کورد و کورد
23/03/2026, 12:08 (GMT+1)
بەخوا کورد ترسناک و خۆخۆرە ..لەو بڕوایەدام یەکەم حاڵەتی زۆمبی لە مێژوودا، کورد بووە، گۆشتی کوردەکەی هاوڕێی خواردووە، ئەمڕۆیش له ترسی شاربەدەرکردنیان لەلایەن کۆمەڵگای مرۆڤایەتییەوە، ناوێرن گۆشتی جەستەی یەکتری بخۆن، بە ناچاریی گۆشتی هەست و کەسایەتیی و کەرامەت و ئابڕووی یەکتری ئەخۆن.
باشە تا ئێستا هیچ میللەتێ ئاوا باسی بەرپرسێکی خۆی کردووە وەک ئەو برادەرە کوردەی لە ڤیدۆکەی خوارەوەدا باسی دکتۆر بەرهەم ئەکات ؟..سەیر ئەو ئێرەیی و ڕق و گاڵتەپێکردن و بێ ڕەوشتییە بەرامبەر دکتۆر بەرهەم کە پۆستی بەڕێوەبەری پەنابەرانی لە یونامی وەرگرتووە ، بە جۆرێک ڕێگا بەخۆی ئەدا بڵێ ئەچی بۆ لای سۆزانی سکرتێری، چونکە حەتمەن ناوی سۆزانە !!.. ئینجا تۆ بۆچی ئەتەوێ دکتۆر بەرهەم ببینی ؟ ئیشت چییە بە دکتۆر بەرهەم ؟ بۆ واستە ئەچیت؟ بۆ سواڵ ؟ بۆ عەرزی ڕوکن ؟ بۆ جنێو پێدان و پلار تێگرتن و سیحر لێکردنی ئەچیت؟
جا کورد هیوایەتی ئەوەیه کوردێک کە پلە و پۆستێکی وەرگرتووە بچێ بۆ لای و قاچ لەسەر قاچ دانێ و پێی بڵێ کەرە کەر با چینێک میرازیت نەکەم تۆ هەر مناڵەکەی جاران نەبووی کە بوزمان پێوە ئەکردی ؟
یەعنی کورد بەو شکاندنەی یەکتری گەز گەز باڵا ئەکا..
کە زەکەریا بوو بەو گۆرانیبێژه بەناوبانگە، کوڕێکی هەولێریم ئەناسی، بە حیساب شاعیریش بوو، پێی ووتم : زەکەریا لە قۆناغی ئامادەیی هاوڕێم بوو، سەد جاران شەقم لە قونی هەڵداوە..!!
ئیتر ئەم یەکتر شکاندن و یەکتر سوککردنە لەناو کورددا، لە نوێژ و ڕۆژوو فەرزتر و لە پێشترە .. مەڵێن وانییە، هەمووتان حەز لە شکاندنی کوردێک ئەکەن سانتیمەترێک لە خۆتان بەرزتر بووبێتەوە.. دینارێک لە خۆتان زیاتری هەبێ.. ئەلفێک زیاتر لە خۆتان فێر بووبێ ..تەنانەت لە هەوڵی شکاندنی کوردێکدان، ئازا بێ ، حەقبێژ بێ، خواناس بێ، نان بدە بێ، خێرخواز بێ . . بڕۆن تەماشای دەیان هەزار جنێوی سوک و ناشیرین بکەن کە ئاڕاستەی هەردوو خێرخوازی بەڕێز دکتۆر عبدالواحد و حاجی کاروان دەکرێن..
دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیش جنێوباران ئەکرێن لەلایەن هەمان کوردەوە ..واتا ئەم کوردە گرنگ نییە بەلایەوە جنێو بە چ کوردێک بدات، گرنگ ئەوەیە ئەو کوردەی کە جنێوی پێ ئەدات ناوبانگ و پلە و پۆستێکی هەیە کە ئەم نییەتی ..هەر بۆیە کورد ئەگەر بە پیتێکیش بێ، بەشداری لە ڕوخانی شتێکدا ئەکا کە خۆی ناتوانێ هەیبێت.. کورد بە لایەوە ئاساییە هەتاهەتایە سواڵکەر و پارچە پارچە و چاولە دەستی ئەم و ئەو بێ، بە مەرجێ کوردەکەی هاوڕێی پێشی ئەم نەداتەوە و دەوڵەتی کوردی (بۆ نمونە ) ڕانەگەیەنێت .. کورد حەز ئەکا ووڵاتەکە لەناو نەخوێندەواریی و جەهالەت و نەخۆشیدا بتلێتەوە بە مەرجێ کوردەکەی دراوسێی بڕوانامەیەکی جیهانیی نەهێنێت و ..دەردی نەزانیی و نەخۆشیی میللەتەکە چارەسەر نەکات.
هەر بۆیە تورکەکان بە کورد ئەڵێن جەماعەتی ناو چاڵەکە .. ئەگێڕنەوە کاتی خۆی کۆمەڵێ کورد ئەکەونە چاڵێکی قوڵەوە، هەر یەکێکیان هەوڵی داببێت لە چاڵەکە بێتە دەرەوە، ئەوانی تر خۆیان بە قاچیدا هەڵواسیوە و خستوویانەتەوە ناو چاڵەکەوە، نەیانهێشتووە خۆی ڕزگار بکا، بەوجۆرە هەموو کوردەکان لەناو چاڵەکەدا لە برسان و له تینواندا ئەمرن و ئەبنە ئەفسانەیەکی گاڵتەجاڕیی بەسەر دەمی تورکەکانەوە.
بفەرمون گوێ لەم کوردە بگرن چۆن باسی دکتۆر بەرهەم ساڵح ئەکات کە پۆستی بەڕێوەبەری پەنابەرانی جیهانی وەرگرتووە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا :
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























