<

کۆمێنتێکم بۆ پۆستێکی کامەران سوبحان :

23/03/2026, 12:11 (GMT+1)
نوسەر و شاعیر، واتا ڕەخنە و هەڵوێست ...وەک شێرزاد حەسەن ئەڵێت: ڕۆشنبیر ئەبێ نەچێتە سەر هێڵی دەسەڵات و ..هەمیشە تەریب لەگەڵ دەسەڵاتدا بڕوات بۆ ئەوەی چاودێریی بکات و ڕەخنەی لێ بگرێت .
هەر بۆیە چونی ڕەفیق سابیر بۆ پەرلەمان و خۆ ساغکردنەوەی لەسەر حیزبێکی باڵادەست، نەک شتێکی باش نەبوو، تەنانەت خراپیش بوو..وایکرد لە تەوەری ڕۆشنبیران و داهێنەران لابدات..پەرلەمانێک  کە هیچ دەسەڵاتێکی نەبوو، کە لە سەختترین دۆخەکانی ژیانی هاووڵاتیاندا، ووشەی ( بەروار) ی خستبووە دەنگدانەوە، ئاخۆ بە یائەوە بێ یان بێ یائــ و چی لێ بکرێ ..بە لایەنی کەمەوە جێی شاعیری تێدا نەبوو.
هەندێ نوسەر لە کۆتایی تەمەنیاندا بە هەر هۆیەک بێ، لادانێک لە هەڵوێست و بەرنامەیاندا دروست بووە، وەک عەزیز نەسین کە لە جێمی کۆتایی تەمەنیدا و پێش فیکەی ناوبژیوان، لە ئەدەب لایدا و کتێبەکەی سەلمان ڕوشدی وەرگێڕایە سەر زوانی تورکی و داوای دەمانچەی لە دەسەڵات کرد، هەتا بەرگری لە خۆی پێ بکا لە بەرامبەر حەفتا هەشتا ملیۆن تورکی موسوڵماندا.!!
بەڵام هەندێ خۆسفرکردنەوەی جوانیش هەیە، وەک ئەوەی گۆنتەرگراس کردی، دوای خەڵاتی نۆبڵ  و  لە لوتکەی ناوبانگ و گڵۆباڵدا، حەزی نەکرد مێژووی تاریکی خۆی لە دونیا بشارێتەوە و ئاشکرای کرد، ووتی : ( من لە لاویمدا، لە سوپای تایبەتی ئەدۆڵف هیتلەردا بووم )
بە گشتی هەموو کەسێ ئازادە لە هەڵوێست و بڕیار و پێگە و پۆستەکانیدا، بەڵام کە خەڵک و خوێنەرەکانی لێی تەکینەوە، ئەوەیان شتێکی ترە ..
من خۆم لەو کاتەوەی شێرکۆ بێکەس بوو بە وەزیری ڕۆشنبیری، ئیتر یەک ووشەی ئەوم نەخوێندەوە، چونکە من ڕێگام بە خۆم نەداوە و ڕێگایش به خۆم نادەم شیعری وەزیرێک بخوێنمەوە .. بڕوایشم وایە سروشی شیعریی لەناو هۆڵ  و باڵەخانەی وەزارەتەکاندا هەرگیز بونێکیان نەبووە و نابێ  ..
بە نیسبەت عاجز بوونی ئەو دوو شاعیری کوردیش لە یەکتر، ئەوە شتێکی بەڵگەنەویستە لەناو کوردا .. ئەمڕۆ زۆر زەحمەتە هیچ دوو ناودارێکی کورد لە پسپۆڕییەکدا، نێوانیان باش بێ.. هەر یەکەیان وا دەزانن ئەوەی تریان بەش و پێگە و پلە و پۆستی ئەوەی تریان ئەخوات هەر بۆیە تا دوا هەناسە سەنگەر بە یەکتر ئەگرن .. ئیتر لە سەرکردەی حیزبە دەسەڵاتدارەکانمانەوە هەتا دوو پزیشکی پسپۆڕ کە تاکو مردن ددانێکی خێریان بە یەکتردا نەنا ..بە بێ گەردن ئازادیی و بە دنیایەک غەیبەت  و بوختانی یەکترەوە، ئاودیوی مەرزی دنیا بوون .
شاعیر و ڕۆشنبیر موڵکی میللەتن، ئەگەر جوملە فرۆشێک بووایە، ڕێم بە خۆم نەدەدا ووشەیەکی لەسەر بنوسم.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان