بێ دەنگی تورکیا لەم کاتەدا

ئەوە مانگێك تێپەڕی بەسەر جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل دژ بە ئێران کەلەم ماوەیەدا ئێران مووشەکی بۆ سەر چەندین ووڵات ناردوە و زەرەر و زیانێکی ماددی و مرۆیی ، لێ کەوتۆتەوە. یەکێ لەو لایەنانەی موشەکی بۆهەڵدراوە، تورکیایە..وەك ئاشکرایە تورکیا هیچ کات بێ دەنگی هەڵنەبژاردوە کاتێ زانیبێتی هێرش کراوەتە سەری، نەك هەر ئەوەش ، بەڵکە زۆرجار وەڵام دانەوەی توندی بۆی هەبوە. کەچی ئێستا بۆ دووەمین جارە هێرشی بالیستی ئەکرێتە سەر و بەردەوام بێدەنگە.
دیارە ئەوە تەنها تورکیا نیە بێ دەنگی هەڵبژاردوە، ئەوەتا ووڵاتانی کەنداویش بەهەمان شێوە مووشەکیان بۆ ڕەوانە ئەکرێ و تا ئەم ساتەش وەك پێوست وەڵامێکی گونجاویان،بۆی نیە. ئاخۆ بۆچی ئەم لایەنانە تاکو ئەم ساتە وەڵامی سەربازیان دژ بە ئێران نیە؟ ڕەنگە بەشێکی پەیوەست بێ بەوەی ئەم ووڵاتانە نایانەوێ قەیرانەکە گەورەتر بێ و مووشەکی زیاتریان تێ بگیرێت، وەیان لەوانەیە نەیانەوێ لە ناوخۆی ووڵاتەکانیان گرژی و ناسەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی دروست ببێ و دواتر کیشەکان لە قەبارەی خۆیان زیاتر گەورەتر بن.
بەشێك لەم بێ دەنگییەی تورکیا ئەوەیە لە سێپتمبەری 2025 وە ئێران گشت مامەڵە بازرگانی و بانکیەکانی لەڕێگای بانکەکانی ئیستەمبولەوە بەکاردێنێ بۆ کاری سپی کردنەوە و ناردنی پاڵپشتی بۆ ئەو لایەن و گرووپانەی سەر بە ئێرانن، بەتایبەتی حەماس،حزب اللە،حەشدی شەعبی و حوسیەکان..لێرەدا تورکیا قازانجی ماددی وەرئەگرێ و نقەی لەخۆی بڕیوە. خاڵێکی تر ئەوەیە ڕۆژ دوای ڕۆژ لیرەی تورکی لە دابەزینەوە و بەهای نامێنێ. بەڵام لەهەمووی گرنگتر هۆکاری ئەم بێدەنگیە ئەوەیە پێ ئەچی هەریەك لە ئەمریکا و ئیسرائیل جۆرێك لە گەرەنتیان دابێتە تورکیا کە دوای ئەم جەنگە لە ئێران کورد قەوارەی سەربەخۆی،نابێ.
لە ئەزموونی ڕۆژئاڤا بۆمان دەرکەوت بەهۆی هەڵەی ستراتیژی کورد کە خۆیان وەك بەشێك لە پەکەکە نیشان ئەدا و ئاڵاو سیمبولی ئۆچ ئالان لەهەموو شوێنێك هەبوو، پاساوی دایە دەست حکومەتی سووریا و تورکیا بە تووندی دژی بن و وەك جوداخوازێك لێی بڕوانن، ئەم شێوازەش بەوە کۆتایی هات کە ڕۆژئاڤا خۆیان لە دەوڵەت و سوپای سووریا،تواندەوە. واتە خەونی ئۆتۆنۆمی و لامەرکەزی و فیدڕاڵی،لە گۆڕنران. هەمان شت لە باشووریش لە ئارادایە و ئەمڕۆ بەهۆی ئەو جەنگەی لەوێ بەرپا بوە ڕەنگە ئەم سیناریۆیەی هەندێ دواخستبێ،دەنا ئەوەی ناوی حکومەتی هەرێمە ئەبێ بچنەوە باوەشی بەغدا و ئەو قەوارەیە ، نامێنێ. بۆیە ئەگەری ئەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات ستاتۆیەکی وەك ئەوەی باشووری لێ دروست بێ،ئەوا مەحاڵە و بەمەش تورکیا بێ دەنگی هەڵبژاردوە.ئەمە پلانەکەی ئێستایە و زلهێزەکانی ئەو ناوچەیە لەسەری ڕێکەوتوون،جا دوای ماوەیەکی تر گەر شەڕەکە لە ئێرانەوە بۆ تورکیا بگوێزرێتەوە و کۆتایی بە بوونی هاوپەیمانی (ناتۆ) بهێنرێ و هەڵبوەشێتەوە ، ئەوا ئەگەرێکی ترە..
























