ئیسلامە سەلەفییەکان لە نێوان عەقڵ، ڕۆح و غەریزەدا بۆ تەعریبکردنی کوردستان
10/01/2026, 18:49 (GMT+1)

بۆ بیرخستنەوەی بەشی یەکەم لەسەر مێژووی ئایینە ئیبراهیمییەکان (جوو، مەسیحی، ئیسلام)، کەمێک لەسەر ئەو باسە بە زمانێکی دیکە لێرەدا قسەی لەسەر دەکەینەوە، بەوەی ئەو ئاینە ئیبراهیمیانە، ئەوەمان نیشان دەدات، کە هەر یەکێکیان جەختیان خستۆتە سەر ڕەهەندێکی مرۆیی جیاواز. وەک نمونە جووەکان بایەخیان بە دەق و لێکدانەوەی فەلسەفی (تەلمود) داوە، تێیدا مێشکی مرۆڤیان هەڵبژارد، ئەمەش ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ دەرکەوتنی زانا و فەیلەسوفی گەورە. مەسیحییش، لە ڕێگەی گوتاری لێبوردەیی و قوربانیدان، لەناو جەستەی مرۆڤدا ڕووی لە "دڵ" کرد، لەوێوە جەختی لەسەر ئاشتی و خۆشەویستی کردەوە. بەڵام کاتێک دێینە سەر ئەو مۆدێلەی ئیسلامی سیاسی و سەلەفی، وەک نمونە ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان و ئەفغانستان باڵادەستە، دەبینین لە بری "عەقڵ و ڕۆح" گوازراوەتەوە بۆ "خوار ناوک". ئایینی ئیسلام لە پەیامێکی مرۆییەوە کورت کراوەتەوە بۆ "جەستە" و کۆنترۆڵکردنی خۆشیی و ئارەزووەکانی خوار ناوکی مرۆڤ. هەر تەنیا ئەمە نا بەڵکو لە رێگای ئاینی ئیسلامەوە، دەیانەوێت کورد بە یەکجاری واز لەناسنامەی خۆی بهێنێت و ناسنامەی نەتەوەیەکی دیکە هەڵبژێرێت، ئەمەش دەتوانین ناوبنێن (تەعریبکردنی لەسەرخۆ).
• (تەعریبکردنی لەسەرخۆ) و (سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی):
یەکێک لە مەترسیدارترین لایەنەکانی گوتاری مەلا سەلەفی و ئیخوانییەکان لە کوردستان، پرۆسەی تەعریبکردنی کولتوورییە لەژێر پەردەی ئاییندا. ئەمانە وای وێنا دەکەن، کە خودا تەنها بە زمانی عەرەبی دەدوێت و بەهەشت تەنها بۆ ئەوانەیە، کە لە ڕووی زمان و ڕواڵەتەوە خۆیان بە عەرەب دەچوێنن.
• زمان وەک ئامرازێک بۆ تواندنەوەی کورد:
ئیسلامە کوردەکان وای بڵاو دەکەنەوە، کە لەو دنیا زمانی هەموو مرۆڤەکان دەبێتە عەرەبی. ئەم پرۆپاگەندە ناڕاستەوخۆیە تەنیا بۆ سوککردنی زمانی کوردی و هاندانی خەڵکە، تا واز لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بهێنن.
• ڕواڵەت و جلوبەرگ:
هاندانی گەنجان بۆ پۆشینی (دیشداشە) و جلی بیابانی و سوکایەتیکردن بە جلی کوردی، ئەمیش لە ژێر ناوی "جلی شەرعی"، کە بەشێکە لەو ستراتیژییەی دەیانەوێت کورد بکەنە پاشکۆیەکی کولتووریی بیابان، لەو رێگایەوە کورد وەکو نەتەوە بتوێتەوە. ئیستا زۆربەی مەلا کوردەکان بەتایبەتی سەلەفییەکان جلی عەرەبی لەبەر دەکەن و پیرۆزی دەکەن.
• ئایین لە سنوری جەستەدا (فۆبیای ژن)
ئەو تێزەی کە پێشتر قسەم لێوەکردووە، بەوەی "ئیسلامی سەلەفی بەشی ناوگەڵی مرۆڤی بەرکەوتووە"، لە ڕاستیدا ئاماژەیە بۆ قەتیسبوونی مێشکی پیاوی ئایینی لە ناو خۆشی و ئارەزووەکانیدا. زۆربەی وتارەکانیان لە جیاتی باسی زانست، دادپەروەری و مرۆڤدۆستیی و ئاوەدانی بکاتەوە، کەچی قسەی ئەم مەلایانە تەرخانکراون بۆ:
• پۆڕنۆگرافیای ئایینی:
پێداهەلدان بەسەر جوانیی و جۆری فریشتە "حۆرییەکان"، هەروەها پەردەی کچێنی، چێژی سێکسی لە بەهەشتدا (وەک ئەوەی لە وتارەکانی د. عەبدولواحید و هاوشێوەکانی دەبیسترێت). ئەمە وای کردووە "بەهەشت" لە شوێنێکی پیرۆزەوە بگۆڕێت بۆ شوێنی رابواردن و "یانەیەکی سێکسیی هەمیشەیی".
لە قسە و باسی مەلاکاندا ژن وەک وەچەی شەیتان سەیر دەکرێت: گوایە ژن "سەرچاوەی فیتنە" و "نیوە ئاژەڵ"ــە، هاوتای سەگ و گوێدرێژە ، ئەمیش بەو باوەڕەی، کە دەڵێت "زۆربەی دانیشتوانی دۆزەخ ژنن"، ئەمە نەک تەنها سوکایەتییە بە ژن، بەڵکو نیشاندانی خودایە وەک قەوارەیەکی پیاوسالار، کە تەنها بۆ چێژی پیاوان، گوایە (اللە) بەهەشتی بۆ پیاوان خوڵقاندووە.
• لەبەرامبەر بەهەشتی پیاوانی موسوڵماندا، باسی دۆزەخیش دەکەن، بەوەی دۆزەخ وەک زیندانێکە بۆ ئەوانەی، کە موسوڵمان نیین. لەو جیهانبینیەی مەلا خائینەکانی کوردستان، بانگەشەی بۆ دەکەن، دۆزەخ شوێنی ئەو کەسانەیە کە: نایانەوێت ببنە پاشکۆی کولتووری عەرەبی، هەروەها ئەو ژنانەش، کە نایانەوێت ببنە کۆیلەی ناوگەڵی پیاوان. جگە لەمانە دۆزەخ بۆ ئەوانەشە، کە تێگەیشتوون و کەسانی مرۆڤدۆستن، عەقڵی خۆیان خستۆتە پێش عەقڵ و بانگەشە و قسەکانی ئەم مەلا نەفام و نەزانانە. هەروەها گەورەیی و مەزنی ئەم "موعجیزە" دەستکردەی ئەوان، کە باسی دەکەن، لەوەدایە، هەموو جیاوازییەکانی مرۆڤایەتی دەسڕنەوە، جیهان دەکەنە یەک ڕەنگ ئەویش (عەرەبی سەلەفی). ئاژەڵەکانیش لەو جیهانەدا تاکە ئەرکێک، کە پێیان سپێردرابێت خزمەتکردنی پیاوی موسڵمانە و ئەوانیش دەبێت بە عەرەبی سوپاسگوزاری خودا بکەن.
• دەرەنجام:
ئەو مۆدێلە لە ئایینپەروەرییەی، کە ئێستا لە کوردستان بەڕێوەدەچێت، هەوڵێکی سیستماتیکییە بۆ هێنانە خوارەوەی ئاستی وشیاریی خەڵک. کاتێک کۆمەڵگا سەرقاڵ دەکرێت بە "نیقاب، باڵاپۆشی، و چێژەکانی بەهەشت"، ئیدی بیر لە ئازادی سیاسی، گەندەڵی دەسەڵات و داگیرکاریی نەتەوەیی ناکاتەوە. ئەمە ئەو مەترسییە گەورەیەیە، کە پێویستە وەک "تەعریبێکی پیرۆزکراو" ناوی بەرین، تێیدا مەلای کورد دەبێتە جەلادی زمانی دایک و کولتووری نەتەوەکەی خۆی.
مەلاکانی کورد و رێکخراوە ئاینییەکان، گەورەترین مەترسین بۆ پاشەڕۆژی کورد، کە لەپاڵ داگیرکەراندا لە هەوڵی لەناوبردنی کورد و ناسنامە و هەموو پیرۆزییەکی کوردن.
• مەلا سەلەفییەکانی کورد هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی باشووردا نییە، کەسیان دژی یەکتر قسە ناکەن و پەلاماری یەکتر نادەن. پارتی و یەکێتیی باشووریان پڕکردووە لە مەلها و شوێنی رابواردن و پۆڕنۆ، ئیسلامە سەلەفییە کوردەکانیش هەمان شوێنی رابورادنیان گواستۆتەوە بۆ ئەو دنیا، ئەو فەسادیی و بەدڕەوشتی و لەشفرۆشییەی کە پارتیی و یەکێتی لە باشوور برەویان پێی داوە، ئەم مەلایانەش هەمان فەسادیی و بەدڕەوشتی و لەشفرۆشییان گواستۆتەوە بۆ بەهەشت و بۆ دینداری ساویلکە و دەبەنگەکانی کورد، هەموویانیان پێ بەنج کردووە کە لەو دنیا خوا هەمان ناز و نیعمەتی خۆشیی بەمانیش دەدات، هەروەک چۆن لەم دنیا بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی و بەرپرسە کوردەکان رادەبوێرن، ئەوا پیاوی دیندار و نوێژکەریش، هەمان خۆشیان پێ دەدرێت، هەرچەندە ئەم مەلایانە بۆ خۆیان چاوەڕوانی ئەو دنیا ناکەن تا فریشەکان بخەنە باخەڵیانەوە، بۆ خۆشیی رابواردنی خۆیان پەلەیانە لە بری سەردانی شوێنی رابواردن بکەن، ئەوا بەناوی ئاین و شەریعەتی ئیسلامەوە هەر یەکەیان رێگایان بە خۆیان داوە ژنێک، دوان، سیان و چوار بهێنن. بە دزیشەوە هەشیانە دەستی ژنانی دیکە دەبڕن، وەک نمونە مەلایەک بە دزییەوە ژنێک لە خۆی مارە دەکات، پاش ماوەیەک تەڵاقی دەدات، یەکسەر مەلایەکی دیکەی هاوڕێی دەیهێنیتت، مەلای دووەمیش، کە لێی تێربوو، دەیدات بە مەلای سێیەم، ئیتر ئاوا دەستاودەست ئاڵوگۆڕی دەکەن و بەرەو رووی مەلایەکی هاوەڵی خۆیانی دەکەنەوە، بەو جۆرە ئافرەتی ساویلکەی وا هەیە، بەناوی مارەکردن و تەڵاقدانەوە لە ماوەیەکی کورتدا لە نێوان مەلاکان خۆیاندا (دە بۆ دوانزە) شووی پێدەکەن، وەک لەشفرۆشی لێدەکەن و لەگەڵیدا رادەبوێرن.
لە کۆتاییدا وەکو سەرنجتان دابێت زۆربەی مەلاکانی ئەمڕۆی کوردستان خەڵکی شارنین، زۆر جیاوازن لە مەلاکانی سەدەی رابردوو، بەدەمو لەوسیاندا، بە گوفتار و قسەکانیاندا، دەبینیت ئەمانە پێشتر کەسانی شەلاتی و مێبازی کانی ژنان و منداڵباز و ئاژەڵباز بوون، کە هاتنە شارەوە، مەلایەتیان هەڵبژارد و کردیان بە کار و کاسبی خۆیان، بوون بە پیاوی داگیرکەران و دەوڵەتانی وەکو سعودییە و قەتەر و ئیمارات، لەو رێگایەوە گیرفان و ناوگەڵیان دەوڵەمەند کردووە و دەستی خەڵکی ئاینداری پێ دەبڕن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























