<

خراپی دۆخی منداڵان لە باشووری کوردستان

03/12/2025, 0:46 (GMT+1)
منداڵان بێ دەسەڵاتترین توێژی كۆمەڵگان هەربۆیە هەمیشە لە هەموو كێشە و گرفتەكاندا پشكی گەورەی زیان پێگەیشتنیان بەر دەكەوێت،  ئیتر ئەو كێشەیە چ سیاسی بێت یان جەنگ یان كێشەی كۆمەڵایەتی و خێزانی بێت تەنانەت لە كێشە یاسایەكانیشدا دووبارە منداڵ زیانی گەورەی بەر دەكەوێت.
  هەر بۆیە زۆر گرنگە دەوڵەت لە رێگای دەركردنی كۆمەڵێك یاساوە رێگری بكات لەوەی كە منداڵان ستەمیان لێ بكرێت.
 لە باشووری کوردستان منداڵان لە بارودۆخێكی خراپدان بە هۆی ئەوەی حكومەتی هەرێمی كودستان بێ باكە سەبارەت بە دۆخی منداڵان و پارێزگاری لە مافەكانی منداڵان.
   بۆ ئەم مەبەستە هەوڵ دەدەم بە كورتی بە چەند خاڵێك تیشك بخەمە سەر خراپی بارودۆخی منداڵان لە باشووری کوردستان:
 1. دۆخی منداڵان لەناو خێزاندا:
 لە ناو خێزاندا منداڵان تاكێكی رێزلێگیراو نین هەمیشە وەك تاكێكی بێ دەسەڵاتی كەم تەماشا دەكرێت زۆر بە كەمی گوێ لە بۆچوونەكانی دەگیرێت تەنانەت ئەگەر بابەتەكە پەیوەست بێت بە خودی منداڵەكەشەوە، هەتا ئێستا لە ناو خێزاندا دیاردەی لێدان و سوكایەتی و شكاندنەوەی منداڵ زۆرە لە لایەن باوك و دایك و برا و خوشكی گەورە وە هەروەها لە لایەن نەنك و باپیر و مام و خاڵەوە.
 منداڵان رووبەڕووی كێشەی گەوروە دەبنەوە لە كاتی شەر و گرفتەكانی دایك و باوكدا، لە كاتی جیابوونەوەی هاوسەرەكاندا زۆر جار منداڵ ناچار دەكرێت لای دایك یان باوك بمێنێتەوە و بێ بەش دەكرێت لە بینین یان مانەوە لای ئەوی تریان.
 2. دۆخی منداڵان لە قوتابخانە:
  هەتا ئێستایش منداڵان لە قوتابخانەكانی باشووری کوردستاندا وەك كۆیلە و خاوەن كۆیلە هەڵسوكەوتیان لە گەڵ دەكرێت هەتا ئێسایش لێدان و سوكایەتی و شكاندنەوەی منداڵ بوونی هەیە، هەتا ئیستایش مامۆستا و بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەكان بە ناشرین ترین شێوە هەڵسوكەت لە گەڵ منداڵ دەكەن سوكایەتی و جنێودان بە منداڵ بوونی هەیە، هەروەها لێدان لە منداڵ هەیە.
 هەروەها ئاستی خوێندن لە قوتابخانەكاندا خراپە لە هەموو روویەكەوە چ وەك وانەكان  یان وەك خراپی قوتابخانەو نەبوونی پێویستیەكانی قوتابخانە نموونەی گەرمكردنو و فێنكردنەوە و پێویستیەكانی تری قوتابخانە.
 3. دۆخی منداڵان لە ناو كۆمەڵگادا:
  كۆمەڵگای كوردستان وەك هەر كۆمەڵگایەكی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژینگەیەكی خراپە بۆ منداڵان جگەلەوەی بە چاوی سوك و كەم تەماشای منداڵان دەكرێت، منداڵان توشی دەیان كێشەی وەك سوكایەتی هەراسانكردن و دەستدرێی بۆسەریان دەبنەوە. دیاردەی كاركردنی منداڵان دیاردەیەكی فراوانە لە ناو كۆمەڵگای كوردستاندا بەداخەوە بە هوی خراپی باودۆخی ئابووری خەڵك زۆر جا منداڵان ناچارن كار بكەن بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی  خۆیان و خێزانەكانیان، كاركردنی منداڵ ئەگەر چی زۆر خراپە لە رووی تەندوستی لەشیەوە  بە هەمان شێوە زۆر خراپە لە رووی دەروونیەوە بۆ منداڵەكە جگەلەوەی منداڵان رووبەڕی سوكایەتی و دەستدرێژی دەبنەوە. 
 هەوەها هەتا ئیستا دیاردەی بەكارهێنانی منداڵ لە لایەن رێكخراوە سیاسی و ئاینەیەكانەوە هەیە، هەتا ئێسایش دیاردەی خەتەنەكردنی كچان لە ناو كۆمەڵگادا بوونی هەیە، یان هاوسەرگیری منداڵان یەكێكی تری ئەو دیارە دژە منداڵەیە كە لە ناو كۆمەڵگادا هەیە.دیاردەیەكی تری زۆ قێزەوەنی ناو كۆمەلگا كە كەم نیە دیاردەی هەراسانكردن و دەستدرێژی سیكسیە بۆ سەر منداڵان بە تایبەتی لە لایەنی كەسانی خزم و نزیكی خێزانەوە.
 4. دۆخی منداڵان لە رووی تەندروستیەوە: 
 بە هوی خراپی كەرتی تەندرووستی لە باشووری کوردستان منداڵان لەمەشدا پشكی گەورەیان بەركەوتووە، منداڵ زۆرتر لە گەورە پێویستیان بە بواری تەندروستیە بەڵام كەرتی تەندروستی حكومەت زۆر خراپە بە هووی نەبوونی داودەرمان و پێویستیە پزیشكیەكانەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی بەرپرسانی حكومەت یان خاوەنی نەخۆشخانە تایبەتەكانن یان پشكیان هەیە لە نەخۆشخانە تایبەتەكاندا بە هەموو شێوەیەك نەخۆشخانە حكومیەكانیان پشتگوێخستووە، كەموكوڕی لە بواری كەرتی تەندروستی بووە بە هوكاری گیان لە دەستدانی سەدان منداڵ.
 لە كۆتایدا ئەوەی زۆر گرنگە بیڵێن ئەوەیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەستێت بە ئەنجامدانی ئەم چاكسازیانەی لای خوارەوە بە مەبەستی باشتركردنی بارودۆخی ژیانی منداڵان: 
 1. هوشیاری بڵاو بكاتەوە لای منداڵان سەبارەت بە مافەكانی منداڵ، پاشان هوشیاری بڵاو بكاتەوە لە ناو خێزان و كۆمەڵگادا سەبارەت بە مافەكانی منداڵان.
  2. كۆمەڵكێك یاسا دەربكات دژ بە چەوساندنەو و ستەمكردن لە منداڵ لە ناو خێزان و قوتابخانەو كۆمەڵگا.
 3. دەركردنی كۆمەڵێك سزا بۆ ئەو كەسانەی سوكایەتی یان دەست لە منداڵ بەرزدەكەنەوە لە ناوخێزان یان لە قوتابخانە و ناو كۆمەڵگا. لە گەڵ دابینكردنی هەموو پێداویستیەكانی قوتابخانەكان.
 4. قەدەغەكردنی كاری منداڵان و دابینكردنی بیمەیەكی تایبەت بە منداڵان بۆ ئەوەی مندالأ ناچاری كاكردن نەبێت.
 5. دابینكردنی پێویستیەكانی نەخۆشخانەكانی تایبەت بە منداڵان .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان