حیزب و دەسەڵات
08/02/2026, 20:37 (GMT+1)
ئەگەر بێتو ئاوڕێک لە ڕابردووی حیزبی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی بدەینەوە، بە نەبوونی ئازادی ڕا دەربڕین نەبونی ئازادی ڕۆژنامەوانی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و سوتاندنی کەناڵی ڕاگەیاندن داخستنی پەرلەمان بڕینی مووچە و قوتی خەلک نەبونی ئاو کارەبا نەفت، لە کاتێکدا پارتی و یەکێتی بە دەیان کۆمپانیا و کەناڵی ئاسمانییان هەیە بە پارەی دزراوی ئەم میللەتە زوڵم لێکراوە، دزین و تاڵانکردنی ژێرخان و سەرخانی کوردستان سەدان و هەزاران زوڵم و ستەم لەم گەلە بەشخوراوەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
٤/٢/٢٠٢٦ بە بڕیارێکی حیزبی کەناڵی NRT لە لایەن پارتی لە سنوری هەولێر و دهۆک داخرا، هۆشداری دراوە بە پەیامنێران کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە ڕاپۆرت بۆ ئەم کەناڵە ئامادە بکەن، بە بیانوی ئەوەی کەناڵی NRT سوکایەتی کردوە بە بەشێک لە رموزی نەتەوەیی لە کوردستان، بەبێ هیچ پەڕاوێکی فەرمی بەبێ هیچ بڕیارێکی دادگا، هێزێکی ئەمنی کەناڵەکەیان داخستوە لە هەولێر و دهۆک، تاکە سکاڵا کە هەبێت سکاڵای داواکاری گشتییە کە خۆی بەشێکە لە سیستەمی دەسەڵاتی حیزبی پارتی، گوایە لەم کەناڵە سوکایەتی کراوە بە هەندێک ڕەمزی نەتەوەیی کوردی،
ئەمە دژی کاری ڕۆژنامەوانی و بەرتەسککردنەوەی ئازادییە، لە کاتێکدا کورد پێویسی بە یەکڕیزی و یەکگرتنە نەک بەرژەوەندی و ویستی تایبەت.
پارتی دەبوو لە جێگای کەنالێکی ئاسمانی کوردی چەندان کەناڵی عەرەبی دابخات لە هەرێمی کوردستان، وەک کەناڵی جەزیرە و هاوئاوازەکانی کە دژی دۆزی کوردن لە ڕۆژئاواو و پارچەکانی تری کوردستان
من دەپرسم سالێک و چوارمانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە تا ئێستا حکومەتی ماوە بەسەرچو لەسەر دەسەڵاتە، لە کاتێکدا عێراق کێشەی ئابوری هەیە خەریکە کێشەی جدی ئەمنی ڕوی تێبکات، لە هەمانکات مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبڕن نەفت نییە کارەبا یەکجار گرانە ئازادی ڕادەربڕین بونی نییە دەیان کێشەی تر...
بۆ دەبێت پارتی و یەکێتی یاری بە چارەنووسی میللەتێک بکەن لە پێناو و وەزارەت و پلە و پۆست وە تێکدانی یەکڕیزی نێو ماڵی کوردی چ لە هەرێم و چ لە بەغدا، بۆ دەبێت لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حیزبی دەست بۆ داخستنی کەناڵێکی کوردی ببات؟ کە چاوی هەموو دونیا لەسەر کوردە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان

























