<

ئایا ئێران دۆڕاوە ؟

23/03/2026, 10:55 (GMT+1)
گەلێ لام سەیرە کەسانێك پێیان وابێ ئەم ئەزموونەی ئێران هیچ لە ئەزموونەکانی پێشووی وەك (عێراقی-سەدام)،(لیبیای-قەزافی)،(تونسی-زین عابدین)،(یەمەنی_عەبدوڵا ساڵح) و (سووریای_بەشار ئەسەد)ناچێ. مەگەر ئەو نمونانە کە ڕەنگە لای زۆربەمان باوی نەمابێ و لەیادمان سڕرابێتەوە ، هۆکارەکەی ئەوە نەبوبێ کەو ئەو دەوڵەتانە بۆیە ڕوخان و سەرکردەکانیان کوژران وەیان هەلهاتن ، بە دیکتاتۆریەت و هێزی چەك مامەڵەیان لەگەڵ گەلەکانی خۆیاندا ئەکرد و دوژمنی یەکەمین و سەرسەختیان بە ئەندازەی گەورە، گەلەکەی خۆیان بوو. ئەو دیکتاتۆرانە بۆ چەندین دەیە تەنها بە زمانی هەڕەشە و تفەنگ وەڵامی داخوازی گەلەکانیان، دابۆوە. ئەمەش ئەمان گەیەنێتە ئەوەی ئاکامەی کە ڕژێمی ئاخوندەکانی ئێران بەهەمان ڕێچکەی ئەوانەی تردا هاتوون و هەمان چارەنووسیش چاوەڕێیانە.
هەر بەهەمان پێوەر، ئەتوانین بەبێ دوو دڵی هەریەك لە (ئەردۆگانی-تورکیا) و هەردوو سەرکردەی پارتی و یەکێتیش بەو ئاقارە تێپەر ئەبن.
دیکتاتۆریەت پێش ئەوەی سیستمی ناڕەوای دەسەڵاتداری بێ،لەهەمان کاتیشدا ئامانجێکی سنووردارە کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بۆ خۆیانی کێشاوە... واتە ئەو سیستمانە لە رێگای هەڵبژاردن و دەنگدانەوە هاتونەتە سەر دەسەڵات مەرجی مانەوە و پێشکەوتن و سەرکەوتنیان تەنها لە ڕێگای خۆبەدوور خستنەوە لە دیکتاتۆریەت و بەکارهێنانی زمانی هەڕەشەیە بۆ سەر خەڵکانی خۆی.
زۆرێك لە دیکتاتۆرەکان فۆرم و شێوازی جیا بەکاردێنن و هەندێ جار وەك دیکتاتۆریەتی نەتەوەیی وناسیونالیزمی خۆیان نیشان ئەدەن، هەندێکی تریان وەك دیکتاتۆریەتی چینایەتی دەرئەکەون، هەندێکی تریان وەك دیکتاتۆریەتی ئایینی و مەزهەبی. لەهەموو بارەکاندا یەك چارەنووس میوانی هەمویانە لەبەرئەوەی ئەمانە ناتوانن تا سەر گەلەکانیان فریو بدەن و لە خشتەیان بەرن.. ڕەنگە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بتوانن میلەت بڕەتێننەوە و برسیان بکەن و ئازادیان لێ بستێنەوە، لێ بۆ دواجار ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان دەرئەخەن و جیتر ناتوانن لەسەر هەمان بەیت و بالۆرە،هەڵپەڕن.
گەر پیاداچوونەوەیەك بە سیستمی ئاخوندەیی بەناو کۆماری ئیسلامی ئێران بدەین ئەوا ئەو هەلەی بۆ هیلالی شیعە هەڵکەوت لەساڵی 1979 و گرتنی دەسەڵات لە ئێران تاکە جارە لەمێژووی ئەو تائیفەیە کە بتوانن دەسەڵات بگرنە دەست لە ماوەی پتر لە ١٤٠٠ ساڵی ڕابردوو . ئەم مێژووە درێژە هەردەم باڵی(شیعە)ی پەراوێز خستوە و لەژێر دەسەڵاتی (سوننە)بەردەوام لەژێر چەپۆك و زەبرو زەنگدا،بوون. لێ کاتێ ئەم هێزە بۆ یەکەمین جار و لەرێگای ئەمریکاوە هەناسەیەك بەبەریدا دێت و ڕێگەیان بۆ خۆش ئەکەن تا بگەنە دەسەڵات کەچی یەکەمین کاریان ، بەبارمەتە گرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ ماوەی زیاتر لە 180 ڕۆژ. ئەم دەسەڵاتە نوێیەی ئێران بەوەوە نەوەستاو لەژێر چەتری(مەزلومیەت) و سنگ کوتانی(حسێن و عەلی)پەلو پۆ ئەهاوێژن و سنووری چەندین ووڵات ئەبڕن و ئەیانەوێ ئەو لایەنە لەناوبەرن کە ڕۆژگارێك ئەوان دەستیان گرتوون و لەسەر دەسەڵاتی ئێران، دایان ناون.
یەکێ لەو هەڵانەی دیکتاتۆرەکان بەردەوام دووبارەی ئەکەنەوە هەمان هەڵەیە ، ئەویش (لەبیرچوونەوە) سەدام لەیادی چوو کە بەریتانیا و ئەمریکا یارمەتی داوە بۆ ئەوەی دەسەڵات لە عێراق بگرێتە دەست، کەچی لەساڵی 1982 بەتامابوو لەڕێگای دروست کردنی چەکی ناوەکیەوە دەوڵەتی (ئیسرائیل) لەناوببات. ئێستاش (ئێران) هەمان هەڵەی سەدام دووبارە ئەکاتەوە و ئەیەوێ ئیسرائیل لەناو بەرێ و خەریکی بەرنامەی چەکی ناوەکیە. ئێران هەرگیز نەئەبوو هەمان هەڵەی سەدام دووبارە بکاتەوە لەوەی سلۆگۆنی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیلی بەرز کردبۆوە و داوای مەرگی بۆ ئەکردن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان