لە نێوان لالەزار و لاناز
02/12/2025, 23:59 (GMT+1)
پارت و یەکێتی دوو حیزبی هێندە لێکچوون کورد گووتەنی دەلێی سێوێکن کراون بە دوو لەتەوە، ئەو دوو حیزبە پەیوەندییەکی رۆمانسی زۆر ئاڵۆزیان هەبووە، لە شەڕ و ئاشتی بگرە تاکوو هاوپەیمانی بۆ حوکمڕانی. ڕەنگە زۆرجار لای زۆر خەڵک ئەوە جێگای پرسیار بووبێت، چۆن ئەو دوو حزبە لە کاتی ناتەبایی ئەوەندە بەخراپی باسی یەکتر دەکەن و چۆن لە تەبابوون ئەوەندە مەدحی یەکتر دەکەن. هەروەها ڕەنگە پرسیاری لەوە گرنگتریش ئەوە بێت، بۆ ئەو دوو حزبە پەندیان لە مێژوو وەرنەگرتووە کە ناتەبایی ئەوان چەند زیانی بە گەلی کوردستان گەیاندووە و چۆن ماڵی خەڵکی وێران کردووە.
سەرەڕای ناتەبایی و دوژمنایەتیکردنی روکەشی یەکتر، لە ڕاستییدا ئەو دوو حزبە نەیانتوانیوە بە تەواوەتی لێک داببڕێن وەک ئەو ژن و مێردە ناکۆکەن کەوا نە لەگەڵ یەک دەگونجێن و نە بەبێ یەکین دەتوانن بژین، هێندە بەرژەوەندی حزبی و بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەیی هاوبەشیان هەیە کە ناچاری کردوون زۆر لێک نزیک و پێکەوە بن یاخود بە قسەی رەق و هەرەشە ناز بەسەر یەکتر بکەن.
روداوەکانی چەند مانگی رابردووی لالەزار و ئێستای گوندی لاجان دیسانەوە ئەوەی بەبیرهێناینەوە کەوا هەردوو حیزب چەندە لێکچوون لە سەرکوتکردن و کوشتن و رشتنی خوێنی گەنجی کورد، دووبارە ئەو باڵۆنی ئازافی و خۆپیشاندان و حکومەتێکی مەدەنی فیشەڵ کرایە.
پارتی لە گوندی لاجان دیسانەوە پێی گوتین ئێوە ئازادن تا ئەوکاتەی دوورن لە بەرژەوەندی حیزب و کۆمپانیا و بنەماڵەکەم هەر کاتێ نزیک بەرژەوەندیەکانم کەوتن ئەوکاتە سڵ ناکەمەوە لە رژاندنی خوێنتان و تا ئاستی شاربەدەر و راگواستنی بەزۆرە ملێ.
لاجان و لالەزار بیریهێناینەوە هەموو دەستەواژەیەکی دیموکراسی و خۆپیشاندان و هەڵبژاردن بەتاڵ و بێ مانایە تا ئەو کاتەی هەردوو حیزب هێزی سەربازی و میلیشیایان هەبێ. بەبیری هێناینەوە کەوا خەبات و کاری سیاسی دەبێ تەنیا و تەنیا لە لەپێناو دەرهێنانی هەموو چەکێک لە دەستی هەردوو حیزب دابێ .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان


























