ناسیۆنالیزمی ئیسلامیی
20/12/2025, 21:19 (GMT+1)
عەرەبی دوای ئیسلام نامۆیە بە چەمکە نوێکان، چونکە چەمکەکان بەرهەمی عەقڵ و ژیانی ئەو جوگرافیا عەرەبییانە نین و پراکتیزەش نەکراون. من لە کتێبێکمدا(ئاوەژووکردنی واقیع) هەردوو چەمکی ئیسلام و سیاسەتم هێناوەتە بەر باس و بەو ئومێدەی بگەین بە تێگەیشتنێک کە ئیسلام و سیاسەت دوو چەمکی جیاوازن و هەرگیز ئیسلام ناتوانێت سیاسیی بێت.
بەناو ڕۆشنبیران لەپێناو هێشتنەوەی ئیسلامدا هاتن چەمکسازییان کرد، بۆ نموونە: چەمکی "ئیسلامی میانڕەو"ـیان دروستکرد، لەکاتێکدا ئەم ئیسلامە هیچ گرفتێکی لەگەڵ ڕادیکاڵترین فۆڕمی ئیسلامدا نییە. دواتر چەمکی "ناسیۆنالیزمی ئیسلامی"ـیان دروستکرد کە بوو بە تارماییەک بەسەر ڕۆحی نەتەوەیی کوردەوە(کاتێک درکیان بەوە کرد ناتوانرێت نەتەوە لە تاک بستێننەوە، داهێنانیان لەمەشدا کردوو ئایدۆلۆژیاکەیان خستە پاڵ نەتەوە). بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی ئیسلامی کەسانێکی وەکوو بەڕێز ئەبوبەکر کاروانی پێشەنگایەتی دەکەن، دەتوانین کورتەی ئایدیاکەیان لەزاری خۆیانەوە بەم جۆرە دابڕێژین: "ناسیۆنالیزمی ئیسلامی داوای جۆرێ لە ناسیۆنالیزم دەکات کە لەگەڵ ڕۆحی ئیسلامییدا هەڵبکات، لەپێناو بەدیهێنانی ئەمەش نابێ تێگەیشتنمان بۆ ئیسلام گرژ بێت".
با کەمێک بیر لەم دوو دێڕە بکەینەوە...
بیرۆکەی "هەڵکردن لەگەڵ ئیسلام":
لەناو حکومەتێکی لیبڕاڵ و دیموکراسدا شتێک بەناوی شووناسی نەتەوەیی هەیە کە تاک ئازادە لە فەزای گشتیدا مانیفێستی بکات، ئەمەش لەپێناو پاراستنی شوناسەکەیدا. ئایا ئەمە بۆ حکومەتێکی ئیسلامیی هەمان شتە؟ نەخێر، لەنێو حکومەتێکی ئیسلامییدا یەک جۆر خۆ-بەیانکردن هەیە کە ئیسلامییانەیە، خودی ئایدیاکە ئیشکردنە لەسەر قەتیسکردنی تاک لەنێو یەک-جۆرێتییدا. بە مانایەکی دیکە ئەوە ئایدۆلۆژیاکەیە لەگەڵ چەمکە نوێکان ناتوانێت هەڵبکات، نەک بە پێچەوانەوە(ئەمەش ئەو شتەیە کە ئایدۆلۆژیست نایەوێت). گرفتەکەش لەوەوە دێت کە شوناسی نەتەوەیەک وەربچەرخێت بۆ شوناسێکی ئایینی و ئایدۆلۆژی. ئەمە ئەو چرکەساتەیە کە نەتەوە تووشی بەدگۆڕان دەبێت.
هێگل دەربارەی گریکییەکان دەڵێت: "ئایینی یۆنانی و ڕۆمانی ئایینی گەلانی ئازاد بوو، لەگەڵ لەدەستدانی ئەم ئازادییە، ئەو ئایینەش مانا و هێز و هاوشێوەبوونی خۆی لەگەڵ خەڵک لەدەستدا". کوردیش، ١)بەهۆی ئیخوانیزمەوە ئازادیی نەتەوەیی کەوتۆتە مەترسییەوە. ٢) کورد بەهۆی ئەو مێژووە پڕ بەرەنگارییەوە، کەوتووەتە بۆشایی ڕۆحییەوە ئەم بۆشاییەش بە ئاستێکی زۆر خراپ ئیسلام هەوڵیداوە پڕی بکاتەوە هەندێ جار لەگەڵ وتاری نەتەوەیی تێکەڵکراوە. ئەم ڕۆحە بەناو کوردییە، ساختەیە، چونکە بەرگی ئایینێکی بەبەردا کراوە کە دژەکوردە. کاتێک مانای نەتەوە و ئایین تێکەڵکرا و وەک یەک پرس بیری لێ کرایەوە، ئەو نەتەوەیە ڕۆحە ئازادەکەی خۆی لەدەست دەدات، چونکە هاوشووناس دەبێت لەگەڵ ئەوەی داگیر و ئەنفال و تیرۆری کردووە.
ئامانجی ئیسلامی ناسیۆنالیستی کورد، دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردیی بەڵام ئیسلامییە، کە ئەمە گەورەترین تاوانە یەکەم، بەرانبەر نەتەوەی کورد و ئەو کارەساتانە و ئاسمیلاسیۆنەی بەهۆی ئیسلامەوە بەسەر کورددا هاتووە(ئەمەیان شانازییە بۆ ئیسلامییەکان). دووەم، ئەگەر وابڕیاربێت لە قۆناغی مۆدێرنەدا بین و دەوڵەتێکی نەتەوەیی هەبێت، نابێت ئایینی بێت، بیرۆکەکە ناسازە لەگەڵ سەردەمەکە و ئەو تیۆرانەی بەرهەمی مۆدێرنەن.
ناسیۆنالیستە ئیسلامییەکان دەڵێن: "قەوم لە کتێبە ئایینییەکەمان ئاماژەی پێ دراوە، عەرەبیش قەومییەتی لێوە داڕشتووە، بۆیە پێویستمان بەکەس نییە فێری ناسیۆنالیزمبوونمان بکات". بەڵام کوردیش خاوەنی کۆمەڵێک دەقە کە ئاماژەی ببیرۆکەی ناسیۆنالیزمیین، هەر ئەم دەقانەش لەمێژوودا ئیلهامبەخشبوون بۆ دروستبوونی کۆمارە کاتییەکانی کوردستان و دواتریش سەرهەڵدانی بزاوتە سیاسییەکانی ئەو قۆناغە مێژووییە. بەڵام چونکە ناسیۆنالیزمی ئیسلامی ئامانجی خزمەتکردنی ئایینی نەتەوەی سەردەستە، خۆلادان لەم مێژووە بە ئەرکی سەرشانیان دەزانن.
بیرۆکەی "نابێ تێگەیشتنمان بۆ ئیسلام گرژ بێت":
ئەمە وەک ئەوەیە پێت بڵێت: بیرمەکەرەوە، کێشەت لەگەڵ کردەی ئەنفال و جینۆساید و تاوانبارەکانیدا نەبێت، تۆسقاڵێک گرفتت لەگەڵ بەکەنیزەککردن و کڕین و فرۆشتن بە کچانی ئێزدیش نەبێت. ئاسایی وەریبگرە کە ئایینەکە لەگەڵ هیچ بنەواشەیەکی ژیاریی و مرۆیی ناگونجێت.
ئەوەی کە ڕێگەی داوە دەستوپەنجە لەگەڵ بیرۆکەکەدا(گرژنەبوون لەتەک ئیسلام) نەرم ببێت، کۆمەڵێ ڕۆشنبیری بەناو لیبڕاڵن کە ئایین و ئایینداریان جەمسەرگیر کردووە.
ئەوە بەس نییە کە ئەرستۆ بڵێت: مرۆڤ بوونەوەرێکی سیاسییە. بەڵکوو لەپێناو دروستکردنی تاکی سیاسیی، پێویستە پەروەردەکردن بە درێژایی ژیان هەبێت. ئایا درەنگ نییە بپرسین: کێ بەم ئەرکە هەڵدەستێت؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























