<

کوردە ترساوەکە و کوردە ترسناکەکە

19/01/2026, 17:45 (GMT+1)
نووسینی: غەسان شەربل 
سەرنووسەری «الشرق الأوسط» 
دووشەممە - ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦

ژەنەڕاڵ مه‌زڵووم عەبدی داوای شتێکی لە سەرۆک ئەحمەد ئەلشەرع کردووە کە ناتوانێت بیداتێ؛ شەرع ناتوانێت «سووریای نوێ» بەسەر پێکهاتەکانیدا دابەش بکات. ئەویش ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینەیە بۆ ناوچە کوردییەکان، بەمەش پرسی عەلەوییەکانی کەناراو و درووزەکانی سوەیدا ڕووبەڕووی دەسەڵات دەکاتەوە. بەبێ دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێز، ناتوانرێت گۆڕەپانی سووریا بەڕووی یاریزانە هەرێمییەکاندا دابخرێت؛ بۆ سەقامگیریی ناوچەکە، پێویستە سووریایەکی یەکگرتوو هەبێت.
ئەمە بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی ئێران پێویستە، ئەندازیاری نێودەوڵەتیی چارەنووسەکان ئاوا بیر دەکاتەوە؛ چارەسەر هەڵوەشاندنەوەی سووریا نییە. چارەسەر بریتییە لە دادپەروەری بۆ کورد لە ژێر سایەی دەوڵەتێکی دادپەروەردا. چیرۆکی کورد لەگەڵ نەخشەدا، چیرۆکێکی بەژان و درێژە و لە سنووری سووریا تێدەپەڕێت.
کورد لە نەخشە دەترسێت، چونکە بەشداریی لە کێشانیدا نەکردووە و کەس ڕای ئەویشی سەبارەت بە هیواکانی وەرنەگرتووە. ئەو سنوورەکانی نەخشە وەک بەربەست دەبینێت نەک وەک پردێک؛ وەک دیوارێک دەیانبینێت لە نێوان ئەندامانی خێزانێکدا. خەونەکانی لە سنوورەکان دەڕژێن و پێیاندا دەدەن، جگە لەوەی ئەو کەمینەیەکە تێیدا. نەخشەکانیش  رانەهاتوون، کە لەگەڵ کەمینەکاندا نەرم بن.
نەخشەش لە کورد دەترسێت و بۆنی ناڕەزایەتیی لێ دەکات؛ هەست دەکات کورد بە زۆر سواری شەمەندەفەرەکە کراوە و چاوەڕێی دەرفەتێکە بۆ ئەوەی باز بداتە خوارەوە. تۆمەتباری دەکات بەوەی پەنجەرەی گوماناوی بەڕووی پەیوەندییە گوماناوییەکاندا دەکاتەوە.
کورد لە نەخشە دەترسێت چونکە ئەو لە ناو جەستەی نەخشەکەدا جیاوازە، نەخشەکانیش ڕانەهاتوون مافی جیاوازیی بسەلمێنن. نەخشە خەوی لێ ناکەوێت مەگەر کاتێک پشت بە لێکچوون ببەستێت؛ حەزی لە پۆشاکی یەکپۆشە و دەیەوێت دانیشتووانەکەی لە یەک سەرچاوە ئاو بخۆنەوە، بە هەمان زمان بدوێن و تێوەگلانی سەرکێشییەک نەبن کە ئارامیی تێک بدات.
نەخشە لەو گروپانە دەترسێت کە ڕەنگێکی جیاوازیان هەیە، لە کلتووری جیاواز، فۆلکلۆری جیاواز، و لەو خەونە نهێنییانەی لە پشت پەردە داخراوەکانەوە گەورە دەبن. لەو تاڵاویانەی کە منداڵان و نەوەکان لە یەکترییەوە بە میراتی دەگرن؛ لە یادەوەریی ڕاپەڕینە سەرکوتکراوەکان و زەماوەندە قەدەغەکراوەکان.
نەبوونی دادپەروەرییە ئەگەر نەخشەکان تۆمەتبار بکرێن؛ چونکە بنەڕەتدا بە مەرەکەبی ڕۆڵەکانیان نەکێشراون، تەنانەت بە مەرەکەبی زۆرینەکانیش نەکێشراون، بەڵکو بەهێزەکان بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان کێشاویانن. بچووکەکان لەسەر سفرەی گەورەکان ئامادە نین. تاوانی نەخشە ئێستاکانیش چییە ئەگەر پەیمانی لۆزان (١٩٢٣) ئەو بەڵێنەی لەناو بردبێت کە پەیماننامەی سیڤەر (١٩٢٠) بە کوردەکانی دابوو؟. بەم شێوەیە کوردەکان بە پێچەوانەی ویستی خۆیان وەک کەمینە بەسەر تورکیا، ئێران، عێراق و سووریادا دابەش بوون. لە غیابی ڕژێمە کراوەکان و ئەوانەی متمانەیان بە شەرعییەتی خۆیان هەیە، ئەستەمە تێکەڵاوبوون یان داننان بە مافی جیاوازی بەدی بێت.
نزیکەی دوو دەیە لەمەوبەر بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێک چوومە لای مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. بینیم پیاوەکە لە تەنیشت دوو ئاڵاوە دانیشتووە: ئاڵای عێراق و ئاڵای هەرێم. ئەم دیمەنەش لەم ناوچەیەی جیهاندا شتێکی سادە نییە. هەرێم نەدەبوو بە پشتبەستن بە دەستوور لەدایک بێت، ئەگەر ویستی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوخۆی عێراقدا نەبووایە بۆ پێدانی ئەولەویەتی ڕەها بە ڕزگاربوون لە ڕژێمەکەی سەدام حوسێن.
ئەو ڕۆژە سەرنجم چوو بۆ ئەوەی کە ئەم پیاوەی تەنیشت دوو ئاڵاکە، لە کۆماری مهابادی کوردی لەدایک بووە کە لە ساڵی ١٩٤٦ لەسەر خاکی ئێران ڕاگەیەندرا و ڕێگەی پێنەدرا یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی پیرۆز بکات. هێزەکانی ئێران پێشەوا قازی محەمەدیان بە تۆمەتی خیانەت لەسێدارە دا، بەڵام مەلا مستەفا بارزانی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی، توانی لە گەشتە ئەفسانەییەکەیدا بەرەو یەکێتی سۆڤیەت بەڕێ بکەوێت.
کاتێک بارەگای هەرێمم جێهێشت، لە خۆمم دەپرسی: ئەم دیمەنە چ پەیامێک بۆ ئەو کوردانە دەنێرێت کە نیشتەجێی سووریا و تورکیا و ئێرانن؟ ئەو کوردانەی چەندین جار سکاڵایان لە هەوڵە زۆرەملێکان کردووە کە بۆ تەعریب و تەتریک و تەفریس (فارسیکردن) ڕووبەڕوویان بووەتەوە.
مەسعود بارزانی لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونە درێژخایەنەکەیدا درکی بەوە کرد کە کوردی عێراق دەرفەتێکی مێژووییان قۆستەوە و خاوەنی هەرێمێک بوون کە دڵنیاییان پێ دەبەخشێت. لە هەمان کاتدا درکی بەوە کرد کە ئەم ئەزموونە ناکرێت بۆ نەخشەکانی تر بگوازرێتەوە، هەر بۆیە ئامۆژگاری چەندین وەفدی کوردی کرد کە تەنها بە باشترکردنی بارودۆخی ژیانی کورد لە ناو نەخشەکانی ئێستایاندا ڕازی بن. ئامۆژگارییەکانی بۆ گرتنەبەری ڕێگەی واقیعینی بۆ ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی و هاوەڵەکانیشی بوو کاتێک نەخشەی سووریا کەوتە ناو قۆناغی شڵەژانە گەورەکەوە.
ناکرێت نکۆڵی لەوە بکرێت کە کورد ڕووبەڕووی ستەمێکی گەورە و درێژخایەن بووەتەوە، بەڵام واقیعینی بوون وامان لێ دەکات بڵێین چارەسەری کێشەکانیان لە هەڵوەشاندنەوەی نەخشەکانی ئێستادا نییە بۆ ئاسانکردنی پەیوەندی جوگرافی و دانیشتووانیان. پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی نەخشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەک لەدایکبوونی شەڕە درێژخایەنە بێ کۆتاییەکانە.
هەروەها ناکرێت نکۆڵی لەو قوربانییانە بکرێت کە کوردی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی «داعش»دا پێشکەشیان کرد. «هێزەکانی سووریای دیموکرات» لە ناو دەنگی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە و بە چاودێرییەکی تەواوی ئەمریکی لەدایک بوون. بەڵام ئەم هێزانە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان نەبوو لە ڕوخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، تا بتوانن پشکێکی هاوتای ئەوەی کوردی عێراق بەدەستبهێنن، کە ڕۆڵیان دەروازەیەکی ناچاری بوو بۆ ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسێن.
ئەو گۆڕانکارییەی لە سووریا ڕوویدا زۆر گەورە و فراوان بوو، گەورەتر بوو لە توانای کوردەکانی بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بکەن بۆ زامنکردنی هیواکانیان یان بەشێکی گەورەیان. دەبوو ژەنەڕاڵ عەبدی بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەردەم دیمەنی تەوقەکردنی سەرۆک ئەحمەد ئەلشەرع لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و هەواڵی ڕەزامەندی واشنتۆن بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو کاریگەرییەکانی «یاسای قەیسەر» بوەستایە. هەروەها بە وردی لە ڕاگەیاندنەکەی شەرع ڕابمێنێت کە سووریای نوێ نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ کامیان لە دراوسێکانی، ئەمەش واتای چوونە دەرەوەی سووریایە لە بەشە سەربازییەکەی ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل.
دەبوو مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا بکات کە سووریای شەرع هێمایەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی «میحوەر ئەلموقاوەمە»، و ئەو گرەنتییەکە بۆ دوورخستنەوەی ئێران و «حیزبوڵڵا» لە نەخشەی سووریا. دەبوو سەرنج بداتە ئەوەی کە سووریایەکی سەقامگیر پێداویستییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتییە، و ئەمەش پێش هاوپەیمانییەکان لەگەڵ کورد دەکەوێت کە هەلومەرجێکی دیاریکراو سەپاندوونی.
سەرکەوتن بەسەر «هەسەدە»دا شتێکە و سەرکەوتن بەسەر کورددا شتێکی ترە. دەکرێت سەرکەوتنی یەکەم چارەسەر بکرێت بە پێدانی مافی تەواوەتی بە کوردەکان وەک هاووڵاتی و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییان. بەڵام سەرکەوتنی دووەم تەنها بناغە بۆ مەرگەساتی زیاتر دادەڕێژێت. تەنها سووریایەکی دادپەروەر دەتوانێت بازنەی کوردە ترساوەکە و کوردە ترسناکەکە بشکێنێت.
--------------------------------

ئەم نووسینە لەو سەرچاوەیەی خوارەوە بە عەرەبی وەرگیراوە و کراوە بە کوردی

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان