<

ڕۆژئاڤا لە نێوان(دۆڕاندن-بردنەوە)دا

09/02/2026, 1:24 (GMT+1)
دەبوو ئەو ڕێکەوتنەی ساڵی (2025)ی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمشق تا کۆتایی ئەو ساڵە جێبەجێ بکرایە، ئەمە نەکرا. هەر بۆیە لەسەرەتای ئەم ساڵەوە شەڕ ڕوویدا و کۆتاییەکەی بە لەدەست دانی ٨٠% ی خاکی ژێر ڕکێفی هەسەدا کۆتایی هات و تەنها هەنووکە لە ٢٠%یان لەژێر دەستدایە. بەمانا سەربازیەکەی هەسەدە دۆڕا و لە گۆڕەپانەکەدا بە تەنیایی ، مایەوە.
ئەبێ جیاوازی لە نێوان هەسەدە و بەڕێوەبەری خۆسەری بکەین. لەبەرئەوەی هەرچی یەکەمیانە هێزێکی سەربازیە و ئەو تریان زیاتر تێکەڵەیەکە لە قەوارەیەکی کۆمەڵایەتی کە توێژێکی سیاسی بەڕێوەی ئەبەن و تا ئێستاش وەك خۆیەتی.واتە گەر چی هەسەدە لە گۆڕەپانەکە ئەو هێز و قورساییەی نەماوە، لێ کورد لەو بەشە و بە تایبەتی ئەوەی ناسراوە بە ڕۆژئاڤا بوونی ماوە و لەسەر پێکانی خۆی وەستاوە.
بە بڕوای من ڕۆژئاڤا چ وەك یەکەیەکی سەربازی وەیان وەك قەوارەیەکی سیاسی نە دۆڕاوە و نەبراوە. بەڵکە ئەتوانین بڵێین تووشی شکست بوە ، لە کاتێکدا شکست کاتیەوە و ئەکرێ هۆکارەکانی دەست نیشان بکرێ و هەوڵبدرێ چاک بکرێتەوە. وە لێرەدا ئاماژە بە دوو هۆکار ئەدەم کە ئەم شکستەی بەدوای خۆیدا هێنا:
یەکەم: هەسەدە خوێندنەوەی بۆ پێکهاتەی (عەرەب)باش نەبوو. ئەبوو باشتر و لۆژیانە هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو هێزانە بکردایە لە چوارچێوەی ئەو یەکە سەربازیە، کە بەداخەوە هەڵەیەکی گەورە بوو وە باجی مەزنتریان دا و جۆرێك لە شڵەژان  دروست بوو کە تۆزێکی مابوو بگاتە هەرەس و ئاشبەتاڵ، ئەوەی ئەو هەنگاوەی هێواش کردە و نەیهێشت ئەوە ڕووبدا، ڕەنگە بەپلەی یەکەم هێزی یەپەژە بوو کە دەرکەوت زۆر پتەو تر و تۆکمەترە، ئەمە سەرباری  ئەو ژمارەی عەرەب لەو هێزەدا زۆر کەمە وەیان هەر نیە بە بەراوورد لەتەك یەپەگە کە زۆربەیان عەرەب بوون.وەك خۆیان ئەیان ووت لە ٦٠% لە پێکهاتەی عەرەب بوون. هەروەها بەتەواوی پشتیان بە هاوپەیمانی ئەمریکی بەستبوو کە هیچ جۆرە گرێبەست و ڕازیبوونێك لە نێوانیاندا واژوو نەکرابوو تا هەموان پەیوەست بن پێوەی.
دووەم : کورد لە ڕۆژئاڤا بە گشتی بەبێ هیچ جیاوازیەك لە نێوان چین و توێژە کۆمەڵایەتی،ئایینی،سیاسی هیچ کات و لەهیچ شوێنێك داوای سەربەخۆییان ، نەکردوە. بەڵکە ئەوەندەی وەك(سووری)ەك داوای مافەکانیان کردوە هیچ وەك کوردێك ئەو داواو مافانەی کوردیان باس لێوە نەکردوە. بە واتایەکی تر؛خۆیان بە هاوڵاتی سووری زانیوە و لە ڕەهەندەوە داوای مافەکانیان کردوە. وە چەندین جار لە کۆڕ و کۆبوونەوە لۆکاڵی و هەرێمایەتی و جیهانی جەختیان لە پتەو کردن و پەرت نەبوونی دەوڵەتی سووریا کردۆتەوە. هیچ ڕیکۆردێك وەیان دۆکیومێنێتك بەدی ناکرێ پێچەوانەی ئەم بۆچوونە نیشان بدا. کەواتە پرسیارە گرنگە ئەوەیە لە پای چی ئەو هەموو خەبات و چەک هەڵگرتن و خۆبەکوشت دانە گەر ئامانج لێی سەرباخۆیی و خود موختاری نەبێ؟ گەر تەنها داوای دیموکراسی و یەکسانی و مافی هاوڵاتیبوون مەرجی سەرەکی ڕۆژئاڤا بوبێ، ئەوا ئەکرا بە هێزی نەرم و خەباتی سەرشەقام و ناوەندە هزریەکان بکرانایە و هیچ پێوستی بە خوێن ڕشتن و ئاوارە بوون و ماڵوێرانی نە ئەکرد. وەك چۆن پەکەکە لەسەرەتاوە داوای سەربەخۆیی و دروست کردنی نیشتمانی کورد لە بەرنامەکەی بەدی ئەکرا و لەو پێناوەدا قوربانی گەورە درا، دواتر و دوای گیرانی ئاپۆ و قایم کردنی لە زیندان بە تەواوی پاشگەز بویەوە تا ئاستی ئەوەی کە دەوڵەت بۆ کورد و کوردستان بە نا پێوست ئەبینێ.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان