دوێنێ وەرەوە
07/12/2025, 20:02 (GMT+1)
کاتێ منداڵ بووین ئەم دەستەواژەیەمان بۆ کەسێ بەکار ئەهێنا وەك ئەوەی گاڵتەی پێ بکەین و پێی ڕابوێرین. واتە زیاتر بۆ سوکایەتی و فشقیات بۆ ئەوەی ئەو کەسە تێ بگات ئەوەی ئەیڵێ هیچ مانای نیە و بێ بەهایە. بۆ نمونە گەر ئەو کەسە قسەیەکی وای بکردایە کە دوور بوایە لە ڕاستی وەیان پەیمانێکی دابێ و نەبردبێتە سەر ، ئەوا کەسی بەرانبەر لای ئاسایی بوو ئەو دەستەواژەیەی بۆ بەکار بهێنێ.
گەر وەك ڕێزمان لەم دەستەواژەیە وورد ببینەوە ئەوا ناگونجێ فەرمانی داهاتوو بۆ کاتی ڕابردوو بەکار بهێنی. بەو پێیە ئەشێ بگوترێ(دوێنێ هات وەیان دوێنێ هاتبوو) نەوەك (دوێنێ وەرە وەیان دوێنێ وەرەوە). بەڵام وەك گوتمان ئەمە تەنها لەو کاتەدا بەکارمان ئەهێنا کە مەبەستی جیاوازمان هەبوایە لەو ڕوداوە.
بەڵام ئێستێ گەلێ سەیرە کەئەم دەستەواژەیە زۆر زۆر گونجاوە بۆ بەکارهێنان لەم سەردەمەدا و پڕاو پڕ مانای خۆی ئەدا بەدەستەوە. چۆن؟
هەر یەك لە (شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحمودی حەفید و قازی پێشەوا) لەسەر دۆزی کورد و خەباتی ڕزگاری میلەتەکەیان تووشی لە سێدارە دان و کوشتن و دوور خستنەوە لە ووڵات ، کران.. ئەمانە خۆیان بۆ کورد و کوردستان کردە قۆچی قوربانی و لەو پێناوەدا خوێنێ خۆیان بۆ بەخشی، لێ ئەمانە نەبوونە نمونەیەك بۆ ئەوەی سەرکردەکانی دوای خۆیان چاویان لێ بکەن و کراسێ لەوان دابدڕن..تەواو بە پێچەوانەوە...ئەمان هاتن و پێچەوانەکەیان پەیڕەوی کرد. لەجیاتی کوردایەتی و خۆشەویستی خاك و پاراستنی ڕۆمەتی نیشتمانی و بەرگریکردن لە سنوورەکان و بەرپەرچدانەوە دژ بە داگیرکەران و دوژمنانی کورد..هەڵبژاردەی ترسنۆکی و خۆشەویستی بۆ پارەو پلەو پۆست لای داگیرکەران و بوون بە مقاشی دەستی دوژمنانی عەرەب،تورك و فارس..ئەمانە خۆیان کردە ئەژندای لەناوبردنی کورد و سڕینەوەی ناسنامەکەی و هەوڵدان تەنها بۆ بەرژەوەندی تەسکی بنەماڵەیی و کلك گرێدان لەگەڵ دوژمنان و داگیرکەران بەرانبەر بە پاراستنیان و بەخشینی داهاتوو بۆ خۆیان و مناڵەکانیان.. ئەمانە لەنمونەی بنەماڵەی بارزانی،تاڵەبانی،نەوشیروان و دواتریش حزبە ئیسلامی و چەپەکان.
لە دوا نمونەدا بینیمان کەوا چلۆن (پەکەکە) لە ژێر پرۆسەی بەناو ئاشتی لەلایەن سەرکردە زیندانیکراوەکەی (عەبدوڵا ئۆچ ئالان) گەورەترین هەرەسی بە خەباتی گەلی کورد لە باکوور هێنا و ئاشبەتاڵی ڕاگەیاند..ئەم کارەی ئاپۆ گەلێ لەوەی مەلا مستەفای ئاشبەتاڵچی قێزەوەنترە لەبەرئەوەی ئەم لە زانین و ئەزموونەوە ئەم کارەی هەڵبژارد..بەداخەوە ئەم جۆرە خۆ بەکەم زانین و چەمانەوە بۆ دوژمنان و داگیراکەران و هەرەس هێنان بە خەباتی دوور و درێژ کە بەرهەمەکەی ئاشبەتاڵ بێ هەر بۆ ئەوە باشە بەم خۆفرۆشانە بووترێ(دوێنێ وەرەوە)
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























