بۆشایی فیکری و پاشکۆی لەنێو کورددا
03/12/2025, 1:07 (GMT+1)

پێشەکی
ئەزموون و مێژووی میللەتی کورد پێمان دەڵێت، کە ئەو تەنیا لە سیاسەتدا خاوەن ئەجێندای تایبەت بەخۆی نەبووە، بەڵکو لەبواری فکریش هەمیشە لە بۆشایی ژیاوە و بووە بە پاشکۆی کلتوور، دابونەریت، هونەر، ئەدەب، میدیا، بیروبۆچوون و فەلسەفەی بیانی. بواری فیکری و ڕۆشەنبیری گرنگی پێدانی تایبەتی گەرەکە، میللەت هۆشیار دەکات، ناهێڵێت بکەوێتە ژێر هەژموونی فیکری بیانی، بەڵام لەنێو میللەتی کورددا ئەو بوارە بەتەواوی فەرامۆش کراوە.
نێوەڕۆک
ڕێبازی بیرکردنەوە و ئایدۆلۆژی سەرکردە و فەیلەسوف و بیرمەندە ناسراوەکانی دنیا، لە ژیانی مرۆڤایەتییدا، بیناغەی کێشانی هەیکەل و نەخشەی مەدەنیەت و پێشکەوتنی کۆمەڵگە و ڕەوشتی تاک بوونە لە مێژوودا. ئەوان هەڵگری چرایەک بوونە، کە لە تاریکیدا تولە ڕێگەیان بۆ کۆمەڵگە و نەوەی تازە ڕووناک کردووە، بۆ نموونە فەیلەسوفە ناودارەکانی وەک سوقرات، ئەرستۆ، ئەفلاتون و هیتر. بیرۆکە و ئایدیۆلۆژی و پەروەردەکردن لەسەر ڕێبازێکی دیاری کراودا، کارێگەری بوونی وەک سوپایەکی پڕچەکراوە، کە کۆمەڵگە وەک چەکێکی فیکری دەیگرێت بەدەستەوە، بۆ پارێزگاری کردن لە هێرشی فیکری نەیارەکانی، بۆ سەر جۆری بیرکردنەوە و بڕوای کۆمەڵگە، دەسەڵاتی سیاسی، پاراستنی سنووری جوگرافیا، وڵاتەکەی و کلتووری نەتەوەکەی.
ئایدیۆلۆژی هێزێکی کارێگەرە کە مەترسی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دروست دەکات، بۆیە دەبینین کە هەتا فەیلەسوفە ناودارەکانی وەک سوقرات، کە لەنێو دڵی کۆمەڵگەی یۆنانییدا کاریان کردووە، هەوڵیانداوە هزر و بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی یۆنانی ڕۆشەن بکەن، لە کوێرەوەری و نەزانیندا ڕزگاریان بکەن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بگاتە ئەو ئاستەی دەرک بە بەرژەوەندیی گشتی یۆنانیەکان بکات، لەبەرئەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو کات دژایەتی کراون، بەتۆمەتی ئەوەی کە گوایە فەلسەفەی سوقرات مێشکی گەنجە یۆنانیەکانی ئەو سەردەمە تێکدەدات، بۆیە دادگەیی کراوە و حوکمی لە سێدارە دانی دراوە. سوقرات لە کاتی دادگەیی کردنییدا، دادگەی گۆڕیوە بۆ شانۆیەک، کە بۆچونەکانی خۆی لەسەر ڕەوشت خستۆتە بەردەم دادگە، پێیانی گوتوە، " ئێوە بەها بەرزەکانی ڕەوشتتان لەسەر بیناغەی بیرۆکەی هەڵەدا بیناکردووە". یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانی سقرات دەڵێت:
" باشترین ڕێگە بۆ ژیانی مرۆڤ، گەشەپێدانی خودی مرۆڤە، نەک هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی سەرمایە"
ئەم جۆرە وتانە لە هیچ زەمنێکدا شایەنی ئەوەنییە و نەبووە کە کەسەکە حوکمی ئیعدامی بۆ دەربکرێت، بەڵکو لوبی مەسەلەکە ئەوە بووە، کە دەسەڵاتداران ویستویانە کۆمەڵگە بە کوێرەوەری بمێنێتەوە، تەنیا لەژێر هەژموونی ئەواندا بێت، میللەت تەنیا ئامانجیان کۆکردنەوەی پارە و سەروەت و سامان بێت، لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی بەئاگا، زیندوو دەبێت و ناتوانرێت بەزەبری فشار و ترس و تۆقاندن و خۆبەکەمزان کۆنتڕۆڵ بکرێت.
دەسەڵاتداران لە کۆمەڵگەی هۆشیاردا مەترسی لەدەستدانی کورسیان زێترە بە بەراورد بە کۆمەڵگەی ناهۆشیار، هەموو شتێکیان بۆ ناچێتە سەر، ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی کار بکەن، بەرژوەندیی گشتی وەلا بنێن، دەست بۆ سەروەت و سامانی گشتی درێژ بکەن، وڵات و سەروەت و سامانی گشتی بە موڵکی تایبەتی خۆیان بزانن. سوقرات بە پلەی یەکەم، خەمخۆر و نیگەرانی کۆمەڵگەی یۆنانی و وڵاتەکەیی و سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی یۆنان بووە، واتە فەلسەفەیەکی داڕشتووە لە ئەنجامی خویندنەوەی بارودۆخی کۆمەڵگەی یۆنانی، گەیشتووە بەو بڕوایەی، کە ئەو کۆمەڵگەیە پێویستی بە شۆڕشی فیکری هەیە.
هێرشی فیکری زۆر مەترسیدارترە لە هێڕشی سەربازی، بۆ نمونە سەڕۆکی ئاینەکان کاتێک کە دژایەتی یەکدیان کردووە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، تەنیا پەنایان بۆ شمشێر نەبردووە، ئەڵبەتە هەوڵیانداوە ئامرازێک بەکاربهێنن کە بۆچوونی خۆیان لەنێو مێشک و دەروونی تاکدا بتوێنەوە، بۆ ئەوەی بگاتە ئەو بڕوایەی کە ئامادە بێت لە پێناو ئەو قەناعەتەدا گیانی ببەخشێت و گوێڕایەڵیان بێت. لە ئەنجامدا بۆ دروست کردنی عەقیدەیەکی دیاریکراو، بۆ کەڵکە کردنی سامانی مڕۆی زیاتر، توندکردنی پێگەی جەماوەریی و بە گروپکردنی دۆست و لایەنگر و ئەندامیان، هەڵساون بە بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونی جیا لەسەر دنیا، قیامەت، مردن، مردوو شووشتن، عەزابی نێو قەبر، بوونی خودا و دەیان مەسەلەی کۆمەڵایەتی دی وەک مارە کردن، جیابوونەوە، پەیوەندیی نێوان ژن و مێرد، میرات و سەدان بابەتی دی تا دەگاتە گەیشتن بە دەسەڵات و داڕشتنی یاسا و دادی گونجاو بۆ بیروباوەرەکەیان. بۆ نموونە سەرهەڵدانی ئاینی زەردەشتی و بوونی کتێبی ئاڤێستا. سەرهەڵدانی ئاینی جو و هەبوونی کتێبی تەورات. ئینجا هاتنی ئاینی فەڵە و بوونی کتێبی ئینجیل، دواتر هاتنی دینی ئیسلام و بوونی کتێبی قورئان.
لەو زەمەنەدا بەهۆی نەخوێندەواری، ڕێبەر و سەڕۆکە ئاینیەکان زێتر فۆکەیسیان خستبووە سەر وتار گوتنەوە، بۆ ئەو مەبەستە، بنکەیان داناوە، وەک مزگەوت و کەنیسە. لەم دوو بنکەیەدا ڕۆژی هەینی و یەکشەمە خەڵکیان بەناوی خوداپەرستی و نوێژ کۆ کردۆتەوە ئەوجا وتاریان داوە،
هەوڵیانداوە ڕێشمەی جۆری بیرکردنەوەی تاکی نێو کۆمەڵگە بە دەستیان بێت، کەس لێیان یاخی نەبێت و سەرپێچیان نەکات، کە ئێستا لە مزگەوتەکاندا پێ دەگوترێت (خطبە) خوتبەی مەلا! پیاوی ئاینی کاتێک کە دەتوانن هەژموونیان لەسەر زۆرترین جەماوەر بەجێبهێڵن، توانای فیکریان لە ئەندازیەکە کە دەتوانن ببن بە هێمای ئاینیێکی دیاریکراو، لەلایەن دەسەڵاتداراندا ململانێ دەکرێن، بۆ نمونە عەبدولناسر، کاتێک کە هاتە دەسەڵات لە مسر، بڕیاری لە سێدارە دانی مەلیکی نەدا بەڵام دواتر لە مسر بڕیاری کوشتنی "سەید قطب"ی دا، بەبێ ئەوەی ئەو کابرا هەڵگری چەک بووبێت بەڵکو تەنیا هەڵگری پێنووسێکی بەهێز بوو.
لە سەدەی بیستدا، سید قطب بە بەناوبنگترین بیرمەندی هەڵگری ئایدۆلۆژیای ئیسلامی هەژمار دەکرێت. ٢٦ پەڕتووکی نووسیوە، بە سەدان وتار، لە سەرەتادا نووسینەکانی بریتیبوون لە ڕۆمان ڕەخنەی ئەدەبی، بەناوبنگترینیان "کتب و شخصیات" و "النقد الادبی- اصولە و مناهجە". دواتر ئەو لە بواری ئاینییدا قاڵبۆیەوە، چەند کتێبیکی بڵاوکرایەوە وەک، "فی ضلال القران. هذا الدین. المستقبل لهذا الدین. العدالە الاجتماعیە فی الاسلام. الاسلام و السلام العالمی. فی التاریخ فکرە و منهاج. التصویر الفنی القران. مشاهد القیامە فی القران. الاسلام و مشکلات الحضارة. معرکە السلام و الراسمالیە. خصائص التصور الاسلامی و مقاوماتە. لماذا أعدموني؟".
لەژێر حوکمی مەلیکدا عەبدول ناسر و سید قطب، ئاشنایەتیان هەبوو و پەیوەندییان نزیک بوو، هەر دووکیان ئۆپۆزسیۆن بوون، دوو بیرۆکەی سەرەکیی کۆیانی دەکردەوە، یەکەم، هەردووکیان نەتەوەیی و نیشتمانی بوون، بەڵام ناسر هەڵگری ئایدۆلۆژیای علمانی نەتەوەیی، سەید قطب هەڵگری ئایدۆلۆژیای ئیسلامی نەتەوەیی بوو، واتە لەو قۆناغەدا بەها نەتەوەیی و نیشتمانیەکان کۆیانی دەکردەوە. دووەم، دژایەتی مەلیک و گۆڕانی دەسەڵاتیش ئامانجی هەردووکیان بوو. دواتر دەسەڵات و کورسی هۆی سەرەکیی بوون لە زەق بوونەوەی کێشەی نێوانیان.
ناسر کە گەیشتە دەسەڵات، سوپا و ئابووریی مسری لەژێر دەستدا بوو، گەلانی مسر بەشێوەیەکی گشتی پشتیوانی بوون، کۆنتڕۆڵی میدیای مسری و زۆربەی نووسەر و ئەدیبەکانی کرد بوو، بەڵام هێشتا نیگەرانی هەبوو لە توانای فیکری ئەو کابرایە، لەبەرئەوەی سەید قطب بەهرە و توانای فیکری بەهێزی هەبوو، کە بەبەردەوامی گەشەی پێ دەدان، بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی بەردەوام ئاوی دەدان، تەعبیری لە خۆی و بیروباوەڕەکەی کارێگەرانە بوو، کە دەیتوانی بە کارێزمای فیکری کاردانەوەی هەبێت لەسەر مێشک و زهنی ڕەشوڕووت و زۆرینەی سادەی نێو کۆمەڵگەی مسری، ئەمە بوو ئەو خاڵە گرنگەی کە عەبدولناسر لێی نیگەران بوو، بۆیە بۆ ئەوەی سەید قطب ڕابکێشێ بەلای خۆیدا، لەنێو حکومەتەکەیدا پۆزشنی بەرزی دا بە سەید قطب، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە. دواتر سید قطب بوو بە سەرنووسەری ڕۆژنامەی "الاخوان"، بە تۆمەتی دامەزراندنی هێڵی خەباتی چەکداری لەنێو ڕێکخراوی ئەلئیخواندا و هەوڵدان بۆ ڕووخانی دەسەڵات، لە ساڵی ١٩٦٦دا دادگە بڕیاری لە سێدارە دانی دا. جەمال عبدولناسر، هەر ئایدۆلۆژیەک مەترسی لەسەر کورسی ئەودا هەبووایە هەوڵی لەنێوبردنی هەڵگرانی ئەو ئایدۆلۆژیایەی دەدا، بۆیە شوعیەکانی مسری تەفروتونا کرد. مێژوو پێمان دەڵێت، کە مسر هەرگیز وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی نەبووە، ئەڵبەتە دواتر کەوتۆتە ژێر هەژموونی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی و عەرەبی، لەگەڵ کاتدا هێدی هێدی ئەو وڵاتە تەعریب کراوە، ئەمە هێزی ئایدۆلۆژیامان بۆ دەردەخات کە چەندێک گرنگە لە ژیانی گەلاندا.
لەسەر ئاستی مێژووی تازەدا و لە سەرەتایی سەدەی ڕابردوودا، شۆڕشی بەلشەوی بە ڕێبەرایەتی لینین دژی قەیسەر لە ڕوسیادا سەرکەوت. کلیلی بەجماوەرکردنی حزبی بەلشەوی و بەهێزکردنی پێگەی جەماوەریی، جۆش کردنی خەڵک بوو بە "فەلسەفەی مارکسی". مانفیستی کۆمۆنیستی کە لە ساڵی ١٨٤٨دا لەلایەن فەیلەسوف کارل مارکس و ئەنجلس نووسرا و بڵاوکرایوە، کە بەهێزترین نووسراو بوو، کە کاردانەوەی زۆری هەبوو و هەژموونی لەسەر کۆمەڵگەی ئەو کاتدا لە دنیادا دروست کرد. مارکس لەو نووسینەدا پێ وابوو کە، کۆمەڵگە هەمیشە جیاوازی چینایەتی تێددا هەبووە لەنێوان چینی کارگەر و سەرمایەداران و دەسەڵاتداران، واتە ئەوانەی کە لە حوکمڕاندا بوون ئەو کات چینی کرێکاریان چەوساندۆتەوە، بۆیە ناتەبایی نێوان ئەو دوو چینە ڕەگی مێژووی هەیە .
مارکس لە مانیفیستی کۆمۆنیزمی، داوای کرد هەموو کرێکارانی دنیا یەکگرن، بۆ ڕووخاندنی سەرمایەداری، هەروها پەنجەی بۆ ئەوە ڕاکێشا، کە تەنیا سیستەمی سۆشیالیزم ناتوانێت مسۆگەری ئازاد بوونی مرۆڤ بێت، بەڵکو سیستەمی کۆمۆنیزمی مسۆگەر کردنی، ئازاد کردنی مرۆڤ و کۆمەڵگەیەکی یەکسان بێ چین و توێژە، هەروها تێڕوانینی ئەو وابوو، کە لە ئاکامدا دەسەڵات، دەکەوێتە دەستی چینی کرێکار، جیاوازی چینایەتی نامێنێت، موڵکی تایبەت نامێنێت، کۆمەڵگە بە یەکسانی دەبێتە خاوەنی هەموو شتێک.
فەلسەفەی مارکسی هەژموونی لەسەر بزوتنەوە و جوڵانەوە سیاسیەکانی ڕوسیا و وڵاتنی دیکەی جیهان هەبوو، کلیلی دامەزراندنی حزبی شوعی و حزبە چەپەکانی دی بوو لە دنیادا، بەتایبەتی لە وڵاتانی دنیای سێیەم و ژێردەست. فەلسەفەی مارکس ئەو کات و تا ئێستا دژایەتی دەکرا، بەتایبتی لەو وڵاتانەی کە بە وڵاتی پیشەسازی و سەرمایەداری ناسراو بوون، وەک هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە نووسینەکان قەدەغە دەکران. وڵاتانی سەرمایەداری دژی ئەو فەلسەفەیە بوون، کاریان بۆ ئەوە دەکرد، کە نەهێڵن کۆمەڵگە و میللەتانی ئەوەی ئەوان ڕێبەرایەتی دەکەن، بکەونە ژێر هەژموونی ئەو جۆرە بیرکردنەوە و بۆچوونە.
دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی ڕوسیا، لە سەرەتادا ئەو فەلسەفەیان زۆر بە مەترسی نەدەزانی لەسەر خۆیان، پێیان وابوو زۆرینەی سادە ناکەونە ژێر هەژموونی ئەو فەلسەفەیە، بەهۆی ئەوەی هێشتا ڕوسیا پیشەسازی لێ گەشەی نەکردبوو، پەیوەندیی چینایەتی لەنێوان کرێکار و سەرمایەداردا نەبوو، چینی کرێکار وەک چێنێکی یەکگرتووی خاوەن دروشم و داواکاری سیاسیی نەبوو، ڕوسیا هێشتا وڵاتێکی کشتوکاڵی بوو و زێتر لە قۆناغی دەرەبەگایەتی بوو، بۆیە نووسینەکانی مارکس لەوێ قەدغە نەکران.
ئەو کات ڕوسیا وڵاتێکی سەرمایەداری یان پیشەسازی نەبوو، بەڵام بەشێوەیەکی دی جیاوازی چینایەتی چەوسانەوەی چینایەتی هەبوو، دەرەبەگی مەزنی لێ بوو، کەنیسە دەسەڵاتی ڕەهای هەبوو، قەیسەر دەسەڵاتدارێکی زاڵمی ستەمکار بوو، بۆیە ڕقی خەڵک لە دەسەڵات لە للووتکەدا بوو، لەبەرئەوە زەمینەیەکی لەبار لە ڕوسیادا هەبوو بۆ کارکردن دژی دەسەڵات، جوڵانەوەی جەماوەریی و سیاسیی ڕوسی بەنهێنی دژی دەسەڵاتداران خۆیان ڕێکخستبوو و شانەی خەوتویان لەنێو میللەتەکەدا هەبوو، ڕێبەرانی ئەو بزوتنەوە سیاسیانە بە تایبەتی لە کۆتایی سەدەی هەژەدەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەم، سوودمەند بوون لە نووسینەکانی مارکس، کەوتنە ژێر هەژموونی مارکسیەت، بۆ نمونە لینین ڕێبەری شۆڕشی پرولیتاریای ڕوسیای کرد و قەیسەری ڕووخاند.
لینین لەنێو دڵی میللەتانی ڕوسیادا گەشەی بە جوڵانەوە سیاسی حزبی بەلشەوی دا، فەلسەفەی مارکسی بەکارهێنا بۆ سارێژ کردنی زامی ڕوسەکان کە سەدان ساڵ بوو لەژێر دەسەڵاتی حوکمی قەیسەردا دەچەوسانەوە، واتە لە سروشتی کۆمەڵگەی ڕوسی گەیشتبوو، ئاواتی بوو ئەو میللەتە ڕزگاری بێت، بەڵام لەنێو کۆمەڵگەی کورددا ڕێبەری وەک لینین هەرگیز هەڵنەکەوتووە، کە هەم بڕوای بە خەباتی نهێنی و ڕێکخستن هەبێت، هەم بە بەکارهێنانی فەلسەفەیەک بە زانستیانە خوێندنەوەی بۆ بکات و ئیسقاتی بکاتە سەر کۆمەڵگەی ڕوسی و بیکا بەکلیلی ڕۆشەنبیر کردنی کۆمەڵگە و سەرکەوتنی گەورەترین شۆڕش لە دنیادا.
فەلسەفە، ڕۆشەنبیری و توێژینەوە، بیرۆکەی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی، بواری زۆر گرنگن لە ژیانی گەلاندا، کە دەبێت زانستیانە خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و بکرێن بە ئامرازێک بۆ پەروەردە کردنی کۆمەڵگە. هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا لە ئەنجامی قوڵبوونەوە لەو بابەتانە توانیویانە گەشە بە کۆمەڵگە و سیستەمی دەسەڵات و ئابووری و سوپا بدەن، بۆ نمونە سیستەمی سەرمایەداری چەندێک دژی فەلسەفەی مارکسی بووە، بەڵام وەلای نەناوە و بۆ بەرژەوەندیی خۆی خوێندنەوەی قوڵی بۆ کردووە، کاری لەسەر کردووە، سوودمەند بووە لە بیرۆکەکانی کارل مارکس، بۆ ڕێکخستنی ژیانی کرێکاران، وەک دیاری کردنی ماف و لێپرسراوەتی کرێکار لەسەر کار، سەعاتی کار بۆ نمونە ٨ سەعات، لەوە زێتر بە ئۆڤەرتایم هەژمار دەکرێت. زامن کردنی ژینگەیەکی تەندروستی کارکردن، خانەنشینی، نەخۆشی و پشووی ساڵانە و مانگانە هیتر. لەوەش پتر ئەوان ڕێگەیان دا سەندیکای کرێکاران دابمەزرێنێت بۆ خستنە ڕووی کێشە و داواکاریەکانیان هیتر. ئەم دەستکەوتانە لە دنیای سەرمایەداریدا بۆ کرێکار، لە ئەنجامی بوونی فەلسەفەی مارکس بوو، سەرمایەداران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییان بۆ ڕێگری گرتن لە گەشەسەندنی جوڵانەوەی کرێکاران دژی ئەوان، ئەم فەلسەفەیان زۆر زیرەکانە بەکار هێناوە و تێیددا سەرکەوتووش بوونە. هیچ دەسەڵاتێک، هیچ بزوتنەوەیەک بەبێ زانستی سیاسیی و ئابووریی و سەربازی سەرناکەوێت.
ڕۆشەنبیری، بیرۆکە و فەلسەفە چەندێک لە ژیانی گەلاندا گرنگە، سەد بەرابەر بۆ ژیانی سیاسی، سەقماگیر بوونی سیستەمی حوکم و دەسەڵات گرنگە. بیرۆکە و فەلسەفە و ڕۆشەنفیکری لە سیاسەتدا گرنگە لە داڕشتنی سیستەمی دەسەڵات، دەستوور، هەیکەلی داد و یاسادا، بەستنەوەی بیرۆکەی بیرکەر بۆ ئەوانەی کە یاسا دادەڕێژن، جۆری دەنگدان و دروست کردنی هێڵێکی نەپچراوە لەگەل کۆمەڵگەدا بۆ سەپاندنی هەژموونێکی دیاریکراو. بیرۆکە یان هەر عەقیدەیەک لە سیاسەتدا پێکهاتووە لە بڕوا، بۆچوون، مودیلێکی دیاریکراو لە دەسەڵاتدا بۆ بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە، بوونی ئازادی تاک، یەکسانی و جۆری حوکمڕانی. دەوڵەت و بزوتنەوەی سیاسی تەنیا بە هەڵا ناچێتە سەر.
میللەتی کورد هەمیشە بۆشایی و نەبوونی یەکێتی فیکری تێددا هەبووە، چۆن لە سیاسەتدا پاشکۆی بێگانە بووە، لە فەلسەفە و بیرۆکەشدا هەر پاشکۆی فیکری بیانی بووە، واتە خاوەن بیرۆکە و فەلسەفەیەکی دیاری کراوی فکری نەبووە، کە لەسەر ئەساسی سروشتی کۆمەڵگەیی کوردەواریددا شێ کرابێتەوە، توێژینەوە و خوێندنەوەی بۆ کرابێت، ئەوجا ئیسقات کرابێتە سەر کۆمەڵگەی کورددی و هەوڵدرابێت بەگوێرەی ئەوە، جوڵانەوە سیاسیەکانی ئاراستە بکرێت، کۆمەڵگە پەروەردە بکرێت، بۆیە دەبینین هەمیشە لە ڕووی فیکریەوە سادە و میللەتێکی وێڵە و پاشکۆیە، هەر ڕۆژەی بەدوای بیرۆکەیەکی ئاینی سەر بە تورکیا، یان ئیران یان ئەفغانستان دەکەوێت، هەر خاوەن کۆلکە مەلا بووە. لە بیناغەدا ئەو حزبە ئاینیانە، خزمەت بە مانەوەی دەسەڵاتی حوکمڕانی لەدەست نەتەوەی دەسەڵاتداردا دەکەن، نەک بۆ چارەسەری بنەڕتی بۆ پرسی نیشتمانی و نەتەوەی کورد.
حزبە عیلمانیە کوردیەکان، ڕۆژێک نەتەوەیی و نیشتمانین، ڕۆژێکی دی نەتەوەیی نین و تەنیا داوای حوکمی دیموکراتی دەکەن بۆ دەوڵەتانی مەرکەزی. کەرەتێکی کە دەبن بە سۆشیال دیموکرات. هەندێک جار دەبن بە چەپ، دواتر بۆ ئەوپەڕی ڕاست بادەدەنەوە. هەندێک جار دەڵێن، نەتەوەی عەرب و تورک و فارس دژی نەتەوەی کوردن، دواتر هەڵدەگەڕێنەوە و دەڵین، نەخێر بران و دەبێت کورد هەوڵبدات بۆ سەرکەوتنیان. حزبە چەپەکان بەدوای حزبی شیوعی عیراقی و سوری، تودەی ئیرانی، حزبی کۆمۆنیستی ئیرانی و تورکیی کەوتوون هیتر، کە هەموو ئەو حزبانە سەری زمانیان بنی زمانیان پارێزگاری کردنە لەو سنوورە جوگرافیا دەستکردەی کە ئیمپریالیزم نەخشەی بۆ کێشاوە، وەک سنووری عیراق، ئیران، تورکیا و سوریا، واتە دژی دیاری کردنی سنووری جوگرافیای کوردستان کاریان کردووە و کار دەکەن. هەندێک پارتی سیاسیی هەن، سەریان لەخۆیان شێواندوە، لە پارتێکی چەپەوە بازدەدەن بۆ پارتێکی سۆشیال دیموکرات یان تەنیا بۆ هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی سیستەمی دیموکراتی و لەولاوەش گیانی عەشیرەتگەری لەنێو خەڵکدا دەژێنەوە. دروشمە سیاسیی و ئاینەیەکانیش ئەو ڕاڕایەیان پێوە دیارە، هەندێکیان سەر بە دەوڵەتێکی شیعەی وەک ئێرانن، هێندێک کە سەر بە داعش و سونەی تورکن، هێندیکی دی سەر بە سعودیە و ئەفغانستان و هیتر.
دەرئەنجام،
تا ئێستا خوێندنەوەیەک نەکراوە کە چی مۆدێلێکی سیاسیی، کورد هەڵیبژاردووە یان دەبێت هەڵیبژێرێت بۆ سیستەمی حوکمڕانی یان بۆ ڕێبەرایەتی کردنی جوڵانەوە سیاسی و بزوتنەوە نەتەوەیی و نیشتمانی و چینایەتیەکان. میللەتی کورد بارودۆخی خۆی لەسەر بیناغەی سروشتی کۆمەڵگەی خۆیدا دانەڕشتووە، بۆیە لە سیاسەتدا، لە هاڤرکێ و پەیوەندیی نێودەوڵەتی و نێوەخۆدا، لەهەموو بوارەکاندا دواکەوتووە و بووە بە پاشکۆ. ئەم پاشکۆیی بوونە وای کردووە کە ئەو میللەتە ڕێگەیەکی ڕاست نەدۆزێتەوە بۆ گەیاندنی بە سەرکەوتن و چارەسەری بنەڕەتی، هەر بەسەرلێشواوەیی و وێڵ لە دنیای فکر و فەلسەفە و زانستی سیاسیدا دەخولێتەوە و هەمیشە بەدوای هەڵادا دەکەوێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























