<

ئەی حاریس ئەگەر دەوڵەت و جاهـ و حەشەمت بوو٭

18/02/2026, 11:54 (GMT+1)
( نالی لەم  ساڵدا  زیندوو بووایەتەوە و .. تەماشای سێ چوار مانگ بێ موچەیی و ئەم هەموو زوڵم و زۆرەی بکردایه، یەک مەرکانە شەرابی ئەنا بەسەرییەوە و ئەیووت ) :

ئەی موفلیس، ئەگەر تۆ جاران مەعاشی  موحتەرەمت بوو ..
ئەمڕۆ  به تەنها ملکەچیی و کۆیلایەتیی مەرهەمت بوو ..
ئەوە چ بوو دات بە با ئاڵای  هێلکە و ڕۆن ؟
سێ موچەت خوراوە، سەگباب، بۆ سوریا دەمەدەمت بوو ..
گەمژەی وام نەدیوە، لە کوێ ، ئەحمەقی وا هەیە یاران ؟
داوای زۆرت بۆ خەڵک ئەکرد ، خۆیشت کەمترین کەمت بوو ..
ئەم هەموو زوڵمەت چۆن هەڵگرت ، بە گیرفانی دڕاوەوە 
جاران خۆ بە زوڵمێکی ئەو ئەبو عەدای ، پەرکەمت بوو ..؟!
چت کەم بوو لەو زەمانەدا؟ وا شەوان ئەتکرد بە تەقە ؟
ئەی ئێستا چیت هەیە حیزە،  مەیلی سواڵ و سەلەمت بوو ؟
بریا کورد نەبووایەم یاران، ملکەچترین مەخلوقه ئەو..
بەچی ئەچێ لەو زێرابە ، گەر زۆرترین تەمەنت بوو ؟!

بڕوا بکە گەندەڵ وتی وەرنەدەرێ، دەنا ، قورسە ..
بەرخۆدان ناکەی ئەگەر تۆ ، گەندەخۆریی مەتعەمت بوو 

کوردایەتیی قسەیش نییە ، بایەکە جار جار لێدەدرێ ..
شوکری خوا بکە کە تاراوگە وەکو ماڵی ئەڕقەمت ٭٭ بوو..
لێره بوویتایە ئەبوویتە پەندی زەمانە وەک ئێمە ..
بەردەوام لەعنەت و دژوێن ، زیکر و ویردی سەر  دەمت بوو
هەرچی قەومیەت و دینیشە،
کە هەبوون یان نازڵ کران، 
بۆ خۆشی ئیسانە ، نەک وا 
بەس بۆ ملکەچیی زەمت بوو ..
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
٭ ناوی شیعرێکی نالییە، سالمیش پێنج خشتەکییەکی لەسەر بینا کردووە .
٭٭ ئەرقەم : مەبەست ماڵی ئەڕقەمی کوڕی ئەڕقەمە کە پێشەنگی بڕوادارانی ئایینی ئیسلام وەک داڵدەیەک لە ماڵی ئەودا کۆدەبوونەوە و به نهێنی .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان