مرۆڤ لەشەڕی براکاندا دەبێتە گای قوربانی و کەس فرمێسکی بۆ ناڕێژێت
07/12/2025, 18:57 (GMT+1)

«شەڕی براکان» دەکرێت لە چەند مانایەکدا بەکاربێت، بەهۆی ئەوەی ووشەکە گشتییە و دەتوانرێت بە ناوی رووداو ناوزەند بکرێت. ئەوساڵانەی لەچیا بووم زۆرچیرۆکی ڕووداوەکانم دەبیست و لەڕێگەی پرسیارکردنەوە و بینینی هەندێک جێگای شەڕەکان و گۆڕی کوژراو شەهیدەکان لێرەو لەوێ و کارەکتەری ناو ڕووداوەکانیش کە بەگاڵتە ئامێزو گەنجانەو بێمنەتانەوە دەیان گێڕایەوە بۆم و دەم پرسی ئاخر شەڕەکە یان کوشتارەکە لەسەر چی بوو ؟
بیرمەجارێک شەهید " عومەر کەڵەکنی" بەدوورو درێژی ئەم ڕووداوەی بۆ گێڕامەوە چونکە خۆی لەناو ڕووداوەکەدا بەڕێکەوت دەرچووبوو ، ئەوسا من دڵنیا نەبووم کە بتوانم ڕۆژێک بێت بەهای ئەوەی هەبێت لەخانەی مێژوودا جێگەی بکەیتەوە.
شەڕی براکان بریتییە لە ناڕەزایی، ناردنەوە و دژبەستنێک کە پێك دێت لە نێوان براکاندا ، ئەم شەڕە زۆرجار بە ئەستەمترین جۆری کێشەی ناو کۆمەڵگا هەژمار دەکرێت، چونکە پەیوەندی براکان لە ڕەگەوە بە خۆشبەختی و پشتگیری پەیوەستە بەتایبەتی لەو چیایەو لەناوەندی شۆڕشدا کە هەموویان تاکە دوژمنێکیان هەیە لەگەڵیا لەجەنگدان . ئەوەی ئەو پەیوەندییە بشکێت کاریگەرییەکی زۆر خراپ لەسەر کۆمەڵگاو دەووربەری جێدەهێڵێت و هیچ لێبوردنێکیش ناتوانێت سارێژی ئەو برینە قوڵەبکات. خۆشبەختانە من کەوتم بەسەر گەوهەری ونبووی ناو شەڕی براکان و کارەکتەرک پەیوەندی پێوەکردم کە پێویست بوو بچمەلای کاتێک کە گفتوگۆی سەربازە وونەکەی هەکاری خوێندبۆوە. بینیم کە چۆن کارەکتەرەکەمان ترسەکان لەباوەش دەگرێت و وزەی کۆدەکردەوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی شەڕی براکان ئیتر گفتوگۆکەمان دەستپێکرد.
پرسیار : پێت خۆشە ناوت بنوسم یان بەناوی خۆتەوە ئەم گفتوگۆیە بڵاو بکەمەوە؟
نا ، نەخێر هیچ پێم خۆش نییە ، چونکە ئەم شەڕەو هەمووئەوشەڕانە کە لەگەڵ یەکتردا کردوومانە جگە لەجەرگ سوتان و نەهامەتی هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە ، بۆیە حەزدەکەم وەک سەربازێکی وون تەنها چیرکۆکە باس بکەم شەهیدەکان بنووسە تەنانەت حەز بەنوسینی ناوی برینارەکانیش ناکەم . بەم قسانەم قەرەبووی ئەوشەڕانە دەکەمەوە کە بەشداربووم لەشەڕی براکاندا. ماوەیەک لام وابوو گەر ئێمە شەڕی ئەوانمان نەکردایە ئەوان خۆیان هەر دەمردن. ئێمە دیدگایەکی سەیرمان هەبوو بۆشەڕی براکان ،پێمان وابوو شتەکان باشتر دەبن لەوەی هەبوون بەنەمانی ئەوان ، واشمان دەزانی ئێمە باشترین لەوەی کەهەین.
پرسیار: بەرواری ڕۆژی ڕووداوەکەت بیرە ، یان چاکتر بڵێم بەرواری شەڕەکەو جێگەت بیرماوە، چونکە بەر لە٤٤ساڵ ئەم شەڕەکراوە؟
١٩٨١.٨.٢٠ ڕۆژێکی گەرمی هاوین بوو کاتژمێر ١١.٣٠ بوو لە سەر کانی گڵەزەردە لەپشتی چیای هەلاج بەرامبەر بەگوندی سەیکانیان لە چاوتروکانێکدا کاتێک هەردوو شەهیدی سەرکردە "جەمەلی عەلی باپیر و شێرکۆ شیخ عەلی بۆماوەی نیوکاتژمێر یان کەمتر لەئێمە دوورکەوتبونەوە گفتو گۆیان دەکرد ، کاتێک گەڕانەوە ، کاک جەمال ڕەش داگەڕابوو توڕەیی پێوەی دیاربوو ، ئێمەبەشێوەیەک دامەزرابووین ،ئەوانیش هەروا چونکە پێدەچوو هەردوولامان ئامادەی لێدانی یەکتر بووین . کاک جەمال ووتی "شوێنەکە خۆشە" کەئەوە ووشەی نهێنیمان بوو ، ئیتر ئافات دەستی پێکرد ، لەچەند چرکەیەک هەردوو بەرپرس لەخوێنی خۆیاندا مەلەیان دەکرد و ئێمەش لەگەڵ براکانماندا تەقەمان لەیەکتر دەکرد ، لەچەند چرکەیەکدا ئێمەئەوانمان دەکوشت و ئەوانیش ئێمە.
هەر لاشەبوو دەکەوتە سەر زەویە پڕ دڕک وداڵەکەو خوێن دەوەنەکانی ئاودەدا. لەژێر کەپرەکەدا کەئەوان وەک بارەگایەکی هاوینە لێی دەمانەوە بووە حەوزی پڕخوێن ، ئەو ڕۆژە یەکێکە لەتاریکترین ڕۆژەکانی ژیانم ، نەپەشیمانی نە داوای لێبوردن ئاسودەیم بۆدەهێنێت ، چونکە لەچەند مەتر لەو بەرمانەوە بەچیاکەوە دەیان پایگای داگیرکەر و دومەڵی پیس بەبەرچاومانەوەبوو دەکرا ئەم گولانە و ئەوشەهیدانە ئاراستەی ئەوان بکرانایە.
پرسیار: ئێوە پلانی شەڕکردنتان هەبووکاتێک بۆ سەرئەوکانیە چوون کەناوی گڵەزەردەیە ، ژمارەتان چەند پێشمەرگەبوو ؟ ئەی ئەوان چەند پێشمەرگەبوون ؟
بڵێم پلانمان نەبوو نابێت. کاک جەمال بەنامەیەک کاک شێرکۆی ئاگارکردبوو کەبیبینێت و ئەویش میوانداری کردین ، بەڵێ پلانمان هەبوو ، بەڵام ئەمە لەخۆیەوە دروست نەبوو ئەم شەڕە ، بەڵکو پاشخانێکی دوورتری هەبوو کە پێویستە ئاوڕی لێبدرێتەوە ، ئێمە ژمارەمان ٢٥ پێشمەرگەبوو کە زیاتر پلانمان چەک داماڵینیان بوو نەک شەڕ کردن لەگەڵیاندا ، من نازانم ژمارەی ئەوان چەند بوو بەڵام هێزیان هەبوو لەو ناوەدا چونکە جارێک لای ئەشکەوتی" تەشوێ تاش" لەبەرگەڵوو بەرلەهەفتەیەک کۆبوونەوەمان کرد زۆریان هاوڕێ و برادەرمان بوون گفتوگۆمان دەکرد و باسی ئەوەمان دەکرد کە عێراق و ئێران کەوتونەتە وێزەی یەک ئەوە شانسی سەرکەوتنی ئێمە زیاد دەکات "مەبەستی شەڕی ٨ساڵەی ئێران عێرەق"ە. بیرمە لە دەنگی کوردستانەوە لەڕادوێ ، کاک جەمال یان بانگ کرد لەسەر ئەو باسە قسەی کردو هیوای دایە خەڵک کوردستان لەسەرکەوتنی شۆڕش. بەڕاستی ئێمە کە کاک جەمال و کاک شێرکۆمان بینی قسەدەکەن دڵمان خۆش بوو لامان وابوو کە بەگفتوگۆ کۆتایی بەکێشە نادیارەکە دەهێنن ،کاک شێرکۆ قۆڵێکی نەبوو باوەشی کرد بەکاک جەمالدا بەڵام دوایی شەڕ دەستی پێکرد، بیرت نەچێت هێزێکی گەورە لەگەڵ مەلا بەختیاردا کە ژمارەیان ٢٠٠ پێشمەرگەبوو لە نزیکمان بوون.
بەرلەساڵێک لەگوندی یاخسەمەر شەهید "دڵشاد تۆفیق بەنگینە "مەفرەزەکەیان چەک کردن بیرمە "شەماڵ بەهجەد کابان"یش لەو پێکەدانەدا بریناربوو کە دوایی تەسلیم بۆوە وەشەهید سیروان ئەحمەد کاکی یان شەهید کرد ، ئەوان خێزانێکی قوربانی بوون گەربیرتان بێت ساڵی ١٩٧٩ لە گەڕەکی حاجیاوای سلێمانی ملازم محسین هێرشی کردە سەر خێزانێک چەند کەسی لێ شەهیدکردن پاش ماوەیەک هیوای براشیان لە گەڕەکی دارۆغا شەهیدبوو لەناو سلێمانی ، هەندێک خێزان هەیە گەورەترین قوربانیان داوە نموونەی خێزانی کاک ئەحمەدی کاکی یادیان بەخێر . شەهید دڵشاد بەنگینەش لە شارستێن لەشەڕی براکاندا دوایی شەهیدکرا. چەند جارێک لێرەو لەوێ ئازاری هاوڕێکانی ئێمەیان دەدا ، ئەوان خەڵکی ناوچەکەبوون بەرد بەبەردی شارەزابوون. زۆریان لەکاک جەمال دەکرد کە شێرکۆی شێخ عەلی لەکۆڵ بکاتەوە ، تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەست کە پەیوەندی سەربازی لەگەڵیاندا هەیەو تەنانەت دەیان ووت ترسنۆکی و ئێمە جارێک چووینە ناوزەند کاک جەمال زۆر توڕەبوو لەو قسەو قسەلۆکانە کەلەناوەندی کۆمەڵە لەگەڵیاندا کرد ، بۆیە بەئێمەی ووت: بەخوێنی خۆم کۆتایی بەم قسە پوچانە دەهێنم.
پرسیار: زانیتان لەسەرکردایەتی چیان بە جەمالی عەلی باپیر ووتبوو، کێ قسەی پێ ووتبوو یان بەترسنۆکی زانیبوو ؟ لەکاتێکدا لەوسەردەمەدا ئەو کارەکتەرێکی دیاری چیابوو کە هەموو کەس دەیزانی کەزۆرجار سەرکردایەتی شەڕەکانی دەکردو هەواڵەکان دەگەشتەوە شارەکان؟
لەناوەندی کۆمەڵە بەتایبەتی "مەلا بەختیار" کە ئێستا خۆی وەک فریشتەی ئاشتی پشان دەدات ، ئەو ڕۆڵی زۆر خراپی هەبوو لەو کاتەدا ، یەکێتی بەرەیەک بوو ئەوە خراپیەکی زۆری لێکەوتەوە ، پاشان لەناو کۆمەڵەدا کۆمەڵێ باوەڕ هەبوو گروپی زیندان و عێراقچی و کوردستانی و جەلالی و تەنانەت ناوچەگەریش هەبوو ، دوایی زانیمان کە ئەم هەموو زۆرەی لە کاک جەمالیان دەکرد بۆ ئەوەبوو کە "جەبار فرمان" بخەنە جێگەکەی و ئەو پەراوێزبکەن ، بۆ مێژوو دەڵێم : من لەگەڵی بووم کەچوینەلای کاک نەوشیروان پێی ووت: گوێ لەکەس مەگرەو بگەڕێرەوە بۆ هەرێمەکەت و تۆ بەرپرسی یەکەمی لەوێدا لەهەرێمی چواردا. بینیشمان کە چۆن لەدوایدا پەیکەرەکەیان لەبەردەم یاریگای سلێمانی لابرد کە لەیادیدا دوایی ڕاپەڕین بۆیان دروستیان کردبوو. چونکە کاک جەمال پاشخانێکی وەرزشی چاکی هەبوو لەژیانیدا هیلاک نەدەبوو ، بیرمە جارێک لێم پرسی ڕاستە دەڵێن تۆ سپڵت نییە؟ پێکەنی ووتی: ئەوە هیلاک بوویت بۆیە دەپرسی ؟ ئارەقی زۆر دەکردەوە بەڵام هیلاک نەدەبوو.
شەهید جەمالی عەلی باپیر دوایی گەڕانەوەمان لە سەرکردایەتی و ناوزەنگ دڵی زۆر شکابوو ، ئەو مرۆڤێکی تربوو زوو توڕە دەبوو ،ڕووە خۆشەکەی نەمابوو کەمتر گاڵتەی دەکرد لەگەڵماندا ، لەوکاتەدا ڕۆژێک لەگوندی مەرگە بووین خوشکەکەی هات بۆلای ، ئەوەجاری یەکەم نەبوو کەبێت و پەیامی فەرمانداری ئاسایش و ئیستخباراتی پێنەڵێت ، بیرمەجارێک لە گوندی باڵخ بووین کە گەلاوێژی خوشکی ووتی کاکە پیان ووتووم کە واز بێنیت ، ئەوانیش واز لەئێمە دەهێنن لەهەموو خێزانەکەمان.
کاک جەمال پێکەنی ووتی : جاچیان لەباردایە با بیکەن ، ئەوئێوارەیە لەگوندی مەرگە کە گەلاوێژی خوشکی پێی ووت : حوکمەت دەڵێت دەزانین واز ناهێنێت با بڕوات بۆ دەرەوە"خاریج "عێراق جێبهێڵێت ئێمە ئاسانکاریشی بۆدەکەین.
شەهید جەمال بەگەلاوێژی ووت : یەک جاری تر بێتەوەلام ئەم قسانەبکەیت ڕۆحت دەکێشم. باوکی کاک جەمال جاشەکان شەهیدیان کرد ئەو بەهەژاری و پۆلیسی خێزانێکی بەخێو کرد بوو ، پاشان لەساڵی ١٩٧٧ ماوەی ساڵێک هەموو خێزانەکەیان لەزینداندا بوو لەخوارووی عێراق ، ئەودەم ماڵە پێشمەرگەیان دەگرت چەندین خێزان سەرگەردان بوون ماڵی شەهید جەمالیش هەروا. بۆڕۆژێک دوایی لەنزیکی بنگرد لەبەردەم گوندی "هەنجیرەو خۆشاودا "لەسەر شەقامەکە بۆوەڵامی بەعس و داگیرکەران و ئەمنی سلێمانی وئیستخباراتی بەعس لەقافڵەیەکی سەربازیمان دا ، شەهید جەمال هەستت دەکرد حەزدەکات بکوژرێت لەسەرشەقامەکە بێمنەت تەقەی لە زیلەکان دەکرد و هیچ خۆی نەدەپاراست ئەوت ئەکەمین جارە شەڕدەکات ، شەڕ تا دەمەو عەسرێکی درەنگ درێژەی کێشا و ئێوارەکەی هاتینەوە گوندی شارستێن.
پرسیار: بابگەڕێنەوە بۆناو شەڕی براکان ، تۆ چۆن بریندار بوویت ، لەسەرەتایی شەڕەکەدابوو یان دواتر؟
ئێمە لەدەوری کانیەکەو کەپری داربەڕۆکە و بن نوال و ناو دەوەن و کەندڕەکاندا دەستە دەستە گفتوگۆمان دەکردو قسەمان دەکرد ، بەرلەماوەیەک شێرزاد برای شەهید شێرکۆ هەستم کرد دوورکەوتەوە لێمان ، کاتێک شەهید جەمال و شێرکۆ گەڕانەوە ڕووەو ئێمە هەموومان سەیرمان دەکرد ، ئیتر کاک جەمال تفەنگەکەی لەشانی داگرت و بەدەنگی بەرز ووتی :"شوێنەکە خۆشە" و تەقە دەستی پێکرد ، لەچاو تروکانێکدا بەهەموولایەکدا گولە دەهات و دەچوو ،من کەوتمە سەرزەوێکە هەستم بەئازار نەکرد کاتێک سەرنجمدا لەسەر ئەوەی کە لە ڕاستیدا هەستم کرد هێشتا دەتوانم هەناسە بدەم لەناو ئەو دۆزەخەدا کە داگیرسابوو زانیم بەرکەوتم ئیتر من زامدارم و لەناو ئارەق و خوێندا تلم دەدا لەسەر زەویەڕەقەکە کەوتم ، بیرمە بەخۆم دەوت بەرگەبگرە هەموو شتێک ئاسانتر دەبێت بۆ بەرگەگرتن کاتێک دەتەوێت هەرزان نەمریت ، من لەسەرەتایی شەڕەکەدا ڕیزێک گولە ئاراستەمکرا دەزانم کێ بوو تەقەی لێکردم بەڵام هیچ ڕقێکم هەڵنەگرتووە بەرامبەری ، منیش هەمان شتم دەکرد بەرامبەر ئەو نا یەکێکی تر دووانی تر ، تفەنگەکەم یەک لاقی دوودەسک بوو دەسکی تفەنگەکەم وئاسنی تفەنگەکەم منی پاراست گولەکانی ئاراستەی ناولەشم کرد بەڵام چەند گولە بەر قۆڵ و دەستم کەوت و قۆناغی تفەنگەکە تەڵاشی دارەکە هەمووی چوو بەدەستما و دەستم لە چەند جێگەوە شکا و خوێن لەکانیەکە زیاتر لەلەشم دەردەچوو ، ئیتر بەرچاوم تاریک بوو ، بیرمە بەسنگە خشێ چەند شەقاوێک دوورکەوتمەوە و لەبەردەم خۆرەکەدا لەمابەینی دوو تاوێردا گێژبووم وابزانم لەهۆش خۆم چووم.
لەناکاودا گوێم لەدەنگێک بوو لەناو تەقەکاندا بانگم دەکات ، شەهید "حەسەن قارەمان" بوو ووتی ماوی ، چاوەڕێ بکە ئێستا دێمەلات دە مەترێک لەمنەوەدووربوو هەستا بێتەلام گولەیەک بووە میوانی و بێدەنگی کرد بەس پێی ووتم دەزانی کاک جەمال شەهید بوو؟ من مامەوە تفەنگەکەم شکاو هەوڵم دەدا بگەمە تفەنگێک تا بەرگری لەخۆم بکەم ، نازانم چەندی پێچوو هێزەکەی لەگەڵ مەلا بەختیاردابوو گەشتن عەشوای تەقەیان دەکرد تاپێمان گوتن چی دەکەن ؟
شەڕەکە دوورکەوتەوە بۆ چیاکەو دوورە تەقە دەستی پێکرد ، عەلی برای حەسەن قارەمان هات ووتی :حەسەنی برام لەکوێ یە ؟ ووتم لەویادایە وابزانم برینارە، کەچووە سەر شەهید حەسەن هاواری کرد ئای باوکەڕۆ گیانی دەرچووە و شەهید ببوو.
شەهید حەسەن قارەمان زۆر تایبەت بوو ، مرۆڤی وائازا تەنها لەناو کتێبەکانی ئەفسانەدا هەیە ، ساڵی ١٩٧٤ زیندانیەکی دەدەنێ تابیبات بۆزیندانی ڕایات ، ڕێگەکە چەند ڕۆژو شەو دەبێت ، لەجێگەیەک خەو زۆری بۆدێنێت و زیندانێکە هەڵدێت لەدەستی بێئەوەی بزانێت. ئیتر زۆر حەسەن قارەمان سەرکۆنەدەکەن و پێی دەڵێن تۆ ترسنۆکیت. دوایی ئەوەی زۆر سەردەکەنە سەری یەک ڕیز گەولە بەخۆیەوە دەنێت دەڵێ من ترسنۆکم ؟ پاشان پەشیمان دەبنەوە ، بەڵام ماوەی شەش مانگ نایەڵێت کەس بچێت بەلایدا ، کەدەی گێڕایەوە بۆمان خۆشی پێدەکەنی و دەیووت بەڕاستی بۆ بەقسەی ئەوانە وادەهری بووم ؟
کاتێک یەکەم جار شەهید جەمال و هاوڕێکانی لەساڵی ١٩٧٦دا لە پایگایەکی بەعسێکان دەدات لەی کارێزە لە"باویزارێ" ئیتر بەعس دەست دەکاتە کێوماڵ کردنی ناوچەکە بۆ گرتنی پێشمەرگەکان بست بەبستی چیاو دۆڵەکان دەگەڕێن . شەهید حەسەن سێ سەربازو دوو ئەفسەر دەنێرێت بۆ جەهەندەم و تفەنگەکانیان دەهێنێت ، ئەوان خەڵکی گەورەدێ بوون ئازا بەجەرو شارەزا ، ئەوڕۆژە نەی دەویست دەستی خۆی بەخوێنی براکانی سوربکات بۆیە کەمتر شەڕی دەکرد ، وەک زۆری پێشمەرگەکان کە لەگەڵماندا بوون نەهاتن لەگەڵماندا چونکە ئەیان ووت ئێمە نامانەوێت دوژمنایەتی لەناو خەڵکو خۆماندا دروست بکەین ، ئەوان خەڵکی سەرگەڵوو ناوچەی جافایەتی بوون. پاشان عەلی برای لەشاناخسێ زامداربوو بەکیمیاوی ماوەیەک گەیشتە ئیتالیا چارەسەریان بۆکرد بەڵام بەداخەوە لە سەردەمی کرۆنادا گیانی سپارد چونکە نەخۆش بوو ، خوشکەکەشی کە لەقزلەر نیشتەجی بوون "ئایشێ " لەگەڵ منداڵەکانیدا بێسەرو شوێن کران لەکاتی ئەنفالدا کە بەرەو دۆڵەڕووت ڕۆشتبوون.
پرسیار: ئەنجام تۆ چۆن لەناو ئەو ئافاتی شەڕی براکاندا ڕزگارت بوو ؟ کەتفەنگەکەت شکاو هیچت پێنەبوو کەبەرگری لەخۆت بکەیت، ئەی کاردانەوەی خەڵکی ناوچەکە چۆن بوو لەبەرامبەر ئەم شەڕە نەفرەتیەدا ؟
ناڵێم شەڕەکە دوورکەوتەوە بۆ چیاکان و ئەوان بەرامبەر یەکتر دامەزران ، منیش لەگەڵ برینارەکانی تردا براین بۆ گوندی سەیکانیان ، دەپرسی خەڵک بەرخوردی چۆن بوو؟ حاجی ساڵح کە خەڵکی گوندی سەیکانیان بوو کڵاو جامانەکەی کردبۆ بن هەنگڵی هاواری دەکرد " ئافەرم بۆتان ، دەستان خۆش بێت ، کوردتان ڕزگارکرد ، دەوڵەتی کوردستانتان بۆ دروستکردین دەستان خۆش ئێوە سەلمانتان چەنێک دڵسۆزن ، ئێوە مەردن ، کەس شان لەشانتان نادات ، هەربژین ، بەنەفرەت بن. حاجی ساڵع پەیامی خەڵی پێداین.
ئیتر لەوێ مانەوە جێگەی گازندەبوو ئێمەیان بردە گوندی مالومەو شەودرەنگانێ پێنج شەهیدیان هێنا بۆ گۆڕستانەکەی گوندی مالومە " جەمالی عەلی باپیر ، ئەنوەری عەبەی مەلاساڵح، حەسەن قارەمان ، ئیسماعیل گەورە دێی ، کاروان چاڵاخی " دوایی ڕاپەڕین شەهید جەلی عەلی باپیر برایەوە گردی شەهیدان لەسلێمانی ، چونکە ئاواتی ئەوەی دەخواست کە لەوێ ئەسپەردەبکرێت.
دوایش شەهیدەکانی ئەوانیشیان بردە "قولە سمبوڵ " لەگۆڕستانی بەرگەڵوو. کاک شێرکۆ و بێستوونی براشی ، کەمن و بێستوون بەر لە چەندەقیقەی شەڕەکەدا قسەمان دەکردو پێدەکەنین و پلانمان بۆ داهاتووی سەرکەوتن دادەڕشت ، بەداخەوە ناوی سێ شەهیدەکەی ترم نایەتەوەیاد ،ڕۆحیان شادبێت ، ئەوەی جێگەی نیگەرانیە لام برایەکی کاک شێرکۆ شەهید ئاراس لەکارەساتی هەکاریدا گیانی سپارد و ماوەیەک پێکەوە بووین لەناو کاروانەکەدا.
دوایی ماوەیەک دکتۆرێکی چریک دەرزیەکی گەزازی بۆکردم ، گەر ئەوە نەبوایە دەبوو قۆڵم ببڕنەوە ، ماوەی یەک دوومانگ لە ئێران بووم ماوەیەکیش لە خەستەخانەیەکی شاری تەبرێز بووم هێشتا حیزبی دیمکرات دەسەڵاتی هەبوو لێرەو لەوێ زامدارەکانی ئێمەی تیماردەکرد ،ڕاستگۆبم ئەوان گوێان بەئایدۆلۆژیا نەدەداو هەموو کەسیان تیمار دەکرد ، دکتۆرەکانیان پیشە و سوێندەکەیان لا مەبەست بوو ، ئەوەی جێگەی بیر نەچوونەبوو لام هێزێکیان هەبوو هێزی ئیمدادیان پێدەوت هەم دکتۆرو برین پێچیان لەگەڵ دابوو هەم چەک و ئازوقە و فیشەکیان دەبردە بۆ جەبهەو شەڕەگاکان ، ئەوان تازە دەستیان پێکردبوو بەڵام لەئێمە زیاتر لەپێشەوەبوون.
پرسیار: وانەیەک هەیە تۆ وەک بەشداربوویەکی ناوشەڕی براکان و بەتایبەتی ئەم شەڕە کە دوو مرۆڤی سەربازی بەجەرگ وسیاسی بوونە قوربانی چی فێرکردی و دەتەوێت چیمان پێبڵێت؟
لەشەڕدا خراپترین شت ئەوەیە کە بەرامبەرەکەت بەکەم بزانی. دوایی ئەوشەڕە من وێران بووم هەم بەجەستە هەم لەناخەوە ، هەموو شتێکم بیرە لەبارەی ئەوشەڕەوە ، ئێمە بەدوای خاڵی لاوازی یەکتردا دەگەڕاین. کە بریناربووم چاوم لێڵ بوو نەم دەزانی کە هێزەکەی خۆمانە نزیکمان دەبنەوە گازم لەزمانم گرت تائەندازەی ئەوەی لێبێتەوە بۆئەوەی بزانن من یش ڕۆحم کێشاوە ، زانیم کە ئێمە نەمان توانی ئیمپراتۆرە ڕووخاوەکەی دەروونمان ڕزگارکەین ، ئێستا من وەک داماوێک نامەوێت ژیان لەخانەقایەکی خواپەرستیدا بەسەر بەرم ،بەڵام پڕم لەئازار و لام ناخۆشە کە من کارەکتەری ناوشەڕێک بووم کە سودی بۆ دوژمنانی گەلەکەم هەبووە. گەرچی ئەوسا و ئێستاش من وەک مرۆڤ لە داگیرکەران وهێزی بەرامبەرم دەڕوانی نەک وەک ئامانجێک. وانەیەک کە لێوەی فێربووم ئەوەیە ئێمە نەمان توانی شەرەفنامە جێبهێڵین و شەڕی براکانی بابانمان چەند بارەکردەوە بەئێستاشەوە ، پێدەچێ ئێمە چارەنوسمان دیاری کرابێت....بەپێکەنینەوە...!
پرسیار: دواپرسیار دوایی ئەوەی چاک بوویتەوەو لەبڕینەوەی قۆڵەکەت مەرەخەس بوویت ، ڕێکەوتی شەڕی براکانت کردەوەو بەشداربوویت لەشەڕی ناوخۆدا؟
دەمەوێت بڵێم کە شەھید شێرکۆ لەگەڵ شەهید جەمالی عەلی باپیر کە فەرماندەی ھەرێمی ٤ یەکێتی بو لەدۆڵی جافەتی زور ھاوڕای ئەوەبوون وبڕیاریان دابوو شەڕی براکوژی لەوناوچەیە نەکە ن تائەو جێگەیەی بۆیان دەکرێت.
بەڵام دیاربوولەسەرووی خۆیانەوە لەسەرکردایەتی ئەم برایەتیەیان پێ چاک نەبوو ، بەبڕوای من گەرشەهید جەمال لەوێدا نەکوژرایە ئەوە دوایی شەڕەکە خۆی دەکوشت و نەی دەتوانی ئەو ڕووداوە لەگەڵ خۆیدا بگێڕێت لەژیانیدا .
خۆزگە گەلی ئێمە سەرفراز دەبوو دەگەشتە ئەو جێگەیەی کە ئێسک و پروسکی هەموو تاوانبارەکانیشی دادگایی دەکرد ، ئەودەم منیش خۆم دەچوومە دادگا ، ڕاستگۆبم ئیتر بۆ هەتا هەتایە لەهیچ شەڕێکی براکاندا لەدوورو نزیک بەشدار نەبووم. تەنانەت حەزم لەوشەڕەش نەدەکرد کە جاش و خۆفرۆشانی کوردی تێدابوو. گەربپرسی لێم ئێوە بۆچی و لەسەرچی لەگەڵ یەکتر بەشەڕ دەهاتن ؟
نازانم و ناتوانم وەڵامێکت بدەمێ ،ئەوە نەشەڕی چینایەتی بوو نە ئایدۆلۆژیایەک لەپشتی ئەوشەڕانەوەبوو هەمووی درێژ کراوەی شەڕی جەلالی مەلایی بوو لەبەرگی جیاوازدا ، ئەشبینی زۆری ئەوانەی کە ئاگری شەڕیان خۆش دەکرد و یان کردوویانە چۆن چونەوە لای ئاغاکانیان ، دەیان نموونەهەیە کە لەکارەساتی هەکاریدا وەک ئێمە ڕاونران و گیران و سزادران دوایش بێشەرمانە چوونەوە لایان و پاساویشیان بۆ دەهێنانەوە.
زۆر سوپاس ماندووم کردی شادو ئازاد ژیان بکەن.
سوپاس بۆ تۆ کە بەدووای گەوهەری ڕووداوەکاندا وێڵی و دەتەوێت خەرمانی مێژووی نەتەوەکەم پڕکەیت لەمەڵۆی ڕاستی ڕووداوەکان ،چونکە مێژووی کورد تەنها باسی دەسەڵاتدارو ئاغاو دەست ڕۆشتۆکانە نەک ئەوانەی مەینەتێکانیان بەخوێنی خۆیان تۆمارکردووە. ئێوەش ئازادژیان بکەن
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

