە کوردستانپۆستی هێژادا، لەسەری نووسیومە، کە بمانەوێت یان نەمانەوێت، کۆبوونەوەی ئەو حەشاماتە نەناسراوە( نەناسراوی واقعییان، نەک لەو پێناسانەوە کە ئەوان لە کتێب، ڕاگەێنراو، نامیلکە و بەیاننامەکانیاندا) لە خۆیان دەکرد، تا ئەو ئاستە بردووە کە شانی لە شانی خیانەتی نەتەوەیی داوە.
پاساو هێنانەوە بۆ وەی کە ڕۆڵی ئەم ئۆپۆزیسیۆنەی نەتەوەی سەردەست چی بووە لەو قۆناغ و سەردەمانەدا، دەچێتە قاڵبی خۆ خەڵەتاندن و گومڕاکردنی ئەوسا و ئێستای نەتەوەکەوە.
نموونەیەکی زۆر سادە دێنمەوە: تۆ دەکەویتە ئاڵۆزییەکەوە، کە هێشتا لە سەرەتای ئاڵۆزییەکەدایت و هیچ چارەسەرێکی یەکدەنگ و یەک بڕوات بۆ پێک نەهاتووە سەبارەت بە ڕێگاکانی چارەسەرەکە. لەناکاو هورژمێکی گەورە لە هەموو لایەکەوە دەورت دەدات و دەیان هزر و تیۆریی یەخەت پێدەگرێت کە لە چاوی نەتەوەی سەردەستەوە و گرفتارییەکانی خۆیان لە ناویەکدا و بەرانبەر بە دەسەڵاتی نوێ، مەسەلەکەی تۆ دەبینن، ئایا ئەمانە جگە لە ئاڵۆزکردنی باروودۆخەکەت و خەریکاندنت بە گرفتاری نوێوە دەتوانن چ سوودێک بە تۆ و مەسەلەکەی تۆ بگەێنن؟!. ئەمە جگە لەو بارقوورسییەی کە دەیخەنە سەر بزووتنەوەکەت بۆ پاراستنیان و بژێوی پەیداکردن بۆیان؟! کە هەمووی لە وزە و توانای بڕیاردان و دۆزینەوەی ڕێگا چارەکان، کەم دەکاتەوە و ئاڵۆزیی نوێت بۆ دروست دەکات، کە نە ئاڵؤزیی تۆیە و نە لە توانای تۆشدا هەیە کە چاریان بکەیت؟!.
بوونی ئۆپۆزیسیۆنی تری جگە لە خۆت، یا بوونی کەسایەتی میللەت یا میللەتانی تری سەردەست لە نیشتمانی تۆدا، لەیەک حاڵەتدا، دەگونجێ: کە بڕیاردان و هەڵوێست و ئاراستەکان بەدەست خۆتەوە بێت، ئەمە لە حاڵی " کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان" دا، پاش ماوەیەک پێچەوانەوە بوویەوە و لە کۆتایدا بووە ئەو پشێوییە کە ئاکامەکەی لە چەند " کەرت و پارچە" دا دەبینینەوە، کە دەستی خۆیان بە خوێنی لاوی کورد سوورکرد.
• سپای ئازادیی کوردستان
وەک لە بابەتەکانی پێشوومدا، باسم کردوە لە کوردستانپۆستدا، بنیاتنانی " سپایەکی یەکگرتووی نەتەوەیی" لە مەرج و پێویستییە هەرە هەرە لە پێشینەکانی ئێستای واقعی نیشتمانی داگیرکراو و بارو حاڵی سیاسی و لە شکری ناوچەی میزۆپۆتامیا و باری سیاسی، ئابووری، لەشکریی و پەیوەندی ئەو نەتەوانەیە پێکەوە کە حکووماتی ستەمگەر و پاوانخواز تێیاندا فەرمانڕانی دەکەن.
١- ئێمەگەلانی زۆرمان لەم ناوچەیەدا هەیە، کە ئێمەیش وەک کورد، لە نەتەوە سەرەکییەکانی ئەم ناوچەیەین، کە نیشتمانی خۆمان هەیە، بەڵام نیشتمانەکەمان لەبەر بەرژەوەندی زۆر گەورەتر لە خۆمان لە بارودۆخێکی تایبەتدا، دابەشیانکردووین بەسەر چوار دەوڵەتنەوەی جیاوازدا، بۆ ڕێکخستنی سنوورە سیاسییەکانی ئەم دەوڵەتنەتەوانەی کە دروستیان کردن. واتە مۆنتاجکردنی دەوڵەتنەتەوەی نوێ.
٢- ئەم گەلانە، سەرەڕای پەیوەندی کلتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتی زۆری تر، لە زۆر حاڵەت و قۆناغدا، بە ئایدیۆلۆجی و سڕینەوەی گەلانی تری ناوچەکە پەروەردەکراون و ئاڕاستەشکراون، پەراوێزخستنی گەلانی ناوچەی میزۆپۆتامیا، لەلایەن ئەو فەرمانڕانییە کوێر و تینوی خوێن و فاشیستانەوە، نەک سپای ئەو وڵاتانەی کردۆتە دڕەندەیەکی خوێنخۆر، بەڵکە سەرەزلەکانی ئێلیتی بەناو "ڕۆشنبیریی" ئەو گەلانەشی بەم سیاسەتە ئاڕاستەکردووە، لەبەر ئەوەی ئەوانیش پەروەردەکەر و مامۆستای قوتابخانە و فێرگەکان و زانکۆ و مەلای مزگەوت و دیوی بینراوی حاڵە کلتوورییەکەی کۆمەڵگاکانیان بوون، ڕەنگدانەوەیان لەسەر فێرخواز و قوتابیی و خوێندکارەکانی خۆیان بووە و بەمجۆرە نەوە داوای نەوە، دڕندانەتر هەوڵی سڕینەوەی کلتوور و بوونی نەتەوەکانی تری بندەستی نەتەوەی زاڵیان داوە و بەهانەی پووچی فەلسەفیی، مێژوویی ساختە و سیاسیی چەواشەکارانەیان بۆ هێناوەتەوە، بێ ئەوەی باسی ستەمی نەتەوەی سەردەست بکەن کە نەتەوەکەی خۆیان بووە.
٣- ئێمە هاوسێ، یا ژێردەستەی، حوکوومەت و دەسەڵات و نەتەوەگەلێکی دیمۆکراتخواز و ئازاد نەبووین، کە لە ڕێگای ئاشتی و گفتوگۆی لۆجیکییەوە، بە مافەکانی خۆمان بگەین، ئەو لۆجیکەی کە فەرمانڕانیی نەتەوەی سەردەست کاری پێکردووە: هێزبووە، کە بەپێی هەمان لۆجیکیش کاردانەوەکەی دەبێت هێز بێت، کە هەمیشەش لەوەی ئەوان کەمتر بووە، بەڵام جیاوازیی گەورەی نێوانیان ئەوە بووە، کە نەتەوە بندەستەکان ئازادیخوازبوون و نەتەوەی سەردەست پاوانخواز، لە ناو نەتەوە بندەستەکاندا، ئیرادەی ئازادبوون فراوان بووە و لە ناو نەتەوەی سەردەستدا، هەوڵی بە کوێلەکردن. سەربازانی ئەوان شەڕیان بۆ دەسەڵاتێکی ستەمکار کردووە و نەتەوە بندەستەکانیان قەلاچۆکردووە، بەڵام شەڕڤان و جەنگاوەرانی ئازادی نەتەوە بندەستەکان، گیانی خۆیان بەئازادیی بەخشییوە، بۆیە نەتەوەیەکی بندەستی ئازادیخواز، هەرگیز لەناو ناچێت و هەمیشە لە گەشانەوەدایە، بوارێکی لێ دەگریت، لە بوارێکی دیدا دەگەشێتەوە، لەسەر یەک بنەما کە ئازاد بوونە، واتە ئازادبوون بڕیارێکە کە جەنگاوەری نەتەوەی بندەست خۆی بە ئەرکدار دەزانێ، کە دەبێت بەدەستی بێنێ و دەبێتە ژیان و ژیانەوە و دەزانێ ئازادبوون: مانەوەی بوونێتی.
٤- کەواتە نەتەوەی کورد، وەک نەتەوەیەکی ئازادیخواز کە ئازادیخوازیی ناسنامەی زۆرینەی نەتەوەکەیە و لە پێناویدا تێکۆشاوە، دەرفەتی بەو کەمینەیەی خۆی داوە کە وتوویانە، من بە رێکخراوەیی هەوڵ دەدەم لاوەکانت ڕێکبخەم بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان و سەرکردەیەتیان بکەم، نەتەوەکەش بۆ ئەوەی ئەو سەرکردانە " فێری هەڵگرتنی بەرپرسیاریی متمانە پێدان" بکات، لاوەکانی خۆی ناردە ناو ئەو گرووپانەوە بەو ئومێدەی کە ١- فێری ئەو دەرسەی متمانە ببن. ٢- فێریان بکات کە ڕێبەریی کردنی ژمارەیەک لاوی کورد لە پلەی یەکەمیندا بەرپرسیارێتییە. 
• پەلاماردانی بزووتنەوەی ئازادیی نەتەوەکە
پاش ئەوەی، نووسەرانی کوردستانیی شەرافەتمەند، بە نووسین و بە لێدوانی زارەکی، سەبارەت بە جەنڕاڵە کارتۆنییەکانی باشووری کوردستان، ڕوونکردنەوەیان دا و چەمکی هاووڵاتی بوون لە وڵاتانی ئەورووپاییان بۆ گەلەکەمان ڕۆشنکردەوە و ڕێنماییان کردن کە ئەو سەرکردە و کاربەدەستانەی باشووری کوردستان یان ڕۆژهەڵاتیی دانیشتووی باشوور، لەبەر هەبوونی 
" ڕەگەزنامەی وڵاتێکی ئەورووپایی" ناتوانن دەستدرێژی و سووکایەتی بەلاوانی کورد بکەن و ئەگەر بەبەڵگەوە، ئاشکرا بکرێن، بە دڵنیاییەوە، بەرپرسیارن بەرانبەر بە یاسای تاوانەکان لەو وڵاتەدا کە هاووڵاتیی بوونی ئەوانی قەبووڵ کردووە، کە ئەمەش ترسێکی خستە ناو دڵیانەوە و لەرزاندنی، چوونکە بۆیان دەرکەوت کە لاوانی نەتەوەکەی ئێمە، بێ خاوەن نین، ڕۆشنبیرانی کوردستانی، چاویان لەسەر هەموو جمووجوڵێکە کە پەیوەندی بە کەسایەتی تاکی کوردەوە هەیە. بۆ لابردنی زەینی نەتەوەکەمان لەسەر ئەو باس وخوازانەی کە تۆقاندبوونی، دەستیان بۆ یارییەکی ناشرین برد، بەوەی کە ڕووی هێرشەکانیان کردە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان و ژمارەیەک فشنبیرانی  سۆشیال مێدیا (کورتی دەکەمەوە بۆ: فشسم)٢ کە بوارێکی ئاسان و لەبەردەستە بۆ هەموو کەسێک، کە ئەمەش لایەنی باشی سوشیال مێدیایە، کە هەموو کەسێک بە ئازادی دەتوانێت ڕای خۆی دەرببڕێت، دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا کە ناو و ناتۆرەی زۆر لە بزووتنەوەکە بنێن و خواستی دەروونیی خۆیان دەرببڕن، کە بەداخەوە ڕقێکی کۆنە و ترسێکە لە گەشەکردنی بزووتنەوەکە بە تایبەت لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەم ژمارە کەمە چەند تایبەتمەندییان هەیە کە پێی دەناسرێنەوە:
١- لەیەکێک لە قۆناغەکانی، بزووتنەوەی ئازادی نەتەوەکەدا، خۆیان یان باوانیان هاوبەشبوون.
٢- هەر لەو قۆناغەدا ماونەتەوە و هیچ خاڵێکی نایەتی(نەرێنی) کە لەناو ئەوحیزبانەی ئەو قۆناغەدا تێکۆشانیان کردووە، یا سەبارەت بە کەمووکورتیی سەرکردەیەتییەکانیان قبووڵ ناکەن. هەر چەندە لەم دوایانەدا ژمارەیەک تێکۆشەری کوردستانی شەرافەتمەند، کە پلەو پایەشیان لەناو ئەو حیزبانەدا بووە، لە نووسینی بیرەوەرییەکانی خۆیاندا، ئاماژەی زۆر بە: کوردکوژییەکان، ڕەفتاری بەرپرسەکانیان و ڕووداوگەلێکی غەمگین و دوور لە پرانسیپەکانی شۆڕشگێریی، بەرماڵاکردووە. لە نموونەیان: بیرەوەریەکانی تێکۆشەر "کاک حاتەم مەنبەری"، " بەرێز کاک مەلا ڕەسووڵی پێشنماز، " دادە مەلەکە سوڵتانی" و " کاک عەلی کەریمی" و ... چەندانی تر، لە باشووریش چەندین کەس ئەم کارەیان کردووە، ئەوانی ڕۆژهەڵاتی: ڕوونتر، ڕاشکاوانەتر و بوێرانەتر نووسراون. 
٣- گیرۆدەی ئایدیۆلۆجیایەک بوون و لە دەرەوەی ئەوە، هەموو بیر و هزرێکی دی، بەهەڵە دەزانن.
٤- خۆیان بە داوێنی چارەسەرگەلی خەیاڵیدا هەڵواسییوە کە پێی ناوێرن و ناشیانەوێ لە پراکتیکدا هاوبەشی جێبەجێکردنیشی بن.
٥- دەکوژن و دەبڕن و تێکی دەدەنەوە و درووستی دەکەنەوە، وەک ئەوەی کە چیرۆکێکی خەیاڵی بنووسنەوە.
- ئێمە دەزانین کە باشترین تیۆری زانستی، کە ئاکامی دەیان ساڵی لێتوێژینەوە و پەیجۆریکردنیشە، هەر لە ناو فایل و کتێباندا دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی دەبرێتە ناو کێڵگەکانی ئەزموواندن و کەموکورتییەکانی دەردەخرێن و دیسان پێداچوونەوەی چەند ساڵی و چەندپاتی بۆ دەکرێتەوە و دەسکاریی هەندێجار بنەڕەتیش لە تیۆرییەکەدا دەکرێت.
- لەناو سیاسەتدا، ئەویش لە کوردستانێکی دابەشکراوی، ماندووی ژێر ستەمی چوار دەوڵەتنەتەوەی ئاوا دڕدا، خۆ پەروەردەکردنێکی بەردەوام، قووڵ، دڵسۆزانە، خۆبەخشانە و زۆر جاران لێبووردن لە ژیان و مان و نەمانی دەوێت.  تێکبەردانی نەتەوەکە لەگەڵ خەڵکانی تردا، بە خواست و هەوەسی فووتێکراوی بێ بنەما، لەوانە (کوردایەتی جل و جامانە)، ڕێباز و مێبازی کەسایەتییەک و بنەماڵەیەک، جگە لە فەوتاندنی نەتەوەکە و زیادکردنی زامە ساڕێژنەبووەکانی، چیدی لێ سەوزنابێت.
- لێرەدا بە ڕوونی ئەوە دەردەکەوێ، کە کورد، پێویستی بە حیزب، تاقم، دەستە، بەتایبەت لە جۆرە چەکدارەکەی نابێت/ نییە و بەمجۆرەی کە تا ئێستا هەیە، تەنیا یەک ئاکامی دەبێت: مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەکە. مەگەر ئەوەی هەنگاوی جددی و کوردستانیانە بنێن بۆ بنیاتنانی " سپایەکی یەکگرتووی نەتەوەیی"، ئەمەش دەبێت هەر ئێستا بکرێت، هەندێ لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بەو پاشخانە وابەستەییەی کە هەیانە بە "قیادەموەقەتەوە" و  ئەو مێژووە خوێناوییەی کە بوویانە، بە چەکەوە بچنەوە  ڕۆژهەڵات، کارەسات درووست دەکەن. نەتەوەکە دەبێت حیزبەکانی چەک بکات و تەنیا بیداتە دەست" جەنگاوەرانی سپای یەکگرتووی نەتەوەیی کوردستان"!!!. 
• پاکانەکردن بۆ کوردکوژیی لە لایەن دەستەی " فشسم" وە
لەو گفتوگۆیانەدا کە لە سوشیاڵ مێدیادا، سەرەتای هەیە و کۆتایی نییە، دەستەی "فشسم"، زۆرجاران دەکەونە هێنانەوەی بەهانەی نادرووست بۆ کار و ڕەفتاری سەرکردەیەتی حیزبەکان، کە ئەوانەی ڕۆژهەڵات، هەر بێبەریکردنی سەرکردەیەتی حیزبەکانیان نییە لەو کوردکوژییە، بەڵکە لەم ڕێگایەوە، دەشیانەوێ، تاوانەکانی "قیادەموەقەتە" بەرانبەر بەو بەشە ئازادیخوازەی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتدا، بە "ناچارییەکی کە هەر دەبوو بکرایە"، پاساو بدەنەوە و بیکەنە ڕەفتارێکی ئاسایی و دەڵێن: یەکتر کووشتن لە ناو هەموو گەلەکاندا بووە، تەنانەت لە ئەمێریکاش ئەوە ڕوویداوە.
ئەلف: بەڵێ لە ئەمێریکا ڕوویدا، هۆکەی ئەوەبوو کە ئەبراهام لینکۆلن، کە هەڵبژێردرا بۆ سەرۆکایەتی ئەو دەمەی ئەمێریکا، یاسای قەدەغەکردنی کۆیلە و کویلەگەریی دەرکرد، کە لە ویلایەتەکانی باشووری ئەو وڵاتەدا، خەڵکانی ڕەشپێست و ئەمەریکای لاتین وەک کۆیلە لە مەزرا و کارخانەکاندا کاریان پێدەکرا، خاوەن بەرژەوەندییە ئابوورییەکان لە ویلایەتە باشوورەییەکاندا، دژ بەم بڕیارە وەستانەوە، چوونکە ئەوان دەیان گووت کە ئەگەر ئەم سیستەمە قەدەغە بکرێت، ئەوان زیانی گەورە دەکەن و کارەکانیان دەوەستێ، بۆیە بڕیاریاندا کە لە ویلایەتەکانی ژووروو جوودا ببنەوە و دەوڵەتی خۆیان دروست بکەن، ویلایەتە ژوورووەکان کە ژمارەیان زیاتر بوو، ناچاربوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، هێز بەکاربێنن، ئەوە بوو بەهاری ١٨٦١ شەڕ لە نێوانیاندا دەستی پێکرد و ١٨٦٥ تەواو بوو بە سەپاندنی یاساکە، واتە چوار ساڵ بەردەوامبوو، لەم شەڕەدا ئەو سوێدیانەش کە کۆچیان کردبوو، بۆ ئەمێریکا بۆ کارکردن، ژمارەیەکیان کوژران کە فەرماندەشیان تێدا بووە، سەر بە هەردوو بەرەکە بوون.
بێ- ئایا کوردکوژیی نێوان لاوانی کورد، بە فیتی خواستی دەروونی سەرکردەیەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور، بۆ سەپاندنی کام یاسا مرۆیی و سوودە هەمەگیرە کورەوارییەکان، ڕوویان دا و بوویە هۆی کوشتنی ٧٠٠-٨٠٠ لاوی کوردی کوردستانپەروەر لە ڕۆژهەڵات دا و ١٢٠٠٠ لاوی کوردستانپەروەر لە باشووردا؟!! بێگوومان ئەو ژمارانە زۆر لەوانەش زیاترن.  
پێ- وای دابنێین ٧٠٠ لاو کوژراون، هەر لاوێک باوانێک(دایک و باوک) ێکی بووە، خوشک و برایەکی بووە(لایەنی کەمترین)، مانای چوار کوردی تریش زامدار بووە، ٧٠٠x ٤ = ٢٤٠٠ کورد لە رۆژهەڵات و ١٢٠٠٠ x ٤ = ٤٨٠٠٠ کورد لە باشووردا کوژراوون لە دوای ئازادبوونی باشوور و لەژێر دەسەڵاتی کوردیدا، ئایە ئەمە ناچێتە قاڵبی جینۆسایدەکانی کوردەوە؟!!! بەدەست و بیر و پلانی خواستی دەروونی سەرکردەیەتی ئەو حیزبانەوە!!! ئەمە جگە لەو کەسانەی کە بەر گولەی وێڵی چەکدارەکانی هەردوولا ، یا لەسەر گوومانکردن لێیان، یا هەر بەهانەیەکی تری کە پێیان دەگیرا، کوژران و لە ئامارەکاندا نایەنە ژماردن، مانای حسابی " هیچ نەبوونیان" بۆ کراوە!!!
تێ- دەڵێن، لەبەر دابەشبوونی کورد و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی، ئەمانە ڕوویانداوە، دەڵێم: درووستە، بەڵام ئێوە بانگەشەی پێشکەوتنخوازیی، دیمۆکراسیخوازیی و یەکسانی و دادگەریتان دەکرد، کەواتە هەڵەیەک ڕوویداوە: ئێوە هەڵگری بیروبڕوایەک بوون، کە دوور بووە لە واقعی خێڵەکی کۆمەڵگای کوردییەوە، مانای وایە ئێوە ئاگاداری پێکهاتە و چنراوە کۆمەڵایەتییەکەی نەتەوەکە نەبوون و ئاشنا نەبوون بەو هاوکێشە کۆمەڵایەتیانەی کەهەم داگیرکردنەکە و هەم داگیرکراوییەکە، دروستیان کردوون لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، ئێدی بۆ بانگەشەی حیزبی پێشڕەو و پرۆلیتاریی و دیمۆکراتخوزیتان کرد ونەتەوەکەتان بەلارێدا برد؟! خۆ یەکێتییەکی خواست، کە هەمەگیربوو سەدان ساڵ بوو نەتەوەکەی پێکەوە گرێدابوو، ئەویش " کوردبوون" بوو، بۆ تێکتان دا و نەشتانتوانی جێگرەوەیەکی ماقووڵ و باشتری بۆ وەدۆزن، کە نەتەوەکەی لەدەور کۆبکەنەوە، ئایا نەتەوەکە مافی خۆی نییە، داوای ئەو خوێنە ڕژاوانەتان لێ بکاتەوە؟!!!. یان کەسانێک بێن و توێژینەوە لە ڕەفتار و کردارتان بکەن لەو ماوەیەدا کە چەکدار و شەقوەشێن و حاکمی ناوچەیەکی فراوانی نیشتمانی ئێمە بوون؟!.
جیم- ئێمە دوو شێوەمان هەیە، یەکێکیان وێنەی کۆمەڵگای کوردەوارییە بەو جۆرەی کە باسم کرد، دووەمیان: چوارچێوەی حیزبەکانە، نە وێنەکە گونجاو بووە بۆ ئەو چوارچیوەیە، نە چوارچێوەکەش گونجاوبووە بۆ ئەو وێنەیە، ئەمە ڕووداوە زۆرە خوێناوییەکان، ڕاستییەکەیان دەرخست.
چێ- ئەگەر لە ئەمێریکا ١٦٤ ساڵ لەمەبەر، واتە لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەدا، شەڕی ناوخۆیان کردبێ، بە چ ڕیشێک و بیر و هزرێک ڕەوایە، تۆ شەڕی کوردکوژی پێ بەروارد بکەی لە ناوەڕاستی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست ویەکدا و وا وێنەی بکەی، کە ئەم شەڕانە، هەر دەبوو بکرێن و ئاساییە و ئەوەتا لە ئەمێریکایش ڕوویداوە؟! ئەمە پێمان دەڵێت: کە سەرکردەیەتی حیزبەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات و باشووریدا و ئەو تیۆریسێنە خۆیی و بێگانانەی ناو حیزبەکانی، لە ڕووی بیرکردنەوەی تیۆرییەوە، پۆشاکی پێشکەوتنخوازیی، دیمۆکراتخوازیی، یەکسانیخوازیی و دادگەریخوازییان پۆشیبوو، بەڵام لە پراکتیکردنی تیۆرییەکاندا، وەک مرۆڤگەلی پاشوەڕۆخواز و نادیمۆکراتخواز، نایەکسانخواز و نا دادگەرخواز ڕەفتاریانکردووە، ڕووداوەکانی ئەوساڵانەی شەڕپێکردنی کورد بە کورد، لە ڕۆژهەڵات و باشووردا، ئەم قسانە دەسەلمێنن!!!.
• نووسینەوەی مێژوو
ئێمە دەزانین، کە مێژوونووسانی نەتەوەکان، بە تاقی تەنیا مێژووی نەتەوەکانی خۆیان نووسیوەتەوە و ئەوانەیان کە ڕاستگۆ بوون، هەموو لایەنە ئایەتی و نایەتی، کۆمەڵگاکانی خۆیان تۆمارکردووە، بۆ نموونە شەرفەخانی بەتلیسی، مامۆستا ئەمین زەکی بەگ، د.کەمال مەزهەر... هتد لە ناو کوردەکاندا کە زۆر و کەم سەبارەت بە کۆمەڵگای کوردی و نەهامەتییەکانی و ڕۆڵیان و شۆڕشەکانیان نووسیووەتەوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە خاوەن شۆڕشەکان بە قسەی خۆیان، کە نەیەکن و نە دوون و نە سێن و نە چوارن و نە پێنجن و نە شەشن و نە حەوتن و بەردەوامیش لە دروستبوونێکی نائاسایدان کە " ئاسایشی نەتەوەیی کورد" بەرەو تونێلێکی هەزار بەهەزار دەبەن... یەکێکیان، سەرکردەیەک لەم هەموو سەرکردانە دوو لاپەڕەی ڕەخنەگرانەی لە خۆیان بۆ نەتەوەکە بڵاونەکردەوە و باسی ئەوەی بۆ لاوانی نەتەوەکە نەکردوە، کە چییان کرد و بۆ شەڕی کوردیان بە کورد کرد و لە پای چیدا ڕۆژهەڵاتیان بۆ ڕژیم چۆڵکرد و چۆنچۆنایی ئەو هێزە شۆڕشڤانەی ڕۆژهەڵاتیان کردە هێزێکی پاسیڤی بێ وزە و توانا و دەربەدەری وڵاتانی ئەوروپایان کردن؟!.  
کاتێکیش کە کەسانێک باسی مێژووی ئەوان دەگێڕنەوە، وەک ئەزموونێکی مێژوویی کە بتوانین دەرسی ئایندەی لێ وەربگرین، کە دەبێت ڕاستگۆیانە باس لە ڕووداوە مێژوویەکە بکەن کە ڕەنگە ڕابووردوی هەندێ کەس و تاقم و دەستە ڕۆشنبکاتەوە، ئەوا بۆ شاردنەوە و بەرمەڵانەبوونی ڕاستیی ڕووداوەکان، کە زۆرینەیان دەچنە قاڵبی تاوانی نەتەوەییەوە، ئەو کەسانە دەدرێنە بەر پەلامارێکی ناشرین و دیمۆکراتخوازەکان، پێشکەوتنخوازەکان و یەکسانیخوازەکان، بەرەیان بەرانبەر دەگرن و هەوڵ دەدەن، کە جارێکی تر بیر و هزری لاوانی نەتەوەکە بە لاڕێدا بەرن، یا هەر نەبێ تیشکی پرۆژێکتۆرەکە ڕوو بەلایەکی دی وەربگێڕن، تا ئەمان بکەونە تاریکاییەکەوە، کەس سەروکەلەیان نەبینیت و ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بووە، پەردەی دەنگ دەرنەهاتنی ڕەفتارەکانیان، بەسەر ئاکارەکانیدا هەروا بە ڕاکشاوی بمێنێتەوە، بەڵکە خواوڕاستان، خەڵکەکە لە بیریان بچێتەوە!!!.
یاسا گشتییەکەی دەسەڵات ئاوایە، کە زۆرینەی هەوڵدانە سیاسییەکان، بچووک یا گەورە، ئارام یا توندوتیژ، بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتە، تەنیا لەیەک حاڵەتدا نەبێت: ئەوەش خواستی هەمەگیری نەتەوەیەک بۆ ئازادی، کە ئەمەش هەر لە سەرەتاوە، ئەگەر پەروەردەکردنی یەکسانخوازیی و دادگەریی، بنەماکەی نەبێت، لە باشترین حاڵەتیدا، گۆڕینی جەللادێکی غەوارە دەبێت بە جەللادێکی خۆماڵی!!!. 
• لێپرسینەوە
کاتێک نەتەوەکە، لە شەڕەکانی ناو شارەکانی باشووری دەستەی مەلایی و جەلالیان نەپرسییەوە وشەهیدکردنی کاک سڵێمانیی موعینیان لەناو گەرمەی شۆڕشەکەیاندا و تەسلیمکردنەوەی تەرمەکەیان بەساواک بەهەند وەرنەگرت و خۆیان لێ نەبانکرد، سەرکردەیەتی ئەیلوول ئاشبەتاڵی خوڵقاند، کە لە ئاشبەتاڵیان نەبرسییەوە، هەکاریان خوڵقاند، کاتێک لە هەکاریان نەپرسییەوە، شەڕی خواستی دەروونی سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالی ئایاری ١٩٩٤-١٩٩٨ ی کورد بەکوردیان خوڵقاند، کاتێک لە شەڕی ئایاری ١٩٩٤ یان نەپرسییەوە، سی و یەکی ئابیان خوڵقاند، کاتێک لە سی ویەکی ئابیان نەپرسییەوە، دزی و جەردەیی و سووکایەتی و تیرۆر و هەڕاجکردنی زەوی نیشتمان و تیرۆری هاوڕێ و هەڤاڵانی بزووتنەوەی کوردیان لە ڕۆژهەڵات و باکوور، خوڵقاند، ئەم زنجیرە بەهەمان شێوە درێژبوویەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵە و دیمۆکراتەکان، کە میراتگری ئەو میراتە چەپەڵەی کوردکوژیی جەلالی و مەلاییان کرد، ئازایانە شانیان دایە بەر هەڵگرتنی ئەم میراتە و کلتووری کوردکووژییان گواستەوە بۆ ڕۆژهەڵات و هیچی وایان لە مامۆستاکانیان، کەمتر نەهێنا و لە شەڕی دەروونی سەرکردەیەتی حیزبەکانیاندا، ئەوەیان بەیەکتر کرد، کە ئێستا یەک لە دوای یەک وێنە قێزەوونەکانی لە سەر پەردەی سوشیال مێدیا دەبینین، ڕاستی گەلێک، کە هەتا ئێستاش، سەرکردەیەتی حیزبەکانیان، بوێری یا ڕاستتر با بەئازاریش بێت، ئاکاری کوردەواری ئەوەیان نییە کە داوای لێبووردن، لە نەتەوەکە نا! لە ماڵباتی ئەو کوژراوانە بکەن، کە لە شەڕی دەروونی سەرکردەیەتییەکاندا، بە کۆمەڵ کوژران، تا ئێستاش، کاتێک پیویستیان بە خۆڕانان و پەلاماردانی زارەکی لایەنی بەرانبەریان دەبێت، ئەو لاوە قووربانی کراوانەی کورد، ناو دەنێن شەهید، وەک پەیژەی سەرکەووتن بۆ سەربانی دەسەڵاتی ناو حیزبە زۆر و زەوەندەکانی خۆیان!!!. 
• سەربووردەی لاوێکی کوردی قوربانیی جەنگی کوشتنی کورد بە کورد
چیا هاوار، لاوێکی باشووری کوردستانە، لەناو جەنگی سەرکردەیەتی (جەلالی و مەلایی)دا گەورەبووە، وەک هەزاران لاوی باشوور، سەری خۆی هەڵدەگرێ و لەگەڵ ٣٦ کەسی دی خۆیان دەدەنە دەست قاچاخچییەکانی توورک و بە بەلەمێکی شڕی کۆنە، خۆیان بە چارەنووسێکی نادیار دەسپێرن و ماوەیەک لەگەڵ شەپۆلەکانی دەریای ئیجەدا زۆران دەگرن و لە کۆتایدا، بە زەریا ناوێرن و بەلەمەکەیان نووقم دەبێت و لەو ٣٦ کەسە کە چواریان منداڵ دەبن، تەنیا ٦ کەس رزگاریان دەبێت، کاک (چیا) یەکێک لە ڕزگاربووەکان دەبێت، پاش چارەسەرکردنی لە نەخۆشخانەکانی توورکیا، دیپۆرتی دەکەنەوە بۆ باشوور، لەباشوور دەیناسنەوە کە ئەوە (چیا)یە، باوکی و مامی یەکێتین، ئێدی لە دۆزەخی زیندانی ئاکرێدا، چەندین جار ئاوات بەوە دەخوازێ کە خۆزیا ماسییە دڕەکانی ئیجە بیانخواردبا گەلێک لەو دۆزەخە چاکتر بوو، کە ڕۆژی چەند جار لە ژێر ئەشکەنجەی کوردیدا دەمرێ و دەژیەتەوە، ئەو لە کتێبی " ئازادبوون لە دەریا، نوقووم بوون لە زیندان" دا دەنووسێت: { ...من و هەزارانی وەک من نەماندەویست گوێ لە داستانەکانی سێبیران، کەسنەزان، زینی وەرتێ، بەنی هەریر، کەپکی حەمەدئاغا و کڵاو قسام بگرین. نەماندەویست چیتر چەک هاوڕێمان بێت و ببینە "پالەوانی براکوژ" ٣، نەماندەویست مەرگی هیچ گەنجێک ببینین لەسەر چەند بستێک ئەرز و تەپۆڵکە وگردە ڕووتەڵانەکان. بەرگەی بینینی تەرمی دەیان کەسمان نەدەگرت، کە لە نیوەشەودا کۆمەڵکوژ دەکران..... . ئەو دەمە شەڕ تەنگی بە هەموومان هەڵچنی بوو، هەموو خەون و خولیای مرۆڤیان زیندەبەچاڵکردبوو و وڵات هێندە ناشرین کرابوو، کە جگە لە بۆنی خوێن و بارووت، بۆنێکی تری لێنەدەهات}٤. 
ئەم نووسراوەی کاک (چیا) شایەتێکی زیندووی، ئەشکەنجەدراوی، ئێسک وردکراوی، شکێنراوە کە تەمەنی لاوێتیان، بێ بەزەییانە لێ سەندۆتەوە، ئەوەی کە زۆر جێگای سەرنجە، سەربووردەکانی کە کاک چیا دەیانگێڕێتەوە، هەمان ئەو چیرۆکە ترسناکانەن، کە کوردانی زیندانی کراوی کوردان دەیانگێڕنەوە لە زیندانەکانی ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستاندا. ڕژێمە داگیرکەرەکانی نەتەوەی سەردەست لە نیشتمانی ئێمەدا، پەنایا دەبردە بەر زیندانیکردنی کەسوکاری ئازادیخوازانی کورد کە لە چیا بوون، بۆ ناچارکردنی ئەو ئازادیخوازانە کە مل بۆ ڕژێمە داگیرکەرەکان بدەن، ئەو کاتانە ڕادیۆ و بڵاوکراوەکانی (مەلایی و جەلالی)، ئەو کارانەی بۆ نموونە ڕژێمی بەعسیان بە تاوانی مرۆیی دەدایە قەڵەم و کوردەکانی زیندانیان بە قارەمان و شەهید و پاڵەوان بۆ خەڵک دەگێڕایەوە، کەواتە دەسەڵاتی کوردی هەمان ڕێچکەی ڕژێمە داگیرکەرەکانی نیشتمانی کوردییان گرتۆتە بەر و لاسایی ئەوان دەکەنەوە لە ئەشکەنجەدانی لاوانی کوردا و لە زۆر حاڵەتدا، لەوانیشیان تێپەڕاندووە.
ئایا فشسمی ئێساتی کوردی بە باشووری و ڕۆژهەڵاتیانەوە، کە لە دەور و داوێمی دەسەڵاتدا دەسووڕێنەوە، سەبارەت بەم ئەشکەنجەگایانەی دەسەڵاتی کوردی، چ پاساوێکیان هەیە؟!.
لینکی کتێبەکەی کاک چیا دادەنێم بۆ خوێندنەوە. 

سەرنجەکان/

1- مەسعوود محمەد، پەرژینی بێدەنگی، لاپەڕە ٤٥.
2- فشسم= فشنبیرانی سوشیاڵ مێدیا.
3- پاڵەوانی براکوژ، دەربڕینێکی پڕاوپڕە، چوونکە شەڕی دەروونی سەرکردەیەتی حیزبەکان، تەنانەت گەیاندیانە ئەوەی کە برا برای خۆی کوشت و لەهەردوولا براکوژراوەکان لەلایەن سەرکردەیەتی دەررون نەخۆشی حیزبەکانەوە بە پاڵەوان و شەهید ناوزەد دەکران.
4- چیا جەلال، لە قووڵایی دەریاوە بۆ دۆزەخی زیندان. لاپەڕە ١٩٧ 
  
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان