<

مەرگی ئۆپۆزسیۆن، یان سەرەتایەکی تازە؟

19/01/2026, 18:24 (GMT+1)
هەرچەندە لە ئێستەدا پرسی گەرمی سیاسی، پرسی ڕۆژئاوای کوردستان و مەترسییەکانی سەر ئەو ناوچە کوردنشینانەیە، کە چواردە ساڵە کورد خوێنی بۆ دەڕێژێت! بەڵام لەپاڵ ئەم دۆخە شپرز و ئاڵۆزەی ڕۆژئاوای وڵاتەکەماندا، نێو ماڵی کورد لە باشووریش، هێندە ئارام و ئاسایش نییە، کە هیچ پارچەیەکی دیکەی کوردستان خۆزگەی پێ بخوازێت. لەلایەک پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ ماوەی ساڵێکە ئاستەنگی زیاتری تێکەوتووە و تا دێت نیگەرانییەکانیان لەیەکدی بەرەو هەڵکشان دەچێت، بەجۆرێک ململانێکە گەیشتووەتە ئاستی زۆرهێنان بۆ حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و ناچارکردنیان بە خۆیەکلاکردنەوە بۆ لایەنێک؛ کە دەکرێ بڵێین ئەو ڕێککەوتنە شانۆئاسایەی نەوەی نوێ و یەکێێتی، سەرەتای بەکۆتاهاتنی ئەو فەزا ڕەخساوەی سلێمانییە، کە ساڵانێکی زۆرە، بووەتە چاوگی هەڵقوڵانی ڕای جیاواز و دروستبوونی پارت و ناوەندی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن! 
چەندە شەرم و شوورەییە بۆ یەکێتیی کە خۆی وەها نمایش بکات، دووبارەی کردە ناپەسەندەکانی پارتی بکاتەوە، بەو ئامانجەی ببێتەوە بە هێزە جەماوەرییەکەی جاران، چونکە لەڕاستیدا ئەوەی یەکێتی لاوازکرد، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان نەبوون، بەڵکە ئەوان دەرئەنجامی مامەڵە هەڵەکانی یەکێتی و فەرامۆشکردنی ستراتیژییەتی سلێمانی، بە سوودوەرگرتن لە هۆشیاریی جەماوەری دروست بوون، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە لە ئاستی سەرکردایەتی و بەرنامەی سیاسیدا تابڵێی لاواز و کەمئەزموون هاتنە مەیدان.
لەڕاستیدا ئەوەی جێی هەڵوەستە و هەڵوێستی ڕژدە، ئەوەیە لە ئێستایەکدا دەژین، کە سێبەرێکی تۆخی داگیرکاریی ناوچەیی و پیلانگێڕیی هەرێمایەتی بەسەر ئاسمانی وڵاتدا باڵی کێشاوە، لەهەمان کاتدا دەسەڵاتی خۆماڵیی کوردی، زۆر خەمساردانە و بێباکانە لە ئاست ڕووداوەکاندا دەستەوەستانە، نەک هەر ئەوە، بگرە بە دیار ماڵێکی پەرتەوازەوە ڕاماوە، کە دوای ساڵ و نیوێک لە هەڵبژاردن، هێشتا نە حکومەتی پێ پێکهێنراوە و نە پەرلەمانی پێ کاراکراوەتەوە. ئەمەش وامان لێدەکات ڕاشکاوانە بڵێین، نە دەسەڵاتێکی ڕەشید و هۆشیار، نە ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە و چاودێرمان نییە، کە لە هەردوو بارەکەدا هاوڵاتییانی بەشمەینەتی کوردستان باجدەر و زەرەرمەندی لە پێشینەن.
خۆ ئەگەر ڕێڕەوی ڕەوتی سیاسیی هەر لەسەر ئەم هێڵەی ئێستای بەردەوام بێت، درز و کەلێنەکانی دووئیدارەیی و سڕینەوەی مینبەرەکانی دەنگی ناڕازی، دەچنە قۆناغێکی مەترسیدارەوە و لە ئاییندەدا ئەگەرەکانی دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ زیاتر دەبن، لەم بارەشدا بێگومان دوژمنانی کورد چاکتر پێمان دەوێرن، بۆی هەیە لە هەر دۆخێکی نەخوازراودا، هەمان واقعی ڕۆژئاوای کوردستانمان بەسەردا دووبارە بکەنەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان